پیلان لە خانووە قوڕەکانی کورد و یەکێتی
دکتۆرە شیلان فەتحی
بەشێکی زۆری خانووە قوڕەکانی کوردانی کەرکوک کە لەسەر زەویی باب و باپیرانی خۆیان، بەهۆی بێ رێوشوێنی و نەدارییەوە کردوویانە، کەوتووەتە بەردەم پیلانێکی وەزیرێکی پارتی و دوور لەهەر پرەنسیپێکی ئاکاری و نەتەوەیی رێگری لە تاپۆکردنیان دەکات، ئەوە ناوی سیاسەتی بانێکە و دوو هەوایە.
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی عیراق کە لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی ئەو پۆستەیە، نووسراوی بۆتاپۆکردنی خانووە بێ تاپۆکانی سەرجەم پارێزگاکانی عیراق، جگە لە پارێزگای کەرکوک دەرکردووە، ئەوەش تۆڵەیەکی سیاسییە لە یەکێتی و دواتریش زۆرینەی ئەو خەڵکە کە دەنگیان بە حزبەکەی نەدا، وەزیرەکەی پارتیش بە بڕیارێک تۆڵە لەوان دەکاتەوە و دەرفەت دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی کورد بەپێیی یاسا نەبێتە خاوەن خانوو و خاکی خۆی، بگرە هەر لەناو دەردەسەری و بێ ماڵیدا ژیان بکەن وەکو ئەوەی کوردی کەرکوک شایان بەوە نەبن چێژی بەختەوەری بکەن.
هەر عالی مەقامێکی کورد لە بەغدا پۆستی هەبێت، دەبێ پلە و پێگەکەی بخاتە خزمەت بەرژەوەندییەکانی کوردەوە، بۆ ئەوەی ویژدانی ئاسودەنێت و مێژوو رەش نەبێت، نوێنەرایەتیی کوردستانیانە دەبێت وابێت کە کورد بەهۆیەوە مافەکانی وەربگرێتەوە، بۆ ئەوە بێت تاپۆ لەسەر خاکی دزراو و داگیرکراوی کورد بکات، نەک بەرگری لە سیاسەتی تەعریبی کۆن و نوێ بکات یان ببێتە دەمڕاستی شۆڤێنییەکان و ماڵی کورد بە حەڵاڵ نەزانێ بۆ نەتەوەکەی.
ستەمی بەعس و جەبری تەعریبی نوێ ناتوانن ئیرادەی کوردانەی کەرکوکییەکان لاواز بکەن، بگرە باشتر دەمەزەردی دەکەنەوە بۆ گەڕانەوەی شوناسی کوردانەی شارەکە، بە دەنگ ئەوەیان کرد و رووبارێک خوێنیشیان بۆ داوە، کۆڵنەدان سروشتی کەرکوکییە رەسەنەکانە، کێ هەیە ستەمی لەسەر تاقی نەکردبێتنەوە و شکستی نەهێنا بێت؟
PM:02:20:20/01/2025
ئهم بابهته 660
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی