جەنگی بەرگریی غەزە و ئاوڕێک لە کارەساتەکانی کوردستان

‌مەلا بەختیار


    سێ ڕۆژە بۆماوەی دوو مانگ، جەنگی وێرانکردنی غەزە، لەلایەن ئیسرائیلەوە وەستاوە، سەرەنجام، حەماس سێ ژنی ئیسرائیلی و ئیسرائیلیش ٩٠ دیلی فەڵەستینی ئازاد کران. لایەنی کەم لەم سێ ڕۆژە، ٥٠ قوربانی کەمتردراوە، ئاسودەییەک لەناو فەلەستینیەکان ھاتۆتەدی. ھەست کردن بە سەرکەوتینش بۆ فەلەستینیەکان لەم دۆخەدا ڕەوایە. لامان گرنگە بۆچونێکی ھەمەلایەنەی خۆمان لەم بارەیەوە دەربڕین.

     پێش ھەمووشتێک، فەلەستین بێ ئەملاو لا مافی چارەی خۆنوسینی، تا دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ ھەیە. ئیسرائیلیش مافی پێشێل کردنی ئەو مافەی فەلەستینییەکانی نییە. بەڵام بەداخەوە، مێژوو ھەرگیز بەڕاستەڕێی مافی یاسایی  چارەی خۆنوسین، تێنەپەڕیوە. ئەم مافە، لەدێر زەمانەوە تائێستا، ھەمیشە قوربانییەکی بێشوماری لەپێناودا دراوە.

   لە ١١٨ ساڵی ڕابردوودا، جارێکیان پێش جەنگی یەکەمی جیھان و جارێکی تریش دوای جەنگی یەکەم، بەبێ خوێن ڕشتن،  مافی چارەنوس سەلمێنراوە. پێش جەنگی یەکەم (١٩٠٧) مەلیکی سوید مافی چارەنوسی نەرویجی سەلماند و بێ خوێنڕشتن دەوڵەتی سەربەخۆییان دامەزراند. بێگومان ئەویش لەژێر کاریگەری پەرەسەندنی سەرمایەداری و سەرھەڵدانی بزوتنەوەی دیموکراسی بوو. جاری دووەمیش، دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر(١٩١٧)، لینین و بۆلشەویکەکان مافی چارەنوسی فیلەندایان سەلماند و دەوڵەتی سەربەخۆیان ڕاگەیاند. ئەمەش لەژێر کاریگەری فەلسەفەی مارکسیزم و سۆشیالیزمدا ڕویدا.ھەرچەندە مافی چارەنوس بەشێکە لە ئەرکە دیموکراسییەکان.

    دوای ئەو دوو ڕوداوە گرنگەی مێژوو، لەتەواوی ووڵاتانی ئاسیادا( بەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیشەوە) مافی چارەنوسی ھیچ نەتەوەیەک، بێ خوێن ڕشتن و کاولکاری نەسەلمێنراوە. تەنانەت لە ئەمریکای لاتین و ئەفریقیاش. فەڵەستین و ئەرمەنەکان و نەتەوەی کورد، نمونەی ھەرەدیاری بێبەش کردنی نەتەوەکانن لەمافی چارەنوس، زیاتر لە ١٠٠ ساڵی ڕابردوو. تائێستاش ئەم سێ نەتەوەیە گیرۆدەی پاشماوەی سیاسەتی کۆڵۆنیاڵیستین و میراتگرە سیاسیەکانیانن لە نەتەوە سەردەستەکان ( عەرەب، فارس، تورک، جولەکە). کەپێمان وایە جگەلە پێشێل کردنی مافە دیموکراسییەکانی ئەم نەتەوانە، لەسەر دەستی دەسەڵاتدارانی نەتەوە باڵا دەستەکان، خودی ئەم نەتەوانەش، ھێشتا پێکھاتە نەتەوەییەکانیان تەواو نەخەمڵیوە. تائێستاش وایە. ھەر بۆیە بەدرێژایی مێژوو ھەلی زۆریان لەدەست چوو،  بۆ بەدیھێنانی مافەکانیان.

   فەڵەستین و غەزە، لە چلەکانەوە تا ئێستا، تەواوی ووڵاتانی عەرەبی و جاران کەمپی سۆشیالیستی و زۆرێک لە ووڵاتانی دیکەی دونیا، ویستویانە بیانگەیەننە مافی چارەنوسیان. بەڵام شکستیان خواردووە. بێگومان ئەم خەباتە دورو درێژە خوێناوییە شکست خواردوە، بەھیچ عەقیدەو ئایدۆلۆجیەتێک پاساو نادرێتەوە. ھەڵمەتی ٧ی ئۆکتۆبەری 2023، ئەگەر لەڕوی ھاوکێشە سیاسیەکان و تەرازوی جەنگەوە، ھەڵەی عەسکەری تیاکرابێت. بەڵام لەمەیدانی ڕوبەڕوبونەوەدا، ئەم ھەڵمەتە لەچاو  جەنگەکانی تری تەواوی ووڵاتانی عەرەب و فەڵەستین و ئیسرائیل، کاریگەرتر بوو، گەرچی تەواوی ئامانجەکانیشی بەدی نەھێنا، بەڵکو حەماس و حیزب للە جەزرەبەی کوشندەشیان خوارد، بەڵام ٧ی ئۆکتۆبەر بە پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەندێک لەھاوکێشەکانی فەلەستین و ئیسرائیلی لەقازانجی فەلەستین گۆڕی. بەمەرجێک لەمەودوا ھێزە فەلەستینیەکان بتوانن ستراتیجێکی نوێی سیاسی و دپلۆماسی گەڵاڵە بکەن.

    دوورنییە جەنگی غەزە بە پشتیوانی حیزب للەی لوبنانی، حوسیەکان، ئێرانییەکان و حەشدی شەعبی عێراقیش، دوا جەنگی گەورەی خوێناوی بێت لەنێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دا. زۆر بەدژواری دەزانین حەماس و حیزب للە، بتوانن جارێکی تر بە پشتیوانی ئێران، یا ھەر دەوڵەتێکی تر، توانای مقاومەت بگێڕنەوە بۆ مقاومەت.

   ووڵاتانی عەرەبی لەدوای جەنگی تشرینی ١٩٧٣ وازیان لە دوژمنایەتی ئیسرائیل ھێناوە. میسر و ئوردن کە دوو ووڵاتی ھەرە گرنگی ڕوبەڕوی ئیسرائیلن، لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتەواییان ھەیە، ھەندێک لەووڵاتانی تری عەرەبیش ھەمان ڕێچکەیان گرتوە(بەحرەین، ئیمارات، قەتەر، عومان). تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێستای سوریای دەسەڵاتی سونیگەراش، هەفتەی ڕابردوو ووتی: ئاسایشی ئیسرائیل ئاسایشی سوریاشە. لەم پێودانگەوە پێمان وایە، سوریا و لوبنانیش، ئینجا سعودییەش، زو یان درەنگ بەڕێوەن بۆ ئاشتەوایی لەگەل ئیسرائل. عێراقیش ھەموو ھەوڵێک دەدا تێوە نەگلێتە جەنگ. ڕوخانی بەشار ئێرانی ساکاندووە. بۆیە بەدوری دەزانین، ئێرانیش ڕاستەوخۆ ، یان ناڕاستەو خۆ،  وەکو چارەکە سەدەی ڕابوردوو، خۆی بگلێنێتەوە شەڕو کێشەکانەوە. بەتایبەتی ھیچ ووڵاتێکی عەرەبی سونیگەرا، بە ڕێکخراوی ڕزگاری خوازی فەڵەستینیشەوە، دورو نزیک پێیان خۆش نییە ئێران ببێتە خاوەن کێشەی فەڵەستین  لەبەرامبەر تەکنەلۆجیای جەنگینی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەرکەوت ھیچ دەوڵەتێکی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، دەرەقەتیان نایەت.

کەوابێ ستراتیجی جەنگ بەرەو ئاوابون دەچێت و ئاسۆی ئاشتەوایی خەریکە ساماڵ دەبێت. بەتایبەتی سەرۆکی نوێی ئەمریکا ترامپ، سیاسەتێکی بێ تەمومژ پشتیوانی ئیسرائیلی ھەیە. نەیاری ڕاستەوخۆی ئێرانییشە. تیمەکەشی لە پۆستەباڵاکان  ھەمان سیاسەتی ترەمپیان ھەیە، بۆیە ھەرکێشەیەکی عەسکەری ڕوبداتەوەو دەسپێشخەریەکەی حەماس یان حیزب للەی لوبنانی بێت. خوانەخواستە وەکو خۆی وتویەتی: دۆزەخی جەنگ دروست دەکات. حەق وایە باوەڕ بەم ھەڕەشەیەش بکەین. بەتایبەتی تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەچوار ساڵی ئایندەدا، لەترەمپ و کۆماریەکاندا چڕ دەبێتەوە.  دەبێت ئەوەشمان لەبیر بێت دنیا بەرەو فرە جەمسەری و جەنگی دووەمی سارد، کەوتۆتەڕێ.

   لەم باسەدا ناتوانین باسی کارەساتە تراتیژیەکانی کوردستان نەکەین، بێگومان ئازار ھەر ئازارە. ئازادیش ھەر ئازادییە. ئازاردانی ھەر گەلێک، ئازاری ھاوبەشی گەلانە. پێشێل کردنی ئازادی گەلانیش، بێ جیاوازی دژایەتی مافی دیموکراسی گەلانە. لێرەوە دەڵێین، مایەی دڵخۆشییە فەڵەستین لەم میحنەتەدا پشتیوانیەکی زۆری ھەبوو. ھەر ئێستا ٤٠٠٠  کامیۆن شتومەک بەڕێوەیە بۆ غەزە. وا ووڵاتان کەوتونەتە جموجۆڵی دبلۆماسی، کۆنگرەی ئاوەدان کردنەوەی غەزە ببەستن، کە سەدان ملیار دۆلاری پێویستە، ھەرچیان بۆ بکرێت حەڵاڵیان بێت. بەڵام دەشپرسین: ئایا لە پڕۆسەی ئەنفالەکانەوە بۆ کیمیابارانکردنی گەرمیان و کوێستان و بادینان و سۆران، سەرتۆپەکەیان ھەڵەبجە و گۆپتەپەو سێوسێنان و شێخ وەسانان و ناوچەی بازێیە، ئایا چ پشتیوانییە نێودەوڵەتیەکەو چ سۆزی جەماوەرییەکە و ئەو پشتیوانییەی ھێزە ئیسلامییەکان، لەتەواوی دنیا و ناوچەکە بۆ ھەڵەبجەو کوردستان بۆچی وەکو ئێستای غەزە نەبوو؟ 


PM:04:05:21/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی