وێنە یاداشت.. وێنەی یەکەم: جوتیارانی سەرگەران

‌بەختیار شاوەیس

بەیانیەکی زۆر زوو لەسلێمانیەوە بەرەو کەرکوک بەرێ کەوتین، سەرمایەکی وشکی هەبوو ، کۆتا رۆژ و ساتەکانی ساڵی ٢٠١٧ بوو، ئەو ساڵەی کە بۆ کورد بەگشتی و ناوچەکێشەلەسەرەکان بەتایبەتی ، شوم و پرلە رووداوی کتوپڕ و تراژیدی بوو چونکە لەدوای سیانزە ساڵ کورد لەوناوچانە بەفعلی دەسەڵاتی لەدەست دا. 
ئێمە ئەندامانی هەرسێ فراکسیۆنی یەکێتیی ، گۆران ، کۆمەڵ بووین. ئەندامانی دوو فراکسیۆنەکەی تر کەپارتی و یەکگرتوو بوون بەشدار نەبوون( وەک نیشانەی پەرتەوازەیی
ناوماڵی کورد تەنانەت لەسەر دۆسیەی ناوچە کێشەلەسەرەکان، بەتایبەتی دەرهەق بە جوتیارانی سەرگەران و تایبەتتر لەو کاتە هەستیارەدا کەئاماژەم بۆکرد)

 لەوێنەکەوە : کەلەکۆتایی سەردانەکەمان بۆ سەرگەران و لەکاتی کۆنگرە رۆژنامەنووسیەکە وەک یادگار وێنەکە ماوەتەوە کە دەردەکەوێ ئەوانەی کەبەشداربووین ئاڵا تاڵەبانی، حەمەسوور دووشیوانی، ڕێبوار تەها، شوان داودی ، بێستون زەنگەنە و بەندە لەفراکسیۆنی یەکێتیی. کاوەمحمد، محمود رەزا، ئەمین بەکر، مەسعود حەیدەر لەگۆڕان. ئەحمەدی حاجی رەشید لەکۆمەڵ. بووین

نزیکەی کاتژمێر ١٠ ی پێش نیوەرۆ گەشتینە گوندی پەلکانەی ناوچەی سەرگەران لەقەزای دوبز. دوو بۆ سێ  رۆژێک پێشتر عەرەبە هاوردەکانی ناوچەکە هەڵمەتێکی هەرەشە و ترساندنی جوتیارانی کوردیان دەستپێکردبوو. دیارە لەنێوانیان جۆرێک لەگرژی و پەلاماردان روویدابوو کەمەترسی هەڵایسانی شەری نەتەوەیی لێدەکرا. عەرەبە هاوردەکان دۆخی لاوازی کوردیان لەدوای شانزەی ئۆکتۆبەر قۆستبویەوە لەمەشدا پاڵپشتی سوپاو هەندێک لەئەفسەرە قەومچیەکانیان بەهەل زانی و هەڵمەتی دەرکردنی جوتیارانی کوردیان دەستپێکرد بوو. رۆشتنی ئێمە بەو ژمارە زۆرە کەیانزە ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووین، هەروەها دیدتنی کاربەدەستانی پلەیەک لەسوپاو وەحدەی ئیداری و دواجار بانگکردنیان و کۆبونەوە لەمزگەوتی گوندەکە لەگەڵ سەرۆک عەشرەت و شێخە عەرەبەکانی ناوچەکە، دواتریش هەر لەوێ لەرێگەی پەیوەندی لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عیراق کە بریاری راگرتنی تێکرای کارە نایاسایی و زیادەرۆکانیدا. هەموو ئەمانە بونە هۆکاری گەرانەوەی رۆحی مەعنەوی بۆ کوردانی ناوچەکە و کپبوونەوەی کێشەکە بەشێوەیەکی کاتی. چونکە لەساڵانی داهاتوو چەند جارێک و لەسەروەختی جیاواز و بەبیانووی جۆراوجۆر گرژی لەنێوان جوتیارانی سەرگەران و دەوروبەری لەگەڵ عەرەبە هاوردەکان دووبارە بوونەوە کەدواهەمینیان ئەوەی دوێنێی گوندی شەناغەیە.

لەسەرەتای رووداوەکەی پەلەکانەوە بۆ شەناغە کەهەشت ساڵی بەسەردا تێپەریوە، لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر ئاڵۆزی و گرژیەک لەوناوچانە کەسەرچاوەکەی دەستدرێژی عەرەبی نارەسەنە بۆ سەر کەرامەت و ژیانی جوتیاری کورد و ئەمەش پاشماوەی سیاسەتی تەعریب و فاشیزمی رژێمی بەعسە دەرهەق بەمرۆڤی کورد، کۆمەڵێک تێبینی گشتی هەیە و زاکیرەمان لەو چرکەساتانەدا ئەو جۆرە شتانەی بیردەکەوێتەوە:

١- هەبوونی ناکۆکی سیاسی لەنێوان هێزە سیاسیە کوردیەکان ، بەتایبەتی پارتی و یەکێتیی. کەدەبوایە لەهەر شوێنێک ئەمە هەبێ ئەوا لەو ناوچانە کوردایەتی زاڵ بکرایەتە سەر حیزبایەتی. لەیادمە ئەوکات ئەندامانی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رۆشتبوونە هەولێر و نەئەگەرانەوە کەرکوک بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کورد دەستبەکاربێت. ئێستایش هەمان تاس و حەمامەکەیە. هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کراوە، ئەندامانی پارتی بەشدارنابن و هەردوو حیزبەکە دابەشی دووبەرەی تێکەڵ لەعەرەب و تورکمان بوون.

٢- ناکۆکی نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی عیراق تەنانەت لەو ناوچانە. ئەوکات ئێمە سەردانی پەلکانەمان کرد نوێنەرانی دوو فراکسیۆنی کوردی ئامادە نەبوون و هەڵوێستان وەرگرتبوو. ئەوەی ئەمرۆ نوێنەرانی تێکرای فراکسیۆنە کوردیەکان بەشدار بوون لەسەردانی گوندی شەناغەدا بەڵام شێوازی قسەکردن و لێدوانەکان ناکۆکی تەواوی پێوە دیاربوو لەکۆتایشدا و لەبەردەم کامێراکان کاتێک لەسەر راوەستان بۆ وێنەگرتن کێشەیان تێکەوت لەگەڵ جوتیارەکان ئیتر بەئاسانی سەری ناکۆکیەکە هەڵدرایەوە.

٣- جوامێری و خۆراگری جوتیارانی کورد لەوناوچانە کەلەگەڵ سەرهەڵدانی هەر گرژیەک بەردەوام وانەی نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی خاک بەدۆست و دوژمن دەڵێنەوە. ئەم جۆرە لەجەسارەت و رۆحی فیداکاریەی جوتیاران هەموو جارێک دووبارە دەبێتەوە. کەئەگەر ئەو مەردایەتیەی خودی خۆیان نەبوایە ئەوا زۆر دەمێک بوو لەو شوێنانە هەڵکەنرابوون و بۆهەتا هەتایە مۆرکی کوردستانیبوون لەوێ سڕابویەوە.

٤- لەماوەی ئەو ساڵانەی رابردوودا ، لەگەڵ دەرکەوتنەوەی کێشەی و ئاڵۆزی لەو ناوچانە ، بەدەیان بەیاننامە لەلایەن ئەنواعی سەرۆک و کاربەدەستی حیزبی و حکومی دەردەچن. دەیان هەرەشەی سەر کەناڵەکانی راگەیاندن و چاوسوورکردنەوە لەبەرپرسی سەربازی و ئەمنی دەبینین. بەڵام هەر چەند رۆژێک دوای ئەوە وەک ئەوەی وڵات شامی شەریف بێت، ئیتر کێشەکە  لەبیر دەچێتەوە و کەسیش هەر باسی ناکات.

٥- دروستکردنی لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ هۆکاری رووداوەکە ، کەئەمەیش هەر شتێکی رۆتینی دووبارەیە و دەکرێ ساڵێکی تر ئەمانە ببینینەوە.

ماوەتەوە بڵێم: لەپەیوەندیدا بە کێشەی دووبارەبوەی جوتیارانی کورد لەناوچەی سەرگەڕان. ئەوەی ئەمساڵ جیادەکاتەوە لەساڵانی پێشتر ئەوەیە کە ئێستا یاسای گەرانەوەی زەوی و زار کەتایبەتە بەهەڵوەشانەوەی بریارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی شۆرشی لەناوچووی بەعس لەپەرلەمانی عیراق دەنگی لەسەر دراوەو ئەمرۆ بەفەرمی لەرۆژنامەی وەقائع دەرچوە. کەئومێد دەکەین جێبەجێ بکرێت و بەم هەنگاوە کۆتایی بەستەم و چەوسانەوەی جوتیارانی کورد بهێنێت.

د.بەختیارشاوەیس


AM:09:13:19/02/2025

ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی