کۆتایی ئیخوان و سەلەفی جیهادی

‌شوان حەمە

لەو دەمەوە حەسەن بەنا ڕێکخراوی ئیخوانی موسلمینی درووستکردن (1928) تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، هەرگیز کەسایەتی ئیخوانی، هێندەی ئێستای سوریا لاواز و یاریپێکراو نەبووە. لەڕابردوودا ئیخوان وەک بزووتنەوەیکی سیاسی ئیسلامی، لە ناو سیستمی دیموکراتی و پەرلەمانیدا کاری کردووە، بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبی، شانە و گروپە چەکدارە ئیخوانییەکان، وەک بەشێک لە دیمەنە جیهادییە گەورەکە، خۆیان ئاشکرا کرد.

ئەوەی ئێستا لە سوریا ڕوو دەدات وەک شانۆیەک وایە. بوکەڵەی دیاری سەر شانۆکە،کۆنە سەلەفییەکی جیهادییە بە ناوی ئەبو محەمەد جولانی، کە لەیەککاتدا نوێنەرایەتی ئیخوانی و سەلەفی دەکات.

یارییەکە بەم شێوەیە دەستیپێکرد: ئیسرائیل و ئەمریکا و ئەوروپیەکان، سیناریۆ و شانۆیان ئامادە کرد، رۆڵی چالاکیان بە تورکیا دا، پاشان جیهادی و ئیخوانییان هێنا گوتیان ئەو کارە ئەنجام بدەن کە ئێمە پێتان ڕادەسپێرین.

ئەوانەی سیناریۆکەیان داڕشت، بینیبویان جولانی قورس و گۆشتنە، بۆیە سەرەتا کێشیان دابەزاند، تا لەڕوی جەستەییەوە وەک فۆرمێکی خوازراو قبوڵ بکرێت. کاتێک گەیاندیانە دیمەشق لە ناوە ئیسلامییە جیهادییەکەی دایانماڵی و کردیانەوە بە کەسێکی ئاسایی، دواتر چاکەت و پانتۆڵیان لەبەر کرد، زۆری پێنەچوو بۆینباخێکیشیان کردە ملی.

ئەو سیناریستە بێ ویژدانانە، هیچیان بە سەلەفی جیهادی و ئیخوانییەکانەوە نەهێشتووە. بە بڕیاری حکومەتەکەی تەحریری شام، باڕو دیسکۆکانی دیمەشق کرانەوە، ئێستا لەسوریا نەک هیچ جیهادییەک باسی سەبی و جزیە ناکات، بەڵکو بەبڕیاری جولانی، ژنانی کریستیان و دروز، پۆستی پارێزگارو بەرپرسیاری باڵا وەردەگرن.

لەشکستی عەرەبەوە لە حوزەیرانی ساڵی 1967 لەبەرامبەر ئیسرائیل، کە بوو بە هۆی گەشەی ئیسلامی سیاسی، هەرگیز حاڵی سونەی عەرەب، بەم ئاستەی ئێستا شێواوو سازشکار نەبووە.

لەو ڕۆژەوە سونە عەرەبەکان دیمەشقیان ڕادەست کرا، ئیسرائیل بە کەیفی خۆی خاکی سوریا داگیر دەکات. ئیسرائیل لە چەند ڕۆژێکدا تەواوی هێزە زەمینی و دەریایی و ئاسمانییەکانی سوریای تێکشکاند. تەنانەت چەندین گەنجی مەدەنی ناڕازی سوری، بەگولەی سوپای ئیسرائیل کوژراون، بەڵام سوبحانەڵا، سونەی جیهادی و ئیخوانی، سەری خۆیان کزکردوەو هیچ ناڵێن. ئێستا نەکەس تەکبیر دەکات، نەکەس هاوار لەخەیبەر دەکات، بەڵام رۆژانە لێدوانی ئاگرین دژ بەئێرانی نینۆککراو دەدەن.

ئەگەر چیرۆکی سونەی جیهادی دژ بە جیهانی مۆدێرن، لە نیویۆرک و ‌هێرشەکەی یازدەی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ وە دەست پێبکات، ئەوا کەوتنی سونەی جیهادیش لەسەر دەستی شەڕڤانە کچ و کوڕەکانی کورد، بەهاوکاری ئەمریکاو هاوپەیمانان. ساڵی 2019 لەسوریاو لەباغۆز کۆتایی دێت.

مادەم سونەی جیهادی لەسوریا تێکشکا، پێویستە سونەیەکی گوێرایەڵ و دەست لەسەر سینگ لە هەمان وڵات جێگیر بکرێت. ئێستا ئەو گوێڕایەڵە دەستلەسەر سینگە ئەحمەد شەرعە، کە تا دوێنی ناوی ئەبو محەمەدی جولانی بوو!


PM:12:25:05/01/2025

ئه‌م بابه‌ته 2352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی