سەردانی وەفدی ئیمراڵی بۆ ھەرێمی کوردستان چی دەگەیەنێت؟
مەلا بەختیار
وەفدی باڵای دەمپارتی و ڕاسپێردراوی بەڕێز سەرۆکی پە×کە×کە( عەبدوڵا ئۆجەلان) بۆ سەردانی ھەرێمی کوردستان و دیدارێکی ھەستیار لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی، پاشان لە دیداری دووەمدا بۆ سەردانی سلێمانی و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ بەڕێز بافڵ تاڵەبانی، دیدارێکی ڕاگوزەرو ڕوداوێکی کتوپڕ نییە. بۆیە ڕامانی ھەمەلایەنە لەم دیدارانە، سەرەڕای ئەوەی ھێشتا ناوەڕۆکەکانیشی دەرنەکەوتون، بۆ بەرچاو ڕونی خەباتی نەتوایەتی گرنگە.
پەکەکە حیزبێکی گەورەو کاریگەری باکوری کوردستانە کە ٤٧ ساڵە دامەزراوە. ( ٤١) ساڵیشە خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە. لەو ٤١ ساڵەدا، توانیویەتی بەرگریەکی سەخت لەخۆی بکات. گەرچی نەیتوانیوە تائێستا ناوچەیەکی ئازاد کراوی لە باکوری کوردستاندا ھەبێت، بەڵام ٤١ ساڵ بەرەنگاری بەردەوام، خۆی لەخۆیدا شێلگیریەکی دەگمەنە لە مێژووی نەتەوەی کورد.
پەکەکە لەوەتەی خەباتی چەکداری ڕاگەیاندووە، بەقۆناغی جۆراو جۆردا، پەیوەندییە سیاسیەکانی داڕشتوە. زۆربەی ساڵانی خەباتی ناکۆکییەکانی قوڵبوە لەگەڵ زۆربەی حیزبە کوردستانییەکان، بەتایبەتی لە کوردستانی عێراقدا. تەنانەت ناکۆکییەکان گەیەنرانە شەڕی کورد بە کورد بەکوشتدانیش. جاری یەکەم پەکەکە شەڕی لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد. جاری دووەم شەڕی لەگەڵ پارتی لەناوچەی بادینان و باڵەکایەتی کرد. جاری سێیەمیش شەڕی لەگەڵ یەکێتی لەناوچەی قەندیل کرد. بەڵام بۆ چارەکە سەدەیەک دەچێت، لولەی تفەنگەکان لەنێوان پەکەکەو لایەنەکانی باشوری کوردستان، ئاگریان لێ نابارێتەوە. لەو ماوەیەدا لەگەڵ پارتی، نەلەشەڕو نە لەئاشتیدا بوون. لەگەڵ یەکێتی لەئاشتیدا بون و سلێمانیش باجی ئەم ئاشتییەی داوە.
ئێستا بەندە کە ئاوڕ لەو ڕابردووە دەدەمەوە، جگەلەوەی کە ھەمیشە دژی ئەو شەڕانەبووم، پێم وایە ھەر لەبنچینەدا کێشەکان قابیلی چارەسەر بوون، ئەگەر پشووی سیاسەت و ھەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی زاڵ بکرانایە. بەڵام بەداخەوە ،کورد درەنگ دەرس لەھەڵەکانی خۆی وەردەگرێت.
ئێستا کەوەفدی ئیمراڵی بەویست و ڕوخۆشییەکی تاڕادەیەک ئومێد بەخشەوە، کەشکۆڵی ئاشتەواییان، لەسنورە سەپێنراوەکەی کوردستانەوە دەگەیەننە پیرمام و بارزانی، سەردانەکە خۆی لەخۆیدا، شەماڵێکی نەتەوەیی فێنک فێنک بەدەرونی کوردی تەواوی جیھان بڵاو دەکاتەوە. گەرچی ئەم سەردانە درەنگ کەوت. زۆریش ھەوڵدراوە زوتر ئەنجام بدرایە. بەڵام ئێستاش نەچووە بچێت.
ئەم سەردانە چەندین مانا دەگەیەنن:
یەکەم_ دەوڵەتی تورکیا قەدەغەی لەسەر ئەم سەردانانە ھەڵگرتووە. ئەمەش بەشێکە لە ھەوڵەکانی ئاشتی لە باکوری کوردستاندا.
دووەم_ بەڕێز ئۆجەلان، دیارە لە زیندانەوە لەھاوکێشەکانی ناو تورکیاو پەیوەندییەکانی تورکیاو ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا کارییگەریەکانی ھەرێمی کوردستان لەسەر پڕۆسەی ئاشتی، باش تێگەیشتووە. بۆیە پەیامی ناردووە بۆ بەڕێز مەسعود بارزانی. سەردانەکەی سلێمانیش تێگەیشتنی ئۆجەلانە بۆ ڕاگرتنی ھاوسەنگی و لەبەرچاو گرتنی پەیوەندییە مێژوییەکان.
سێیەم_ وادیارە دوای ئەم سەردانە، ئۆجەلان و دەم پارتی، چاوەڕێی شکاندنی ڕچەی ترن لە دانوستانەکەی تورکیا. بێگومان تورکیاش دەبێت، سەرەنجامی ئەم سەردانەی وەفدەکە، بەھەند وەربگرێت.
واپێویستە، ئاوڕێک لە ڕابردووی ئەم جۆرە ھەوڵانە بدەینەوە. لەسەرەتای دامەزراندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانەوە، تێزی سیاسی یەکخستنی خەباتی نەتەوایەتی لە بەشەکانی کوردستاندا، لەئارادا بووە. ھەوڵی کۆبونەوەی ھێزەکانی ھەرچوار پارچەی کوردستانیش درا. بەڵام سەری نەگرت.
لەدوای دامەزراندنی پەکەکەوە، یەکخستنی خەباتی نەتەوایەتی لەئاڕاستەیەکی سیاسییەوە، گۆڕدرا بۆ ئایدۆلۆجیەتی یەکێتی نەتەوەیی و ستراتیجی ڕزگاری. لەدەرەوەو ناوەوە ھەوڵێکی زۆر درا لەم پێناوە. تەنانەت دامەزراندنی ( کەنەکە)ش، ھەر لەم پێناوەدابوو. بەڵام ھەموو ئەو خەبات و ھەوڵانە، لە ھەر چوار بەشەکەی کوردستان، زەمینەی سەرکەوتنی لاواز بوو. بەڵکو کێشەو بێشەشی لێکەوتەوە.
ئاسان نییە نەتەوەیەکی نیشتیمان داگیرو دابەشکراو ، لەھیچ بەشێکی کوردستاندا دەوڵەتی سەربەخۆی نەبێت، خەباتی ڕزگاریی نەتەوەکە ڕێک بخرێت و یەک بخرێت. نمونەی نەتەوەی تریش زۆرن، وەکو کورد دابەش کراون و یەک نەخراون. وەکو: تامیلییەکان، بلوجەکان، ئەمازیغیەکان. بەڵکو دەوڵەتانیش ھەیە، لەناو یەک نەتەوە دامەزرێنراون، کەچی یەک ناگرنەوە وەکو: دەوڵەتانی عەرەب و ھەردوو کۆریای باکور و باشور، ھەروەھا دوو دەوڵەتی سۆماڵ، قوبرسی دابەش کراو.. ھتد
شیاوترین ڕێگای سیاسی بۆ بەشەکانی کوردستان ھاوکاری نەتەوەیی_ دیموکراسییە. بەبێ دەست تێوەردان لە کارو باری ھیچ حیزبێکی بەشەکانی کوردستان و چۆنێتی خەبات کردنیان و ڕێگاکانی چارەسەر کردنی سیاسی و یاساییان لەناو دەوڵەتەکاندا.
جگە لە ڕێگای ھاوکاری دیموکراسی نەتەوەیی، بەزۆرەملێ خەباتی ڕزگاری نەتەوەی کورد، نەک لەم ھەلو مەرجەدا ئامانجەکانی بەدی نایەت، بەڵکو کێشە لاوەکییەکانی ھێزە سیاسیەکانی بەشەکانی کوردستانیش، ھەڵدەگێڕێت بۆ ناکۆکی سەرەکی.
باشترین خەباتی ھاوکاری بەشەکانی کوردستان، ھەوڵی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکان بوو لە سۆسیال ئینتەر ناسیۆنال، بۆ دروستکردنی گروپی کوردستانی لەناو ئەو ڕێکخراوە نێونەتەوەییەدا. سەرەنجام لویس ئەیالای جەنەڕاڵ سکرتێری ڕێکخراوەکە بۆ ھەمان مەبەست سەردانی سلێمانی کردوو لەگەڵ تەواوی حیزبە کوردستانییەکان کۆبوەو بەندە کاندید کرام سەرپەرشتی ئەو گروپە بکەم. چەندین ھەنگاویشمان نا. بەڵام دیسان چونکە زەمینەی یەکخستنی خەباتی یەکگرتوی نەتەوەیی نەڕەخسابوو، ئەم گروپەش لەچوارچێوەیەکی دیاریکراودا توانی ھەڵبسوڕێت. بەڵکو لەناو ئەو ڕێکخراوە جیھانییەدا، یەک حیزبی سۆسیال دیموکراتی دنیاش نەبوو، کێشەی کورد وەکو کێشەیەکی ستراتیجی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بناسێ. ھەلومەرجی ئێستای ناوچەکەو ڕوخاندنی بەشار ئەسەد، زەمینەیەکی سیاسی و ئاشتەوایی تاڕادەیەک ھێناوەتە ئاراوە. ئەم زەمینە سیاسییە، وەکو ھەموو زەمینەیەکی سیاسی لەمێژوودا، ھەمیشەیی نییە. بەڵکو کاتییە. ھەلەکانی ئەم زەمینەیە بقۆزرێتەوە، بەشێک لە کێشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ئێستا چارەسەر دەبن. نەش قۆزرێتەوە، ڕەنگە تراجیدیای تر ڕوو بدات.
بەڕێز سەرۆک کۆماری تورکیا، سێ ھەفتە لەمەوبەر جوانی فەرموو کە ٤٠ ساڵە قوربانی دەدەن و ھیلاک بوون. کەوابێ لوتکەی دەسەڵاتی تورکیا دەزانێت دوای ٤٠ ساڵ لە قوربانی دان و ھیلاکی ، ئیتر کاتیەتی کۆتایی بەم دۆخە خوێناوییە بێت. کێشەکەش لە بنچینەدا عەسکەری نەبووە. پەکەکە کودەتای نەکردووە. پەکەکە حیزبێکی سیاسی بووە. ئامانجی سیاسی ھەبووەو داخوازییەکانیشی ھەر سیاسی بوون، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ھەرگیز گوێی لەم داخوازییە سیاسیە نەگرتووە. بەڵکو کوردی بەتورکی شاخاوی زانیوە. لە دوای ھاتنی ئاک پارتییەوە، نەرم نەرم سیاسەتی بەتورک زانینی کورد گۆڕاوە. پەنجەرەی بڕێک لە مافە ڕۆشنبیرییەکانی کورد کراوەتەوە. ناو بەناویش قسە لە دانوستاندنیش دەکرێت. ١٩٩٣-١٩٩٤ مام جەلال ناوبژیوانێکی دیار بوو لەنێوان پەکەکەو دەوڵەتی تورکیا. بەڵام بەداخەوە ٣٠ دانە ساڵی ڕەبەق (١٩٩٤—٢٠٢٤) دیسان قوربانی و ماڵ وێرانی درێژەی پێدرا، ئێستا دوای ٣٠ ساڵ خۆشبەختانە نەک ئاک پارتی بەڵکو حیزبی ناسۆنالیستی توندڕەوی تورکیش(دەوڵەت باخچەلی) دان بەبون و مافی کوردا دەنێن.
ئێستا کە زەمینەیەک لە ناوچەکە بۆ ئاشتەوایی ڕەخساوە، با ئەم جارەش بەدەردی ساڵی ١٩٩٤، ھەوڵەکان بێھودە نەبن. خوا نەخواستە ئەم جارەش دانوستاندنەکە شکست بخوات، شەڕو قوربانی بەردەوام دەبن، دوای ساڵەھای تر دیسان دەوترێتەوە خۆزگە بەقسەی ئیمراڵیمان بکردایە ئاشتەوایمان بەدی بھێنایە.
مێژوو کەم جار دەرفەتی مێژویی ئەڕەخسێنێت کە ڕەخسا مرۆڤی گەورەو ئازای دەوێت، بڕیاری ئازایانە بۆ قۆستنەوەی ھەلەکە بدات. ئێستا لەو ھەلومەرجەو لەھەلی ئاشتەوایی مێژوییدا،ڕۆژگار دەبەینەسەر. چەند مایەی شانازییە، ساڵانی ئایندە یادی ئاشتی و بەدیھێنانی مافی دیموکراسی ئەم ھەلومەرجە بکەینەوە. ھەم باکوری کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بگەنە ڕێکەوتنێکی دیموکراسی. ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ھەبێ و مافی دیموکراسی کوردو پێکھاتەکانی تریش بسەلمێنرێت.
لەکۆتایدا دەڵێین، ھیوادارین، وەفدی ئیمراڵی چۆن بە ڕوخۆشی و ئومێدەوە سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، بەھەمان چەشن، ھەگبەی گەڕانەوەیان بۆ ئەنقەرەو ئیمراڵی، پڕ بێت لە ھیوای گەشتر و ئیرادەی دیموکراسیانە.
PM:02:39:17/02/2025
ئهم بابهته 1268
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی