ئەو وڵاتەی ئەندازیاری لەباربردنی شۆڕشەكان و ڕیشەكێشكردنی ئیسلامییەكانە !

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

دیمەنی پێشوازی كردنی بەرپرسانی دەوڵەتی ئیمارات لە شاندە سووریەكە دیمەنێكی زۆر ساردو  سڕو  تاڕادەیەكیش گاڵتە ئامێز بوو !!  لەو هۆڵەدا كە هەردوو شاند تێیدا كۆبوونەوە  ئاڵای نوێی شۆڕشی سووریای تێدا دانەنرابوو  ، (عەبدوڵا بن زاید ) ی وەزیری دەرەوەی ئیمارات بە پێڵاوی وەرزشیەوە لەگەڵ ( ئەسعەد شەیبانی) هاوتا سوریەكەی و شاندی یاوەری كۆبوەوە !! تەنانەت هۆڵی كۆبوونەوەكەش  ئەو هۆڵە تایبەتە فەرمیە نەبوو كە سەرانی ئەو وڵاتە لەگەڵ وەزیرو  بەرپرسە باڵاكانی ئیسرائیل و  وڵاتانی تری عەرەبی و جیهانیی دا  كۆبوونەوەی فەرمی تێدا ئەنجام دەدەن!

بێجگە لەوە و  دوور لە دۆسیەی سوریاش ، هەوڵدانی ئیمارات بۆ وەرگرتنی شاعیرو چالاكوانی مەدەنی ( عبدالرحمن یوسف قەرزاوی ) لە دەسەڵاتدارانی لوبنان  ،  بەپێچەوانەی هەموو یاسا و ڕێسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان  ، لە كاتێكدا ناوبراو هاوڵاتیەكی میسریە و  هەڵگری ڕەگەزنامەی توركیایە  ، نە هەڵگری ڕەگەزنامەی ئیماراتە و ،  نە لە ڕابردوودا لەو وڵاتەدا ژیاوە و نە ئێستاش لەو وڵاتەدا دەژی! 

ئەم ڕەفتارو  هەنگاوانەی دەسەڵاتدارانی ئیمارات هەموویان ئاماژە و  ڕەنگدانەوەی سروشتی ئەو سیاسەتەن كە ئیمارات بەرانبەر بە شۆڕشەكانی وڵاتانی ئیسلامیی گرتویەتیە بەر ،  ئەو شۆڕشانەی كە ئامانجیانە ڕژێمە دیكتاتۆرەكان ڕابماڵن و  ، كۆتایی بە نەهەماتیەكان و  سیاسەتی خۆسەپاندن و چەوساندنەوەی گەلان بهێنن! 

گومانی تێدا نیە ئەو نەهج و سیاسەتەش كە ئەمڕۆ حكومەتەكەی (فەتاح سیسی) لە میسر بەرانبەر بە سووریای دوای ڕژێمە ڕووخاوەكەی ئەسەد پەیڕەوی دەكات  ، هەمان ئەو سیاسەت و هەڵوێستە فەرمیەیە كە دەسەڵاتدارانی ئیمارات بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی نوێی شۆڕشی سوریا پیادەی دەكەن! 

مەعلومە و  هەموومان دەزانین لە ڕابردوودا ئیمارات پشتیوانی سەرەكی كودەتاكەی (عبدول فەتاح سیسی) بوو بەسەر سەرۆكە هەڵبژێردراوەكەی وڵاتی میسردا !!  هەڵگیرسێنەری شەری ناوخۆیی بوو لە لیبیا  ،  پشتیوانی ( حەفتەر )ی كردو لیبیای پارچە پارچە كرد !! دەسەڵاتی خۆی بە سەر بەندەرەكانی یەمەندا سەپاند و دوای كوشتنی هەزاران هاوڵاتی یەمەنیی دوورگەی (سوقەترا)ی داگیركرد !! لە سودانیش شەڕی ناوخۆی بەرپاكردو یارمەتی هێزەكانی ( حەمیدەتی )دا  ، ئەو هێزانەی كە پشكی شێریان هەبوو لە قەتڵ و عام كردن و جینۆسایدكردنی خەڵكی سودان و دەستدرێژی كردنە سەر شەرەف و ناموسی هەزاران ئافرەتی ئەو وڵاتە وێران بووە !!

گەڕانەوە و  زیندوو بوونەوە و  نوێ بوونەوەی جارێكی تری شۆڕشەكەی گەلانی سوریا لەژێر خۆڵەمێش و پاشماوەی كۆتا لەحزەكاندا دوور نیە كاریگەری دروست كردبێ و  ،  پاڵی بە بەرەی ( شۆڕشی دژە شۆڕشەكان )ـەوە نابێت هەڵوێستەیەك بكەن و  چەند هەنگاوێك بەرەو دواوە بگرنەبەر !! دیارترین بەڵگەش  :  ئامادەبوونی شاندی شۆڕشەکەی وڵاتی شامە  لەنێو سوچی دیواخانی ( بەرەی شۆڕشی دژە شۆڕش )دا.

پرسیار ئەوەیە  :  ئایا ئیمارات ئامادەیە گۆڕانكاریی تەكتیكیی یان ستراتیژیی بهێنێ  بەسەر ئەو سیاسەتەدا  كە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا  دژی گەلانی ناوچەكە و  جوڵانەوە ئیسلامییەكانیان پیادەی كردووە ؟!  ئایا ئەم دەوڵەتە عەرەبییەی كەنداو ئامادەیە گۆڕانكاریی بەو  پیلان و جموجووڵ و سەفقە گوماناوی و  ترسناكانە بێنێت كە بە ئاشكراو لە پشتی پەردەوە لەگەڵ ڕژێمە دیكتاتۆرەكانی ناوچەكە و دەزگا ئەمنی و هەوڵگریەكانیان و  ،  وڵاتانی ئەمریكا و ئیسرائیل و خۆرئاوادا ئەنجامی داون و ئەنجامیشیان دەدات بۆ لەباربردنی شۆڕشی گەلە ستەمدیدەكان و  ڕیشەكێش كردنی ئیسلامییەكان ؟!  

یان نەخێر !! ئامادە نیە دەست لەو سیاسەت و نەهجە هەڵگرێ مادامەكو تا ئێستا شۆڕش لەو وڵاتانەدا سەری هەڵنەداوە كە ئیمارات داڕێژەرو ئەندازیاری كودەتا بووە تێیاندا!!


PM:03:53:08/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 2880 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی