هیلالی شیعی و رێڕەوی داود لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا
هاوکار قادر
پێشەکی
لە رابردودا ململانێی سەربازیی فەڵەستین و ئیسرائیل لە چوارچێوەی جوگرافیای خۆیاندا قەتیس دەبو، بەڵام ئێستا پریشکی ئەو ئاگرە هەمیشەییەی نێوانیان تەشەنەی سەندوە و تینە گەرمەکەی هەموو ناوچەکەی گرتۆتەوە. گۆڕانکاری وا هاتۆتەئاراوە، کە لە دەرەوەی چاوەڕوانییەکان بوو، لە نمونەی رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد و کوژرانی بەشێك لە سەرکردە گرنگەکانی مقاوەمەی ئیسلامی و کەمبونەوەی هەژمونی ئێران لە لوبنان و نەمانی لە سوریادا.
هەموو گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023وە دەستیپێکردوە و لێکەوتەکانی تائێستا بەردەوامە، دیارنییە لەو ئاستەی ئێستادا دەوەستێت یاخود رۆژانی داهاتوو بابەتگەلی دیکە دێنەئاراوە و شکڵی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ هەمووان بە دیار دەکەوێت.
کۆتاییە خێراکان
دەتوانرێت بگوترێت هەر هەڵبژاردنێکی نوێی سەرۆکایەتی ئەمریکا روداوی وا دێنێتەئاراوە، کە زۆرجار بە خەیاڵی مرۆڤدا نەهاتوە یاخود پێشبینی ناکرێت لەو وادەیەدا روبدات، لە نمونەی روخان و هەڵاتنی بەشار ئەسەد لە سوریا، کە نزیکترین و تازەترین نمونەیە.
زۆر ناچمەوە بۆ رابردو لەپێناو باسکردنی تەوقیتی کۆتاییەکانی وەك ئوسامە بن لادنی سەرکردەی قاعیدە و زەرقاوی و ئەبوبەکر بەغدادی و کێ و کێ، بەڵکو روخانە خێراکەی رژێمی بەعسی سوریا و کەوتنە خێراکانی تر دەکەمە خاڵی هەڵوەستەکردن و لێکدانەوە، کە روخانی ئەسەد هەرە بەهێزترین بومەلەرزەکان بو لە پاش بومەلەرزەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023ی ئیسرائیل.
سەرکێشی یاخود هەڵە ستراتیژییەکەی بزوتنەوەی حەماس بە سەرکردایەتی مەیدانیی یەحیا سینوار لە 7ی ئۆکتۆبەردا، وەك دەوترێت زێڕینترین هەلی مێژوویی بۆ پێچەوانەبونەوەی هیلالی شیعی هێناوەتەئاراوە، هیلالێك، کە دەیان ملیار دۆلار و سەرچاوەیەکی گەورەی مرۆیی و سەربازی و سیاسی تێدا خەرج کرا.
هیلالی شیعی بە سەرکردایەتی ئێران، بە بەشداریی بەشێك لە شیعەکانی عیراق، بەعسییەکانی سوریا، حزبوڵڵای لوبنان، حوسییەکانی یەمەن و سەرەلەقێی حەماس، تەواوی ناوچەکەی تەنیبو. نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی لە پێشەوەیاندا سەردار قاسم سولەیمانی، تەونی جاڵجاڵۆك ئاسای هیلالەکەیان چنیبو، بەڕادەیەك پلانەکە بەرەوپێشچوبو، کە مەترسی راستەقینەی لەسەر وجودی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دروستکردبو.
ئێرانییەکان نەك تەنها لە جوگرافیای هیلالەکەدا، بەڵکو وەك دەوترێت لە هەندێك وڵاتی دەرەوەی جوگرافیای هیلالەکەش بەهێز بوە، بەڵام بە سەرکێشییەکەی حەماس، سەرەتای کۆتاییهاتنی هیلالەکە دەرکەوتوە، ئەگەرچی ئێرانییەکان و بەرەی موقاوەمە رەتیدەکەنەوە و پێیانوایە پاشەکشێی کاتییە و شکستناهێنن، چونکە کارەکەیان رەوایە و بەرگرییە لە ناسنامەیان.
هەرچەندە بەرپرسانی باڵای ئێران بە هەموو شێوەیەك رەتیدەکەنەوە پێکهێنەرانی بەرەی موقاوەمە (بەشدارانی هیلال) لاواز بوبێتن، بەڵام واقیع شتێکی ترمان پێدەڵێت و هیلالەکە خەریکە پێچەوانە دەبێتەوە.
هەڵگەڕانەوەی وێنەی هیلالەکە بە کاردانەوەی هەرە توندی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 دەستیپێکرد، کاتێك لە زەمین و ئاسمان و دەریاوە خۆی کرد بە غەززەدا، لەناو دڵی تارانی پایتەختی ئێران دەستی گەیشتە ئیسماعیل هەنیەی سەرکردەی حەماس، هێزی بردە باشوری لوبنانەوە، حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای دۆزییەوە و کوشتی، هاشم سەفیەدینی جێگرەوەی نەسروڵڵای لە کەمترین ماوەدا کوشت، هەروەها لە دوای پێنج دەیە لە حوکمڕانی بنەماڵەی ئەسەد، لە سوریا کۆتایی بە رژێمی بەعس هات، چەندین جاریش ئیسرائیل دەستی لە حوسییەکانی یەمەن وەشاندوە و بە هێزی ئاسمانی، ژێرخان و سەرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو ئەندامەی هیلالی شیعی هەڵتەکاندوە، رەنگە دیمەنی دیکەش مابێت، بەڵام نامەوێت پێش بکەوم.
هیلالی شیعی چییە؟
هیلالی شیعی دەستەواژەیەکی سیاسییە، مەبەست لێی ئەو رێڕەوە جوگرافییەیە، کە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و شیعەکان بەشێوەیەکی چڕ تێیدا دەژین، کە لە ئێرانەوە دەستپێدەکات و بە ئاراستەی باکور دەچێتە عیراق و سوریا و لوبنان، بە ئاراستەی باشوریش دەچێتە بەحرەین و سعودیە و یەمەن.
ئەم دەستەواژەیە لە سەرەتاکانی مانگی دیسەمبەری ساڵی 2004، لەلایەن شا عەبدوڵڵای دووەم پادشای ئوردن لە میانی سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا بەکارهات کاتێك قسەی بۆ رۆژنامەی واشنتۆن پۆست کرد و ترسی ئەوەی نیشان دا، حکومەتێك لە عیراقدا بێتە سەر حوکم، کە هاوکار و یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی ئێران و رژێمی بەعسی سوریا بێت بۆ دروستکردن و بنیاتنانی هیلالێك لە ژێر نفوز و دەسەڵاتی شیعەدا، کە تا لوبنان درێژببێتەوە.
هەر ئەوکات نەیشاردبووەوە، کە دەرکەوتن و بەهێزبونی هیلالی شیعی، دەبێتەمایەی مەترسی لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە و کێشە سەرهەڵدەدات.
ئەوکاتەی شا عەبدوڵڵا ناوی هیلالی شیعی بەکارهێنا و لە میدیادا تەقییەوە، یەمەن لە رۆژگاری ئەمڕۆیدا نەبوو، دوای چەند ساڵێك حوسییەکان بونە دەسەڵاتداری سەنعای پایتەختی یەمەن و بە جوانی هیلالەکەی گەورە و فراوانتر کرد، ئەگەرچی سنوری وشکانی لەنێوان ئێران و یەمەندا نییە و دەریا باشترین خاڵی بەیەکگەیشتنیانە.
ئەگەر دیزاینەری ئەم هیلالە قاسم سولەیمانی نەبێت، ئەوا باشترین و بەهێزترین و لێهاتوترین کەسایەتی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسیی ئێران بوە بۆ جێبەجێکردنی.
قاسم سولەیمانی لە ماوەی کارکردنی لە پرۆژەکەدا، بەردەوام لەنێوان هەر چوار پایتەخت "تاران-بەغدا-دیمەشق-بەیروت" لە جوڵەدا بوو. لە جێبەجێکردنی پلانی هیلال، بەهێزکردنی، چەسپاندنی، پاراستنی، پشتگرتنی هاوپەیمانەکانیان، لەناوبردنی مەترسییەکان، ئامادەیی مەیدانی هەبوو، تەنانەت لە دامرکاندنەوە و قەتیسکردنی شۆڕشی سوریا لە جوگرافیایەکی بەرتەسکدا، نەهێشتنی خۆپیشاندانەکانی تشرینی پارێزگا شیعەنشینەکانی عیراق، کپکردنی ناڕەزایەتییەکانی لوبنان، رۆڵی هەرە کاریگەری بینیوە، جا بە ئامادەبونی فیزیکی بوبێت یاخود بە ئیعاز و ئیلهام وەرگرتن بێت لە تێڕوانین و رێنماییەکانی.
دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی لە 3ی کانونی دووەمی 2020 لەلایەن ئەمریکاوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، گورزی هەرە گەورە بەر پەیکەری تەواونەبوی هیلالەکە کەوت، چونکە باشترین سەربازی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی لە چالاکی کەوت، ئێستاشی لەگەڵدابێت و تا ماوەیەکی زۆریش دۆزینەوەی شوێنگرەوەی زۆر زەحمەت دەبێت.
وێنە گەورەکەی لاوازبونی هیلال یاخود بڵێین پێچەوانەبونەوەی هیلالەکە بە تەنها لە نەمانی سولەیمانیدا قەتیس نابێت، بەڵکو گۆڕانی عەقڵی تیمی حوکمڕانییە لە ئیسرائیلدا، کە پلانیان فراوانکردنی سنوری جوگرافییە و بیر لە جێبەجێکردنی رێڕەوی داود دەکەنەوە تا بگەنە فورات.
بە لێکدانی بابەتە مەوزوعییەکانی وەك کوژرانی سولەیمانی، خۆپیشاندانی خودی شیعەکان لە هەرسێ وڵاتەکە، 7ی ئۆکتۆبەری 2023، گەڕانەوەی ترامپ بۆ کۆشکی سپی، باشترین هەل بوون بۆ ئیسرائیلییەکان بۆ جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژی پێچەوانەکردنەوەی هیلالەکە، راستر بڵێین؛ هەلی زێڕین بەدەستهات.
ئەمجارە هیلالەکە نەك کەلێنی تێکەوتوە، بگرە ستراتیژ و فیکرەکە لەوەدایە چۆن هیلالەکە پێچەوانە بکرێتەوە.
غەززە پلانی یەکەمە، ئەگەرچی شانازییەك هەیە بۆ بەرگەگرتنی حەماس و خۆڕاگری خەڵکی ئەو ناوچەیەی فەڵەستین و دواجار گەیشتنە رێککەوتنی ئاگربەست لەدوای چەندین خولی دانوستاندن، بەڵام ئامانجی ستراتیژیی سیاسی و نفوز شتێکی تر دەڵێن.
پلانی دووەم باشوری لوبنانە، لەوێ هیچ کەسێك لەبەردەم ئاگری ئیسرائیلدا پارێزراو نییە (بە بەیروتی پایتەختیشەوە)، ژمارەیەکی زۆری سەرکردەکانی حزبوڵڵا کراونەتە ئامانج و کوژراون بە خودی ئەمینداری گشتیی حزبەکەشەوە.
لە سوریا حوکمی 50 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد کۆتاییپێهێنرا. لە یەمەن ئەنساڕوڵڵای حوسی بەردەوام ئاگرباران دەکرێن و ژێرخانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیان گەورەترین زیانی بەرکەوتوە و توانای سەربازییشیان لاوازکراوە.
عیراقیش لەبەردەم رەحمەتی شەفاعەتی ئەمریکییەکاندایە، بەڵام رەنگە ئەو رەحمەتە تا ماوەیەك بێت و لە ماوەی دووەمی حوکمڕانیی ترەمپ-دا کۆتاییپێبێت. لێرەدا مەبەست ئایندەی حەشدی شەعبی و گروپەکانی مقاوەمەی ئیسلامییە، کە ئایا لە کار و چالاکییەکانی رابردویان دژبە ئیسرائیل و ئەمریکا بەردەوام دەبن؟ یاخود حکومەتی عیراق بە پاڵپشتیی مەرجەعییەت (فتوایەکی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی) ئەم بابەتە بەشێوەیەکی دروست و یاسایی چارەسەردەکات و مەترسی و هەڕەشەی راستەقینە لە سەر عیراق دوردەخاتەوە؟.
ئیسرائیلییەکان خەونی گەورەی مێژوویی و ئایینییان هەیە، کورد وتەنی؛ لای زۆرێك خەیاڵ پڵاوییە، بەڵام لای خۆیان مایەی جێبەجێکردنە (بەتایبەت لە رەوشی شڵۆقاوی ئێستادا). خەونی جوگرافیایەکی فراوانتر لەوەی ئێستا (لە نیلەوە تا فورات)، وەك ئەوەی ترامپ وتویەتی؛ روبەری ئیسرائیل لەسەر نەخشە بچوک دەردەکەوێت و هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە چۆن دەکرێت فراوان بکرێت.
هیلالی ئێرانی نەك شیعی
بەلێکدانەوەی روداو و پێشهاتە خێراکان، هیلالی شیعی، کە ساڵی 2020 جارێکی تر شا عەبدوڵڵا باسی کردەوە و ئەمجارە بە هیلالی ئێرانی نەك شیعی ناوی هێنا، لە دوا ساتەکانی تەمەنیدایە. دیارنییە رابەر و بەرپرسانی باڵای ئێران ئاستی ململانێکە بەهێزتر و فراوانتر دەکەن؟ یاخود ئەوەی ماوە دەیپارێزن و زیانەکان لەوەی ئێستادا رادەگرن و وەك دەوترێت؛ زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە.
لە گۆڕانکارییە خێراکانیش، دوای دوو ساڵ پرسی سەرۆکی لوبنان یەکلاکرایەوە، کاندیدی دڵخوازی حزبوڵڵا کشایەوە، کە بە درێژایی ئەو دوو ساڵە نەیدەهێشت سەرۆکی نوێ بۆ وڵاتەکە هەڵبژێردرێت، بەڵام دواجار جۆزێف عۆن پیاوی سەربازی و وەك ئەوەی باسی دەکرێت دژە هیلال، بوە سەرۆکی ئەو وڵاتە ماندوە.
هەموو ئەوەی لە 20 ساڵی رابردودا لەم ناوچە بێ ئارامەدا رویدا و بوار بە ئێران درا پەلی زۆر بهاوێت، بەم کۆتاییە خێرایانە خەریکە دەبنە خۆڵەمێش.
زیانەکان بۆ ئێران زۆرن، دەکرێت هەندێکیان بخەینەڕو؛
1-بەفیڕۆچونی پارەیەکی زۆر و بودجەیەکی زەبەلاح، لەکاتێکدا وڵاتەکە لە ژێر ئابڵوقەیەکی تونددایە و باری ئابوری خراپە.
2-تێچوی هیلالەکە و زیانە ئابورییەکانی بۆ وڵاتەکە و هاووڵاتیانی زۆر گەورەیە، خەڵك ناڕەزاییە و نایشارنەوە.
3-پەرش و بڵاوی و زەحمەتی ئیدارەدانی ئەو بەرە فراوانەی هیلالەکە دەیگرێتەوە.
4-لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر سەرکردەی سەربازی و راوێژکار و راهێنەر لە نمونەی قاسم سولەیمانی.
5-پشتگرتنی بەشار ئەسەد و پێشکەشکردنی هەموو پاڵپشتییەك، بەڵام ئەو دواجار بەرگەی گوشارەکانی نەگرت و هەموو شتێکی بۆ ئێرانییەکان سفر کردەوە.
6-هەندێك لێدوان و قسەی دزەپێکراوی لێپرسراوانی سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانی ئێران دژبە روسیا لەسەر روداوەکانی سوریا، پێدەچێت کێشەی راستەقینە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هاتبێتەئاراوە، کە ئەگەر شتێکی وا روبدات، دەکرێت بە گەورەترین زیان بۆ ئێران هەژمار بکرێت.
7-دواجاریش لەدەستدانی دوو پایتەخت و دوو بەرەی ململانێ.
رێڕەوی داود و خەونی ئیسرائیلی گەورە
هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی "رێڕەوی داود" سەرەتای پێچەوانەکردنەوەی هیلالەکەیە، ئەو هەنگاوانە خێران و لە هەمانکاتدا خاون، بەڵام ئەگەر بڕیاری جێبەجێکردنی 1005 درابێت، ئەوا مەسەلەکە تەنها کاتە و هیچی تر.
کاتێك هیلالی شیعی نایەتەدی و لەوپەڕی گەش و نماوە بەرەو پوکانەوە و پاشەکشێ هەنگاودەنێت، هێرشێکی پێچەوانە دەستپێدەکات و ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت بە پشتیوانی ئەمریکا خەونی "رێڕەوی داود" بکەنە دیفاکتۆ.
هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لەلایەن حەماسەوە بۆسەر ئیسرائیل و کوشتن و بە دیلگرتنی سەدان ئیسرائیلی و ژمارەیەك بیانی، وەرچەرخانێکی گەورەی لە مێژوودا هێناوەتەئاراوە، کە دەنگدانەوەکەی لە سنوری ئیسرائیل و فەڵەستیندا نەوەستایەوە، پەرچەکرداریش ئەوەندە گەورە بوو، کە سنورێکی بەرفراوانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە.
پاش وێرانکردنی غەززە، ئاگربەستێك لەنێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماس پەسند کرا. ئیسرائیل دەستی گەورەی لە حزبوڵڵای لوبنان وەشاند و لە چەند رۆژێکی کەمدا دوو ئەمینداری گشتیی ئەو حزبە بەهێز و هاوپەیمانە تەقلیدییەی ئێرانی کوشت. بەشار ئەسەد و حوکمی رژێمی بەعس لە سوریا روخان. ئێران بە چڕی موشەکباران کرا. عیراق بە شەفاعەتی ئەمریکا گورزی نەخوارد، حوسییەکانی یەمەنیش زیانی گەورەیان بەرکەوت.
هەموو ئەو روداوانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێداون، لە چوارچێوەی پەرچەکرداری ئیسرائیلدا بون و رەنگە لەو ئاستەشدا نەمێنێتەوە و 2025 شتی تازەی پێبێت.
ئیسرائیل لەناو سنوری جوگرافی ئێستایدا قبوڵکراو نییە و هەمیشە لە حاڵەتی بەرگریدایە لەگەڵ دەوروبەری، بەڵام دەرفەتە زێڕینەکەی ئێستا، دۆخەکە تەواو پێچەوانە دەکاتەوە و ستراتیژی فراوانبون و پەل هاویشتن پەیڕەو دەکرێت، بۆیە پرسی "رێڕەوی داود" وروژێندراوە و لەو روانگەیەوە ئیسرائیلییەکان دەیانەوێت ببنە خاوەنی زەوییەك، کە لە نیلەوە تا فورات دەگرێتەوە و "ئیسرائیلی گەورە" دێتەئاراوە، کە بە تەواوی شکڵ و شێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت.
رێڕەوی داود خەونێکی لەمێژینە
ئەم رێڕەوە لە سیناریۆیەکی گریمانەییەوە بۆتە دیفاکتۆیەك، کە حکومەتی ئێستای ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدات بەتایبەت، کە باری ناوچەکە بۆ حکومەتەکان لار بوە و کەس لە خۆی دڵنیانییە.
"رێڕەوی داود" پێشبینی تەوراتییە و لەژێر تایتڵی (خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ)دا جێبەجێ دەکرێت. لەو رێڕەوەدا نە بوار بە بونی (میلیشیا) دەدرێت، نە هێزێك، کە نیمچە دەوڵەتێك بێت و دژە ئیسرائیل بێت.
لەسەر زەوی و لەناو نەخشەدا، "رێڕەوی داود" لە کەناراوەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەستپێدەکات و بەناو جۆلان و دەرعا و سویدا و رەققە و دێرزۆر و تەنەف-ی سوریادا تێدەپەڕێت تا دەگاتە روباری فورات و سنوری عیراق تەوق دەدات.
هەموو رێڕەوەکەی داود لەژێر چاو و چاودێریی ئەمریکادا دەبێت، شتێکی لەخۆوە نییە، کە زۆربەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەکەونە سەر ئەو رێڕەوە.
ئیسرائیلییەکان باوەڕیان وایە، کە مەملەکەتی کۆنی جووەکان زۆر بەرفراوان بوە، باشوری سوریا سەربە شانشینەکەیان بوە، کە ناوچەیەکی کشتوکاڵیی پڕ خێر و بەرەکەتە و خاوەنی ئاوی سازگارە، کە لە باشوری دیمەشقەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە حەوزی روباری یەرموك و دۆڵی حۆران، لە خۆرئاواوە جەبەل ئەلشێخ بوە و لە خۆرهەڵاتیشەوە جەبەل ئەلدروز بوە.
ئەو ئیسرائیلە گەورەیەی بەشێکی ئەدەبیاتی ئیسرائیل پێکدەهێنێت، تەنها بەشێکی ناوچەکانی سوریا و سنوری عیراق ناگرێتەوە، بەڵکو بەشێك لە خاکی ئوردن و میسر و سعودیەش دەگرێتەوە.
خانمە نوسەری ئیسرائیلی "سیمدار بری" لە بەرنامەیەکی کەناڵی 10ی ئیسرائیلدا باسی لەوەکردوە، ئەگەر خەونە مێژووییەکە بەدی بێت ئەوا بەشێوەیەکی نهێنی ئیسرائیل لەگەڵ ئوردن و میسر رێکدەکەوێت و دەستبەرداری بەشێکی خاکەکانیان دەبن.
پلانی گۆڕینی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنها لە ژورە تاریکەکانەوە تاووتوێ ناکرێت، ئەوەتا بنیامین ناتانیاهو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل کۆتاییەکانی ساڵی 2024 لە مینبەری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە ئاشکرا دوو نەخشەی بەرزکردەوە، کە بەوتەی خۆی میحوەری شەڕ و میحوەری چاکەیە و مەبەستی "رێڕەوی داود" بوو لەوەی چاك و باشە. هەروەها جەختیکردەوە، کە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو کاردەکەن بۆ هەڵوەشاندنی میحوەری شەڕ. وتیشی؛ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین.
لای ئەوان میحوەری شەڕ (لوبنان، سوریا، عیراق و ئێران) دەگرێتەوە. کاتێکیش دەڵێن، ئەو میحوەرە هەڵدەوەشێنن، بە پراکتیك دەستیانپێکردوە، ئەوەتا لە لوبنان سەرۆك و سەرۆك وەزیران لە دەرەوەی حزبوڵڵای هاوپەیمانی ئێرانن. لە سوریا دوای 50 ساڵ کۆتایی بە حوکمڕانیی ئەسەدەکانی هاوپەیمانی ئێران هێنرا. هەڕەشەی راستەقینە لەسەر هاوپەیمانەکانی ئێران هەیە. خودی ئێرانیش لە پەلهاویشتن خراوە و دەبێت ئاگاداری ناوخۆ بێت لە دەستی دەرنەچێت.
جگە لەو بیرکردنەوەیە دژی -بەگوتەی خۆیان- میحوەری شەڕ، ئیسرائیل لە خەیاڵی ئەوەدایە ببێتە چەقی دەوڵەتانی ناوچەکە، واتە ببێتە سەنتەر و رۆڵی گەورەتر بگێڕێت.
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە، بۆ سازکردن و ئامادەکردنی "رێڕەوی داود"، ئایا هەر دەبێت حەماس و حزبوڵڵا و حەشدی شەعبی و حوسییەکان کۆتاییان پێبهێنرێت و دواتر ئاشتی بەرقەرار بکرێت؟ ئەم بیرکردنەوەیە ئەوەندەی لە مەحاڵەوە نزیکە، ئەوەندە لە واقیعەوە نزیك نییە.
ئەوەتا دوای 15 مانگ لە جەنگێکی وێرانکەر و خوێناوی لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە، دانوستاندن هاتەئاراوە و دیلەکان و دەستگیرکراوەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. لەوەش زیاتر، چەکدارانی حەماس بەوپەڕی ورە بەرزی و رێکخراویی لەناو غەززەدا دەرکەوتن. دیلەکان لەو ناوچانەدان، کە ئیسرائیل 15 مانگە هەزاران سەربازی تێدا بڵاوکردۆتەوە و بەدوای دیلەکاندا دەگەڕێت.
هەروەها حەماس مەرجی هەیە و هەڕەشە دەکات، لە کاتی پێشێلکردنی ئاگربەست، دیلەکان دەکەونە مەترسییەوە. جا بیهێنە بەرچاوت، بابەتەکە لە غەززەی بندەستی خۆیاندا وا زەحمەت و قورس بێت، داخۆ بۆ حزبوڵڵای دور و حەشدی شەعبی دورتر و حوسی دورەدەست چۆن بێت؟.
لەگەڵ ئەوەشدا مادام خۆرهەڵاتی ناوەڕاست "ناوەندی سەرەکیی سەرچاوەی وزە" بێ ساحێبە و هەر هێزێك بیەوێت دەستی بەسەردا دەگرێت یاخود وێرانی دەکات، بۆیە دەشێت پلانەکەی ئیسرائیلیش بۆ "رێڕەوی داود" سەربگرێت و جێبەجێ بکرێت، بە تایبەت کە ئەمریکا بونی سەربازیی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە و روسیا و ئێرانیش ئامادەیی ستراتیژی و گەورەیان نەماوە.
هەرچی ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتانی عەرەبییەوە هەیە، رەنگە یەك خاڵ هەبێت وایان لێبکات کاردانەوەیان بەرامبەر بە جێبەجێکردنی "رێڕەوی داود" نەبێت، ئەویش کەمبونەوەی هەژمونی ئێران و لاوازبونی هاوپەیمانەکانیەتی لە تەواوی ناوچەکەدا.
لەدوای روخانی ئەسەد، ئیسرائیل لە ناو سوریادا چی کردوە؟
1-ناوچەی لە چەکداماڵراوی نێوان هەردوو وڵاتی کۆنترۆڵ کرد و لە رێککەوتننامەی راگرتنی شەڕی نێوان هەردوولا کشایەوە، کە لە ساڵی 1974ەوە لەنێوانیاندا ئیمزاکرابو.
2-لوتکەی چیای (ئەلشەیخ)ی ستراتیژی کۆنترۆڵ کرد، کە بەرزترین لوتکەیە لە سوریادا و بەسەر لوبنان و فەڵەستین و ئوردن و خودی سوریادا دەڕوانێت.
3-روبەری 600کم2ی لە سوریا داگیرکردوە، کە دەکاتە 1%ی خاکی ئەو وڵاتەیە.
4-لەو روبەرەدا، 12 بنکەی سەربازی چەسپاندوە.
5-بنیامین ناتانیاهۆ دەڵێت؛ ئەوەی کردویانە، رێوشوێنێکی کاتییە و بۆ بەرگری و بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەکە، ئەگەر لەلایەن سوریاوە بۆسەر ئیسرائیل بێتەئاراوە، بە کورتییەکەی لەوێ دەمێننەوە تا گرەنتی ئەمنییەتی سەر سنور بەدەستدەهێنن.
6-لە سەرەتای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە، لە ماوەیەکی کورتدا 480 هێرشی ئاسمانی بۆسەر ژێرخانی سەربازیی سوریا ئەنجامدا و هێزی ئاسمانی بە تەواوی وێرانکرد هەر لە فڕۆکەی جەنگییەوە تا هێلیکۆپتەری هێرشبردن و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و رادار و سەکۆی دژە ئاسمانی و جبەخانەی موشەکی بەرگریی ئاسمانی بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها لەو هێرشانەدا کەشتیگەلی سەربازیی لەناوبرد، سەرەڕای بنکە سەربازییەکان و سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی و پیشەسازیی سەربازی.
دوو دەوڵەتی نوێ "کوردی و دروزی"
لەنێو ئەو کێشمەکێشە سیاسی و ئەمنی و رەوشەی دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هاتۆتەئاراوە، لێکدانەوەی بەشێك لە یار و نەیار وایە، کە دەوڵەتی کوردی لە باکور و خۆرهەڵاتی سوریا لەدایك دەبێت، دەوڵەتی دروزیش لە باشوری سوریا لە دایك دەبێت، کە هەردووکیان لە رێڕەوی تەنەف بە یەك دەگەن و دەکەوێتە سێگۆشەی سنوریی نێوان سوریا و ئوردن و عیراق و بنکەی سەرەکی هێزەکانی ئەمریکای لێیە.
تەنانەت بەشێك لە نوسەران و رۆشنبیران و سیاسییەکانی عەرەب پێیانوایە بونی ئەمریکییەکان لە سوریا هیچ پەیوەندییەکی بە روبەڕوبونەوەی داعشەوە نییە، تەنانەت وای دەبینن داعش درۆیەکی گەورەیە و لە ژێر ئەو بابەتەدا "رێڕەوی داود" جێبەجێ دەکرێت و باشترین پارێزەریش بۆ رێڕەوەکە، بونی ئەو دوو دەوڵەتەیە، کە گرەوی هاوپەیمانێتییان لەسەر دەکرێت و بریتین لە کورد و دروز.
ئەگەر لەدایکبونی دەوڵەتی کوردی ببێتە واقیع، ئەوا کورد بۆ یەکەمجار دەگاتە سەر دەریا و وەرچەرخانێکی گرنگی جیۆسیاسی رودەدات، بەڵام مەحاڵە تورکیا بەو بابەتە رازی ببێت، چونکە زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، هەم لە رووی جیۆسیاسی، هەم لە رووی پێگەی میحوەری و هەم لە رووی ئابورییەوە.
بە تەماشاکردنی وێنە گەورەکە و هەڵسەنگاندنی هێزەکان، ئاسان نییە ئەو هەموو خاوەن بەرژەوەندییە پێکەوە لە ناوچەکەدا هەڵبکەن. بەڵام ئایندە بۆ بەهێزترینە و براوەکان لە داڕشتنەوەی ناوچەکەدا، قسەی یەکلاکەرەوە و کۆتاییان دەبێت.
ئەگەرچی هەنگاوە سەرەتاییەکانی "رێڕەوی داود" دەبینرێن، بەڵام ئەگەر بوە واقیع، دەکرێت سودەکانی بۆ ئیسرائیل لەم خاڵانەدا کۆبکرێنەوە؛
1-دەرچەیەکی وشکانییە بۆ ئیسرائیل و لە ئابڵوقەدانی رزگاری دەبێت.
2-سنوری جوگرافی بەرفراوان دەبێت و خەونی (ئیسرائیلی گەورە) بەدیدێت.
3-رێگایەکی بازرگانیی گرنگ دەبێت لەنێوان ئاسیا و کەنداو و ئەوروپا.
4-ناوەندی گوێزەرەوەی وزە دەبێت و پرۆژەی گەورەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
5-دەسەڵاتی سەربازیی ئیسرائیل فراوان دەبێت.
6-رۆڵی هەرێمایەتی ئیسرائیل بەهێز دەبێت.
ئەگەر "رێڕەوی داود" وەك ئەوەی ئیسرائیل دەیەوێت، جێبەجێ بکرێت، ئەوا روخساری ئەم ناوچەیە بە تەواوی دەگۆڕێت، باشوری کوردستانیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییەکانەوە، ئەوەتا کەسێکی وەك د.مەئیر میسری ئەندامی لیژنەی مەرکەزیی پارتی کرێکارانی ئیسرائیل و مامۆستای زانستی سیاسی لە زانکۆی عیبری لە ئۆرشەلیم قودس لە هەژماری خۆی لە تۆڕی "X" نوسیبوی؛ کەرکوك بەشێکە لە ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل.
PM:08:44:12/02/2025
ئهم بابهته 1812
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی