مەسیحییەک دەبێت چاوی لێ بکەین

‌كاوه‌ شێخ عه‌بدوڵا

24 ساڵ لەمەوبەر بۆ یەکەمجار چوومە ناو (ئوتێل ئەبوسەنا) لە سلێمانی. زۆر پێشتریش ناوی ئوتێلەکەم بیستبوو وەکچۆن زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی سلێمانی و دەوروبەری ناوەکەیان بیستووە بەڵام لە نزیکەوە نەمدیبوو. لەم ماوەیەی پێشووشدا شەوێک چوومەوە بۆ ئوتێل ئەبوسەنا. لەوێ سەرم سوڕما لە هێشتنەوەی سومعە و ناوبانگی ئوتێلەکە لە ماوەی ئەو هەموو ساڵەدا بە ئاستێکی زۆر بەرز!

باشە چۆنە ئەو ناوەو کواڵێتییەکەی هەروا بە درەوشاوەیی ماونەتەوە؟

سلێمانی تایبەتمەندییەکی هەیە، زۆر گرنگیی بە شوێنێک.. گەڕەکێک.. شەقامێک دەدات، بەڵام پاش ماوەیەک وەک ئەوەی هەر نەبووبێ پشتگوێی دەخات و تەرکیز و گرنگییەکە دەداتەوە بە شوێنێکیتر.

بۆ خواردنگە و چێشتخانە و کەبابخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕانیش هەروایە. بەڵام زۆر درەنگ ئەم شوێنانە پشتگوێ دەخەن مەگەر ئەوەی خاوەنی شوێنەکان گۆڕانکاریی بکەن لە خواردن و نرخ و شوێنەکانیاندا بە کورتی مەگەر خیانەت لەو متمانەیە بکەن کە خەڵک پێیان دەدات.

بەڵام ئوتێل ئەبوسەنا کە لە پێش ڕاپەڕینەوە ناوبانگ و سومعەیەکی باشی هەیە، سەرەڕای ئەو هەموو گۆڕانگاریی و رووداوانەی ڕوویاندا. سەرەڕای پشتگوێخستن و شکاندنی ناوبانگی دەیان ئوتێل و چێشتخانە و کەبابخانە و هۆڵی ئاهەنگگێڕان لە سلێمانی؛ کەچی ئوتێل ئەبوسەنا هەروا بەناوبانگ و کوالێتییە بەرزەکەی مایەوەو هێشتا لەناو ناواندا خۆی هێشتووەتەوە.

من پێموایە هۆکارە سەرەکییەکەی ئەم ناوبانگباشییەی ئوتێل ئەبوسەنا، پەیوەندی هەیە بەوەی خاوەنەکەی بنەماڵەیەکی مەسیحین. مەسیحییەکان لە کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عەقڵێکی ئارام و لەسەرخۆیان هەیە بۆ کەسابەت و  بازرگانی. پەلە و هەڵپەیان نییە بۆ قازانجی زۆر، نەرم ساڵ دەبەنەسەر بە قازانج و سومعەیەکی سەلامەتەوە.

خۆگر و ئارامن لە بازاڕ و مامەڵەدا، قۆڵبڕ و فێڵباز نین لەساغکردنەوە کاڵا و کەرەسەدا، بۆیە توانیویانە بە باشی متمانەی مشتەرییەکانیان بەدەست بهێنن و بۆ ساڵانێکی زۆر ئەو متمانە و سەرڕاستییەیان بپارێزن.

حەقە ئوتێل ئەبوسەنا و ڕەوشتی خاوەن و بەڕێوەبەرەکانی ئەو شوێنە بچووک بەڵام بەناوبانگەی سلێمانی، وەک وانە بخوێنرێت لە کەرتی کاروکەسابەتی ئێمەدا. حەقە گەشتوگوزاری سلێمانی و کوردستان بەگشتیی، ئەم خێزانە و براندەکەیان وەک دەرس و وانەیەک بخەنە بەرنامەی کاریانەوە تا کاسب و خاوەن پڕۆژە گەورەو بچووکەکانی کوردستان لێوەی فێربن و ئەزموونی بکەن


AM:09:39:16/02/2025

ئه‌م بابه‌ته 1436 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی