چەند تێبینییەک دەربارەی ڕێنمایی تایبەت بە ماتۆڕەکان
هەڵكەوت عەبدوڵا
ڕۆژی
دووشەممەی ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٥ لە وەزارەتی ناوخۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە
ماتۆڕسوارەکانی دلڤەری، بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەت و
بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەولێر و پارێزەری دلڤەرییەکان، سازکراوە وبڕیار لە پێنج خاڵی
تایبەت بە پرسەکە دراوە و وەزیری ناوخۆ ڕەزامەندیی لەسەر داوە، دواتریش لە ڕێگەی
ڕاگەیاندنەکانەوە بڵاوکرایەوە.
سەرەتا
دەستخۆشی لەم هەنگاوە دەکەم، کە بێگومان کاریگەریی لەسەر چەسپاندنی سەلامەتیی
هاتوچۆ و کەمکردنەوەی ڕووداوەکان دەبێت، بەڵام جێی خۆیەتی چەند تێبینییەک دەربارەی
بخەمەڕوو:
١.
کێشەی ماتۆڕەکانی دلڤەری تەنیا لە پارێزگای هەولێر نییە، بەڵکو لە پارێزگاکانی
سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجەش بە ڕێژەی جیاواز هەیە. بۆیە پێم سەیرە وەزارەت تەنیا
بایەخی بە پرسەکە لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر داوە. چونکە وەزارەتی ناوخۆ
نوێنەرایەتی هاوڵاتیانی کوردستان دەکات، لە خانەقینەوە تا زاخۆ و دەبێت بڕیارەکانی
تایبەت بە هاتوچۆ گشت پارێزگاکان بگرێتەوە. ئایا ئەم هەنگاوە نیشانەی ئەوە نییە،
کە هێشتا دوو ئیدارەیی زاڵە بەسەر بیرکردنەوەدا؟!
٢.
کێشەی ماتۆڕەکان لە هەرێمی کوردستان تەنیا ماتۆڕەکانی دلڤەری نییە، بەڵکو هەموو
جۆرەکانی ماتۆڕە، کە دەبێت وەک پاکێجێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و چارەسەری هەمەلایەن
و گشتگیری بۆ بدۆزرێتەوە. هەر لە ڕووی بەیاساییکردنی هاوردەکردن و کۆڵێنەوە لە
سەرچاوەکانی هێنانە ناو هەرێمەوە، تا دەگاتە تۆمارکردن و پشکنینی مەرجەکانی
توندوتۆڵی.
٣.
بەدەستهێنانی مۆڵەتی ماتۆڕسواری تا ٣١-١٢-٢٠٢٥ شایانی هەڵوەستە لەسەر کردنە. چونکە
ماوەیەکی کەمە ڕێنمایی ژمارە (١١ و ١٢) دەرچووە، کە بایەخ بەو پرسەیان تیادایە.
ئایا هێشتا ئەوەندە مامۆستا و ڕاهێنەری ماتۆڕسواری پێگەیشتوون و ئامادەن، کە فریای
ماتۆڕسوارانی دلڤەری و ئاسایی بکەون؟ چونکە ئەگەر ئەوە دەستەبەر نەکرابێت، پلانەکە
خەیاڵی و ناواقیعی دەبێت و لە کۆتایی ساڵدا پێویستی بە پیاداچوونەوە دەبێت.
٤.
بەشی هەرە زۆری ماتۆڕەکان، کە تۆمارنەکراون و ژمارەیان پێوە نییە، لەوەوبەر لایەنی
پەیوەندیدار بە ڕێنمایی خاوەنەکانیانی ئاگادارکردووەتەوە، تا پارەی سەرپێچییان
لەسەر کەڵەکەبووبێ، بە تایبەتی کە هێشتا بە شێوەی ئوسوڵی تۆمارنەکرابن و ژمارەیان
پێوە نەبیت؟ ئەگەر ئەم بڕیارانە وەک یاسا لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە
دەرنەچووبێ تا (ئەسەری ڕەجعی) هەبێت، چۆن دەکرێت هێزی گەڕانەوە بۆ دواوەیان هەبێت؟
ئینجا بەپێی چ بنەمایەک دەبێت سزای سەرپێچییەکان بکەوێتە ئەستۆی کۆمپانیاکان؟ ئایا
پێش ئەم بڕیارانە ڕێنمایی دراوەتە کۆمپانیاکان تا کاری ماتۆسوارەکانیان ڕێک بخەن و
بەپێی ئەوە پێبژاردنەکە بکەوێتە ئەستۆی ئەوان؟ ئاشکرایە لە هەموو شوێنێک شۆفێر یان
ماتۆڕسوار بۆ خۆی کەسێکی پێگەیشتووە و بەرپرسیارێتی ڕەفتار و سەرپێچییەکانی لە
هاتوچۆدا دەکەوێتە ئەستۆی خۆی و دەبێت خۆی پارەکەی بدات، ئەی بۆچی لای ئێمە
کۆمپانیاکان پێویستە بەرپرسیارێتیی سەرپێچییەکانی کارمەندەکانیان بگرنەئەستۆ؟
٥-
پێویستە بە بڕیارێک مەرجەکانی توندوتۆڵیی ماتۆڕەکان و ژینگەپارێزی دیاری بکات، کە
پیسی دەنگیش دەگرێتەوە. هەروەها دەبێت بە ڕوونی جۆری کڵاو و جلوبەرگ لە ڕووی
کواڵیتیەوە دیاری بکرێت، چونکە نەبوونی کواڵیتی دەبێتە مایەی نەپاراستنی سەلامەتیی
هاتوچۆ.
PM:07:14:15/02/2025
ئهم بابهته 672
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی