چیرۆکی لەنیا لەگەڵ گازی فرمێسک ڕێژ
لەنیا بەختیار
خراپی دۆخی تەندروستیم لە ئەستۆی هەموو ئەو کەسانەدایە کە نابەرپرسیارانە گاز و دوکەڵی ژەهراوییان دەکرد بە قورگ و چاو ولوتماندا.
بە گیان و ژیانم بۆ کارەکەم جەنگاوم، بۆیە هەمیشەش باجی قورسم داوە، گازی فرمێسک ڕێژی هێزە ئەمنییەکان، ماوەی چەندین ساڵە ئارامییان لە گیانم بریووە ، ئاخۆ ئەبێ چەند کەسی تر کە وەک من ئەو گازەیان بەرکەوتووە تووشی نەخۆشی ببوون؟ ئاخر چیکراوە کە بەرامبەرەکەی ئەم
باجە قورسەبێت!!!؟ من لە ئەرکی میدیایی زیاتر چیم کردبوو؟ قاچاغی خواردنی خراپ و دەرمانم کردبوو ؟ موڵکی گشتیم داگیرکردبوو؟ مووچەی خەڵکم دەستبەسەرکردبوو؟؟؟
خوێندکارێک، مامۆستایەک کە بۆ داواکردنی مافەکانیان بە قەڵەمەوە هاتنە سەرشەقام شاییەنی ئەوەبوون ئەو گازە خراپە هەڵمژن!!؟؟ ساڵی 2021 لەبەردەرکی سەرای سلێمانی ، کە ناوجەرگەی بازار دەکات لەناو هەزاران منداڵ و گەنج و ژن و پیر دا نابەر پرسیارانە بە و گاز و دوکەڵە رۆژی حەشر دروستکرا ، هەرگیز دیمەنی ئەو منداڵ و پیرەمێردانەم لە یادناچێت کە لەسەر شەقامەکان کەوتبوون و هەناسەیان پێنەدەدرا!!!! ئەمانە هەمووی بە ڤیدیۆ و وێنە ئەرشیفن لەلام.
سەرەتا سوپاسی کردگاری مەزن دەکەم، دواتر بەتایبەت سوپاسی باوکم و دایکم و خێزانەکەم وکاک سیروان غەریب و نیگا گیانی هاوسەری و هاورێیانم لە دەزگا جوانەکەی وێستگەنیوز و هەموو ئەو هاورێ و دۆست و ئازیزانەم دەکەم، کە بۆ نەشتەرگەرییەکەم پێمەوە ماندووبوون و رۆژانە لە تەندروستییان پرسیوم ، بەنامەیەک یان پەیوەندیەک منیان بەسەرکردەوە، چاوی یەک بە یەکتان ماچ دەکەم ، خۆم بە قەرزارتان دەزانم ، لە دڵەوە سوپاستان دەکەم.
ماوەی چەند رۆژێک دەبێت لە وڵاتی ئێران دوای چوار ساڵ لە وەرگرتنی چەندین جەلسەی دەرمان، نەشتەرگەرییەکی گەورەم بۆ ئەنجامدرا
من لە منداڵیدا بە رووداوی هاتوچۆ کۆڵەکەی لوتم لەناوەوە خوار ببوو کەمێک کێشەی هەناسەی بۆ دروستکردبووم، لە ساڵی 2021 ماوەی دوومانگ رووماڵی خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانم کرد ، بەردەوام گاز و دوکەڵێکی زۆری هێزە ئەمنییەکانم بەردەکەوت، بەهۆیەوە توشی هەناسە توندی و حەساسیەتی لوت و قورگ و سییەکان بووم
ساڵی 2022 ش ماوەی دوومانگ رووماڵی خۆپیشاندانی خوێندکارانم کرد و رۆژانە گازی فرمێسک رێژ و دوکەڵێکی زۆرم بەردەکەوت، ساڵی 2023ش چەند جارێک لە خۆپیشاندانەکاندا ئەو گازەم بەردەکەوتەوە
دۆست و هاورێیانم شاهێدن کە ماوەی ئەم چوار ساڵە بە چ نارەحەتی و ناخۆشییەکدا تێپەریوم ، بەرکەوتنی ئەم گازە ئەوەی پێم زانیوە و لە فەحسەکانمدا هەیە کاریگەرییەکی خراپی لەسەر چاو لوت و قورگ و سییەکانم دروستکردووە ، توشی حەساسیەت و ئیلتیهابی زۆر و درێژخایەنی کردم، دواتر جیوبم بۆ دروستبوو، لەگەڵ چەند گۆشتێکی زیایەی ناو لوت
لەم چوار ساڵەدا، خەونم بە خەوێکی ئیسراحەتەوە دەبینی ، نەمتوانییوە بە مورتاحی لەگەڵ خەڵکدا نان بخۆم ، نەمتوانیوە رستەیەک بڵێم بەبێ ئەوەی هەناسەم توند نەبێت، نەمتوانیووە وەرزش بکەم و کەمێک بەپێ بڕۆم بە دڵی خۆم، نەمتوانییوە بۆ ماوەی یەک خولەک بە لوت هەناسە بدەم و دەم دابخەم ، باسی ئازار و سەر ئێشە و ئەوانەی دیکە هەر ناکەم.
لەو ماوەیەدا لای چەند دکتۆر چەندین جەلسە دەرمانم وەرگرت لە سلێمانی و تاران ،بەداخەوە وەک خۆی سودم لێ نەدەبینی چونکە رێژەی حەساسیەتەکەم زۆر بوو، بە هیچ شتێک کۆنترۆڵ نەدەکرا توشی گۆشتی زیایەی ناو لوتی کردبووم، جیوبەکانمی زۆر خراپ کردبوو، هەموو جارێک کە سەردانی دکتۆرم دەکردەوە نەشتەرگەری بە باشترین چارەسەر بۆ دادەنام بەڵام من نەمدەتوانی بریاربدەم چونکە پێی وتبوم کە کەمێک وورد و قورس ئەبێت هەر بۆیە بە دەرمان لەگەڵی رۆشم تامانگی 10 ساڵی 2024 کە بە تەواوی هەناسەم قەتع بوو ، چونکە قورگیشم توشی حەساسیەت بوو ، وە لەبەر ئەوەی بەردەوام بە دەم هەناسەم دەدا لەوزەتێنەکانم هێندە خراپ ببوو دکتۆر بەپەلە بریاری نەشتەرگەریدا بەڵام نەمکرد، چونکە لوتم بێ ئەندازە بێزاری کردبووم ، وام لێهات بە دەرمان و دەرزی نەبێت نەم دەتوانی هەناسە بدەم نە بە دەم نە بە لوت.
لەماوەی کەمتر لە 2 مانگی کۆتایی ساڵی پار دوو جەلسە دەرمانم وەرگرت هیچ باش نەبووم ، دکتۆر ئاگاداری کردم کە ئیتر دەرمان هیچ سوودێکی نیە ، جگە لە نەشتەرگەری ، بەڵام بەراستی ئەو دەرمانانەی وەرمدەگرت کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستیم دروستکردبوو، ئیشتیهای خواردنم نەمابوو ، هەرچیم دەخوارد گەدەم ئازاری هەبوو ، توشی سەرگێژ خواردن ببووم، دەست و قاچم سر دەبوون ، قژم هەڵدەوەری، تامی خواردنم نەمابوو، جەستەم بەرەو لاوازی دەرۆشت.
هێندە ماندووبووم بەدەست ئەم بابەتەوە کە ئێستا ئەمانە دەنوسم لەبەر خۆمەوە دەڵێم خوایە گیان بە چیدا تێپەریووم... بەدڵ نزا دەکەم ئەو رۆژانە هەرگیز نەگەرێنەوە.
لەکۆتاییدا دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر بریارمدا نەشتەرگەری بکەم لە وڵاتی ئێران، بۆیە ئەوێشم هەڵبژارد، چونکە زۆر باسیان دەکرد و خۆشم زۆر خوێندنەوە و گەرانم بۆ کرد، وە بەراستی تەمەنێکم بە نارەحەتی بە ڕێکردبوو ، نەمدەزانی چ بریارێکبدەم ، ئەو پزیشکانەی لە سلێمانیش سەردانم کردن هەموویان کەسی باش بوون سوپاسیان ئەکەم بەتایبەی ئەم دوو مانگەی کۆتایی ساڵی پار زۆر لەگەڵم بوون، کە چومە ئێران لەوێ قسەم. لەگەڵ چەند پزیشکێک کرد ئەوان بەهۆی نزیکی جیوبەکان و گۆشتە زیایەکەی ناولوتم، لە چاوومەوە پێیان باش بوو بە دوو نەشتەرگەری کارەکەم بۆ ئەنجامبدەن، نەشتەرگەرییەکیان گۆشتە زیایەکانم بۆ دەربهێنن، دوای چەند مانگێکی دیکەش جیوب و کۆڵەکەکەم بۆ چارەسەر بکەن، بەڵام من نەمتوانم قبوڵی بکەم کە دوو جار بەنج وەربگرم بۆیە خۆم بە خوا سپارد و بریارمدا هەر سێ نەشتەرگەرییەکە بەیەکەوە ئەنجام بدەم، ماوەی 6 کاتژمێر لە هۆڵی نەشتەرگەری بووم ، راستە نەشتەرگەرییەکەم قورسبوو ، رۆژانی سەرەتاش زۆر سەخت تێمپەراند، بەڵام سوپاس بۆخوا پزیشکەکەم پێی راگەیاندین کە یەکێک بووە لە کارە سەرکەوتووەکانی و خۆی زۆر لێی رازییە، بەڵام ئاگاداری کردم کە هێشتا حەساسیەتەکەم بەرزە و دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکابم و دەرمان وەربگرم، ئەو پارچە گۆشت و جیوبانەش کە پزیشکەکەم لە لوتم دەری هێنابوو راستەوخۆ ناردمان بۆ (pathology) زەرع بۆ دڵنیایی خۆمان، دوێنی راپۆرتەکەم گەرایەوە، تیاییدا هاتبوو کە من بەهۆی حەساسیەتی زۆرەوە توشی ئەمانەبووم، لە راپۆرتی پزیشکەکەشمدا ئاماژەی پێکراوە و هەموویم هەڵگرتووە و بڵاوی دەکەمەوە.
بەراستی ئەنجامی زەرعەکەم زۆر زۆر ئازاری دام، دووهێندەی ئەو چوارساڵە کە ناخۆش تێمپەراند، و دوو هێندەی ئازار و نارەحەتی نەشتەرگەرییەکەم خەمی پێدام و ئازاری دام، دەمەوێت بزانم ئەو تاوانە گەورەیە چییە کە رۆژنامەنوسێک لە ئەرکەکەی خۆی زیاتر هیچ لادانێکی نەبووە ، بەو قورسییە باجەکەی بدات ؟؟؟
نەک لوت و قورگم، چاویشم بە قورسی باجەکەیدا ، من خۆم کێشەی کزی چاوم هەبوو، لەدوای بەرکەوتنم بەو دوکەڵ و گازە فرمێسک ڕێژە، چاوم بەردەوام توشی هەڵئاوسان و سوربوونەوەی و خورانێکی زۆر ئەبوو
لەبەر رووناکی چاوم بچووک دەبۆوە و بۆم نەدەکرایەوە، نەمدەتوانی بەبێ عەینەک بچمە دەرەوە ، نەمدەتوانی بەجوانی بۆ یەک خولەک سەیری شتێک بکەم ئاو بە چاوما دەهاتە خوارەوە، چاوم تا دەهات ڵێڵ تر دەبوو، تاساڵی پار لە وڵاتی ئێران دکتۆر پێی وتم توشی حەساییەتیەکی زۆری چاوبوویت هەر لەوێ prk م بۆ چاوم کرد و چەند جەلسەیەک دەرمانم وەرگرت، بەداخەوە ئەمساڵیش کە سەردانی دکتۆرەکەمم کردەوە پێی وتم هێشتا چاوت حەساسیەتی ماوەو دەرمانی بۆ نوسیم.
ڕێزم هەیە بۆ ئازیزانمان لە هێزە ئەمنییەکان ، ئەوان پارێزەری گیان و ماڵمانن ،ماندوونەبن، ئەرکەکانمان تەواوکەری یەکترن ئێمەش پارێزەری دەنگ و مافی ئەوانین، هیوادارم، هەر کەسێکمان لەهەر ئەرکێکداین ، هەستی بەرپرسیارێتیمان لەدەستنەدەین ، وەک خۆی ئەرکەکەمان بەجێ بگەیەنین بە ویژدان و بە ڕێزەوە ، ئەگەر ناتوانین خزمەت بکەین، لایەنی کەم نەبینە هۆی ئازار و نارەحەتی بۆ کەس.
لە کۆتاییدا هەموومان رۆڵەی یەک نیشتیمانین ،خۆ ئەگەر پورزا و خاڵۆزای یەک نەبین ، هاورێ و خوشک و برای یەکین، پێویستە لە کاری یەکتر تێبگەین ، من لەکاتی رووماڵی خۆپیشاندانەکاندا بەردەوام هەوڵمداوە لە نێوان هەردوو لادا بمێنمەوە و روومال بکەم ، بەڵام هەمیشە هێزە ئەمنییەکان بە گاز و ئاو ناچاریان دەکردم و بە زۆر پەلکێشی ناو خۆپیشاندەرەکانیان دەکردم بەو هۆیەوە بەرکەوتەی هەموو ئەو کەرەستانەبووم کە لای هێزە ئەمنیەکانەوە ئاراستەی خۆپیشاندەرەکان دەکرا، لە کاتێکا شوێنی من نە لای خۆپیشاندەرە نە لای هێزی ئەمنی
چ شتێک قەرەبووی ئەو هەموو ئازار و ناڕەحەتییانە دەکاتە کە بەهۆی ئەو گازەوە تووشی خەڵک دەبێت؟؟؟؟
لەیادم ناچێت ساڵی 2021 خۆپیشاندەران بەرەو مەڵبەندی یەکی سلێمانی رۆشتن ، من کامێرامانەکەم لێ وون ببوو بەدوایدا دەگەرام ، کەوتمە ناو مەفرەزەی هێزە ئەمنییەکانەوە ، ئەوەندە گازیان رشتبوو چاو ، چاوی نەدەبینی نەتدەزانی بۆ کوێوە برۆیت، ئەوندەم گاز هەڵمژیبوو لەبەردەم یەکێک لە کۆمپانیاکانی نزیک چێشتخانەی شێف بەرخ کەوتم و هەستم ئەکرد لە هۆش خۆم ئەچم ، کەسێک لە هێزە ئەمنییەکان هات و هاواری بەسەمدا کرد و بە دارەکەی دەستی لە شانی دام و دەیوت، هەستە بۆناو سەیارەکە، منیش بە ئیشارەت پێم دەوت هەناسەم بۆ ناردێت ، ئەویش وتی کەیفی خۆتە و بەجێی هێشتم، چەند کەسێک لە کۆمپانیای مەریوانی رایانکێشامە ناو کۆمپانیاکەوە و ئاو و لیمۆیان بە دەمووچامدا کرد.
هەموومان دەزانین کارکردن ، قوربانی دانی دەوێت ، توشی خۆشی و ناخۆشی ئەبیت بە هۆیەوە، دەزانین کاری رۆژنامەوانیش لە کوردستان بە چ جۆرێکە ، کاتێک لە زانکۆ بەشی قانون سیاسیەم بەجێهێشت و لە بەشی راگەیاندن دەستم بە خوێندن کرد دەمزانی ئەرکەکەم قورسە ، کاتێکیش دەستم بە کاری رۆژنامەوانی کرد زۆرباش تێگەشتم کە ئەگەر جارێک بۆ پیاوێک قورس بێت ، 10 جار بۆ ژنێک قورسە کە سەربەخۆیانە و بێلایەنانە و پیشەییانە کاری رۆژنامەوانی بکات و هیچ کەس و پارە و پلە و پۆستێک لە رێگاکەی لای نەدات.
ماوەی 7ساڵە کاری رۆژنامەوانی دەکەم ، 5 ساڵی تەمەنی کارەکەم لە دەزگا جوانەکەی وێستگەنیوز بووە، چەندین خۆشی و ناخۆشیم تێپەراندووە ، کە هەموویان یادگاری و سەرکەوتن و شانازین بۆ من ، هیوادارم دوای هەستانەوە و باشبوونم، زیاتر لە جاران خزمەت بکەم و کاری زۆر گەورەتر و سەرکەوتنی زۆر زیاتر تۆمار بکەم بە پاڵپشتی خێزانەکەم و وێستگەی ئازیز
لە یادم نەچێت، پێویستە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی چەند کەسێک بکەم کە نامەوێت ناویان بهێنم ، لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە بارودۆخم بەم جۆرەبوو ، بەردەوام هەواڵیان پرسیوم و لە خەمی مندابوون و بۆ بەردەوامی لەکارەکەم پشتگیریان کردووم، لەیادی ناکەم.
هیوادارم حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار لە خەمی خەڵکدابن چارەسەرکردنی گرفت و خزمەتی هاوڵاتیانی کوردستان کاری لە پيشینەیان بێت، کە گرفتەکان کەمبوونەوە ، شەقامەکانیش خۆپیشاندەر و بەرد و گاز و ئاو بێزاریان، ناکات و، نەهێزی ئەمنی و نە رۆژنامەنوس و نە خۆپیشاندەریش گیان و تەندروستییان لە مەترسییدا نابێت.
PM:03:10:11/01/2025
ئهم بابهته 1456
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی