بۆچی هەموومان بێزارین ؟!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
( بێزاریی ) حاڵەتێکی دەروونیی نێگەتیڤە و ، هەندێ جار باڵ بەسەر ژیانی مرۆڤەکاندا دەکێشێ و ، دەبێتە هۆی بێ بەشکردنیان لە چێژ و ئارامیی و ئاسوودەیی دڵ ...ئەم حاڵەتە دەروونییە خراپە مرۆڤەکان دەکاتە دیلی خەفەت و پەژارەو دڵەڕاوکێ و ، بەرەو لاوازبوونی ورەو حەماسەت و سست بوون و خاوبوونەوە دەیانبات!!
زۆر جار ئەو بێزاری و بێ تاقەتی و شڵەژانە دەروونیی و کارەساتەی تێیدا دەژیت لەبەر ئەوە نیە ( تۆ هاوسەرییت نەکردووەو تەنهایت ، یان بەتاڵ و بێ کاری ، یان لەبەرئەوەی گرفتێکت هەیە ، یان لەبەر ئەوەی نەخۆشی ..... تادوایی ).
بەڵکو هۆکارێک لە هۆکارە سەرەکیەکان ئەوەیە : تۆ دەقت بە جۆرە ژیانێکی تایبەتەوە گرتووە ، لە گەڵ ڕۆتینێکی ڕۆژانەی دووبارە بوەوەدا ڕاهاتوویت ، کۆمەڵێ جموجۆڵ و چالاکی دیاریکراوی ڕۆژانە ئەنجام دەدەیت و هیچی تر !!!!!
نموونەیەک بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە :
تۆ لە خانوو و کۆشکێکی جوان و گەورەدا دەژیت ، ژیانێکی ماددی نایاب و چاکت هەیە ، هەموو جۆرە پێداویستیەکت لەبەر دەستەو ئامادەیە ، بەڵام تۆ هەموو کاتەکانی ڕۆژانەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ، سەیرکردنی ڤیدیۆ و ، دەرچوون لەگەڵ هاوڕێکانت بۆ گەڕان و گازینۆ و نادیەکان بەسەر دەبەیت !
ئەم ڕیتمە لە ژیانکردن ڕۆژانە بەم شێوە ، بەرە بەرە تۆ بەرەو بێزاری و بێ تاقەتی و وەڕەس بوون لە ژیان و ، نائومێدی و بێ هیوایی و ڕەشبینی دەبات ...
تۆ هیچت پێویست نیە و ژیانت خۆشە ، بەڵام ڕیتم و سروشتی ژیانی ڕۆژانەت و ، جۆری جموجۆڵ و پەیوەندیەکانت ...
بێزار بوون و ڕەشبینی و قەلەق و نائارامیی دەروونی بۆ دروست کردوویت.
نەک - بۆ نمونە - هەژاریی و نەبوونی و بێ پارەیی و برسێتی !!
دەبێ بزانین ... ئاسوودەیی و دڵخۆشیی و ئارامیی دڵ و دەروون تەنها ڕێچکەیەک و ئاراستەیەکی تایبەت و دیاریکراو نیە ، بەڵکو کاروانێکە ، ئێمە دەتوانین لە ڕێی گۆڕین ڕەفتارو نەریتە ڕۆژانەکانمان و ، هەمە چەشنەکردنی جوڵەو بەرهەم و چالاکیەکانمانەوە ، ئەو کاروانە جوانترو ڕازاوەترو زیندووترو پڕ چێژ تر بکەین.
PM:01:31:04/01/2025
ئهم بابهته 2308
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی