بەیانییەک لەخەو هەستاین دوو مەتر زیاتر بەفر باریبوو
مەلا بەختیار
ئەمرۆ ، کاتژمێر ٢/ی پاش نیوەرۆ، مێرگەپان، کڵۆ کڵۆ بەفر لەسەر درەخت و چیمەن و لە بنارەوە بەرەو لوتکەی پیرەمەگرون ، دادەپۆشێ.. دەڤەرەکە، تارای سروشتی پۆشیووە.
ئەمرۆی سروشت و بەفرو کڕێوە و نەرمە زریان و دامیاو، پروشەو بای ساردی مێرگەپان، خەیاڵم دەباتەوە جێ ژوانی پێشمەرگایەتی، رێک لەم کاتانەدا، لە خڕی ناوزەنگ دا، بێشەی سەرکردایەتی شۆڕشگێڕی یەکێتی و شورای لە داگیرکردن نەهاتووی ناوچەکە.. کەلەسەرێ را قوتەی مامەندە، دڵنیایی دەدایە شێنێ، زەڵێ، قوڵە هەرمێ و ئێمەش.. مامەندە، شەش ساڵ ئەشکی دەگرێت.
بەیانیەک لە خەو هەستاین.. دوو مەتر پتر بەفرباریبوو.. سەراپای بارەگاکانمان بەفر پۆش بوون. تەنها لولەی سۆپاکان دیاربوون.
دوکەڵی سۆپاکان نیشانەی مانەوەی پێشمەرگەکانی ژێر پارستایی بەفرەکە بوو، ئەمرۆ دوای ٤٤ ساڵ (١٩٨١-٢٠٢٥) وەکو دیمەنی سروشت.. وەکو تارای بەفر و تامی سروشت، هەمان هەستی ١٩٨١م لا دەوروژێ، بەڵام.. ئەو رۆژگارە.. رۆحیشمان وەکو تارای سپی سروشت، پاک پاک بوو، دەبە نەوت و کۆتەرە و موری داری سۆبامان دەگۆریەوە بارەگا بارەگا سوراغی سەلامەتی یەکمان دەکرد.
ئای لەو سروشتە جوانە و لەو رۆژگارەی سەربەرزیە، کە ناخیشمان ، وەکو بەفرەکەی سروشت، سپی و پاک پاک بوو. بەڵام.. ئەم رۆژگارە.. دەسەڵات، پلە و پایە، گەندەڵی.. سپڵە و سیا ناخەکان، نەک جوانی رابردویان خستە بەردەم کۆمێنت و راوبۆچونی پڕاوپڕ لە رق، بەڵکو.. ئومێدیان بە نائومێدی گۆڕی.
جوانیەکانیان دزێوکرد، ناڕەزایی خەڵکیان لێوان لێوە، دەرگای خوێندنگا و زانکۆ دادوخرێت.. مامۆستا کە سەری بەرزیان بۆ موچەی ١٩٩١ی براوی حکومەت نەوی نەدەکرد، لە خێمەی سارد و سڕدا.. مان دەگرێت،
سروشت هەر جوانە، لایەنە جوانەکانی مێژووش، بە و خۆپەرستی ناشاردرێتەوە هەر دەدرەوشێتەوە .
ئێستاش، بە ویستی نوێوە، دوور دەروانین ئاسۆش رونە!
مەلا بەختیار
AM:10:10:22/02/2025
ئهم بابهته 920
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی