کۆنفڕانسی میونشن لە کاتێکی هەستیاردا
كاروخ خۆشناو
کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن پلاتفۆڕمێکی جیهانی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ تاوتوێکردنی چەمکی (ئاسایش) لە هەموو ڕووەکانیەوە، وەک (ئاسایشی مرۆیی و ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی تەندروستی و ئاسایشی وزە و ئاسایشی ئەلکتڕۆنی و ئاسایشی سنوری وڵاتان و ئاسایشی تەکنەلۆژی.....هتد)
کۆنفرانسی ئەمساڵی ئاسایشی میونشن (MSC) لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، کە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قەیرانێکی قوڵی ئاسایشدا تێدەپەڕێت، هەروەها لە ئێستادا سیستەمی ئاسایشی جیهانی ڕوبەڕووی ئاڵانگاری زۆر بووەتەوە، بەهۆی شەڕی ئۆکڕانیا و ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەڕانەوەی تڕەمپ بۆ کۆشکی سپی و هەنگاو نانی جیهان بەرەو فرەجەمسەری و پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەوروپا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا، بەتایبەت لەسەر پرسەکانی ئاسایش لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و قەیرانە جیهانییەکان.
بەشداریکردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە 61 خولی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن (MSC) بۆ جاری شەسەم، سەلمێنەری ڕۆڵی هەرێمی کوردستانە وەک ئەکتەرێکی گرنگ لە بەدیهێنانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەرخەری گرنگیپێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی سەقامگیر و ئەکتەرێکی چالاک لە ڕووبوڕووبونەوەی تیرۆر و ژمارەیەکی خوێندراوە لە هاوکێشە سیاسی و ئەمنیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەشداریکردنی بەڕێز سەرۆکی هەرێم دەرفەتێکی زێڕینە بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی ئاسایش و دیبلۆماسی، لەم چوارچێوەیەشدا کۆمەڵێک دیدار ئەنجام دەدات لەگەڵ داڕێژەرانی بڕیار لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهان، ئەم دیدارانەش دەرخەری پێگەی ستراتیژی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانە لەسەر نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم پێگەیەش فاکتەرێکی سەرەکی گرنگی پێدانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە بە هەرێمی کوردستان.
فاکتەرێکی تری گرنگی پێدانی (ناوەندە نێودەوڵەتیەکان) بە کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵەی پێشمەرگە گێڕای لە شەڕکردن و تێکشاندنی داعش (لە جیاتی جیهانی ئازاد) کە لەم پێناوەدا هەزاران شەهید و برینداری بەخشی، خوێنی ئەم هەزارەها شەهیدەش ئەستێرەی کوردستانی بە شێوەیەک درەوشاندۆتەوە کە هەرکاتێک باس لە ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکرێت، ئەوا وێنەی پێشمەرگە وەک (جەنگاوەری ئازا) لە کۆنفرانسەکاندا دەدرەوشێتەوە.
لەم دەرفەتە زێڕینەدا سەرۆکی هەرێم ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەروک و کەسایەتی و کارەکتەرە بەژداربووەکانی کۆنفڕانسی ئاسایشی میونشن، لە ماوەی سێ ڕۆژەی مانەوەی سەرۆکی هەرێمدا چەندین دیداری گرنگ ئەنجام دەدات، ئەم دیدارانەش کاریگەری و ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چارەسەرکردنی قەیرانەکان و دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
PM:06:57:14/02/2025
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی