نووری مالیکی ئەم کابووسەی بینیوە!

‌کارزان حاجی قادر


کەوتنی دیمەشق بەو ساناییە بەدەستی گرووپە ئیسلامییە سوننییەکان ترس و نیگەرانی زۆری لەلایەن سەرکردەکانی شیعە لە عێراق دروستکردووە، بەشێوەیەک رۆژ نییە، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو پێکهاتەیە قسە لەسەر مەترسییەکانی سەر عێراق و بوونی پلانێکی تۆکمە و داڕێژراو دژ بە وڵاتانی ناوچەکە نەکەن.

لێدوانەکانی بنیامین نەتەنیاهۆی، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتەکانی نووری مالیکی،سەرۆکی دەوڵەتی یاسا دەربارەی بوونی پلانێک بۆ دابەشکردنی وڵاتانی ناوچەکە، دەکرێت دەرخەری ئەوەبن، لە داهاتووی دوور یاخود نزیک ئامانجی ئیسرائیل، ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا عێراق بێت، بەوپێیەی ئێستا شیعەکان دەسەڵاتداری یەکەمی وڵاتن و راستەوخۆش کەوتوونەتە ژێر هەژموونی ئێران و بەبێ تارانیش هەنگاو نانێن، کە ئەمەش وادەکات وڵاتان لە رێگەی گۆڕانکارییەوە بیر لە دەرهێنانی عێراق لەژێر هەژموونی ئێران بکەنەوە.

نووری مالیکی، کە یەکێکە لە باڵادەستترین سەرکردەکان و زۆرجاریش بە سەرکردەی دەوڵەتی قووڵ لە عێراق ناوزەد دەکرێت زیاتر لە هەرسەکردەیەکی دیکەی عێراق تای گۆڕانکاری لەو وڵاتەی هاتووەتێ، چونکە ئەو لە رابردوودا جارێک ئەو دیمەنەی سووریای لە عێراق  بینوە، کە داعش هێرشیکرد و سوپاش بەبێ تەقە شارەکانی تەسلیم کرد، هەربۆیەش لە دوای کەوتنی دیمەشق بەردەوام پێداگیری لەسەر بەهێزی عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک دەکات.

 ئەوەی لێرەدا دەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەو هۆکارانەن، کە وادەکەن عێراق زوو بکەوێتە داوی گۆڕانکارییەکان و هاوشێوەی سووریا رووبەڕووی گۆڕانکاری لە سیستەمی حکومڕانی و لاوازی شیعەکان لەو وڵاتە ببێتەوە.

1-بە ئامانجکردنی سەرکردەکانی حەشد و دەسەڵاتدارانی باڵای شیعە لە عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە، جا بە ئامانجکردنەکە راستەوخۆ لە رێگەی ئاسمانی یاخود ناڕاستەوخۆ بە تیرۆرکردنیان لەنێوخۆدا بێت، ئەمەش بەو پێیەی ئیسرائیل لەبەرامبەر حەماس و حزبوڵڵای لوبنان پەیڕەوی کرد، کە بەشێک لە سەرکردەکانی لە رێگەی بە ئامانجکردنی ئاسمانی و بەشێکی دیکەیان لە دەرەوە تیرۆر کرد، بە گرتنەبەری هەنگاوێکی لەمشێوەیە، راستەوخۆ دەسەڵاتی شیعەکان لە عێراق لاواز دەبێت و ئەو کاریگەرییەیان نامێنێت، کە ئێستا هەیانە.
2-هاتنی ترەمپ و گرتنەبەری سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژ بە دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق هاوشێوەی ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا بەرامبەر ئێران گرتییەبەر، جا گوشارەکان ئابووری بن یاخود سیاسی، جگە لەمەش رەنگە لەنێوخۆدا هاوشێوەی سەردەمی لەکارلادانی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق پشتیوانی لە خۆپیشاندانی جەماوەری بکەن، کە ئەمەش ئەگەرێکی بەهێزە و دەسەڵاتدارانی شیعە ناچار بە سازشکردن و گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکەن.

3-دنەدانی فەرماندەکانی سوپا لەلایەن کەسانی سوننەوە لە دەرەوەی عێراق بۆ ئەنجامدانی کودەتا، بەتایبەت، کە سوننەکان تاڕادەیەک لەنێو سوپادا باڵادەستن، لە چەند رۆژی رابردووشدا داواکاری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان بۆ یەکڕیزی لەنێوان حەشد و سوپا رەنگە هۆکارەکەی هەر ئەو ترسە بێت.

4-بیانووی هەڵنەوەشاندەوەی حەشد و هێرشە بەردەوامەکانی ئەو هێزە دژ بە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی دەشێت ئەگەرێکی دیکە بێت بۆ پەلاماردانی عێراق لەلایەن، ئیسرائیل و ئەمریکا و لاوازکردنی پێگەی شیعە لەو وڵاتە.

5-مەترسییەکانی بەهێزبوونەوەی داعش لەنێوخۆ و ئەگەری هاتنی هەزاران چەکداری دەستگیرکراوی ئەو رێکخراوە لە کەمپی هۆل بۆ ئەو وڵاتە، هەڕەشەیەکی جددیترە لەسەر عێراق، هەربۆیەش دەسەڵاتدارانی شیعە بەردەوام پێداگیری لەسەر ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دەکەنەوە.

لەژێر رۆشنایی ئەم هۆکارانەی دیارمانکرد، بێکاریگەرکردنی دەسەڵاتدارانی شیعە زۆر لەوە ئاسانترە، کە بیری لێدەکرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بە بڕوای من شیعەکانی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ تاران بۆ خۆ دوورخستنەوە و رێگریکردن لە هەر ئەگەرێک، کە ببێتە هۆکار بۆ گۆڕانکاری یاخود لاوازبوونی پێگەکەیان بۆ ماوەی چەند ساڵێک چەند  رێکارێکی دیاریکراو دەگرنەبەر و سازش لەسەر چەند پرسێک دەکەن لەوانەش ،
1-سەرجەم هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر ئیسرائیل  دەوەستێنن و دوور و نزیکیش باس لە پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە ناکەن.

2-تاڕادەیەکی زۆر  ئەو فۆکسەی سەر حەشد  لادەدەن و  سەرکردەکانی هێندە قسە و لێدوان لەسەر رووداوە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ناکەن،بە پێچەوانەوە زۆرتر رۆڵی سوپا دەردەخەن و وای نیشاندەدەن، کە سوپا کاریگەرترین هێزە لە وڵات، لە چەند رۆژی رابردووشدا بەگوێرەی  ئەو زانیارییانەی لە میدیاکان بڵاوببووەوە، قائانی لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی حەشد داوای لێکردبوون پابەندی رێنماییەکانی شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بن و خۆیان لە هەر هێرشێک بەدوور بگرن. 
3- سیاسەتێکی میانڕەو بەرامبەر بە سوننەکانی عێراق پەیڕەو دەکەن، بەتایبەت لە ناوچە سوننە نشینەکان بۆ ئەوەی بە هەمانشێوەی 2014 رووبەڕووی هێرشی گرووپە سوننەکان نەبنەوە، هەروەها یاسای لێبووردنی گشتی کە سوننەکان پێداگیری لەسەر دەکەن، رەنگە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و تێبپەڕێندرێت.

4- بۆ رازیکردنی ترەمپ و  ئیدارەکەی، رەنگە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دوا بخەن و تاڕادەیەکیش پەیوەندییە ئاشکراکانیان لەگەڵ ئێران بەژێر بەژێری بهێڵنەوە.

کەواتە بەگوێرەی ئەو رێکارە پێشبینیکراوانەی ئاماژەمان پێیدا، دەکرێت بڵێین، چوار ساڵی داهاتوو، شیعەکان لە عێراق  هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەکان دەکەن و هەموو هەوڵێکیان بۆ رازیکردنی لایەنەکان لەنێوخۆ و دەرەوە دەبێت، هەروەها دەستبەرداری بەشێکی زۆر لە دروشمەکانی دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پشتیوانیکردن لە کەرتی غەززە و لوبنان دەبن، جگە لەمەش هەوڵدەدەن خۆیان لەو کارانە ببووێرن، کە کاردانەوەی دەرەکی لێدەکەوێتەوە.


PM:01:59:07/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 1332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی