پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە کوردستان و مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی
نەجیبە مەحمود
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەمیشە لە ژێر کاریگەری چەندین هۆکاردان، یەکێک لە گرنگترینیان ڕۆڵی حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکانە. لەم ڕووەوە ئەو کێشەیەی کە بە ڕوونی لە کوردستان و ناوچە هاوشێوەکانی دیکەدا دەبینرێت ئەوەیە کە هەر هێز و لایەنێک بۆ خۆی لینکێکی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بۆ خۆی دروست کردوە لەگەڵ ووڵاتانی ئیقلیمی و ووڵاتان ، کە لە راستیدا هیچ هێز و لایەنێک بە تەنیا ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دروست بکات و بڕیار لەسەر ئەو وڵاتە بدات. ئەم دۆخە دەتوانێت مەترسی گەورە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی دروست بکات.
بارودۆخی کوردستان وەک هەرێمێک کە خاوەن شوناسێکی نەتەوەیی و کولتوری ناوازە ،هەمیشە لە ناوەندی سەرنجی نێودەوڵەتیدا بووە . گروپ وحیزب و لایەنە کوردییەکان بە تایبەت لە عێراق ، تورکیا و سوریا بە هۆی مەیلی لایەنگری سەربەخۆیی ، رووبەرووی کێشەی جددی دەبنەوە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا .
بە هۆی نەبوونی دانپێدانانی نێودەوڵەتی و پشتیوانی دژبەیەک لەلایەن وڵاتانی جیاوازەوە، ئەم گروپانە ناتوانن بە تەنیا لەسەر شانۆی سیاسی جیهانی مامەڵە بکەن.
ئەو بابەتە گرنگ و کێشەکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان کە بریتین لە :-
١- نەدانی دانپێدانانی فەرمی ،زۆرێک لە گروپە کوردییەکان بەتایبەت لە باشوری کوردستان وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانانیان پێناکرێت .ئەم دانپێدانەنانە رێگری دەکات لە پەیوەندیکردن لەگەڵ وولاتانی دیکە لەسەر خۆیان و ڕۆڵیان لە بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا هەبێت .
٢- بوونی کاریگەری ووڵاتانی زلهێزەکان لەسەر ناوچەکە ، ووڵاتە زڵهێزەکانی وەک ئەمریکا و روسیا و وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییەکی بەهێزیان لەسەر گۆران و پێشهاتەکانی کوردستان هەیە . ئەم ووڵاتانە بە شێوەیەکی تایبەت بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبەرچاو دەگرن و لەوانەیە ئەم بەرژەوەندیانە لەگەڵ خواستی کورددا ناکۆک بن. لەم هەلومەرجەدا گرووپە کوردییەکان ناتوانن تەنیا لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆیان هەڵسوکەوت بکەن.
٣- ململانیی بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان ، لەناوخۆی کوردستان گروپ و لایەنە جیاوازەکان کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن.، تەنها لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حیزبی نەک نەتەوەیی ، ئەم ململانێی بەرژەوەندییە ناوخۆییەکان ڕێگری دەکات لە یەکگرتن و یەکگرتوویی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی دەخاتە مەترسییەوە .
٤- هەرەشەکانی ئاسایشی نیشتیمانی ، ناسەقامگیری سیاسی ، بێتوانایی دامەزراندنی پەیوەندی کاریگەر لەگەڵ وڵاتانی تر دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری سیاسی لە کوردستان. ئەم ناسەقامگیرییە دەتوانێت ببێتە هۆی نائارامی ناوخۆیی و زیادبوونی گرژی لە نێوان گروپە جیاوازەکاندا.
٥- هەروەها زیاد بوونی نفوزی گروپە توندرەوەکان ،رنگە نەدان بە پێداویستییەکانی کورد و پشتگوێ خستنی داواکارییەکانیان دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کاریگەریی گروپە توندڕەوەکان و هەڕەشە لە ئاسایشی نەتەوەیی بکات. لەوانەیە ئەم گروپانە ناڕەزایەتی و کێشەکانی ئێستا بقۆزنەوە.
٦-،لە دۆخێکدا کە کورد بە تەنیا نەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات، لەوانەیە بەهۆی فشاری دەرەکییەوە بەر هێرشی سەربازی بکەوێت. ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی قەیرانی مرۆیی و لێشاوی ئاوارەیی و پەنابەران ..
لە کۆتاییدا راستیەکە ئەوەیە کە هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ وڵاتێکی تر لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی دروست بکات و بڕیار بۆ ئەو وڵاتە بدات. بارودۆخی کوردستان بە ڕوونی نیشان دەدات کە پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی هەیە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییەکی کاریگەر و بەردەوام لە گۆڕەپانی سیاسی نێودەوڵەتیدا. تەنیا لە ڕێگەی دیپلۆماسی و دیالۆگەوە دەتوانرێت ئەو کێشانەی هەن چارەسەر بکرێن و ئاسایشی نیشتمانی بپارێزرێن. ئەمەش پێویستی بە گرنگیدانی جددی بە پێویستی و داخوازییەکانی نەتەوەی کورد و دروستکردنی سیستەمێکی نێودەوڵەتی دادپەروەر و شەفاف هەیە.
AM:09:08:17/01/2025
ئهم بابهته 228
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی