دەرفەتەكانی بەردەم كورد

‌کەنعان بەهادين

نووسەری سعوودی تەوفیق ئەلسەیف لە ستوونەكەیدا لە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دەڵێت، لە ساڵی 2017   لە سەدا 92ـی گەلی كورد دەنگیان بۆ سەربەخۆبوونی هەرێمی كوردستانی عێراقدا، هەروەها لەساڵی 2011 دانیشتوانی باشووری سوودان بە رێژەی لەسەدا 99 دەنگیان بە جیابوونەوە دا، هەروەها بەشێكی یەمەنییەكان بە ئامانجی جیابوونەوە ساڵی 1994 دا شەڕی ناوخۆییان هەڵگیرساند و ئەلسەیف تیشكی خستووەتەسەر جیابوونەوەی پاكستانی رۆژهەڵات لەساڵی 1971  كە بەهۆیەوە دەوڵەتی بەنگلادیش دروستبوو، وێڕای هەڵوەشانەوەی یۆگسلافیا و دروستبوونی بۆسنە، كرواتیا و چیای رەش لەساڵی 1992 و دواتر جیابوونەوەی كۆسۆڤۆ لە سربیا لە ساڵی 2008.

ئەمانەی هەموو وەك نموونەی زیندوو هێناوەتەوە، كە هەر گەلێك بیەوێت وەك هەموو گەلانی جیهان لە رێگەی پراكتیكەكردنی مافە كولتووری و رۆشنبیرییەكانی جیا ببێتەوە، ئازادە، چونكە لە هزر و بیركردنەوە و تەواوی گەلانی جیهان لەیەك ناچن.

لێرەدا ئەوەی گرنگە، گەلان سوود لە دەرفەتەكان وەربگرن، بتوانن ئەوەی وەك دەرفەت دێتەپێش، بیقۆزنەوە، چونكە دووبارە نابێتەوە.

دەرفەتەكان بۆ كورد رەنگە دیمۆگرافیا و جوگرافیای ناوچەكە هۆكاری لەبەینچوونییان بن، هەندێكیش رەنگە كورد خۆی هۆكار بووبێت.

لە ئێستادا دەرفەتەكان بۆ كورد گەورەن، دەبێت بەسەریاندا باز نەدات، لەوانە، لاوازبوونی عێراق بەهۆی چوونی بەغدا بۆ ریزی بەرەی مقاوەمە و شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی ناوچەكە و هەڕەشەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ لاوازكردنی ئەو سیستەمەی كە لە بەغدا هەیە.

هەروەها پرسی ئاشتی لە توركیا و لاوازی ئەنقەرە بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا و ئەكرەم ئیمام ئۆغلو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبول و گرفت و قەیرانەكانی ئابووری، دەرفەتی باشن بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد لە ناوچەكە.

وێڕای ئەمانە، رێككەوتنی ئاشتیی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم كۆبانی، دەرفەتێكی دیكەی هەڵسانەوەی كوردە لە ناوچەكە، كە ئەگەر سوودی لێنەبیندرێت، رەنگە 100 ساڵی دیكەش پێشهاتی وەها نەیەتەوە پێش.

بۆیە كورد لەم قۆناغەدا رەنگە لەلایەن حكوومەتەكانی ناوچەكە فشاری زۆریان بخرێتەسەر، هەر لە فشاری ئابوورییەوە بگرە، تاوەكو فشارەكانی دیكەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئیداری.


PM:07:14:21/03/2025

ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی