چۆن کەرامەتمان بپارێزین؟
کنێر عەبدوڵا
کەرامەتی مرۆڤ؛ بە چەمکێکی سەرەکی دادەنرێت لە زۆربەی ئاین و فەلسەفە و یاسا نێودەوڵەتییەکان. بەو مانایە دێت کە هەموو کەسێک مافی ئەوەی هەیە بە ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ،ویەکێکە لەو بیروباوەڕە سەرەکییانەی کە مافەکانی مرۆڤی لەسەر بونیادنراون، چونکە دەقی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی؛ وەک جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ باس لە گرنگی پاراستنی کەرامەتی تاکەکان و زامنکردنی مافە سەرەکییەکانیان دەکات؛ وەک مافی ژیان ، ئازادی ،و یەکسانی لەبەردەم یاسادا ؛ بۆیە کەرامەت سنوردار نییە تەنها بەمامەڵەکردنی دەرەکیی یان ئەویترەوە؛ بەڵکو ڕێزلێنانی خودە لەخۆی و وەرگرتنی بڕیارەکانی.
پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ ،شێوەی زۆرو جیاوازی هەیە ،کە بەداخەوە لە زوربەی کاتدا مرۆڤ درکی پێناکات یان بەهۆی چەندین هۆکاری ؛وەک نەزانین، یان هەستنەکردن یاخود رەچاوکردنی بارودۆخەوە گەر درکیشی پێبکرێت بێدەنگی هەڵدەبژێرن کاتێک بەرامبەر بە خود یان ئەویتر دەکرێت کە دواتر کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونی و جەستەیی مرۆڤەکان دەبێت وکۆمەڵگەش دەشێوێت؛ لێرەدا چەند گرفت لە نەزانیندایە ؛ ئەوەندە لەوەدایە کە بیزانیت و بێ کردەوە و بێهەڵوێست بیت، بۆیە بە مەبەستی ئاشنابوونی خوێنەرانم بە جۆرەکانی پێشێلکارییەکان و بەئامانجی شکاندنی بێدەنگی و هەڵوێستکردنی مرۆڤ چ لەگەڵ خۆی و ئەوانیتردا؛ بەپێویستمزانی بابەتەکەم لە نموونەکاندا چڕبکەمەوە.
نموونەکانی پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ :
• خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن بەرپرسانەوە بۆ هەڕەشەکردن لە کارمەندان یان بڕیاردانی نادادپەروەرانە؛ وەک ناچارکردنی کارمەندان بۆ ئەنجامدانی کاری نایاسایی یان پشتگوێخستنی مافە سەرەتاییەکانیان. ئەم پێشێلکارییە زیانگەیاندنە بە کەرامەتی مرۆڤ؛ لەڕێی لاوازکردنی مافەکانی تاک لەژینگەی کارکردندا.
• چاودێریکردنی هاوڵاتیان؛ لەڕێی تەکنەلۆژیا؛ وەک کامێرای شوێنە گشتییەکان و بەرنامەکانی چاودێری ،پیشێلکارییە بۆ تایبەتمەندێتییەکان وئازادی هەڵبژاردن.
• جیاوازیکردنی مرۆڤ لەسەر بنەمای ڕەگەز، رەنگی پێست ،ئاین ، فکرو باگراوندی کەلتووری ،بەشێوەیەک ببێتە هۆی ڕەتکردنەوەی پێدانی هەلی کار یان مامەڵەکردنی نادادپەروەرانە .
• ڕووبەڕووبونەوەی مرۆڤ بە توندوتیژییەکانی جەستەیی یان دەروونی لە خێزان یان کۆمەڵگەدا؛ وەک هاوسەرگیری زۆرەملێ، هەراسانکردنی سێکسی یان توندوتیژی خێزانی، کە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ماف بۆ ئاسایشی کەسیی و یەکسانی لە ماف و دەرفەتەکاندا.
• دەستگیرکردنی زیندانیان بەهۆی بیروبۆچوون وچالاکییانەوە ،نکۆڵیکردن لە مافە بنەڕەتییەکانیان ،خراپ مامەڵەکردن و زیندانیکردنیان بە نایاسایی ،و بێبەشکردنیان لە مافی دادپەروەرییان دەبێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤایەتییەکەی .
• گەندەڵی کە دەبێتە هۆی دزینی پارەی دەوڵەت ودەستکاریکردنی سامانی گشتی کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی خەڵک، ومرۆڤ دەخاتە بەردەم هەژاری، سەختی ژیان وکەمکردنەوەی دەرفەتی ژیانێکی شایستە بۆ تاکەکان .
• زەوتکردنی مرۆڤ لە سادەترین ماف وپێداویستە سەرەتاییەکانی؛ وەک خۆراک، نیشتەجێبوون، وچاودێری تەندروستی وژیانکردنیان لە دۆخێکی هەژاریدا، و بێبەشکردنیان لە دەربڕینی بیروڕایان و بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان.
• سڕینەوە یان شێواندنی ناسنامەی کەلتووری؛ لەڕێی سیاسەتی سەرکوتکەرانە؛ وەک سەپاندنی یەک زمان یان وێرانکردنی شوێنە کلتوری و ئاینییەکان کە دەبێتە هۆی بێبەشدەکردنی تاکەکان لە کەلەپوور و ناسنامەکەیان .
• بەکارهێنان وچەوساندنەوەی مرۆڤ لە شوێنی کاردا ؛بێ گوێدانە مافە سەرەکییەکانی یان بێبەشکردنی لە هەلومەرجی کارکردنی دادپەروەرانە و گەشەکردنی توانای کەسی و پیشەییەکانیان و مامەڵەکردنیان؛ وەک کاڵایەک کە لەپێناوی قازانجدا بەکار بهێنرێن.
• چەوساندنەوەی مرۆڤ؛ لەرێی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین ،زۆرلێکردن ،بازرگانیکردن ،لەشفرۆشی ،بەکارهێنانی جەستەی مرۆڤ وبێبەشکردنی لە ئازدایی بۆ وەرگرتنی بریاری تایبەت بەخۆی.
• بێبەشکردنی پەنابەران وکۆچبەران بە مافە سەرەکییەکانیان ومامەڵەکردن لەگەڵیاندا بەشێوەیەکی سووک و کەمتر؛ لەڕێی ڕووبەڕووبونەوەیان بە جیاکاری ڕەگەزی، خراپی دۆخی کارکردن، ودەستبەسەرکردنی نایاسایی .
• بەکارهێنانی لایەنی سۆزداری بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی شەخسی یان دەستکەوتی ماددی لە پەیوەندیی سۆزداریی یان خێزانییەکاندا کە پێداویستی یان هەستەکانی پشتگوێ دەخرێن لەبەرژەوەندی کەسی ئازاردەردا.
• بەکارهێنانی مرۆڤ لە رووی داراییەوە لە پەیوەندییەکانی ؛وەک خێزان، هاوڕێ ،و شوێنی کاردا، بۆ نموونە، داواکردنی پارە لەلایەن کەسانێکەوە بە بەردەوامی بێ یارمەتیدان یان گەڕانەوەی پارەکە ،پێشێلکارییە ودەبێتەهۆی لاوازکردنی کەرامەتی مرۆڤ، چونکە ئەوە دەردەخات کە مرۆڤ تەنها؛ وەک سەرچاوەی پارە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت؛ نەک وەک مرۆڤێکی خاوەن ماف.
• پشتبەستنی کەسێک بەویتر بەشێوەیەکی لەڕادەبەدەر گەر لە رووی پێویستییەکی سۆزداری، ئابووری یان جەستەییەوە بێت، کە ببێتە هۆی فشار بۆ کەسی بەرامبەر. ئەمە بارێکی نادادپەروەرانە دەخاتە سەر لایەنی بەرامبەر ودەبێتە هۆی لەدەستدانی سەربەخۆیی کەسێتی و کەرامەتی مرۆڤ.
• ناپاکیکردن لە پەیوەندییە کەسیی یان پیشەییەکاندا ؛ وەک ئاشکراکردنی نهێنی، فێلکردن، یان درۆکردن ،ڕێز نەگرتن دەردەخات لە مافە بنچینەییەکانی کەسەکان.
• هاوسەرگیریکردنی مرۆڤ بە ناچاری و دوورلە خواستی خۆی یان هاوسەنگنەبوون لە ماف وئەرکدا ، وزاڵێتی دەسەڵاتی لایەنێک ،تاکەکان لە ئازادی هەڵبژاردن و ژیانکردن بە کەرامەتەوە بێبەش دەکات.
• نەخۆشی دڵپیسی کاتێک دەبێتە هۆی چاودێریکردنی هەموو جوڵەیەکی یەکتر و ڕێگە نەدان بە تێکەڵبونی کۆمەڵایەتی لەگەڵ ئەوانیتر، دەبێتە هۆی سنووردارکردنی ئازادییەکانی کەسیتر و ڕێگریکردن لێی لە پەیوەندییەکی تەندروست و کراوەدا، کە هەڕەشە لە کەرامەتی دەکات.
• مامەڵەکردن لەگەڵ کەسێکدا؛ وەک ئامرازێک لە پەیوەندییە پیشەیی وکەسییەکاندا بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو؛ بێگوێدانە پێداویستی و هەستەکانی ،سووکایەتیکردنە بە بەهاو کەرامەتی مرۆڤ.
• بەزاندنی سنووری کەسیی تاکەکان؛ وەک دەستتێوەردان لە کاروباری تایبەتی کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و لەدەستدانی دەسەڵات بەسەر لایەنەکانی ژیانی کەسییدا.
سەرئەنجام
پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ، هی خۆمان بێت یان ئەوانیتر، بەردی بناغەیە بۆ بونیادنانی ژینگەیەکی دروست و ژیانێکی ڕێزدار و کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر؛ بۆیە سەرەتا زانینی شێوازەکانی گرنگە ولەگەڵیدا رەچاوکردنی هەندێ بنەما یارمەتیدەرن بۆ پاراستنی کەرامەتمان لەوانە؛ وابەستەبون بە بەهاکانی ڕێزگرتن و یەکسانی، پاراستنی تایبەتمەندێتییەکان، نیشاندانی سوپاسگوزاری وپێزانین ، گوێگرتن بە بایەخەوە ،رەتکردنەوەی سووکایەتی وگاڵتەپێکردن ،داکۆکیکردن لە مافەکانی ئەوانیتر، دورکەوتنەوە لە جیاکاری وڕێزگرتن لە جیاوازییەکان ،پاڵپشتیکردنی کەسانێک کە پێویستییانە، رەچاوکردنی دادپەروەری ،مامەڵەکردنی ئەرێنییانە، پاراستنی بەها مرۆیی وئەخلاقییەکان ، فێربوونی بەردەوام وگەشەی کەسایەتی ،گرنگیدان بە تەندروستی وجەستەیی و سۆزداریی، دانانی سنووری تەندروست لە پەیوەندییەکاندا.
AM:09:14:17/01/2025
ئهم بابهته 504
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی