داوای یەکڕیزی پارچەکانی کوردستان با بۆ بەغداش بێت
کارزان حاجی قادر
لە چەند رۆژی رابردوودا کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆک بارزانی و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی لە پیرمام زۆرترین کاردانەوەی لەلایەن کوردانی چوار پارچەی کوردستان لێکەوتەوە و بە هەنگاوێکی گەورەی کۆتاییهێنان بەو پەرتەوازەییەیان زانی، کە لەنێو ماڵی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستاندا دروستبووە.
کۆبوونەوەکە ئەو قسە و باسانەی رەتکردەوە، کە پێشتر دەگوترا، تاکی کورد ئینتیما و هەستی نەتەواویەتی نەماوە یاخود لاوازبووە.
ئامانجی من لە باسکردن لە کۆبوونەوەکە و کاردانەوەکانی بۆ ئەوە بوو، کە بەبیر لایەنە سیاسییەکان بهێنمەوە،کە ئەوانەی بە کۆبوونەوەکە خۆشحاڵبوون، هاوکات بە یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان خۆشحاڵتر دەبن، هەربۆیە چاویان لە یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە و دەیانەوێت یەکڕیز و یەکگرتووبن، چونکە خودی حزبەکان و هەموو تاکێکی کورد ئەوە دەزانێت، لێکترازان و پەرتەوازەیی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەبێتە لاوازبوون لە بەغدا، ئەمەش لە بەرژەوەندی نەیارانی کوردە، ئەگەر باس لە بەشێک لەو رووداوانە بکەین، کە دوای ساڵی 2003 تاوەکو ئێستا هاووڵاتییانی کورد تێیدا زیانمەندبوونە و باجی گەورەیان داوە،لەوانە ماددەی 140، سەرباری ئەوەی بڕیاربوو لە ساڵی 2007 راپرسی بۆ ناوچەکانی ماددەی 140 بکرێت، بەڵام بەهۆی ناتەبایی نێوخۆیی ، ماددەکە بەشێوەیەک فەرامۆشکرا، ئێستا هیچ بەرپرس و دەسەڵاتدارێکی بەغدا ئامادەنییە دانبە ماددەی 140 دابنێت، هەروەها رووداوەکانی ساڵی 2017 بە هەمانشێوە بەهۆی لێکترازان و ناتەبایی ناوخۆیی روویاندا، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری خاکی کوردستان کەوتە ژێردەسەڵاتی بەغدا، جگە لەمە پەسندکردنی یاسای بودجەی لە ساڵی 2023 و جێگیر نەکردنی بەشێک لە مافەکانی کورد لە نێو یاساکەدا بەهۆی ئەوەوە بوو، کە لایەنەکان لە بەغدا هەڵوێستی جیاوازیان هەبوو، هەرلایەنێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی نەتەوەیی بەشێوازێک دەیەویست ماددەکە تێبپەڕێندرێت، ئەمەش وایکرد هاووڵاتییان زەرەر مەندی یەکەمبن و ئەو بڕەی پێویست بوو بۆ بودجەی هەرێمی کوردستان دیاری بکرێت، دیاری نەکرا.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش لە کەرکووک کورد نەیتوانی بە لیستێکی یەکگرتوو بەشداری لە هەڵبژاردن بکات، لە ئەنجامدا بەشێکی زۆر لە دەنگی کورد فەوتا و چەند کورسیێکیان لەدەستدا، کە هەڵبژاردنەکانی پێشتر بەدەستیان دەهێنا، جگە لەمەش لەپێناو رازیکردنی پێکهاتەکانی دیکەی ئەو شارە لەسەر حسابی مافەکانی کورد، ناچاربوون دەستبەرداری بەشێک لە مافەکانیان بن.
لە دوای رووداوەکانی سووریا، بەردەوام قسە لەسەر گۆڕانکاری لە ناوچەکە دەکرێت و لایەنە کوردستانییەکانیش بەبێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە، جگە لە یەکڕیزی و یەکگرتووی هیچ شتێک نابێتە فریادڕەس و ناتوانێت پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراست وەکو رۆژەڤ بهێڵتەوە، هەنگاو دەنێن.
بە بڕوای بەندە، لایەنە کوردستانییەکان بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی کورد لە عێراق دەستەبەر بکەن، دەبێت شێوازی کارکردن لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان و بەغدا بگۆڕن و پێداچوونەوە بە پلان و ستراتیژییەتی کارکردنیان بکەن، کە ئامانج لێی بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر ناوخۆ و دەرەوە بێت،
1-یەکگرتوویی و یەکگوتاری لە بەغدا
لە چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی پەرتەوازەیی نێو ماڵی کورد و سەرخستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبی بەسەر بەرژەوەندی گشتی، کورد بەشێوەیەک لەبەرچاوی دەسەڵاتدارانی بەغدا لاوازبووە، کە خەریکن ئەوەی پێشتریش بە رەوا بۆ کوردیان زانیوە، ئێستا لێی پەشیمان دەبنەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ناسازییەی نێوان لایەنەکان بووە، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە کورد لەبەرامبەر بەهێزبێتەوە.
دەبێت لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی پرسی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و بەغدا تێکەڵ بە یەکتر نەکەن و ئەوەی لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان روودەدات، وەکو پرسێکی نێوخۆیی سەیری بکەن، چونکە دەکرێت لە هەندێک پرس و لەسەر هەندێک پۆستی نێوخۆیی بۆچوونی جیاواز هەبێت و هەمووان هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین پۆست و پلە بدەن، بەڵام ناکرێت، ئەو نیگەرانی و ناکۆکییە بۆ دەرەوە بگوازرێتەوە و وەکو کارتی فشار لە بەغدا بەرامبەر بە یەکتر بەکاریبهێنن، بەشێوەیەک کە ببێتە هۆی سازشکردن لەسەر بنەما نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.
کورد دەڵێت، تاقە سوار تۆزێ ناکات، ئەمەش بەو مانایەی هەرلایەنێک لە دەرەوە لەپێناو بەدەستهێنانی هەندێک ئیمتیازات هەوڵی شکاندن یاخود لاوازکردنی هەرێمی کوردستان لەسەر حسابی لایەنەکەی دیکە بدات، ئەوا زیانی بۆخۆی و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەبێت و هیچیشی دەستناکەوێت.
2-کاریگەری پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا.
لە سیستەمی سیاسی وڵاتاندا بوونی پارت و لایەنی ئۆپۆزیسیۆن لە کایەی سیاسیدا بۆ پەیڕەوکردنی سیستەمی دیموکراسی گرنگە، هەروەها کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر راستکردنەوەی دەسەڵات و بە ئاگاهێنانەوەیان دەبێت،سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش هەبوونی ئۆپۆزیسیۆن یەکێکە لە زەروورەتەکان، بەڵام ناکرێت دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن بە چاوی دووژمن سەیری یەکتر بکەن و رەفتارەکانیان کاریگەری لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا هەبێت، بە پێچەوانەوە دەبێت لە بەغدا سەرباری جیاوازی بۆچوون و ئایدۆلۆژیا هەموو لایەنەکان لەسەر پرسەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان هاوڕابن.
ئەگەر لایەنەکان لەسەر شێوازی ئێستای بیرکردنەوە و کارکردنیان بەردەوامبن، بە بروای من لە چەند ساڵی داهاتوودا بەغدا بەگوێرەی پلانێک کار بۆ:
1-بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەم مەبەستەش لە رێگەی دەرکردنی چەند یاسایەک رێگری لە پەیوەندییەکانی هەولێر و وڵاتان دەکات و هەرێم و وڵاتانیش ناچار بە پابەند بوون بە بڕیارەکان دەکات.
2-نەهێشتنی ئینتیمای نەتەوەیی لەلای تاکی کورد، نەناردنی شایستەداراییەکانی هەرێمی کوردستان، یەکێکی دیکەیە لەو پرسانەی عێراق لە دوای ساڵی 2014 وەکو پلانێک بۆ لەنێوبردنی بیری نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێوخۆی کوردا گرتوویەتییەبەر، ئەگەر ئێستا بەشێک لە خەڵک داوا دەکەن مووچەکانیان بچێتەوە سەر بەغدا، بەبەردەوامبوونی لایەنەکان لەسەر هەمان رێچکەی کارکردنی ئێستایان، پێشبینی دەکەم خەڵکێک ئەمجارە داواکاری دیکەی هەبێت، کە راستەوخۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان لاواز دەکات.
کەواتە هەمان ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییەی بۆ کوردان لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەیکەین، پێویستە لەنێوخۆشدا هەمان داوا هەبێت و لایەنەکان لەپێناو خاک و نەتەوە سازش بۆ یەکتری بکەن، تاوەکو هەرێمی کوردستان وەکو کیانێکی دەستووری بەهێز بمێنێتەوە.
PM:09:27:19/01/2025
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی