بۆچی جولانی نایەوێت ئێستا سووریا دەستووری ھەبێت؟
نەوزاد هێتوتی
ئەحمەد ئەلشرع (جولانی) لە 29 دیسەمبەری 2024 لە دیمانەیەكیدا لە گەل كەنالی ئەلعەرەبییە باسی ئەوەی كرد تاوەكو 4 ساڵی دیكە باسی ھەڵبژاردن لە سووریا نەكەن. ھەروەھا باسی ئەوەشی كرد كە 3 سال پێویستە تاوەكو ببینە خودان دەستوور یان خود دەستووریك بۆ سووریا دابنرێت، پرسیار ئەوەیە : بۆچی دەسەڵاتی ئێستای سووریا پەلە ناكەن لە دارشتنی دەستوورێكی نوێ بۆ سووریا؟ ئامانج و مەبەستەكانی پشت ئەم قسانەی ئەلشەرع بۆچی دەگەرێتەوە؟ ئایا ھەر بەراستی دانانی دەستوورێك بۆ سووریا ئەم ماوەیە درێژە پێوێستە؟
لە راستیدا دانانی دەستورێك بۆ وڵاتێكی وەك سووریا ھیچ پێویست ناکات ئەوەندە دوابكەێت بە تایبەت ئەگەر نییەتێكی دروست ھەبێت بۆ دانانی دەستوورێكی مەدەنی و دیموكراستی، بە شێوەیەك رەنگدانەوەی خواست و بەرژەوەندی ھەموو پێكھاتە و ھێزە سیاسییەكان بێت و گرنتی مافی ھەموو لایەنەكان بكات. تەنانەت ئەگەر بوچونێك ھەبێت پێوایە داریشتنی دەستووری ھەمیشەیی كاتی پێوێستە ئەوا دەكرێت دەستوورێكی كاتی دابنرێت، ھاوشێوەی عێراق تاكوو دەستووری ھەمێشەی دادەرێژرێت. بەڵام، ئەوەی راستی بێت ھۆكارەسەرەكییەكانی پال ئەم سیاسەتەی ئەلشەرع وحكوومەی نۆێ سووریا ھیچ پەیوەندییەكی بەوەوە نییە كە دانای دەستووری ھەمیشەی پێویستی بەكاتە، بەڵكوو ھۆكارە راستەقینەكانی بۆ چەند خالێكی زۆر گرنگ دەگەرێتەوە كە دەكریت لەم لەمەی خوارەوەدا كۆبكرێنەوە:
یەكەم، دەسەلاتی نوێ سووریا بە ھیچ شێوەیەك نایەوێت لە ئێستادا دەستووریك بنوسریت بۆ سووریا ئایندە كە ھێشتا پیگەكەیان زۆر بە ھێز نییە و نەیانتوایەتی دەسەلاتی خۆی بە سەر ھەموو سووریادا بسەپێنێت. ئەوان زۆر باش ئاگاداری ئەو راستییەن كە كاتێك لە حالەتی لاوازیدا دانوستاندن دەكەێت یان دەتەوێت دەستوورێك دابنێت، ئەوا ناچاری سازش و تەنازولاتی زۆر بۆ لایەنەكانی تر بكەێت. لێرەدا توو ناتوانێت دەستوورێك دابنێت تەنیا رەنگدانەوەی بوچوون و بەرژەوەندییەكانی خوت بێت و دەبێت رەچاوەی پێگە و سەنگی لایەنەكانی تر بكەیت. ئەم نموونەیە لە عێراقدا ھەیە لە سەرەتای 2003 تاكوو نوسێنەوەی دەستووری ھەمیشەی لە سالی 2005 لەبەر ئەوەی پێگەی شیعەكان لاواز بوو و باوەریان نەدەكرد دەبنە خاوەن ھەموو عێراق، بوویە سازشی زۆریان بۆ كورد كرد و رازی بوون سیستمێكی فیدرالی بە دەسەلاتی فراوان لە عێراقدا ھەبێت. بەلام زۆری پێنەچوو شیعەكان پاشگەز بوونەوە وخودی مالیكی لە ساڵی 2008 جەختی لەسەر ئەوە دەكرد دەبێت پێداچوونەوە بە دەستوور بێت، چونكە لە قوناغێكی ناسەقامگیردا نووسراوە. ئەمە بو سووریاش راستە ئەوان پێیان وایە قوناغەكە ناسەقامگیرە و پێگەیان بەھێز نییە، بوویە چوونە ناو دانوستاندنی داریشتنی دەستووریك بۆ سووریا لە بەرژوەندییان نییە.
دووەم، حكوومەتی ئێستای سووریا دەیەوێت كاتێك دەستوور بنوسرێت كە بە تەواوەتی دەسەلاتی خۆیان دەسەپێنن بە سەر ھەموو خاكی سووریادا و پێگەی كورد و پێكھاتەكانی تر لاواز دەبێت. ئەو كات دەتوانن بە كەیفی خۆیان دەستوورێك بنووسن كە سەد لە سەد رەنگدانەوەی بەرژەوەندییەكانیان بیت. لێدوانەكانی ئەل شەرع زۆر بە روونی ئاماژە بەوە دەكات ھیچ فورمێكی دابەشكاری لە سووریا پەسەند ناكەن. ئەمەیش واتە ئەوان لە گەل سیستمی نامەركەزی، ئۆتۆنۆمی یان فیدرالی نین. كەواتە ئەوان ئامادە نین لە سەر ئەم پرنسیپانە لە گەل پێكھاتەكان قسە بكەن. ئەمە لە كاتێكدایە كورد و تەنانەت دورزەكان دوایی ئۆتۆنۆمی بو ناچەكانیان دەكەن. تەنانەت لە 1یی ئەم مانگەدا كاتێك چەكدارەكانی سەر ھەیئەت تەحریر شام ویستان بچەنە ناو شاری سوییدا لە باشوری سووریا، ھێزە چەكدارەكانی سەر بە دوورزەكان رێگەیان لێگرگن و نەیانھێشت گروپە چەكدارەكان بچنە ناو شارەكەیان. تەنانەت رێبەری رووحیی دورزەكان باسی ئەوەی كرد نابێت كەس باسی چەكدانان لە ئێمە بكات بەتایبەت لەم كاتەدا تا كوو دەبینە خودان دەستوورێك كە مافەكانی ئێمە تیدا گرنتی كرابن. ئێستا دوورزەكان داوای سیستمی فیدرالی بۆ ناوچەكەیان دەكەن و بێگومان ئیسرائیلیش پالپشتیان دەكات.
سێیەم، حكوومەتی ئێستای سووریا لە ژێر گوشاری كومەڵگەی نێودەۆلەتیدایە بۆ ئەوەی دەستوورێكی مەدەنی، دیموكراستی و پێشكەتوو بۆ سووریا دابنرێت بە شێوەیەك فورمێكی ئایدۆلوژی بەرتەسك بەسەر خەڵكی سووریادا نەسەپێنرێت. كەواتە ئەوان لە ئێستادا نایانەوێت كومەڵگەی نێودەولەتی لە خوویان تورە بكەن یان كارێك بكەن ببێتە ھۆی ئەوەی پالپشتی دەرەكی لە دەست بدەن. بوویە، باشترین بژاردە ئێستا ئەوەیە لە ژێر پەردەی شەرعییەتی شورەشگری درێژە بە حكوومەكەیان بدەن و پەلە نەكەن لە نووسینەوەی دەستوور. بۆ ئەوەی تا 3 یان 4 سالی تر بە تەواوەتی بەھێز دەبن و دەسەلاتی خۆیان دەسەپێنن و دڵنیا دەبن لەوەی ھەرەشەی ناوخوویی و ھەرێمی و تەنانەت نێودەولەتی لە سەریان نامێنێت. ئەوكات بە ئەگەری ھەرە زۆر دەستوورێك بۆ سووریا دادەنن كە بە تەواوەتی رەنگدانەوەی ئایدولوژیی تووندرەوی خوویان بێت.
PM:11:25:02/01/2025
ئهم بابهته 1312
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی