بعد خراب الغزة

‌دلێر محەمەد نوری

لە سەردەمی عەباسییەکاندا: ژمارەی زنجییەکان هێندە زۆر ئەبن لە شاری "بەسرا"دا، کە ئیتر ئەکەونە وێزەی خەڵکی شارەکە و هەراسانیان ئەکەن. ئەگەرچی زنجییەکان یان وەکو کۆیلە یاخود وەکو دەستی کار لە شارەکەدا دەبن بەڵام وردە وردە زاڵ دەبن بە سەر شارەکەدا. خەڵکی شاری بەسراش بە ناچاری هانا بۆ خەلیفە ئەبەن. خەلیفەی عەباسیش هێزێکی گەورە بە سەرکردایەتی برایەکی بە ناوی "الموفق" دەنێرێتە شاری بەسرا بۆ ڕزگارکردنی خەڵکی شارەکە لە خراپەکاری زنجییەکان. بەڵام هەتا لەم کارەی موەفەق ئەبێت تەواوی شاری بەسرا کاول دەبێت. ئیتر لەمەوە خەڵکی شارەکە دەڵێن: ڕزگارمان بوو بەڵام چۆن ڕزگاربوونێک؟ بعد خراب البصرة! واتا دوای كاولبوونی بەسرا.

ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس ڕاگەیێنرا. پێدەچێت ئەم ئاگربەستە ڕاستەقینە بێ و هەنگاو بەرەو ئاشتی بنێ. ئەگەرچی (بعد خراب البصرة)ش بێ هەر ئاشتی باشترە لە جەنگ. هەر نەبێ مناڵ و بەتەمەن و سڤیل و نەخۆش و بێ نەواکان پارێزراو دەبن.  بە هەر حاڵێکە هەر دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی ئاگربەست، ئاهەنگگێڕان تەواوی شەقامەکانی تەلئەبیبی ڕووناک و غەزەی تاریک و تنۆکی گرتەوە. ئیسرائیلییەکان، تێر و تەسەل و پۆشتە لە شەقامی خاوێن و ڕووناک دڵخۆش بوون کە دواجار چاویان بە دیلەکانیان شاد ئەبێتەوە. ئەوان بە هێمنی وێنەی دیلەکانیان بە دەستەوە گرتبوو. 

لەو لاشەوە هەزاران فەلەستینی لە شەقامەکانی غەززە لە تاریکی شەودا و لە نێو داروبەردووی باڵەخانە وێرانەکاندا، کە بە ئاستەم شەقامەکانت بۆ جیائەکرایەوە، بە جۆرێک سەمایان دەکرد و گۆرانییان دەوت و دڵخۆشی خۆیان دەردەبڕی وەکو ئەوەی دەوڵەتی فەلەستینی ڕاگەیێنرابێ. ئەمە لەوە بگەڕێ کە هێمای سەرکەوتن بەرزکردنەوە وەکو ئەوەی قودسیشی لە گەڵدا رزگارکرابێ. 

خۆشی و سەما و گۆرانی فەلەستینییەکان بۆ تاوێ پشوو بوو لە بۆمبابارانی بێبەزەیی ئیسرائیل، کە مرۆڤ تێگەیشتنی بۆئەم مەسەلەیە هەیە. بەڵام هەق وا بوو فەلەستینییەکان بەر لە هەرشتێک، هەرچی بەردەرگای بارەگاو داروبەردی حەماس هەیە بگرتایە و شاربەدەریان بکردنایە بۆ کارێکی نابەجێ کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر کردیان. چونکە ئەگەر ئیسرائیل بەر لە کەتنەکەی ٧ی ئۆکتۆبەری حەماس، هەنییە و سەرکردەکانی دیکەی حەماس و نەسروڵای لوبنان و ئەو هەموو سەرکردانەی پاسداران و ئیتلاعاتی ئێران لە سوریا و وێران کردنی تەواوی توانای سەربازی سوریا و داگیرکردنی بەشێکی خاکی سوریا و لە هەموو ئەم زیانە گیانی مادییانەش گەورەتر کاولکردنی نیمچە تەواوەتی شاری غەززە و کوشتنی دەیان هەزار فەلەستینی...، بڵێی ئیسرائیل بەو خوێن ساردییەوە هەموو ئەمانەی  بۆ بچووبایەتە سەر؟ وەڵامەکەی بە دڵنیاییەوە نەخێر. 

جا هەر لەم سۆنگەیەوە نووسەرێکی ئایینداری کورد لە پۆستێکی پێکەنیناوی فەیس بووکدا نووسیوێتی "ئاگر بەستێک بە بێ ئاڵای سپی!!" وەکو ئەوەی حەماس چۆکی بە ئیسرائیل دابێ و ئەنجا ئاشتی قبووڵ فەرمووبێ. 

بانگخوازێکی ئیسلامی کوردیش، کە لە مێژە ئەو پەندە کوردییەی بیرچۆتەوە کە دەڵێ "خێر بە خوێش نەک بە دەروێش" و لە کەتنەکەی حەماسەوە بێوەژن کۆشی بۆ غەززە ئەکات ئێتر مناڵی ڕۆژئاڤا با هەر زیتەی چاوی بێت. ئەمیش لە پۆستێکدا فەرموویەتی: "ئیمانداران دڵخۆش بن بە سەرکەوتن!!"

منیش لای خۆمەوە لەو دوو کوردپەروەرە ئەپرسم ئاخۆ لەم خەراباتەی غەززەی دوای کەتنی ٧ی ئۆکتۆبەر کام سەرکوتنتان لێ دیارەوە و ئاخۆ ئەبێت ئاڵای سپی هەڵکردنی حەماس لەمە زیاتر چی بێ؟ ئامۆژگاریشم بۆ فەلەستینییەکان ئەوەیە ڕوو بکەنە حەماس بڵێن: ئاشتی لە پاش چی؟ بعد خراب الغزة؟

 


AM:10:21:16/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی