(حەماس و غەززە) پەروەردەی شەرەف ... هەندێكیش ساختە و پەروەردەی عەلەف

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

دوابەدوای ئیمزاكردنی ڕێكەوتنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیل  و  ،  لەكاتێكدا ئاهەنگ گێڕان و  دەربڕینی خۆشیی و شادیی فەلەستین و غەززە و زۆربەی زۆری وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی گرتوەتەوە  ،  لەكاتێكدا دۆست و دوژمن و تەنانەت بەرپرسانی جولەكەش ئەو ڕێكەوتنە بە ( سەركەوتنی گەورەی حەماس و فەلەستینییەكان ) و  ( شكستی ئیسرائیل ) لە قەڵەم دەدەن  ! كەچی دەبینین لێرەو لەوێ  ،  لە میدیاكان و سایتەكان و  كەناڵە ئاسمانیەكان و  ،  لە هەندێك مینبەری مزگەوتەكانیشەوە چەند كەسێك كە چەندین نازناو و  ناونیشانی قەڵەو و  جیاوازیان  لەخۆیان ناوە  ، هەڵمەتێكیان بۆ چەواشەكردنی خەڵك و ڕای گشتی و  ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان دەستپێكردووە و  ،  ئەوە بە گوێی خەڵكدا دەدەن گوایە حەماس شكستی ھێناوە و ئیسرائیل سەركەوتووە  ،  سەری زمان و بنی زمان و  هەموو بەڵگەیەكیشیان ژمارەی كوژراو و  بریندارو  ڕادەی كاول بوون و  وێرانی شاری غەززەیە !! ئەم كەسانە ( وەك ئەوەی لە حەماس و خەڵكی غەززە دڵسۆزتر و خەمخۆرتر بن بۆ غەززە و فەلەستین ) حەماس و مقاوەمە تاوانبارو ناشیرین دەكەن !

ئەڵبەتە سەرەڕای ئەوەی ئێمە دڵمان دەقرچێ بۆ ئەو هەموو  شەهیدو  قوربانیی و  زەرەرە ماددیەی تووشی دانیشتوانی غەززە و ناوچەكانی تر بوویەوە !! بەڵام دەبێ ئەم هەژارو بەستەزمان و گێلە مرۆڤانە پێناسە و پێوەر بۆ ( سەركەوتن ) و ( شكست ) لەیەك جیابكەنەوە  ،  چونكە لێرەدا بابەتەكە پەیوەست نیە بە جیاوازی نێوان ژمارەی كوژراوانی دوولایەنی جەنگەكە و ڕادەی كاولكارییەكان  ،  ئەوەندەی بابەتەكە و ( فەلسەفەی سەركەوتن ) پەیوەندی بەوەوە هەیە تا چ ڕادەیەك ئامانجەكانی لایەنی بەرانبەر بەدیهاتوون!
من بۆ ڕاستكردنەوەی هەڵەكان و ، خستنەڕووی حەقیقەتەكان و  ،  ڕێگەگرتن لە  نەگەوجاندنی زیاتری خەڵك لەلایەن ئەم كەسانەوە و  پێدانی بەرچاوڕوونیی زیاترو  ،  ئاشكراكردنی مەبەست و ئامانجی سەرەکیی ئەم چەواشەكارییانە .. بەپێویستم زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەمەڕوو   :

یەكەم /  دەبێ دڵنیابین  نەتەوە و گەلانی لاواز و بێ دەسەڵات ڕزگار نابن و ناحەسێنەوە  تەنها بەو قوربانیدان و خۆڕاگرییە نەبێ حەماس و خەڵكی غەززە پێشكەشیان كردوو نیشانیاندا  ، ئەمە یەكێكە لەو دوو چارەنووسە :

یان دەبێ كۆتاییت پێ بهێنرێ و سەرشۆڕ و ژێردەستەبی وەك ( یاسر عەرەفات ) و ( محمود عەباس ) و  دەسەڵاتە كارتۆنییەكەی (رام ا لله)  ،  یان دەبێ سەربەرز و شكۆدار بیت وەك ( ئەحمەد یاسین )  و ( ڕەئیسی )  و  ( سینوار ) و ( هەنییە )  !!

دووەم  /  ئەو ناكۆكیی و جەدەل و ڕووبەڕووبوونەوە تیۆرییەی ئێستا لە مەیدانەكەدا هەیە و  ، سەربازو و دەمڕاست و هاوئاوازەكانی دەسەڵات و ڕژێمە ستەمكارەكان دەیانەوێ  بۆ ڕای گشتی تەسویق بكەن گوایە  غەززە شكستی هێناوە  ، ئەمە خۆی لەخۆیدا بەشێكە لە مەعرەكەكە  ، ئەو مەعرەكەیەی كە دەیەوێ گەلانی ستەمدیدە بە ژیانی سەرشۆڕانەی ئاژەڵ ئاسا ڕازی ببن و  ،  هەمیشە داگیركەر دەستی بەسەریانەوە بێت و ، هەموو مانایەكی كەرامەت و  شەهامەت و  ئازایەتیی و  ئازادیخوازیی و  غیرەت لەسەر پاراستنی پیرۆزییەكان لەناخیاندا مردبێ و  كۆتایی هاتبێ!

سێهەم /  ئەوانەی ڕەواج بەو بیرۆكەیە دەدەن گوایە ( حەماس و غەززە شكستیان هێناوە )  ،  مەبەست و ئامانجیان تەنها خودی غەززە نیە  ، بەڵكو داننان بەو ڕاستیەدا كە حەماس و غەززە سەركەوتوون  ، ئەمە پێشهاتێكی ترسناك و ڕێچكەیەكی مەترسیدارە بۆیان ، چونكە گەلانی هەژارو  ژێردەستە و ستەملێكراو هاندەدات  بێنە ناو مەعرەكەكەوە و  ،  ئەوانیش ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن  :  ئەگەر غەززە توانی بە تەنها بەرانبەر جیهان بوەستێ و خۆڕاگربێ  ئەی ئێمە بۆ نەتوانین ؟!!  ئەی ئێمە تاكەی ستەم و ژێردەستەیی قەبووڵ بكەین؟!!

تۆ خۆت بخەرە جێگەی هەر سەرۆكێكی عەرەب  ،  یان هەر ڕژێمێكی دیكتاتۆریی لە جیهاندا  ،  دواتر سەرنج و بدە و بیربكەرەوە   :
چی ڕوودەدات ئەگەر گەلانی موسوڵمان و چەوساوە بڕوایان وابوو غەززە خۆڕاگرو سەركەوتوو بووە ؟! ئەوانەی ئێستا لە سودان لەگەڵ ( حەمیدەتی ) شەڕ دەكەن و دەستەویەخە وەستاون چۆن بیردەكەنەوە و چ بڕیارێك دەدەن ؟!  ئایا خەڵكی تەرابلوس كە ئێستا شەڕی ( حەفتەر ) دەكەن چ بڕیارێك دەدەن ؟!

ئایا میسرییەكان كە سەرۆكە كودەتاچییەكەیان هەرچی تاڵاوییە دەرخواردی داون  دەبێ لە داهاتوودا چۆن بیربكەنەوە ؟!  بیهێننە بەرچاوی خۆتان چی ڕوودەدات ئەگەر لە ناخ و دەروونی گەنج و لاوەكان و  مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا ئەو حەقیقەتە چەسپاو جێگیر بوو كە غەززە بەسەر وەحشێكی زایۆنیزمیی پشت ئەستوور بە هەموو جیهان سەركەوتووە ؟! چی ڕوودەدات كە دەبینن شۆڕشگێڕانی سوریا ڕژێمێكی مافیایی دیكتاتۆریی تەمەن ( ٥٠ ) ساڵیان ڕووخاند ؟! پێش ئەوانیش گەلی بەنگلادیش توانی دەسەڵاتە خۆسەپێنەكەی (شێخە حەسینە)

كۆتایی پێ بێنن ! پێش بەنگلادیشیش كۆمەڵە چەكدارێكی ئەفغانی لە چیاو شاخەكانەوە توانیان ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بشكێنن و  ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە ئەفغانستان بکەنە دەرەوە !

مەعلومە گەورەترین  مەترسییەك كە ڕووبەڕووی  هەر دەسەڵاتێك یان هەر ڕژێمێكی ستەمكارو پشتیوان و هەوادارەكانیشی دەبێتەوە لە ئێستاو لەداهاتوودا  ئەوەیە  :  جەماوەرو ڕای گشتی دڵنیابن و باوەڕ بەوە بهێنن ( غەززە و فەلەستین ) سەركەوتوون!
واتە گەلان و میللەتان  لەبەردەم دوو ئەگەردان  :  یان دەبێ بڕوایان وابێ موقاوەمە سەركەوتووە  ،  كە ئەمەش دەبێتە هۆی چەكەرەكردنی هیواو  ئومێدو  تروسكایی و  ،  ڕۆژێك لە ڕۆژان سەردەكێشێ بۆ كردەوە و هەنگاونان  ، یان دەبێ بڕوایان پێ بهێنرێ كە (غەززە) شكاوە و ( حەماس ) دۆڕاوە  ، ئیتر بۆ هەتاهەتایە توشی هەرەسهێنان ببنەوە تا ئەو ڕۆژەی دەمرن.

چوارەم  /  بۆ سەلماندنی ئەوەی كێ سەركەوتووە و  كێ شكستی هێناوە  ، دەكرێ ئێمە ڕادەی بەدیهێنانی ئەو پێنج ئامانجەی ئیسرائیل بكەینە پێوەر كە دوو ڕۆژ دوای 7ی ئۆكتۆبەر ناتانیاهۆ و ئەنجومەنە سەربازییەكەی بەڵێنیان دا بە كۆمەڵگەی ئیسرائیلی بیانهێننەدی  :

١  -   لەناوبردنی حەماس و هەڵتەكاندنی توانا سەربازییەكانی.
٢  -  ئازادكردنی دیلەكانی ئیسرائیل بە زەبری هێز .
٣  -  كۆنتڕۆڵكردنی غەززە و دامەزراندنی دەسەڵاتێكی مەدەنیی سەربە ئیسرائیل.
٤  -  بەدەستهێنانی سەركەوتنی ڕەهاو كۆتایی و  ،  پاشەكشە نەكردن لە ( نەستاریم ) و ( فیلادیلیفا ).
٥   -  دەستەبەركردنی یەكڕیزیی و یەكپارچەیی لە ڕیزی كۆمەڵگەی ئیسرائیلی .

سەرنج بدەن ... لەیەكەم ڕۆژی دەستپێكردنی ئاگربەستدا وەك لە شاشەكانەوە و  تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەركەوت حەماس بە بەهێزتر  لە جاران گەڕایەوە و  ،  توانا سەربازییەكانیشی زۆر بەهێزتر و كاریگەرتر دەركەوتن و  ، پێگە سیاسیی و جەماوەریی و كۆمەڵایەتیەكەی لەنێو فەلەستین و وڵاتانی ئیسلامیی و جیهانیشدا گەورەترو فراوانتر بوو!

ئیسرائیل نەیتوانی هیچ یەكێك لە دیلەكانی بە فشارو  ڕێگەی سەربازیی ئازاد بكات ،  سەرەڕای ئەو هەموو هێزە سەربازیی و توانا تەكنۆلۆژیی و دەزگا سیخوڕیی و  ، چاودێرییە بەردەوامەی مانگە دەستكردەكان و  ، بەخشینی ( ٥ ) ملیۆن دۆلارەی بۆ هەر كەسێك دیلێك ئازاد بكات!!

ئیسرائیل نەیتوانی كۆنتڕۆڵی غەززە بكات و ئیدارەكەی لە ئەستۆ بگرێت یان تەسلیم بە ( محمود عەباس )ی بكات  ، سەرەڕای شكستهێنان و هەرەسهێنانی سەرجەم ئەو بیرۆكە و پڕۆژانەی لە ماوەی جەنگەكەدا لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە خرانەڕوو بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێكی مەدەنیی كارتۆنی لە غەززە.

قەوارەی زایۆنی كە بانگەشەی ئەوەی دەكرد لە غەززە و قۆڵی (نەستاریم) و (فیلادیلفیا)ش پاشەكشە ناكات  ، لە كۆتاییدا و لەڕێكەوتنەكەدا ملکەچ و ڕازی بوو بە پاشەکشە کردن !

شەڕی غەززە و پەلاماردانی حەماسیش نەك نەیتوانی كۆمەڵگەی جولەكە یەك بخات  ، بەڵكو ڕیزەكانی جولەكەی پارچە پارچەتر كردو  ،  ناكۆكییەكانی قوڵتر كردەوە و حكومەتی جەنگ هەڵوەشایەوە و  ،  چەندین وازهێنان و دەستلەكاركێشانەوە لە ڕیزەكانی حكومەت و سوپادا ڕوویاندا !!

ئەمە جگە هەرەسهێنانی پڕۆژەی ئاشتی عەرەب – ئیسرائیل كە زۆرێك لە دەسەڵاتدارانی عەرەب پێش تۆفانی ئەقسا هەروەلەیان بۆ دەكرد  ، جگە لە ئەستووربوونی ڕق و كینە دژ بە قەوارەی زایۆنیی و ناشیرین بوونی ڕووی ئەو قەوارەیە  لەلای ڕای گشتی جیهانیی! هەروەها كۆچكردنی نیو ملیۆن جولەكە و ئاوارەبوونی ( ١٥٠ ) هەزار هاوڵاتی ئیسرائیلی و  ، ئیفلیج بوونی كەرتی گەشتیاریی و  وەبەرهێنان و  لاوازیی زیاتری ئابووریی.

پێنجەم  /  سەرجەم شارەزایانی سەربازیی و پسپۆڕانی بواری ستراتیژیی و  ،  زۆرێك لە بەرپرسە ئەمنیی و سەربازییەكانی ئیسرائیل لە كەناڵە ئیعلامیی و میدیاكانیانەوە  دان  بەوەدا دەنێن حەماس و چەكدارەكانی لە غەززەدا سەركەوتوون و سوپای زایۆنیش شكاوە و  هیچ هەیبەت و قورساییەكی نەماوە !!  باشە... دەپرسین  :  دەبێ چ بەڵگەیەك لەوە ڕوونترو دیارتر بێت لەسەر شكستی ئیسرائیل و سەركەوتنی حەماس كاتێك  :

١  -  جەنەڕاڵ ( غەیورا ئیلاند ) كە بە ئەندازیاری نەخشەی جەنەڕاڵەكان ناسراوە دەڵێ  :  ( حەماس سەركەوت و ئیسرائیلیش شكستی هێنا  ، شكستێكی ئابڕووبەرانە ).

٢  -  ( ئارۆن نەهری ) كە پیاوێكی هەواڵگریی ئیسرائیلیە و  پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكانیشە  ،  دەڵێ  : ( جەنگ لە دەروازەكانی غەززە دەستی پێكرد و  لە دەروازەكانی غەززەشدا كۆتایی هات  ،  7 ی ئۆكتۆبەر لە خەیاڵدانی فەلەستینیەكاندا وەك ڕۆژی سەركەوتن بۆ فەلەستینیەكان و یادگارییەكی تاڵیش بۆ ئیسرائیلییەكان دەمێنێیتەوە  ،  ئەمەش بەسە بۆ ئەوەی بسەلمێنرێ كێ سەركەوتووە ؟!).

٣  -   (عوفێر شەلەح) بەرپرسی بەرنامەی (توێژینەوەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل ) لە پەیمانگای توێژینەوەی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەڵێ  : ( ئیسرائیل نەیتوانی و ناشتوانێ حەماس لەناو ببات ،  تواناكانی سوپای ئیسرائیل لە چەند ئەركێكی بێ  ئەنجامدا ڕووخان و داتەپین !).

٤  -  هەر لە یەكەم  ڕۆژی دەستپێكردنی ئاگربەست لە غەززە و دیمەنەكانی دەركەوتنی سەدان چەكداری حەماس بە تەوای تفاق و چەکەکانیان و ئۆتۆمبێلەكانیان و داپۆشینی ئاسمانی شارەكە بە درۆنەكانیان  ،  چەندین ئەفسەرو  بەرپرسی ئەمنیی و  حكومیی ئیسرائیل لە كەناڵی 24 ی ئیسرائیلیەوە ڕایانگەیاند  :  (  دیمەنەكانی نێو غەززە شكستی سەربازیی ئیسرائیلیان سەلماند و  ،  هیچ گومانێكیان نەهێشتەوە كە ئیسرائیل بێ توانا بوو لە دانانی دەسەڵاتێك بۆ شاری غەززە!)

شەشەم  /  ڕەوتێكی سەلەفیی بەڕواڵەت بەڕواڵەت  ڕادیكاڵ و  هەڵگری نەهجێكی پراگماتی كە گۆڕانكاریی بەدێوەزمە دەزانێ و چەپ و  ڕاست گۆرانی بە شان و باڵی دەسەڵاتدا دەڵێ و ( لەگەڵ دەسەڵات بوون ) ی هیچ پێ شەرم و عەیبە نیە ئەگەر ئەو دەسەڵاتە فیرعەون و شەیتانیش بێت  ،  ئەم ڕەوتە بەزومرە و ئەتباعەكانیەوە لە كوردستان و دەرەوەی كوردستانیش بۆتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ ڕەوتە ئیسلامیە حەرەكیە ڕەسەنەكە و  ،  ڕۆڵی خەنجەرێكی ژەهراویی شاراوەی موخابەراتیی دەگێڕێ بۆ سەر گیان و جەستەی ماندووی تەییاری ئیسلامیی!

ئەوەی سەیرو سەمەرەیە ئەوەیە  :  دوای بڕیاری ئاگربەستی نێوان حەماس و جولەكە و دەربڕینی خۆشی لەلایەن دانیشتوانی غەززە و  سەرجەم جیهانی ئیسلامی  ،  نەك تەنها بۆ ڕاوەستانی جەنگەكە  ،  بەڵكو بۆ پاڵەوانێتی و ئازایەتی و خۆڕاگریی  بزووتنەوەی حەماس  ،  لەو ئان و ساتە مێژووییەدا ئەم برادەرانە شان بەشانی هەندێك كۆلكە نووسەرو  فەریكە سیاسیی و  ڕۆشنبیری لاكۆڵانی و  قەڵەم لەرزۆك  كەوتنە پەلاماردانی حەماس و تۆفانی ئەقسا و ئاگربەستەكەشیان بە دۆڕانی حەماس و سەركەوتنی ئیسرائیل لە قەڵەم دا!  من دڵنیام ئەگەر هەموو سەرانی جولەكە بەسیاسییەكانیان و پیاوە سەربازیی و ئەمنییەكانیشیانەوە  لەبەردەم هەموو جیهاندا ڕایانگەیاندایە كە ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی حەماسدا شكستیان هێنا  ،  ئەوا ئەم سەلەفییە ساختانە و بەشێك لە كوردە زایۆنیزمییەكانیش باوەڕیان بەوە نەدەهێناو دەیانووت  : ڕاست نییە!!

بابەتەكە تەنها شانۆیەكی گاڵتەجاڕییە و قەت نابێ و  ناكرێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم چەند هەزار چەكدارێكدا شكست بهێنێ! جۆرەها سیناریۆو گریمانە و شیكردنەوەشیان پێشكەش دەكرد تەنها بۆ ئەوەی بڵێن  : حەماس و غەززە بەچۆكدا هاتن!

بەڕاستی عارە ... تۆیەکی کۆڵەوار لە دین  ،  لە فیکر  ،  لەسیاسەت  ،  لە حیزبایەتی  ،  لە مەیدانی تێکۆشان و بەرەنگاریی  ،  گۆشکراوو  ئامادەکراوو پەروەردە کراو بە پەروەردەی عەلەف  ... ڕەخنەی شکست و  دین و  سیاسەت لە عەبقەریی و عیملاق و  پاڵەوانانی  غەززە  بگریت  ،  پاڵەوانانی ئامادەکراوو گۆشکراوو  پەروەردەکراو بە پەروەردەی سەلەف و عیززەت و شەرەف نەک عەلەف !!  لەوەش عارتر  لە ژوورە تاریکەکاندا تەوزیف کرابیت و  بوبیتە کەرەستەیەکی باش و  ئامادەکراو بۆ بە ئامانجگرتن و دژایەتی کردن و لاوازکردن و بێ متمانەکردن و ناشیرین کردنی ئیسلامیەکان و هیچی تر !


PM:09:55:20/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 1212 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی