با کەشتیی ئاشتییەکەی سەرۆك مامجەلال، بۆ کوردستانی تورکیا ،بگەیەنرێتەکەناری ئارام

‌بارزان شيخ عوسمان

 هەواڵەکانی پەیوەست بە هاتوچۆ مەکۆکییەکەی وەفدی DEM Party دەم پارتی ، بۆ ئیمراڵیی و دیدارەکانی لەگەڵ بەڕێز عبداللە ئۆجەلان ، دڵخۆشکەرن  بۆ  سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی لە کوردستانی تورکیا . 

راستە کاربەدەستانی حکومەتی ئانکارە ، بەردەوامن لەسەر لێدوانی توند بەرامبەر بە (پ،ك،ك)، لەولاشەوە سورن لەسەر هێرشەکانیان بۆ سەر  هێزەکانی سوریای دیموکرات(H,S,D), بێبەشکردنی کوردی سوریا لە مافەکانیان ، بەڵام هەمو ئەو گوشارانە  بەشێکن لە موزایەدەی ناسیۆنالیستیی بۆ هێشتنەوەی پشتیوانیی قەومییەکان لێیان ، لەولاشەوە بۆ رازیکردنی  (پ ك ك )یە بە کەمترین داوا و مافی دیموکراتیی . 

هەوڵی ئاشتیی و چارەسەری مەسەلەی کورد لە تورکیا لە مانگی یونی /حوزەیران ی ساڵی ١٩٩١ ەوە دەستیپێکرد ئەو کاتەی کە سەرۆك مامجەلال وەك یەکەمین رابەری کورد لە کۆشکی چانکایا (Çankaya Köşkü )ی سەرۆکایەتیی تورکیا لە ئانکارە  پێشوازیکرا و شانبەشانی مەسەلەی کوردی عێراق ، مەسەلەی سنوردانانێك بۆ خوێن رژانی کوردی تورکیاشی باسکرد .ئەوەش بوە بنەمایەك بۆ رێگای چارەسەریی لەساڵی ١٩٩٣ دا . 

کەشتیی ئاشتییەکەی سەرۆك مامجەلال ، زۆر شەپۆل و زریانی هاتە رێ ، بەڵام بەهۆی  ئەوەی کەشتییەکە لەدەستێکی ئەمین دا بو ، هیچ کام لەو زریان و تەم ومژ و شەپۆلە توندانە ، رێڕەوەکەیان پێ نەگۆڕی .

بەداخەوە لە دوای  مانگی دیسامبر /کانوی یەکەمی ساڵی ٢٠١٢ ەوە ، پرۆسەکە روبەروی ئاستەنگی زۆر بوەوە .بۆیە کەشتییەکە   راوەستا. 

ئەمڕۆش کە پرۆسەکە دوای زیاتر لە دەساڵ پەککەوتنی دوبارە گیانی بە بەردا دەکرێتەوە ، پێویستە لە هەر کات زیاتر هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ  بەدیهێنانی ئاشتییەکی سەرتاسەریی و کۆتایی هێنان  بە خوێن رشتن و بڕینی بیانوەکان بۆ  لەشکرکێشیی و دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری کورد لە  عێراق و سوریا دا.

بیانوی تورکیا بۆ  هاتنە ناوەوەی سپاکەی بۆ هەرێمی کوردستان و باکوری سوریا و پشتیوانیکردنی چەتەکانی داعش و ئیسلامییەکانی تر لەدژی هێزەکانی سوریای دیمکرات ، هەژمونی (پ،ك،ك)  و جێگیر بونی هێزی سەربازیی ئەو حزبەیە لە هەردو ناوچەکەدا . 

من ناچمە وردەکاریی ئەوەی کە  ئایا ئەوە کێ یە  لە پشت هەمو چەکدارە تێرۆریستەکانی ناوچەجیاجیاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە ؟، بەڵام بیانوی تورکیا ناوبانگی خراپی    (پ،ك،ك)یە لە یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا . بۆیە یەکەم مەرجی وازهێنانی  (پ،ك،ك)یە لە  خەباتی چەکدار .هەرچەندە کاتی خۆی سەرۆك مامجەلال بە صاین ئەردۆگانی راگەیاندبو ،چ زەمانەتێك هەیە بۆ دانانی چەکەکانی ئەو حزبە ، بەڵام وەڵامێکی وای نەبو تا سەرۆك مامجەلال بتوانێت داوای دەستبەجێ کۆتایی هێنانی خەباتی چەکدار بکات لە (پ،ك،ك).

سەرۆك مامجەلال زۆر پێشتریش هانی (پ،ك،ك) ی دەدا کە هەوڵەکانی چڕ بکاتەوە لە خەباتی (دیپلۆماتیی،پەرلەمانیی،ئیعلامیی و مەدەنیی)، لەو روانگەیەشەوە داوای بایەخدان و پشتیوانیکردنی خەباتی بەڕێزان ئەحمەد تورك ،خەتیب دیجلە،و لەیلا زانا و ئەوانیتر بکرێت .

کەشتییە ئاشتییەکەی سەرۆك مامجەلال بەردەوام بو لە رۆیشتن بەرەو کەناری ئارام ،  داوای پشو درێژیی ، دان بەخۆداگرتن ،لێبوردەیی و دۆزینەوەی  رێرەوی راستی دەکرد لەو گەشتە پڕ کێشمەکێشەدا . 

تا ئەودیو نیوەرێی نێو دەریایەکی پڕ شەپۆل و تسونامیی کەشتییەکەی هێنا کە دەستکەوتی باشی بەدەستهێنا ، بەڵام رۆژە شومەکەی هەڤدەی کانون  ی ٢٠١٢ بوە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم گەیشتنی کەشتییە ئاشتییەکە بۆ لەنگەر گرتن لە کەناری ئارامدا.

ئێستا هەلومەرجێك هاتوەتە پێشەوە کە حزبە ناسیۆنالیستییەکانیش گەرەکیانە دان بنێن بەو راستییەی کە مەسەلەیەك هەیە لە تورکیا ناوی کوردە  و پێویستی بە گفتوگۆ ی ئاشتییە تا وڵات سەقامگیر و ئارام بێت .

ئێستا بەڕێز ئۆجەلانیش کە گەنجینەیەکی پڕ لە   ئەزمونی رابردوی وتوێژەکانی لەگەڵ سەرۆك مامجەلال لەبەردەستدایە ، مێژوییەکی کاری پێکەوەیشی لە بیردایە بۆ گفتو گۆ و دانوستان ، پەیام و راسپاردەکانی بە وەفدی دەم پارتیدا خستوەتە بەردەم لایەنی پەیوەندیدار بە وتوێژ ، وەك لەسەردانەکانیشدا دیارە ، سەرکردایەتیی کوردستانی عێراقیشی لێ ئاگادار کردوەتەوە ،سەرباری سەرکردایەتیی حزبەکەی .

لێرەدا بە پێویست دەزانرێت هەموان   هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی لە تورکیا و کوردستانەکەی و بەوردیی مامەڵە کردن لەگەڵ پەیامەکەی سەرۆك ئۆجەلاندا .ئەوەش سەرباریی تۆمارکردنی مێژوییەکی پڕ لەسەروەریی دەبێت بۆ  خۆیان کە هاریکاربون لە دابینکردنی ئاشتیی بۆ پارچەیەکی تری کوردستان ، بەدیهێنانی رەنج و هەوڵی چڕی سەرۆك مامجەلالیش دەبێت بۆ هێناکایەی ئاشتییەکی سەرتاسەریی سەربەرز لە کوردستانی تورکیا  و گەیاندنی کەشتیی ئاشتییش دەبێت بۆ کەنارە ئارامەکەی .

ئەو هەلومەرجەی هاتوەتە پێشەوە دەبێت لەدەست نەدرێت و چیتر دەست نەگیرێت بە شێوازی خەباتی چەکدار بەو پێیەی ئەو شێوازە بەسەرچوە و خەونی هیچ گەلێك بەدی ناهێنێت ، چونکە ئەمڕۆ ئەو شێوازە  ناوبانگێکی خراپی هەیە و بە تێرۆر ناودەبرێت ، ئەوەتا فەڵەستینییە ژیرەکانی  فەتح سەرباری توندڕەویەکانی ئیسراییل کەچی هەر دەستبەرداری خەباتی مەدەنی نابن ،لە پێناوی پاراستنی گەل و خاکی فەڵەستین ، کەچی حەماس بە شەڕی چەکداریی نەك هەر غەزەی وێرانکرد وا خەریکە  خاکەکەش لەدەست دەدات چ جای کۆتایی هاتنی خۆی  بۆ هەتایە ،بە جۆرێك نەك هەر رێ نادرێت جارێکیتر توخنی غەزە نەکەوێتەوە بەڵکو تەواوی سەرکردەکانیشی بۆیان نییە هەرگیز هەوای غەزە هەڵمژن .


AM:11:43:19/02/2025

ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی