لەگەڵ جەژنە پیرۆزەی نەورۆز

‌یاسین عومەر

من حەزم لە هەموو جەژنێکە، بە تایبەتیی چوار جەژن: یەکەم نەورۆز، دووەم؛ قوربان، سێیەم ڕەمەزان و چوارەمیش کریسمس... لەبەر یەک هۆکاری زۆر سادە: خەڵک لەو جەژنانەدا دڵخۆش دەبینم، هەربۆیە دژی هیچ جەژنێک نییم کە دڵی خەڵک خۆش بکات...

بێگومان جەژنی یارسان و ئێزدیی و جەژنەکانی دیکەش بۆ من خۆشەویست و تایبەتن، بەڵام ئەوانە بە هۆی زۆر سنوورداریی و نەبوونی یادەوەرییەوە لای من کاریگەرییەکی وایان نەبووە، ئەگینا جەژنی هەر یارسان و ئێزدییەکیش بە جەژنی خۆم دەزانم.

یاخوا نەورۆز پیرۆز بێت.... هەر لە ئێستاوە جەژنی ڕەمەزانیش پیرۆز بێت، تکایە با لە دووبەرەکیی و تانەدان و گوتاری کینەبازیی دوور بکەوینەوە، لە کوێ شایی و زەماوەندتان بینی، دەسڕ بگرنە دەست و بڕۆن دڵخۆش بن...

ئەگەر تۆ کوردیت، شەرمە دژی یەکەم جەژنی نەتەوەی خۆت بیت، جا نەک جلی کوردییت لەبەرا بێت، نەوەی کەیخوسرەویش بیت کورد نییت.

یەک سەرنجیش وەبیر دەهێنمەوە؛ خەڵکانێک هەن کە گرێی کینەبازییان دژی سلێمانیی هەیە، چەند ساڵێکە لەم بۆنەیەدا تانە و تەشەر لە سلێمانیی دەدەن گوایە نازانن سرووتی نەورۆز بەرز ڕابگرن، ئەوانە بیریان چۆتەوە کە زیندووکردنەوەی نەورۆز، تێکستی مارشەکەی، ئاوازەکەی، درێژەدان بە بڵێسەی ئاگرەکەی لە تاریکترین سەردەمەکاندا و بۆ ماوەی نزیکەی سەد ساڵ ئێمە لە ئەستۆمان گرت، ئەوە پیرەمێردی ئێمە بوو شانی دایە بەر ئەو هەموو تانە و تەشەر و تەکفیر و پەلاماردانەی بە هۆی نەورۆزەوە وەکو باران بەسەریدا باریی، ئەوە گەنجەکانی ئێمە بوون کاتێک بەعس لەسەر نەورۆز خەڵکی لەسێدارە دەدا بە هەموو توانا و وزەیانەوە بڵێسەی ئاگرەکەیان دەچەقاندە چاوی فاشیستەکان، ئەمە وەکو منەت ناڵێم، بەڵام خۆ ناکرێت سەد ساڵ هەر بە یەک گوژم و جۆش و خرۆشەوە بەردەوام بیت. 

سلێمانی؛ وەکو ئەوەی هەندێک تەسویقی بۆ دەکەن، نە لە خەتی کوردایەتیی و نە لە جەنگی کوردبوون لای داوە و ژێوان بۆتەوە، سلێمانی ماندووترین جەنگاوەری ئەم ڕێگەیەیە، ماندووە و نووکە پشوو دەدا، کە ئاهێکی بە بەردا هاتەوە ئەوسا دەبینن چ پەرجوویەک دەخوڵقێنێت؛ پیرەمێرد وتەنی (ڕەحمەتی خودای لێ بێت): چیم کردووە هێشتا جارێ لە کوێمە؟

ئافەرین بۆ هەر کەسێک ئەم جەژنە بەرز ڕادەگرێت، لای من هەنووکە جوانترین سرووت، مەشخەڵەکانی ئاکرێن کە لە نەورۆزدا بە شاخدا هەڵدەزنێن، هەی سەد ئافەرین بۆ هەر کەسێک ئەو دەستوورە جوانەی پێڕەو کرد. 

سێبارە نەورۆزتان لێ پیرۆز بێت، لەگەڵ ئاگرەکەی خاوێن ببنەوە، بڵند ببنەوە، جۆشتان تێگەڕێ و زیندوو ببننەوە... ئامین.


PM:11:39:20/03/2025

ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی