سوپای بەعس و سوپای عەبەس
لەکەرکوک

‌ستران عەبدوڵا

دوو دوو گۆڕ غەریب دوو گومناو و دوو بێ چارەنووس.

گشتی ئەم کردە تەعریبییە وەبیری هێنامەوە، ئەم سوپا لایەندار و بێبار و بێ ناسنامە نیشتمانییەی عیراق لە سندوقی تۆزلێنیشتووی میمۆری مێشک دەریهێنا و هێنایە پێشی پێشەوە. سوپا کۆنەکە وەک غەنیمەی راپەرینێکی پێکوتە و کەوتووی کەرکوک بردی و گومی کرد. سوپا تازەکەش زامەکەی کولانەوە و وێنەی دیواربەندی  یادگاری  لەقکرد و لە شوێنی خۆی جولاندییەوە.

وای براکەم و دراوسێکەم و هاورێکەم  فەرەتدون فەقەراتی پشتم دێشێ و فرمێسکی وشکەوەبووی پێشی  سیوپێنجاڵ وا تەڕ و گەرم بۆتەوە دەڵێی لەسەر ئاگر دامناوەتەوە. وای (کازم) تۆم کەفتەوە یاد کە زمانگرتنی تەنگەتاوی وەختی قسەکردنت سەد رەوانبێژی ئەمرۆ دێنێ.

(فەرەیدونێک) بوو باڵابەرز و گەنم رەنگ وەک پاڵەوانی ناو داستانە کۆنینەکانی خوراسان ، وەک سەرپاک تاشراو و سەرخرە ئەدگار جوانەکەی ناو ئەدەبیاتی چەپی حەفتاکانی سەدەی بیست ، قەڵەمکێشی سەر و سەکوتی رەزا شیرینی وەک وێنەی بەرگی پشتەوەی چیرۆکەکانی سەمەدی بەهرەنگی بوو، هەر ئەدگاری خۆی بوو ، ناوەرۆکی وەک ماسییە بچکۆڵەکە و روخساریشی هەوبوو هەر سەمەد بوو.

خەتی نووسینی چەند خۆش و لەبزی ئاخاوتنی چەند شیرین و شەکربوو. میوانداری و دڵئاوەڵییەکەی وەخت و ناوەختی نەبوو، بەهاری یار و دۆستایەتیمان چەند کورت و کورد بوو . بێ هیچ بۆنەیەک بزر بوو، لەناکاو عەبەس خستی و لە خوتوخۆڕایی بەعس بردی.

ئەم سوپا زاڵمە لێمانی زەوتکرد و ئەم بەعسە بێ نامووسە شاردییەوە و پێمانی نیشان نەدایەوە. نیازی وابوو و رێبازی خوار بوو کە (کوردێ کەمتر کێشەیەک  کەمتر، گەنجێک رفێنراو سەر رەحەتییەکی زیاتر بۆ گەماڵباوکەکانیان) .

رۆژانی راپەڕین بیانوون بۆ کوشتن و بردن و بزرکردن. بۆیە کە سوپا هاتەوە یانی تۆڵە و پاکتاو هاتەوە. فەرەیدومان وا چوو بەڵام تیاچوو.

کازمیش هەروابوو کە لە خوێڕیاوە هێمنترین بوو ، ئازاترین و شەرمنترین و وەفادارترین بوو ، یانی خەسڵەتی وەک جوامێرێکی  کاکەیی بوو ، وابوو کە کاکەیی بوو.

ناوەکەی وابوو سەبر و تەحەمولی هەبوو، پیشیی دەخواردەوە و یۆگای پشوودرێژی دەکرد.

ئاخ هاورێکەم کە دڵت نەدەهات ئەزێتی مێروولەیەک بدەیت کەچی لە دەفتەری مەردایەتی و هەڵوێستدا دەبوو مەردایەتی ناو لە تۆوە وەربگرێت.

سوپاکەی جارانی بەعس فەوتانی و خەبەری نەهاتەوە، سوپاکەی ئێستای عەبەس وەخەبەری هێناینەوە کە هیچ نەگۆڕاوە و پەتی راکێشان تاقە هونەری زبری وانە، هیچ نەگۆڕاوە و هەر جامانە رەمزی بەرەنگارییە و هەر جامانە نیشانەی ئامادەکاری و ئاگاداری و تەداروکە.

ماسییە بچکۆڵەکەی بەهرەنگی نیشانە بە جوانی و ئازایەتی و بەقایە لە دونیایەک کە ماسییە گەورەکان دەڵێی حوتن گەرەکیانە ماسییە بچوکەکان بخەنە داوەوە ، بیبرژێنن، بیقرچێنن و ئینجا بۆ جاوین ساز بێ و قووتی بدەن.


AM:09:24:18/02/2025

ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی