دەستێوەردانی حیزبی لەدەزگاکانی ئەمریکا خیانەتی نیشتیمانییە
ئاسۆ جەبار
مایکڵ ڕۆبن رەخنەی توند لە دەنگی ئەمریکا دەگرێت
منیش دەڵێم دەستێوەردانی حیزبی لەدەزگاکانی ئەمریکا خیانەتی نیشتیمانییە
دژی دەستور و خەڵکی ئەمریکا.
مایکڵ ڕۆبن بەشێک لە ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و دەرگای
گفتوگۆیەکی زۆر گرنگ دەکاتەوە بۆ لێپێچینەوە و لێپرسینەوە لە بەشی کوردی دەنگی
ئەمریکا و دەڵێت " ئەگەر
بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا هەوڵی بەرەو پێشبردنی سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا
بدا، ئەوا پشتگیری لە کوردەکانی سوریا دەکات و دیموکراسی بەرەوپێش دەبات و گەندەڵی
لە سەرانسەری کوردستانی عێراق ئاشکرا دەکات." چەندین ساڵە گروپێکی حیزبی و
توندڕەو و کۆیلەی حیزبەکان لە دەنگی ئەمریکا لە هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکاندا بوون
لە کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بینەران و بیسەرانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکە.
هەرچەند ئەم گروپە بەهێزبوون و لەهەوڵی سەرکوتکردن دەنگی حەقیقەت و ڕاستییە
حاشاهەڵنەگرەکاندا بوون، بەڵام چەند ڕۆژنامەوانێکی سەربەخۆ و بوێر چەندین ساڵە
لەشەڕدابوون دژی قوڕخکردن و دەسەڵاتی موتڵەقی کۆیلەکانی حیزب لەو دەزگایەدا، بەڵام
بەهۆی دەسەڵاتی ئیداری و دەرکردنی کەسانی سەربەخۆ و بەرزکردنەوەی پلەی کەسانی
حیزبی و نابەرپرس و پێشلکاری ڕێساو دەستوری ئەمریکا تا ئەوڕۆکە توانیویانە بۆیان
بچێتەسەر و ئەو دەزگا گرنگە داگیربکەن و بیخەنە ژێرپێی حیزبەکانیانەوە.
ئەو ڕاستیانەی کە مایکڵ رۆبن باسی دەکەن بەزیادەوە ڕەوانەی کۆنگرێس و وەزارەتی
دەرەوە و دەزگاکانی لێکۆڵینینەوە و دادگاکان کراون، تا ئەم سەروەختە لێکۆڵینەوەیان
لێدەکەن و لەژێر نەشتەرگەری لێپێچینەوەدایە.
رەنگە مایکڵ رۆبن نەیوستبێت باس لە گەندەڵی
و نادادپەروەری و کۆیلایەتی حیزبی و دیکتاتۆریەتی بەڕێوبەر و سوپەرڤایزەرە
کوردەکان بکات، قوڵ ئاماژەی بەوە نەداوە کە کەسانێک وەک گروپ و باندێکی حیزبی ڕێسا
و بنەما گرنگەکانی ئازادی رۆژنامەگەری ئەمریکایان پێشلکردووە و خیانەتی گەورەیان
کردووە لە دەستوری ئەمریکا، بەپێی دەستور و بنەما یاساییەکانی ولایەتە
یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستێوەردانی دەرەکی سیاسی و حیزبی لە دەزگاکانی دەوڵەتی
ئەمریکادا خیانەتی گەورەیە.
هەرچەند مایکڵ ڕۆبن دەڵێت " گەورەترین بەڕەنگاربوونەوەی ئازادی و ئازادیی
کورد لە بەغداوە نییە، بەڵکو لە خۆسەپێنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر یان کلێپتۆکراسی
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی." ئالێرەدا مایکڵ ئەو ڕاستییە ئاشکرا دەکات کە بەشی
کوردی دەنگی ئەمریکا لەهەوڵی شاردنەوەی ئەو ڕاستاینەدا بووە، بەو خەیاڵەی کە
دەتوانن خۆڵبکەنە چاوی ئەمریکاییەکان و کۆنگرێس و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و
دەستوری ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێشلبکەن.
دەنگی ئەمریکا دیارییەکی بەنرخ و بە بەهای
ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو لەساڵی 1990کانەوە دا بەڵام کورد نەیتوانی پارێزگاری
لەو دیارییە گرنگە بکات و بەهۆی چڵکاوخۆری حیزبایەتی و دیکتاتۆرییەتی هەندێک نزیک
لە بەرپرس و سەرۆکە گەندەڵ و پیاوکوژەکانی حیزبەکان دەنگی ئەمریکایان کرد بە
بارەگایەکی حیزبی پڕ ئاژاوە و شارچێتی و ناوچەگەرایەتی و جیاکاری تەمەن و
تۆڵەکردنەوە و ڕق و کینە.
یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی کە مایکڵ ڕۆبن
ئاماژەی پێداوە و دەڵێت " بەداخەوە دەنگی ئەمەریکا بچوک بۆتەوە. لە کاتێکدا 20 ملیۆن کورد لە تورکیا
و 6 ملیۆن کورد لە کوردستانی عێراق دەژین، دەنگی دەنگی ئەمەریکا زۆربەی ناوەڕۆکەکەی
ئاراستەی کوردەکانی عێراق دەکات بە دیالێکتیکی سۆرانی، کە کەمترە لە نیوەی ئەوانەی
لە هەرێمی کوردستانی عێراق قسەی پێدەکەن. ئه گەر بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا کاری
بەرایی گەیشتن و کاریگەری بوایە، ئەوا گرنگی دەدا بە زاری کرمانجی کە به شێوەیەکی بەرفراوانتر
قسەی پێدەکرێت." بە دڵنیاییەوە دژایەتیکردنی پارچەکانی دیکەی کوردستان
لەلایەن کۆمەڵێک کەسی نابەرپرس و حیزبی و توندڕە و ڕێگرەوە چەندین ساڵە بەردەوامە
بەتایبەتی پێشلکردنی مافی کوردانی باکور کە زیاد لە 25 ملیۆن کورد بە کرمانجی قسەی
پێدەکەن، دژایەتیکردنی کوردانی ڕۆژهەڵات لە ئێران کە زیاد لە 13 ملیۆن کورد لە
ڕۆژهەڵات دەژین و بە ناشرنترین و خراپترین شێوە دژایەتی ئەو دوو پارچە گەورەیەی
کوردستان دەکرێت، هۆکارەکەیشی ڕوونە هەندێک لە کوردەکانی هەرێمی کوردستان کە
دەسەڵاتی موتڵەقیان هەبووە لە بەشی کوردی دەنگی ئەمریکادا پێشلکاری دەستور و
ڕێساکنی ئەمریکایان کردووە و وەک سەربازێکی کۆیلەی پارتی دیموکرات و یەکێتی
نیشتیمانی و باڵە سیاسییە گەندەڵەکانی کوردستان دەزگاکەیان قۆرخکردوووە بۆ خواستە
حیزبی و ناوچەگەرییە بەرتەسکەکانی خۆیان.
پرسیارەکە لەوەدایە چۆن کۆنگرێسی ئەمریکا و خەڵکی ئەمریکا و یاساکانی
ئەمریکا تا ئێستا قبوڵیان کردووە ئا بەو شێوەیە دوو باندی حیزبی هاوبەش لەڕووی
سیاسی و مۆڕاڵەوە دەستوەربدەنە دەزگایەکی نیشتیمانی ئەمریکا و دەستور پێشلبکەن و
هەتا ئەم سەروەختەش هەندێکیان هەر دەسەڵاتیان ماوە و دەزگاکەیان وێرانکردووە.
من و هاورێکانم 9 ساڵی ڕێک لە دەنگی ئەمریکادا کارمان کرد، 9 ساڵ
ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ لە پێناو دەستوری ئەمریکادا، بەڕنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕق
و کینە و باندە حیزبییەکان کە بەئاشکرا و ژێراوژێر دژایەتی رۆژنامەوانە
سەربخۆکانیان دەکرد، 9 ساڵ ڕووبەڕووی باندێک لەشەڕدابووین کە بەبەرچاوی هەموانەوە
دەستوری ئەمریکایان پێشلدەکرد و دژایەتی پارچەکانی دیکەیان دەکرد و دەیانویست
گەندەڵی هەرێمی کوردستان بشارنەوە و خۆڵبکەنە چاوی ئەمریکایی و کوردەوە. دوو باندی
مافیای حیزبی چەند ساڵە لە ململانێدان بۆ پەلاماردانی خەڵکی سەربەخۆ و مافە
ڕەواکانی کورد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان.
ئەم دوو باندە لەدەرەوەی ئەمریکاوە لەلایەن ئاغا و مافیاکانی
حیزبەکانیانەوە ئیعاز و ڕاوێژو ئامۆژگاری وەردەگرن، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن
دەستێوەردانی حیزبی و سیاسی لە دەزگاکانی ئەمریکادا خیانەتی گەورەی نیشتیمانییە.
چەندین ساڵە خەڵکی نائەکادیمی و نابەرپرسیار و ناڕۆژنامەوان و
نامیدیایی و توندوتیژ و نادادپەروەر و دڕندە بەشەکانی بەشی کوردی دەنگی ئەمریکایان
بردووە بەڕێوە، چەندین ساڵە شارچێتی و ناوچەگەرێتی و دژایەتیکردنی پارچەکانی دیکەی
کوردستان مەهامی ئەو دوو باندە هاوبەشە بووە دژی دەستوری ئەمریکا و دژی حکومەتی
فیدڕاڵی ئەمریکا و دژی کۆنگرێس و دژی خەڵکی ئەمریکا و کورد.
تۆ ناتوانیت نانی ئەم وڵاتە بخۆیت و خیانەت لە دەستوری وڵاتەکە
بکەیەت، تۆ ناتوانیت ئەو دیارییە گەورەیەی ئەمریکا بخەیتە ژێر پێی بۆگەنی
حیزبەکەتەوە کە 35 ساڵ لەمەوبەر کۆنگرێس و خەڵکی ئەمریکا پێشکەشی کوردیان کردووە،
خۆت و حیزبە گەندەڵ و مافیاکەت ناتوانن چاکە و باشییەکانی ئەمریکا وێرانبکەن و
پێتانوابێت لە ئەمریکاش دەتوانن وەک مافیا مامەڵە بکەن و هەرچی جوانییەکانی ئەم
وڵاتەیە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی قسەکردن و یەکترقبوڵکردن و سەربەخۆیی
زەوتبکەن و وێرانی بکەن. خۆتان حیزبەکانتان چەند مافیا بن ناتوانن لە ئەمریکا ببن
بە مافیا و دەزگایەکی حکومی ئەمریکا وێران و کاول بکەن.
*لە ڕۆژانی داهاتوو بابەتی زیاتر بڵاودەکەینەوە لەسەر خیانەتی
نیشتیمانی و پێشلکردنی دەستوری ئەمریکا و توندوتیژی و بەکەرهێنانی هەڕەشە و
گروپبەندی رق و کینە و ترساندن.
PM:11:09:15/02/2025
ئهم بابهته 1504
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی