پارتی سیاسی: بەها و رق و مۆڕاڵ
لاوک سەلاح
لە چاوپێکەوتنێکی "بەرنامەی هزرین" هەفتەیەک لەمەوبەر، باسم لەو راستییە کرد کە هاوڵاتی ئێمە رقی لە پارتی سیاسی و دەستەڵاتی پارتی سیاسییە. رقی سیاسی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا مێژووی هەیە، رق لە هەموو دەستەڵاتێک لە چەپڕەوەکانەوە تا راسترەوەکان، لە ئیسلامییەکانەوە تا نەتەوەییەکان. لە راستیدا، ئەم کۆمەڵگەیە رقی لە هەموو دەستەڵاتێکە، ئەگەر هی خۆشی بێت!
ئەم رقە سیاسییە وای کردووە کەس لەگەڵ کەس هەڵنەکات، ئەم رقە سیاسییە کاری تەواوی کردۆتە سەر هەموو تەوژمە سیاسییە ناوخۆییەکانی نێو پارتی سیاسی بە درێژایی مێژوو، بەوەی هەموو لە بازنەیەکی داخراودا دەسوورێنەوە، نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکو کاری کردۆتە سەر شیرازەی کۆمەڵایەتی و بەهای دۆستایەتی و هاورێیەتی تواندۆتەوە.
ئەم رقە سیاسییە بەدە، متمانە و مرۆڤدۆستی بە دوژمنایەتی دەگۆرێتەوە، کێوێک لە فۆبیا لە نێوان هاوڕێکانی دوێنی و ئەمرۆدا دروست کردووە، دیوارەکانی رقی سیاسی ئەستوورە، ئەستوورە بە مێژووی نەزانین و خوێن رشتن و ئەزمونێکی تاڵ لە شکستەیی خود و لە هەرەسە سیاسییە تاڵەکان، کە وەک دێوزمە دێنە خەونی هەڤاڵ و هاورێکان و ئەکتەرە سیاسییەکان بە گشتی. ئەو رقە سیاسییە، بە ئاگایی و بێ ئاگایی، تۆڵە لە کۆمەڵگە دەکاتەوە و ژینگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەوەندەی دیکە ژەهراوی دەکات.
بەداخەوە، زۆر جار، رقی سیاسی لە وەهمی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت و لەو پێناوەدا توندوتیژی سیاسی لێدەکەوێتەوە. ئاورێک لە تولەرێ و کەلاوە و کۆڵانە تەسکەکانی شارە وێرانەکانی جارانمان بدەن، با بێتەوە یادتان کێ لە کوێدا کوژرا، با بێتەوە یادتان، چەندان کەسایەتی نیشتمانپەروەر، هەر بە کەسانی نیشتمانپەروەر کوژران، و دواجار هەردووکیان وەک خائین چوونە مێژووەوە. کەلاوەکانی شار بە تەرمی ئەندامانی پارتە سیاسیەکان مێژوویەکی بەدیان بۆ ئەم نەتەوەیە نووسیەوە. کۆڵانەکان بوونە گۆڕەپانی سێدارەدان و تەعزیبدان و نەهێشتنی شکۆ، شکۆی نەوەک نێو پارتە سیاسییە جیاوازەکان، بەڵکو تەنانەت شکۆی نێو یەک پارتی سیاسی. کەلاوەکان بونە دۆڵی سیاسی جیاواز و شایەتی سڕینەوەی بوونی یەکترن، بە بیانووی هەزاران پاساوی پڕ وەهم.
پرسیاری سەرەکی ئەم وتارە دەستنیشانکردنی خەسڵەتە سەرەکییەکانی ئەم رقە سیاسیە، ئەم رقە سیاسییە بۆ؟ چۆن ئەم رقە سیاسییە راگرین؟ چۆن روباری خوێنی ئەو رقە سیاسییە دەوەستێت؟ چی بکەین مێژووی رق درێژ نەبێتەوە؟ چۆن دەرەوێتەوە؟ مەبەستی ئەم وتارە دەستنیشانکردنی ئەو خەسڵەت و هۆکارانەیە کە بوونەتە بنەمای ئەو رقە سیاسییە.
لە پرۆگرامە تەلەفزیۆنەکەدا، هەروەها، باسم لەوە کرد کە ئێمە وەک نەتەوە هێشتا ئەو دامەزراوە سیاسییانەمان نییە کە خۆیان تەرخان بکەن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ کار لەسەر دارشتنەوەی بونیاد و فۆرم و مۆراڵی پارتی سیاسیی بکەنەوە. ئێمە وەک پارتی سیاسی زۆر بە ئاسانی دەخلیسکێینە نێو ناکۆکی و شەری سیاسی، مێژووی شەری ناوخۆ زۆر دوور نییە، بەڵام بەداخەوە یادەوەری ماسییمان هەیە! کوا ئەو دامەزراوانەی کە مۆزەخانەیەک دادەمەزرێنن بۆ ئەوەی یادەوەری نەتەوەیەک بە زیندوێتی بمێنێتەوە و کار لەسەر هێورکردنەوەی کاریگەرە خراپەکانی ئەزموونە سیاسییە تاڵەکان دەکات. کوا ئەو دامەزراوە تەندروستییە سیاسیانەی کە کار لەسەر سڕینەوەی تێکشاندنی کەسایەتیە سیاسیەکانی نێو کۆمەڵگە دەکەن کە وەک گڕی خۆڵەمێش بە زیندوێتی بوونەتە نەخۆش و بەڵا بەسەر کۆمەڵگەوە و پێویستیان بە چارەسەری دەروونی هەیە. لە نێوان یادوەریەکی بریندار و هەستکردن بە گوناه و ئاییندەیەکی نادیاردا، ئەوان پەشێوەی بە کۆمەڵگە دەبەخشن، نەوەک ئارامی و ئاسوودەیی و پرۆژەی بونیادخواز بۆ سپۆنسەرکردن و لەخۆگرنتی گەنجان.
خاڵی دەستپێک بۆ خۆپاکژکردنەوەی پارتی سیاسی لە رقی سیاسی ئەوەیە کە چیتر خۆی بە "موتڵەق" نەزانێت. ناکرێت خۆت بە "موتڵەقی" بەراست بزانیت بەرامبەر بە هیچ، لە راستیدا حەقیقەت، زۆربەی کات، هەر پارچەیەکی لەلای یەکێکمانە، تەنیا ئەو کاتانە نەبێت کە نیشتمان لە مەترسیدایە، ئەو کات هەڵوێستی سیاسی، رەوایەتی سیاسی ساغ دەکاتەوە، هەر هەست کردن بەوەی "با نیشتمان لە مەترسیدا نەبێت" ناچاری کردین ئەم وتارە وەک زەنگی هۆشداری بۆ هەموو لایەک لێ بدەین. رقی سیاسی، بۆشایی سیاسی دەخوڵقێنێت، بۆشایی سیاسی، بوونی کۆمەڵگە دەسرێتەوە، ئەوکات، هیچ بەهایەک بۆ ژیان نامێنێت.
راستییەکی تاڵ هەیە، هیچ کۆمەڵگەیەک نییە لە دەرەوەی پارتی سیاسی بژێت، پارتی سیاسی فۆرمێکی گرنگ و سەرەکی کۆکردنەوەی خەڵکە، پلاتفۆرمە بۆ هەڵبژاردنی دەستەیەک کە ئیدارەی ناکۆکی و ململانێکانی نێو کۆمەڵگە و ئالەنگەرییەکانی بوونی بکات، ئەوە پارتی سیاسییە کە بەرنامەی سیاسی ئامادە دەکات بۆ ئیدارەدانی فۆرمە لۆکەڵەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە، وەک عەشیرەت و گروپەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگە. شێواندنی شیرازەی پارتی سیاسی کاریگەری لەسەر شیرازەی کۆمەڵگەیە، هەروەها بە پێچەوانە، لە دەستدانی شیرازەی پارتی سیاسی ئاماژەیە کەلینێک لە نێو کۆمەڵگەدا هەیە.
رقی سیاسی بە شێوازێکی دیکەش ئەستوور دەبێت، ئەویش کە ئەکتەرە سیاسییەکان گەمەی سیاسی ناڕەوا، بۆ مانەوەی بەرژوەندی ئابووری، بە بونیادە سەرەکییەکانی نێو کۆمەڵگە دەکەن، کە دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووری بەهایان نامێنێت. ئەوکاتەی ئەمانە روودەدەن، رقێکی سیاسی خۆرسک دێتە ئاراوە لەگەڵ خۆیدا توندرەوی سیاسی خۆرسک دێنێتە ئاراوە، هەمیشە دەڵێم ئەگەر پارویەک نان بۆ یەک کەس هەبێت، قوزەڵقوت بێت!
رقی سیاسی لە پارتی سیاسی لە ئێستادا لە نەبوونی دادپەروەری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەوەیە، بۆ کەمکردنەوەی ئەم کەلێنە، هیوادارم بەشێکی فراوان لە بەرنامەی حکومەتی ئاییندە کار لەسەر کەمکردنەوەی برسێتی و ناداپەروەری ئابووری و کۆمەڵایەتی بکاتەوە. تێدەگەم ئالەنگارییە سیاسییەکان لە ناوەوە و دەرەوە زۆرن، بەڵام خۆ دەبێت، بۆ نموونە، وەزارەتی پلاندان بە جورئەتەوە، لە پێناوی هەمووماندا، کار لەسەر نەهێشتنی برسێتی و راستکردنەوەی کاری سێکتەرەکان و گەڕانەوەی بەها بۆیان بکات. لە راستیدا، ئەو ئالەنگارییەی رووبەرووی بەرنامەی حکومەتی ئاییندە دەبێتەوە، ئەگەر بەرنامەی تەکنۆکرات بێت، گەمە سیاسییەکانی نێو پارتی سیاسییە، ئەوە، تەنها بەرنامەی دادپەروەرانەی حکومەتە کە ستۆپ بە رقی سیاسی دەگرێت و وێنەیەکی مێژووی دیکە شۆرکاتەوە بۆ هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و دەستەوەستان لەبەردەم گەمە سیاسییە ناڕەواکاندا ناوەستێت.
پوختەی قسە: با هەوڵ بدەین رقی سیاسی ببێتە بەشێک لە مۆزەخانەکانی رابردوو، با ململانێ سیاسییەکان بە زانیاری و مەعریفەی سیاسیەوە ئیدارە بدەین، با نەهێڵێن بۆشایی سیاسی رووبدات. ئەگەر رووبدات وەک ئەفگانستان و یەمەن و سوریا و لیبیا، لە ژێرزەمینە تاریکەکانەوە نوێنەری سیاسی و تەنانەت پارتی سیاسیمان بۆ دروست دەکەن کە مێژوویان نییە و تەنانەت ناوی ئەکتەرەکان، وەک ئەکتەرە سینماییەکان لە تیرۆرەوە دەگۆڕن بۆ ناوێک کە بۆ"حکومرانی باش" گونجاو بێت و دەست بدات. بەرلەوەی حوکمی رێبازە سیاسییە جیاوازەکان بدەین با خۆمان لە ئاوێنەدا ببینینەوە، با بزانین بە درێژای مێژوو چۆن لە فەلسەفە سیاسییەکان تێگەیشتووین، بڕواتان بێت فەلسەفە سیاسییەکان لە رەوتی مێژووی ئێمەدا قوربانین، قوربانی تێگەیشتنە سنوردارەکانی ئێمەن. با تێگەیشتنمان بۆ دونیا فراوان بکەین، با زمانە زیندووەکانی دونیا وەک زمانی فەلسەفە فێربین ئەوجا هەوڵی دارشتنەوەی بونیادی سیاسی و پاکژکردنەوەی کەلاوە و فراوانکردنی کۆڵانە تەسکەکان و سڕینەوەی تارمایی تاوانەکان بدەین.
PM:10:28:21/02/2025
ئهم بابهته 716
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی