تورکیا؛ لە پڕۆسەی ئاشتیەوە بۆ دەستگیرکردنی ئیمام ئۆغڵۆ
عومەر عەلى محەمەد
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بە فەرمانی داواکاری گشتی ئیستەمبوڵ ،ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئیستەمبۆڵ و ١٠٥ کەسی دیکە لە بازرگان و ڕۆژنامەنووس و سەرۆک شارەوانی لە هەڵمەتێکی لە ناکاودا دەستگیر کران، دوای دەستگیرکردنیان کار دانەوەیەکی ناوخۆیی بە تایبەت لە لایەن پارتی گەلی کۆمارییەوە بە خۆوە بینی و لە چەندین شار، لەوانەش ئەستەمبوڵ و ئەنقەرە دەستیان دایە خۆپیشاندان. ئۆزغۆر ئۆزال سەرۆکی جەهەپە ئەم کردەوەیە بە کردەوەیەک دژ بە دیموکراسی ناو دەبات و دەڵێت دەسەڵات دادگا بەکاردە دەهێنێت بۆ دوورخستنەوەی ئیمام ئۆغڵو لە گۆڕەپانی سیاسی و هەوڵێکی دیارە بۆ دورخستنەوەی لەبەر بژێری سەرۆکایەتی. لە لایەکی تریشمان مەنسوور یافاش سەرۆک شارەوانی ئەنقەرە دەڵێت: ئەوەی ڕوو دەدات شایە نییە بە سەروەری یاسا.
لە هەمان کاتدا هەڵوێستی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپاش دژ بەم هەنگاوەی حکوومەتە و داوای ڕێزگرتن لە بنەماکانی دیموکراسی دەکەن و کۆتایی بە فشارەکان بهێنرێت لەسەر ئۆپۆزسیۆن.
بە پێی بۆچوونی بەشێک لە شرۆڤەکارانی سیاسی ئەم کارەی حکوومەت لە ئێستادا شتێکی خێرا و لە ناکاو نییە و پێشتر بە وردی پلانی بۆ دانراوە، ئامانج لەم کارەش ڕێگە خۆشکردنە بۆ ئەوەی لە هەڵ بژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتیدا لە ساڵی ٢٠٢٨ بەڕێوە دەچێت ئۆردوغان بتوانێت بە ئاسانی سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، بۆ ئەم مەبەستەش هەوڵ دەدەن ئەو ئاستەنگانەی لەبەر دەمدایە لاببرێن، کە یەکێک لە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەش ئادەکاری جەهەپەیە بۆ بەربژێرکردنی ئیمام ئۆغڵو وەک کاندیدی حیزب بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئۆردوغان لە هەڵبژاردنی دوو هەزار و بیست و هەشت دا ،ئەکەپە دەزانێت ئەوە گرفتێکی گەورەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، چونکە پێشتر ئیمام ئەغڵۆ لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩دا شکستی بە کاندیدی ئەکەپە داوەو و دوا جاریش لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ جاری دووەم بووە بە سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ ،لە نێو تورکەکانیشدا ئەو دەستەواژەیە بڵاوە کە دەڵێت هەر کەس لە ئیستەمبوڵدا بیباتەوە لە تەواوی تورکیادا براوە دەبێت.
هەفتەیەک پێش تر هەڵمەتێکی تر دژی ئیمام ئۆغڵۆ بە ڕێوە چوو لەسەر نایاسایی بوونی بڕوانامەکەی و زانکۆی ئەستەمبوڵیش ئەمەی پشتڕاست کردەوە ،ئێستاش تاوانبار کراوە بە گەندەڵی و پشتیوانی لە تیرۆر و بۆ ئەم مەبەستە دەستگیرکراوەو دەدرێتە دادگا. ئەم دوو هەنگاوەش ئەگەری ئەوەی هەیە لە ڕووی یاساییەوە ئیمام ئۆغڵۆ دوور بخەنەوەو ئۆردووغان لە ئەو تارماییە ڕزگاری ببێت، لە لایەکی تریشەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ هاوپەیمانیی کۆمار دەستیان داوەتە زیندوو کردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و دەیانەوێت لە ئەم ڕێگەیەشەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لاواز بکەن،چونکە بەشێک لە ئەرکەکانی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و بە تایبەتیش ئەستەمبوڵ کە زیاتر لە سێ ملیۆن کوردی تێدا دەژی .دەگەڕێتەوە بۆ پشتیوانیان لە بەربژێری جەهەپە.تەنانەت ئەمە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیشدا ڕۆڵی هەبوو ئۆردوغانی خستە دۆخێکی نەخوازراو و مەترسیدار.
لەبەر ئەوە سیاسەتی هاوپەیمانی کۆمار ئەوەیە کە کورد دوور بخاتەوە لە بەرەی چەپی تورکی، بە تایبەتی جەهەپە، لە لایەکی تریشەوە ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی پشتیوانی بکەن لە هەمواری دەستوور، بۆ ئەوەی ئۆردووغان بتوانێت لە هەڵبژاردنی دوو هەزار و بیست و هەشت دا خۆی کاندید بکاتەوە، بۆ ئەم بەستەش پێویستی بە هەمواری دەستور هەیە ،کە پشتیوانی کردنی ئەندامانی دەم پارتی ئەو ئامانجەی بۆ مسوەگەر دەکەن لە ئێستادا ئۆپۆسیۆن لە بارێکی نا باشدایە و دۆخەکە بە قازانجی نییە، چونکە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ،هاوپەیمانیی گەل هەڵوەشایەوە و لە پەرلەماندا نەیانتوانی کوتلەیەکی یەکگرتوو دروستکەن، لە هەمان کات دا سەرەڕای پشتیوانی دەم پارتی لە هاوپەیمانێتیی شەش قۆڵی بەڵام دواجار هیچ پشتیوانییەکیان بۆ کورد و کێشەکەی نەبوو، بە تەنیا بە جێیان هێشت، لەبەر ئەوە لە ئێستادا کورد جۆرێک لە بێ هیوایی بەرامبەر بە ئۆپۆسیۆن بۆ دروست بووەو ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت زیاتر لە ئۆپۆزسیۆن دوور بکەونەوە و بە قازانجی خواستەکانی هاوپەیمانی کۆمار هەنگاو بنێن، چونکە لە ئێستادا ئۆردووغان و باخچەلیش مەبەستیانە کرانەوەی زیاتر بە ڕووی کورد دا بکەن بە تایبەتی لە ئێستادا بەشداریی ئۆردووغان لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەستەمبووڵ و ئامادەبوونی کە ڕۆژی نەورۆز بکرێتە پشووی فەرمی لەسەر ئاستی دەوڵەت.
گرنگی دانی ئۆردوغان بە پرۆسەی ئاشتی ،مانای وایە مەبەستیەتی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەم پارتی و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی حکومڕانانی ئێستا بکەن و ئەگەر ئەمەش بێتە دی ئۆپۆزسیۆن جارێکی تر تووشی شکست دەبێت و لەوەش ناچێ لە ئایندەدا بتوانێت بە ڕێگەی هەڵبژاردن شانسی بردنەوە و چوونەپێشی هەبێت
PM:04:39:22/03/2025
ئهم بابهته 540
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی