مەدرەسەی حوکمڕانیی پارتی و یەکێتی
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
هەتا ئەم ساتەوەختە، درزی گەورە دروست نەبوە لە نێوان یەکێتی و پارتی، ڕێکەوتنی ستراتیژیی بەجۆرێک لەجۆرەکان بەردەوامە، بەرژەوەندیەکان هێشتا هاوبەشن، هیچ هێزو بەرەیەکی نوێ دروست نەبوە ئەو قاڵبە کۆنکرێتیە دەستکاریی بکات، هێزێک دروست نەبوە بتوانێ لەدەرەوەی قاڵبی یەکێتی و پارتی حکومەت دروست بکات و تەحەددای پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و مەدرەسەو پارادایمێکی تر بکات.
ئینجا ئەم دوو هێزە خۆشیان ناتوانن بەجیا، بەرەی ئیئتیلافی لەئیسلامیی و نەوەی نوێ دژی یەک دروست بکەن و لۆبی بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاریی بکەن، چونکە مەدرەسەکەیان ڕێگەی ئەوەیان پێنادات کەس بکەن بەشەریک و پۆلی نوێ بکەنەوە.
پارتی و یەکێتی حیزبی ئۆپۆزسیۆن نین، حیزبی دەسەڵات و دارایی و نەوت و دەزگای ئەمنی و ئیستیخباراتی و عیلاقاتی دەولین و ناتوانن لەدەرەوەی حکومەت بژین، چونکە حکومەتی هەرێم هێشتا سەربە مەدرەسەو کەلتوری بەرەی کوردستانیە، هی خۆیانە واتە مۆدێلی یەکەم کابینەی دوای ڕاپەڕین.
وادیارە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمجارە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نەرمی زیاتر دەنوێنێ و دەیکاتەوە بە سیستمی پەنجا بەپەنجا، بێگومان چل بەشەست و تەوافوقاتێکی کەمیش هەمان دەسەڵات و هاوتاو میزان و لۆژیکە بۆ بەردەوامی ئەم ئەزموونەو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئەوەش بڕێک دوربینی و عەقڵانیەتی سیاسی تێدایە، بۆیە یەکێتی گرنگە هاوبەشی بڕیاردان بێ نەک شەریکی ئیمتیازات بێ بەتەنها، یەکێتی ئەوەی دەوێ، ئیتر مانۆڕ و دانوستانگەریی لێرەو لەوێ لەنێوان براوەو دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن تەنها بۆ ترش و خوێی دیموکراسیەتی هەڵبژاردنەکانی هەرێم و لەبیرچوونەوەو کۆن بوونی توندوتیژیە زمانی و بەلاغیەکانی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی ساڵی پيشووە کە گەیاندیانە مریشکە ڕەشە.
پاشان ڕێژەی پەکخەر، الثلث المعطل، تەنها بەهێزی گەورەی خاوەن ٢٥ کورسی دەکرێ واتە دیسان پارتی و یەکێتی پێیان دەکرێ ڕێگربن و پەکخەربن بۆ دروست بوونی حکومەتی نوێ، بۆیە هیچ هێزێک نیە بتوانێ بەربەستی یاسایی پەکخەر دروست بکات لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی، بەڵام یەکێتی ئەمجارە پەنجای بەدەسەڵاتی دەوێ هیچ نەبێ لەو جێگایەی خۆی قازییە تیایدا، ئاغاو کوێخاکە هی خۆی بێ، خاوەن هێزو کاریزمابێ، پارتیش ڕازییە بەو وەزعە، بەومەرجەی یەکێتی حکومەت بەهی خۆی بزانێ و لەناوچەو جێ نفوزەکەیدا سەرئێشە بۆ حکومەت دروست نەکرێ و پرسی بچوک گەورە نەکرێ و هەژماری من هەژماری ئەویش بێ.
ئەوەی سەرەوە بریتیە لە هێزو نەوت و بەرژەوەندی و سەفەقات و گرێبەستەکانی پشت پەردەو تێگەیشتن لەو مۆدێلە حوکمڕانیە، دەنگەدەنگ و زاهیرەی سەوتی شتێکیترە.
PM:03:32:20/01/2025
ئهم بابهته 500
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی