دیدارەکەی مەزڵوم عەبدی و بارزانی و سەرنجێکی سیاسییانە

‌عومەر عەلى محەمەد

ئەو دۆخەی ئێستا لە سووریادا دروست بووە، لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، هاوشێوەی ئەو دۆخەیە کە لە عێراقدا دروست بوو لە دوای ساڵی ٢٠٠٣.ئەوکاتە کورد بە گوتارێکی یەکگرتووەوە چوونە بەغدا و مافە دەستوورییەکانیان لە دەستووردا چەسپاند. لە ئێستای سووریاشدا هەمان دۆخ دروست بووەتەوە ،هەمان فاکتەری بەهێزی نێودەوڵەتیش لە ئارادایە کە ئەمریکا وەک سەرۆکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پشتیوانی لە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی کورد دەکات لە دیمەشق و لە ئێستاشدا بەرەو ڕووی خواستەکانی تورکیا بۆتەوە لە هێرشی میلیشیاکان و سوپای تورکیا دەیان پارێزێت ،لە ئێستادا ئەوەی زۆر گرنگە یەکخستنی گوتاری کوردییە لە ناوخۆی ڕۆژئاوادا، بە تایبەتیش لە نێوان هەسەدە و ئەنەکەسە ،هەرچەند بە درێژایی سێزدە ساڵی ڕابردوو ئەم دوو هێزە لە دۆخێکی خراپ دابوون و شەڕی خوێناویش لە نێوانیاندا ڕووی داوە ، لە ئێستا ئەوەی زۆر گرنگە یەکخستنی گوتاری ئەم دوو هێزە و ئامادەبوونیانە بە یەکگرتوویی لە دیمەشق ،فاکتەرێکی بەهێزە بۆ چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد لە دەستووری نوێی سووریادا.

لە لایەکی تریش دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت کە لەگەڵ تورکیاشدا پردێکی پەیوەندی دروست بکرێت و ئەو گرژیانەی کە ئێستا هەن خاو بکرێنەوە و تورکیاش ڕازی بکرێت بۆ چەسپاندنی مافەکانی کوردانی ڕۆژئاوا وەک پێکهاتەیەکی گەلانی سووریا مامەڵەیان لەگەڵدا بکات و واز لە سیاسەتی فراوانخوازی و سەرکوتکردن بهێنێت.

بۆ ئەوەی ئەو دۆخە دروست ببێت زۆر پێویستە کە حکوومەتی هەرێم و هێزە سیاسییەکانی هەرێمیش فاکتەری ئیجابی بن لە پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا و بەهێزکردنی کارتی فشاریان لەسەر دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق .سەرەتا دەبووایە هەموو هێزە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبووایە بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا ،نەک بەو شێوەی ئێستا بووایە کە هەر یەکەیان بە جیا سەردانی گوماناوی بکەن و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیادا کۆ ببنەوە، کە ئەمەش بە زیانی ئەو دۆخەیە کە ئێستا لە کوردستانی ڕۆژئاوادا هەیە، سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی لە ئێستادا بۆ لای کاک مەسعوود هەنگاوێکی ئیجابی بوو، چونکە لە لایەک کاریگەری لەسەر نزیککردنەوەی ئەنەکەسە و هەسەدە دەبێت، لە لایەکی تریش بە هۆی نزیکی پارتی لە تورکیا کاریگەیی لەسەر هەڵوێستی تورکیاش دەبێت، کە ڕێگە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە و گفتوگۆ خۆش دەکا لەگەڵ هەردوو لایەنی ئەنەکەسە و هەسەدە، بۆ ئەوەی تورکیا ببێتە بەشێک لە گفتوگۆکان و واز لە زمانی هەڕەشە و توندوتیژی بهێنێت .بۆ ئەم مەبەستەش پێویست بەوە دەکات کە هەسەدە پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی کرێکاران بپچڕێنێت و وەک هێزێکی نیشتمانی  سووریا مامەڵە بکات و ببێتە بەشێک لە پێکهاتەی حکومڕانی ئایندەی سووریا ،ئەویش بە پاراستنی تایبەتمەندییەکانی خۆی دەبێت. پارتی کرێکارانیش لەم دۆخەدا دەبێت ڕۆڵی ئیجابی هەبێت لە پاراستی مافە دەستوورییەکانی کوردانی ڕۆژئاوا و کارێک نەکات کە خزمەت بە خواستەکانی تورکیا و ملیشیا و هێزە توندڕەوەکان بکات، بەڵکوو دەبێت ئامادەی هەر هەنگاوێکی ئیجابی بێت کە خزمەت بە چەسپاندنی مافە دەستوورییەکانی کوردانی ڕۆژئاوا بکات.


AM:08:14:19/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی