جەژنی نەورۆز جەژنی ژیانەوەو سەرکەوتنە
د. ئیدریس عەبدول کاکە
گەلی کورد یەکێکە لەو گەلانەی کە جەژنی نەورۆز بە جەژنی نەتەوەیی خۆیان ئەزانن و ساڵانە ئەم جەژنە بەرزو پیرۆز رائەگرن و هەمیشە هێز و ئیلهامی لێوەردەگرن.
کورد لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆزدا کۆنترین مێژووی هەیە و خاوەندارێتی لە ژینگە و مرۆڤە سەرەتاییەکان ئەکات. ئاشکرایە بەهۆی کۆنی مێژووی کوردو سەختی ژینگەکەی ئاگر هەمیشە هاوکارو هاودەمێکی بەنرخی بووەو بەهۆیەوە خۆی لەسەرما و مەترسیەکان پاراستوەو لەهەمان کاتتدا بەکاری هێناوە بۆدروست کردنی خواردن و روناکی ، واتا ئاگر بەهەمان شێوەی ئاو لە پێداویستیە بنەرەتیەکانی ژیان بووەو بەبێ ئاگر گوزەران مەحاڵ بووە، بۆیە ئاگر لە ئاینە کۆنەکاندا بەپیرۆز تەماشاکراوەو خۆشەویستی و پێزانینیان بۆی دەربریووە ، ئەمەش هەندێکجار چۆتە چوارچێوەی پەرستنەوە.
جەژنی نەورۆز و ئاگر دووانەیەکی جیانەکراوەن ، بۆیەلە ٢٠ ئازاری هەموو ساڵێک کوردێک لە هەرکوێیەکی جیهان بێت ئەیەوێت ئابدەیتی ناسنامەکەی بکاتەوەو ئاگر لە بەرزترین لوتکە دابگیرسێنێت تاکو پیشانی بدات کە کوردەو ئاری نەژادە.
ئێمە ساڵی هەشتاکان کەلەقۆناغى مناڵی و هەرزەکاری خۆماندا بووین هەر لە سەرەتای مانگی ئازارەوە تەدارەکمان بۆ ئەو یادە ئامادە ئەکرد لە کرینی جلی کوردی و کلێتەو پوزەوانەوە تاکو کۆکردنەوەی تایەیەکی زۆر بۆ رۆژی نەورۆز، لەو رۆژەدا ئەمانویست گەورەترین ئاگر بەرز بکەینەوەو پربەدەنگی خۆمان سرودی نەورۆزمان ئەچڕی و ئاهەنگ و دلانمان لە دەوری ئاگرەکە ئەگێرا، هەرچەندە پیاوانی رژێم زۆر هەوڵیان ئەدا ئاگرەکەمان خامۆش بکەن ولەرێگای ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە ئاوپرژێنی ئاگرەکەیان ئەکردو ئێمەش لە رێگای نەوتەوە بڵێسەی ئاگرەکەمان زیاتر هەڵئەگیرسان و چەندین جار دەسرێژی تەقەیان لێ ئەکردین و گەنج و مناڵەکانیان ئازار ئەداو کلێتەو پوزەوانەکانیان لێ ئەسەندین، بەڵام خەڵک زیاتروزیاتر بەجۆش ئەبوون. لەو سەردەمەدا جەژنی نەورۆز بەجۆرێک پیرۆز ئەکرا لە یادمە یەکێک لە هونەرمەندە میللیەکان کاتێک لە زیندانی موسڵ لە چاوەروانی جێ بەجێ کردنی فەرمانی لەسێدارەدانەکەی ئەکرد لەشەوی نەورۆزی ساڵی ١٩٨٤ دا گۆرانیەکی تۆمار کرد کە ئیقاعەکەی تەنها پشتی مەنجەڵێک بوو بەدەنگێکی پر لەجۆشەوە کە هەرکەس گۆێی لێ بگرێت هەستێکی زۆر بەرزی نیشتیمانی پێدەبەخشێت و ئەڵێت ( بەیانی جەژنە ، جەژنی نەورۆزە ، عالەم گشت شادن بەس من زیندانم ، خۆ منیش کوردم ، چۆن خۆم بنوێنم ، جل و ببەرگەکەم گشت ئەسوتێنم ئەیکەم بەنەورۆز بۆ گەل و هۆزم).
لەم رۆژگارەدا کە گەلی باشوری کوردستان لە ئازادیدا ئەژین و خاوەنی دەسەڵاتێکی خۆماڵیە بەبەراورد بە پارچەکانی تری کوردستان وەکو پێویست ئەو جەژنە تاقانەیەیی کورد بەرز رانەگیراوە، هۆکارەکانیش زۆرن هەر لە زاڵبوونی کەلتوری نەتەوەی سەردەستی ناوچەکە تاکو خەوشەکانی حوکمرانی و نەبوونی رۆشنبیری مێژوویی و کەم بوونەوەی هەستی نەتەوایەتی. ئەوە جگە لە گوێ بیست بوونی چەندین دەنگی ناشاز کە گوێ بیست ئەبین لەسەر جەژنی نەورۆز لەژێر کاریگەری ئەو تەوژمە فراوانەی کەبەشێکی بەپارەی بێگانەو بەشێکی بەسود وەرگرتن لە نەبوونی شارەزایی خەڵک لەمێژوویی دێرینی باووباپیران ئەیەوێت لەژێر چەتری ئایندا خەڵک لە نیشتیمان پەروەری و کوردبوون دوربخەنەوە. بەداخەوە هەر ئەم پلانەیە وای کردووە تاجلێکی رەسەنی کوردی ئەبینین دەیان دیسداشەی سپی و عەبائی رەشی کەنداوی لە شوێنە گشتیەکاندا ببینین. کوردایەتی ئەبێت ببێت بە بابەتێکی میللی و گەل خاوەندارێتی لێبکاتن نەک تەنها بابەتێکی تەرخان کراو بۆ حزب و سیاسیەکان.
ئەگەر تەماشای رۆژهەڵات بکەین لەکاتێکدا دەسەڵاتێکی ئاینی شمولی باڵادەستە بەڵام کوردانی ئەم پارچەیەی نیشتیمان مانگی ئازاریان بە ڤێستیڤاڵی زۆر گەورەو خۆرسک پیرۆزکرد و ئاهەنگەکانیان بەسەدان هەزار کەس رازاندەوەو بەجلی خاکی و جامانەو ئاگرەوە بە جیهانیان ووت ئێمە رۆڵەی میدیا و کەی خەسرەوین ، دینمانە ئاینمان هەر نیشتیمان.
ئەمە لە کاتێکدا گەلی باکور هەمیشە نەورۆزیان لەسەختترین رۆژگارەکانی بەرگریدا لەبەرزترین لوتکەدا راگرتووەو بەگیانی خۆیان لە قادەکانی دیاربەکرو شارەکانی تردا بەشکۆوە ئاگری نەورۆزیان بڵێسەداوەو بەجیهانیان وتوە کورد زیندوەو نامرێت.
بەهەمان شێوە ئەفسانەکانی رۆژئاواش لە ژێر بۆمباران و چڕنوکی داعش و هێرشەکانی توندەرەوەکاندا لە قادەکانی بەرخوداندا نەورۆز بەبەرزی و بەشکۆوە پیرۆز ئەکەن.
نەورۆز رۆژی ژیانەوەی دارو درەخت و ژینگەیە و کوردستان لەم مانگەدا ئەبێت بەبەهەشتی نێرگزەجاڕ و هەڵاڵە سورەو بۆنی خۆشی خاک مرۆڤەکان مەست ئەکات. نەورۆز مانگی بەخشینەو خێزانەکان بەدڵی خۆشەوە دەچنە گەشت و سەیران و کاتەکانیان لەگەڵ هاوڕێ و خزم و کەسوکاردا هاوبەش ئەکەن و خواردنەکانیان بەهاوبەشی نۆش ئەکەن.
نەوورۆز خاڵی بەهێزی یەکخستنی کوردەو هەر کوردێک لەهەر شوێنێکی ئەم جیهانەدا بێت ئەیەوێت کوردبوونی خۆی بەشانازیەوە رابگەیەنێت، بۆیە هیوادارم نەورۆز بۆ حزبە سیاسیەکانی هەر چوارپارچەکە کە پێشرەوایەتی خەباتی گەل ئەکەن ببێت بە فاکتەری تەبایی و نزیک بوونەوە تاکو یەکخستنی هەڵوێستەکان سەبارەت بەپاراستنی بەرژەوەندیە باڵاکان ، ئەمەش ئەتوانین بڵێین لەم رۆژگارەدا بووە بەئەرک و پێویستیەکی سەرەکی ، چونکە بەئاشکرا ئەبینین رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەوەمان پێ ئەڵێت کە ئەم سەدەیە بۆ کورد هیوابەخشە و ئاسۆکان بەرەو رونبوونەوەی زیاتر ئەچێت ، ئەوەی کەئەمێنێتەوە ئامادەسازی و پلانی خودی کورد خۆیەتی تاکو پشکی راستەقینەی خۆی وەربگرێتەوە. بەئومێدی زۆرەوە نەورۆزی ٢٧٢٥ ئەبێت بەنەورۆزی ئازادی و هەڵهاتنی خۆری کورد.
PM:11:10:20/03/2025
ئهم بابهته 408
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی