داتاییزم، کۆمپانیاکان، توانای بڕیاردان، زیرەکی دەستکرد (AI)، و رۆڵی مرۆڤ

‌ئالان عەتوف

مارتن ریڤس، میهنا مۆڵدۆڤنو، ئادەم جۆڤ – گۆڤاری هارڤارد بزنس – ١١/١٢/٢٠٢٤

لە ئینگلیزییەوە – ئالان عەتوف

لە سەردەمی زیرەکی دەستکرد (AI)شدا، توانای بڕیاردانی مرۆڤ هێشتا هاوتای نییە.

پێشکەوتنی خێرای زیرەکی دەستکرد (AI) جۆش و خرۆشی خستووەتە ناو هەمووانەوە سەبارەت بە توانستی ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێک لەبارەی مەسەلەی (بڕیاردانەوە لەناو کۆمپانیاکاندا) لەرێی لابردنی ئەو کارمەندانەوە کە هەڵە دەکەن و تێچوویان زۆرە بۆ کۆمپانیاکان، و جێگرتنەوەیان بە زیرەکی دەستکرد. بەڵام زۆر ساویلکانەیە وابزانیت کە تەنها لە ڕێگەی کۆکردنەوەی داتای زۆروزەبەند و داخڵکردنیانەوە بەناو ئەلگۆریزمە بەهێزەکاندا، کۆمپانیاکان دەتوانن بگەن بە راستی و بڕیاری راست و دروست لەپێناو دروستکردنی بەهای بازرگانی و قازانجدا.  

ئێمە بەم باوەڕە هەڵەیە دەڵێین (داتاییزم – Dataism) یان داتاگەرایی.   

(بڕیاردان) تەنها بریتی نییە (لە تەمرینکردن لەسەر کۆکردنەوەی داتاکان و شرۆڤە ئەلگۆریزمییەکان)، بەڵکو چەندین توخمی پڕ ووردەکاری تری لە خۆگرتووە لەوانەش: سەرچاوەی باوەڕپێکراوی داتا، خستنەگەڕی خەیاڵدانی مرۆڤ بۆ پێشبینیکردنی ئەگەرەکان لەودیو ئەو فاکتانەوەی لەبەردەستماندان، و حوکمدان لەسەر لەکردنهاتوویی چارەسەرەکان. ئەمانەش ئەو بوارانەن کە مرۆڤ تیایاندا خاوەن باڵادەستییەکی زگماکییە لەچاو ماشێنە تەکنەلۆژییەکاندا. گرنگیشە بزانرێت کە ئەمانە توانای مرۆیین و تایبەتن بە ناواخنی مرۆڤەوە و زۆربەی کات ناتوانین ئەوانی تریان لەسەر رابێنین.  

نموونەی کۆداک و فوجی - (Kodak and Fuji)

با سەیری کەیسی هەردوو کۆمپانیای کۆداک و فوجی بکەین. هەردوو کۆمپانیا بەیەک ئاست دەستیان گەیشت بەو (داتایانەی) کە باسیان لە سەرهەڵدانی فۆتۆگرافی دیجیتاڵی دەکرد. هەردووکیشیان بە گوێرەی هەمان ئامانج ئەو داتایانەیان هەڵسەنگاند کە بریتی بوو لە ئامانجی (قەبەکردنی گەشەی کۆمپانیانیان و قازانج کردن).

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەردوو کۆمپانیا گەیشتن بە دوو بڕیاری زۆر جیاواز: کۆداک هەوڵەکانی بۆ دروستکردنی (بەرهەمی ئەنەلۆگ) زیاتر کرد لە کاتێکدا فوجی ستراتیژی (فرەچەشنکردنی بەرهەمەکانی) گرتەبەر لەرێگەی وەبەرهێنان کردن لە تەکنەلۆژیا دیجیتەڵیەکان و بەرهەمی تری جیاوازەوە وەک کەلوپەلی میکیاج کە پێکەوە کیفایەت بوون بۆ ئەوەی کۆمپانیا فوجی  لە فەوتان رزگار بکەن.  

هەمان ئەو داتایانە سەرچاوەی ئیلهامی بڕیارێکی جیاوازتر بوون بۆ کۆمپانیای (سۆنی – Sony) کە لە فۆتۆگرافی دیجیتاڵیدا دەرفەتێکی گەورەی بینی و قۆزتییەوە.  

بۆیە ئەم جیاوازییە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە (بڕیارەکان) پشتیان بەستووە بە لێکدانەوە و سیاق و چوارچێوە ستراتیژییەکان – ئەمانەش ئەو بوارانەن کە حوکمدانی مرۆڤ تیایاندا یەکلاکەرەوە دەمێنێتەوە.

تێڕوانینێکی گشتگیر سەبارەت بڕیاردان

بەر مەبنای ئەو ئەزموونەی هەمانە سەبارەت (بڕیاردان لە کۆمپانیاکاندا) سەرەڕای ئەو هەموو ئەدەبیاتەی لەسەر (زانستی بڕیاردان) بەردەستە بە نموونە لە کایەکانی وەک (سەربازی، چاودێری تەندروستی و توێژینەوە و پەرەپێداندا 'R&D')، هەشت رەهەندمان دیاریکردووە کە دەکەونە دەرەوەی داتا و ئەلگۆریزمەکانەوە و هەر هەشتیان فاکتەری کاریگەرن لە زۆربەی بڕیارەکاندا.
دەتوانین لە رێگەی نموونەی (کڕینی سەیارەیەک)ەوە لەم هەشت رەهەندە تێبگەین:

١) دیاریکردنی دوا ئامانج:


دواجار، هەموو بڕیارێک خزمەت بە ئامانجێکی مرۆیی دەکات. دیاریکردنی ئەمەش مەسەلەیەکی زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن لەوەی کە سەرکەوتن دەبێت چۆن بێت.

ئامانجی مرۆیی بۆ کڕیاری سەیارەیەک لەوانەیە بریتی بێت لە پیشاندانی پلەوپایە بە سەیارەیەکی فەخمەوە، یاخود دەستەبەرکردنی رێگەیەکی سەلامەت بێت بۆ هاتوچۆی مەکتەبی منداڵەکانی.

بزنسەکانیش دوا ئامانجیان هەیە لەوانەش (بەدیهێنانی گەشەی ئابووری، بەخشینەوە بە کۆمەڵگە، پاراستنی ژینگە) و بۆ هەر کۆمپانیایەکیش ئامانجەکان جیاوازن. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەها مرۆییەکان زۆر زاتین و پەیوەستن بە خودەوە، (بۆیە ناتوانیت پشت بە زیرەکی ماشێنەکان ببەستین بۆ دیاریکردنی ئامانجە مرۆییەکان).

٢) داڕشتنی ئامانجەکان لە مەودای کورتدا

بۆ بەدیهێنانی دوا ئامانجەکانت، زۆرکات پێویستت بەوەیە هەستیت بە بڕیاردانی بچووکتر و دەستەبجێ تر و بەرجەستە تر. لە نموونەی کڕینی سەیارەکەدا، لەوانەیە ئامانج ئەوە بێت کە سەیارەیەک بکڕیت کە لە ڕووی سەلامەتییەوە زۆر باش بێت بەڵام لەهەمان کاتدا دەتەوێت سەیارەکە لەگەڵ بودجەی تۆدا بگونجێت.

بۆ کۆمبانیایەک، لەوانەیە دوا ئامانج بەدیهێنانی زیادبوونی فرۆشتن بێت بە ڕێژەی (١٠٪) لەچاو ساڵی رابردوودا بەڵام دەشتەوێت کە باشبوونی رێژەی فرۆشتن لە مەودای کورتدا زیان بە پێگەی درێژخایەنی براندەکەت ناگەیەنێت.

ئەم جۆرە بڕیارانە ناکرێت بە تەنیا لە داتا و ئامرازە شیکارییەکانەوە دابڕێژرێن چونکە بریتین لە ئاڵوگۆڕێک لەنێوان مەیلە تاکەکەسی و جەماعییەکاندا. بەشداریپێکردنی بەشەر لە دیاریکردنی ئەم ئامانجانە و هاوسەنگکردنیان مەسەلەیەکی یەکجار گرنگە. زۆر کات پێویستت بە باشترکردنیانە لە ڕێگەی کارلێکردنە چەندبارەییەکانەوە کە زۆرجار مرۆڤ ئەوەی دەیەوێت لە رێگەی بەدواداچوون بۆ ئامانجەکە و چاککردنیەوە بە دەستی دەهێنێت کاتێک خەسڵەتی تازە و سەرچاوەی نوێی بەهای بازرگانی کەشف دەکات.

٣) دانانی نەخشەیەک بۆ دونیای مومکین


هەر کە ئامانجەکانمان دیاری دەکەین، ئیتر نۆرەی ئەوەیە (بژاردە مومکینەکانمان) دیاری بکەین. لە کاتێکدا داتاکان رۆڵێکی گرنگ دەبینن لەم هەنگاوەدا، بەڵام کۆی چیرۆکەکەیان پێ ناگێڕدرێتەوە. داتاکان روویان لە رابردووە، بەڵام بڕیارە مرۆییەکان زۆربەی کات پشتیان بە راستییە هاودژەکان بەستووە، بۆ نموونە: دەشێ چی رووبدات، چۆن دەتوانین کاریگەریمان هەبێت لەسەر روودانی شیمانە جیا جیاکان.

لێرەدا خەیاڵی مرۆیی لایەنێکی زۆر گرنگ دەبێت لە فراوانکردنی دونیای مومکیندا. بۆ نموونە: ئەگەر کڕیاری سەیارەکە پێویستی بە سەیارە بێت بۆ هاتوچۆیەکی کورتخایەن بۆ چوونە ئیش، ئەوا لەوانەیە بیر لە بەدیلی تری گواستنەوە بکاتەوە لەوانەش ئامرازە گشتییەکانی گواستنەوە یان ئامرازی تری وەک تەکسی ئوبەر یان سکوتەری کارەبایی.

هەموو کۆمپانیاکان لەسەر بنەمانی کردەیەکی (خەیاڵ) دامەزراون. بە نموونە، دامەزرێنەرانی کۆمپانیای (ئێر بی ئەن بی – Airbnb) وێنای پلاتفۆرمێکی دیجاتاڵیان کرد بۆ بە کرێدانی ژوور لەو خانووانەدا کە ژووری زیادەیان هەیە، ئەمەش ئەو بۆچوونەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی میوانداری و هۆتێل قڵپ کردەوە گوایا دەبێت شوێنەکانی مانەوەی میوانان یا دروست بکرێن یا خاوەنیان بیت. (ئەم ئایدیایە لە تەحلیلی داتا بەردەستەکانی کەرتی میواندارییەوە چنگ نەکەوت، بەڵکو لە خەیاڵدانی مرۆڤەوە هاتە دەرەوە بۆ چارەسەرکردنی پێویستیی هەبوونی شوێنی مانەوەی هەرزان بەها).

٤) هەڵبژاردنی سەرچاوەکانی داتا

لەرێی هەڵسەنگاندنی بژاردەکانتەوە، دەشێت سوود لە داتا پەیوەندیدارەکان وەرگریت. هەرچەندە ووشەی (داتا – Data)  لە ووشەی لاتینی (Datum)ەوە هاتووە بە مانای (شتێک کە دەدرێت)، بەڵام داتا پێویستی بەوەیە دروستبکرێت: واتە گل بدرێتەوە، فلتەر بکرێت، هەڵبژێردرێت، لێکدانەوەی بۆ بکرێت و راستبکرێتەوە – (ئەمەش ئەركێکە پێویستی بە نێوەندگیری و ووردبینی مرۆڤ هەیە).

(پێویستە دووربکەوینەوە لەو تەڵەیەی کە تەنها تەرکیز بخەینە سەر داتای دراو یان ئەو داتایانەی کە ئاسان چنگ دەکەون. لە سیناریۆی کڕینی سەیارەکەدا، لەوانەیە تەنها پشت بەستن بە داتاکانی چوستی لایەنی سووتەمەنی سەیارەکە کیفایەت نەبێت و وێنەی تەواوەتیمان پێ نەبەخشێت. دەشێت سەرنج و رەخنەکانی خەڵکیش لە دونیای راستەقینەشدا سەبارەت بە چوستی سەیارەکە هاوکارمان بێت لەوەدا کە بڕیارێکی راست و دروست بدەین سەبارەت کڕینی ئەو جۆرە سەیارەیە.)  

لە بواری بزنسیشدا، بیر لەو ئاسانییە بکەرەوە کە ئەتوانین لە رێیەوە بەدواداچوون بۆ راددەی رەزامەندی موشتەرییەکانی ئێستامان بکەین سەبارەت بە ئۆفەرەکانمان – هەروەها بۆ ئەو تێڕوانینانەی تریش کە دەستمانکەوتوون لەرێی قسەکردن لەگەڵ ئەوانەشی کە موشتەریمان نین سەبارەت بەوەی بۆچی مونافیسەکانی ئێمەیان هەڵبژاردووە یاخود بۆچی ئەسڵەن هیچ لایەنێکیان هەڵنەبژاردووە.
سەرەڕای ئەمە، مەرج نییە هەموو زانیارییەکی بەنرخ قابیلی ئەوەبێت بیپێوین (واتە لە رووی کمي)یەوە. لە حاڵەتی سەیارەکەدا، فاکتەرەکانی وەک موریحی، جوانکاری و ئەزموونی لێخوڕین هەموویان فاکتەری زاتین. بۆیە پێویستمان بە دەستنیشانکردنی بەدیلەکان هەیە بۆ ئەم لایەنە زاتیە (جۆری)یە یاخود زانیاری لەسەر تاقیکردنەوەکانی دەستی یەک کۆبکەینەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە. بە نموونە: کۆمپانیای پرۆکتەر ئاند گامبڵ (Procter & Gamble) ئامێری پاککەرەوەی (سویفەر)ی دروستکرد پاش ئەوەی چەندین توێژینەوەی ئەتنۆگرافی دەریانخست کە حەزێک لەنێو موشتەریەکان هەیە بۆ شێوازی گونجاوتری پاکردنەوە – (ئەمەش زانیارییەکە کە نەدەکرا لە داتا چەندێتیەکانەوە (كمي(یەکانەوە بەدەست بێت). [سویفەر: جۆرێکە لە پاککەرەوە کە یەک جار ئامێرەکە دەکڕیت و تەنها ماسیحەکانی خوارەوەی بۆ دەگۆڕیت -و-].

٥) چەسپاندنی متمانە

لە سەردەمێکدا کە زانیاری سەرلێشێوێنەر و چەواشەکەر زۆر خێرا بڵاو دەبێتەوە، دروستکردنی متمانەی سەرچاوەکانی داتا لە هەموو کاتێک زیاتر گرنگە. سیستمەکانی زیرەکی دەستکرد ئەم توانایەیان نییە. لە لایەکی ترەوە مرۆڤەکان توانای هەڵسەنگاندنی پێگە و پسپۆڕی و پاڵنەرەکان و تەرەفگیرییەکانی دابینکەرانی زانیاری هەیە.
بە نموونە: لە پرۆسەی سەیارە کڕینەکەدا، لەوانەیە کڕیارەکە متمانە بە قسە و پێشنیاری هاوڕێکانی خێزانەکەی بکات زیاتر لە ریکلامی کۆمپانیای بەرهەمهێن. لە بواری بزنسیشدا، هەڵسەنگاندنی پاڵنەر و متمانەی سەرچاوە جیاوازەکانی داتا زەمانی ئەوە دەکات کە بڕیارەکان پشت بە زانیاری متمانە پێکراو دەبەستن.

٦) هەڵبژاردنی ئالگۆریزمی بڕیارێک

لەگەڵ ئەوەی کە زۆربەی بەرهەمەکانی (AI) وا بازاڕیان بۆ دەکرێت کە بۆ هەموو کایەکان دەشێن، بەڵام بیرکاری ئەوەی دەرخستووە کە هیچ تاکە (ئالگۆریزمێکی چاککردن – optimization algorithm) باڵادەست نییە لە چارەسەرکردنی هەموو کێشەکاندا. بەم پێیە، دەبێت مرۆڤەکان بڕیار بدەن لەوەی کامە چوارچێوەیەی بڕیاردان بە باشترین شێوە لەگەڵ ئامانجەکانیاندا هاوڕێکە.

لە نموونەی سەیارەکەدا، ئەو كڕیارەی کە بیر لە تێچوون دەکاتەوە لەوانەیە ئامرازێک بەکار بهێنێت کە تێچووەکانی خاوندارێتی لەماوەی ژیانی سەیارەکەدا بۆ حساب بکات، بەڵام لەوانەیە ئەو کڕیارەی کە گرنگی بە لایەنی جوانکاری سەیارەکە دەدات رێبازێکی تەواو جیاواز بگرێتە بەر. لەوانەیە هەندێک کڕیار واز لە بەهای چاوەڕوانکراوی ئەژمارکردنی کۆمپیوتەری پێرفێکت بهێنن بۆ کۆمەڵێک لێکدانەوەی خێرا و سادە، یاخود یەکێکی تر حەزی لە پرۆسەیەکی گەڕانی زیاتر بێت.

٧) هەڵسەنگاندنی توانای کێبڕکێکردن

بە کڕینی سەیارەیەک، لەوانەیە چارەسەری کێشەیەکی پراکتیکیت کردبێت – واتە بژاردەیەکی پراکتیکیت هەڵبژاردووە کە ئامانجەکانی تۆ دەپێکێت – ئەمەش لەوانەیە کیفایەت بێت بۆت مەگەر بتەوێت کێبڕکێ بکەیت لەسەر پێگەکەت لەگەڵ دراوسێ یان هاوپۆلەکانتدا. لەبواری بزنسدا، چارەسەری نموونەیی عادەتەن پێویستی بەوەیە کە سوودێکی کێبڕکێکاری هەبێت لەرێی بەهێزبوونیەوە بەرامبەر مونافیسەکانی و ئاسانیش نەبێت ئەوانی تر لاسایی بکەنەوە.

بەکارهێنانی هەمان داتا و ئالگۆریزمەکان کە مونافیسەکانت دەستیان پێی دەگات بۆ چارەسەرکردنی هەمان جۆری کێشەکان، نابێتە مایەی دەرفەتی ناوازە و بالاتر.

مرۆڤە ستراتیژناسەکان رۆڵێکی سەرەکی دەبینن لە هەڵسەنگاندنی ئاکامە تەنافوسییەکانی بڕیارەکاندا لەرێگەی تێگەیشتن لە پاڵنەر و کەڵک و عەقڵیەت و هەڵسوکەوتی کێبڕکێکارەکانیانەوە. بە نموونە: سەرکەوتنی کۆمپانیای ئەپڵ تەنها پەیوەست نەبوو بە دانانی بەرزترین ئاستەکانی تەکنەلۆژیا لە بەرهەمەکانیدا، بەڵکو پەیوەست بوو بەوەی کە ئەپڵ جەختی کردەوە لە لایەنی ئیستاتیکای دیزاین و ئەزموونی بەکار‌هێنەر و تێکهەڵکێش بوونی بەرهەمەکانی لەگەڵ کۆی ئیکۆسیستمەکەی ئەپڵدا.

٨) ئاوێتەکردنی لایەنە ئیتیکییەکان

لەوانەیە چارەسەرەکان لە رووی ئابووری و کردەیی و کێبڕکێوە زۆر باش بن بەڵام مەرج نیە لە رووی ئیتکیی و ئەخلاقییەوە قبوڵکراو بن. ئەوە مرۆڤەکانن کە بەرپرسن لە دڵنیایی کردنەوە لەوەی کە بڕیارەکەن پەیڕەوی پێوەرە ئەخلاقی و بەها کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. ئەمەش پێویستی بە پیادەکردنی نموونە و پرەنسیپەکانی بیرکردنەوە و بەڵگەهێنانەوە هەیە بۆ سیاقە کۆمەڵایەتی و شەخسیەکانی پەیوەست بە بڕیاردانەوە – ئەمەش توانایەکە کە تەنها مرۆڤ دەتوانێت هەیبێت.

لە نموونەی کڕینی سەیارەکەدا، لەوانەیە کڕیار بیر لە کاریگەرییە ژینگەییەکانی بڕیارەکەی بکاتەوە، بۆیە سەیارەیەک هەڵدەبژێرێت کە بە کارەبا ئیش دەکات نەک بە بەنزین تەنانەت ئەگەر گرانتریشی لەسەر بکەوێت.


رێسای نوێ بۆ بڕیاردان بە سەرۆکایەتی مرۆڤ و پشتگیری زیرەکی دەستکرد (AI)


زۆر لایەنی چارەنووسسازی بڕیاردان دەکەونە دەرەوەی دونیای داتا و ئەلگۆریزمەکانەوە. لە راستیدا، سەرهەڵدانی ئامرازی بەهێزتر و دەستە داتای گەورەتر ئەگەری هەیە توخمە مرۆییەکانی بڕیاردان باشتر بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، توانا مرۆییەکانی وەک حوکمدانی ئەخلاقی و بەکارهێنانی خەیاڵ و مەزەندەکردن زۆرجار قابیلی ئەوەنین لە رێی راهێنانپێکردنەوە بگوازرێنەوە بۆ ئەوانی دی و کتوپڕن و تایبەتیشن بە ناواخنی مرۆڤەوە. لەبەرئەوە، بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان پرۆسەکانی بڕیاردانیان ناوازە بکەن، پێویستیان بەوەیە کە لایەنی مرۆیی بڕیاردانیان بەهێزتر بکەن. بۆ ئەمەش پێنج فەرمانی پێویست دەخەینەڕوو بە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە:

داتاییزمی سادەلەوحانە رەت بکەرەوە

سەرۆک کۆمپانیاکان دەبێت تێبگەن کە بڕیاردانی کاریگەر زیاتر لە شرۆڤەی داتاکان و بەرەوپێشبردنە ئەلگۆریزمییەکان لەخۆ دەگرێت. ئەمەش مانای وەلاوەنانی زیرەکی دەستکرد نییە بەڵکو واتە ئاوێتەکردنی زیرەکی دەستکردە لەگەڵ پرۆسەیەکی گشتگیرتردا بە سەرۆکایەتی مرۆڤ. بۆیە ئاوێتەکردنی بەشداری مرۆیی وەک (لێکدانەوە و داهێنان و خەیاڵ کە تەنها خەسڵەتی مرۆڤن) لەگەڵ توانستەکانی زیرەکی دەستکرددا وەک (هێزی کۆمپیوتەری، توانستی پرۆسێسکردنی بڕە زانیاری زۆر گەورە لەناو مۆدێلە زمانییە گەورەکاندا 'LLM') پێویستییە. ئەمەش لەوە رزگارمان دەکات کە تەنها پشت بە داتا و ئەلگۆریزمی خام ببەستین بۆ دەستکەوتنی ئەنجامەکانمان.

دڵنیا بەرەوە ئەوانەی چارەسازی کێشەکانن چالاکانە بەشدارن لە ئەرکە کردەیی و واقعیەکانیاندا

هەروەک چۆن فڕۆکەوانان بەردەوام راهێنان لەسەر فڕۆکەوانی دەستیی (manual) دەکەن بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مەهارەتەکانی فڕینیان بکەن سەرەڕای هەبوونی سیستمی فرۆکەوانی ئۆتۆماتیکی (autopilot)، ئاوهاش سەرکردەی کۆمپانیاکان دەبێت خۆیان غەرقی دیاردەکانی ناو پیشەسازییەکەیان بکەن بۆ خۆبەدوورگرتن لە پشتبەستنی زیادەڕەو بە زیرەکی دەستکرد و پاراستنی مەهارەتە گرنگەکانی بڕیاردان. ئەمەش مامەڵەکردنی راستەخۆ لەخۆ دەگرێت لەگەڵ موشتەری و کارمەند و مونافیسەکان و لایەنە حکومییەکاندا.

بۆ نموونە: فەلسەفەی "جینچی جینبوتسو"ی کۆمپانیای تۆیۆتا کە بە مانای (بڕۆ و بە چاوی خۆت ببینە) دێت، هانی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا دەدات سەردانی مەیدانی شوێنەکانی کار بکەن بۆئەوەی راستەوخۆ بتوانن چاودێری پرۆسەکان بکەن. ئەم عادەتە هاوکارە لە دەستنیشانکردنی کەموکورتیەکاندا و تێگەیشتنێکی قوڵتریش پەرەپێدەدات کە (داتا) بە تەنها ناتوانێت دەستەبەری بکات.

مەهارەتە شاراوەکانی بڕیاردانی مرۆیی دەربخە

زۆربەی کات بڕیارەکانی مرۆڤ لە رێگەی ژیری و مەزەندەکردنەوە دێنە کایەوە – واتە زیرەکی بەهێز و نائاگامان کە پشتئەستوورە بە ئەزموون و تاقیکردنەوەکانمان. کۆمپانیاکان دەتوانن هاوکاری کارمەندەکانیان بکەن بۆ ئەوەی زیرەکییان پەرەپێبدەن لە رێگەی فێربوونی تاقیکارییەوە، و بەشدارە بڕیاربەدەستەکان وا لێ بکەن بیر لە پرسیاری وەک ئەمانەی لای خوارەوە بکەنەوە:

•    پەرچەکرداری سەرەتاییم یان هەستی غەریزییم چی بوو؟

•    لە کوێدا پشتم بە ئەزموونی تاکەکەسی یان جەماعی بەست؟

•    لە کوێدا ئیزافەم بۆ ئەزموون یان پسپۆڕیم کرد؟

•    پشتم بە کام کورتەڕێگە عەقڵییانە بەست بۆ سادەکردنەوەی بڕیاردانم؟

مەهارەتێکی مرۆیی تر هەیە کە بریتییە لە (خەیاڵ) – واتە توانای گەیشتن بە شتێک کە بوونی نییە، بەڵام بۆی هەیە بێتە دی. سەرەڕای ئەو بۆچوونە باوەی کە دەڵێت خەیاڵ ئەنجامی بلیمەتییەکی کۆنترۆڵنەکراوە بەڵام لە راستیدا کۆمپانیاکان دەتوانن (خەیاڵ) بەشێوازێکی مەنهەجی جڵەو بکەن لەرێی تاکتیکەکانی وەک گەڕان بۆ شێوازە ئەفرێنەرەکانی وەک کەشفکردنی دۆخە نائاسایی و شازەکان لەبری ئەوەی تەنها تەرکیز بخەنە سەر نموونە باو و مامنەوەندییەکان کە دەبێتە مایەی بیرکردنەوەی تەقلیدی، و شەنوکەوکردنی ئەو گریمانانەی کە پێشووتر باو بوون و هەروەها ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.

[کەشفکردنی دۆخی نائاسایی و شاز: واتە بۆ نموونە کاتێک زۆرینەی موشتەریەکانت بە هۆکارێک بەرهەمێکت دەکڕن بەڵام گروپێکی بچووکیان لەبەر هۆکارێکی تەواو جیاواز هەمان بەرهەم دەکڕن. ووردبوونەوە لەو گروپە بچووکەی موشتەرییەکان لەوانەیە ببێتە هۆی ووروژاندنی ئایدیایەیکی ئەفێنەرانە بۆ دروستکردنی بەرهەمێکی نوێ – و -]

بەهێزکردنی ژینگەی کار تاکو مەهارەتەکانی مرۆڤ تیایدا نەشونما بکەن

لەوانەیە قورس بێت بۆ خەیاڵ و ژیریی لەناو کلتورێکی تەکنۆکراتی کاردا بدرەوشێنەوە کە دۆخێکی عەقڵانی زیاتر بەسەریدا زاڵە. لە پێناو دروستکردنی ژینگەیەکدا کە گرنگی بە بەهێزکردنی مەهارەتەکانی بڕیاردانی مرۆڤ دەدات، پێویستە کۆمپانیاکان کلتورێک لە (سەلامەتی سایکۆلۆژی) لە ژینگەی کاردا پەرەپێبدەن کە تیایدا کارمەندان بتوانن بۆچوونی فرەچەشن بخەنەڕوو و بە ئاشکرا بتوانن ئایدیاکانیان شەنوکەو بکەن و تەحەدای دۆخی نەگۆڕ بکەن (status quo).

سیستمی بڕیاردانی پێوەندکراو دروست بکە

بەهۆی ئەوەی گەشەی مەهارەتەکانی مرۆب پێویستیان بە ووردی هەیە، پێویستە سەرۆک کۆمپانیاکان سیستمەکانی بڕیاردان بەجۆرێک دابڕێژنەوە کە باشترین خەسڵەتەکانی مرۆڤ و توانستەکانی (AI) پێوەند بکەن.

ئەمەش لەوانەیە بریتی بێت لە دابەشکردنی ئەرکەکانی بڕیاردان لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا. بە نموونە: ئەرکی پرۆسێسکردنی داتا و ناسینەوەی نەخشەکان (pattern recognition) و بەرەوپێشبرن بۆ ستانداردەکانی پێوانەکردن زیاتر بۆ زیرەکی دەستکرد جێ بهێڵرێت لەجیاتی ئەوانەی کە پێویستیان بە حوکمدانی مرۆیی هەیە وەک دانانی ئامانجەکان و رەچاوکردنی ئەخلاق و بەها و سیاق.

یەکێک لە بەرهەمە هەرە سەرکەوتووەکانی (ستار بەکس) بریتییە لە (قاوەی لاتێ بەتامی کولەکە)، کە ئەمەش نموونەی سەروەربوونی بڕیاردانی مرۆییە بەهۆی ئەوەی کە مرۆڤ لە سیاق تێدەگات. هەرچەند تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان وایان پیشاندا کە موشتەرییەکان حەزیان لەو بەرهەمانەیە کە بە (تامی چۆکلێت و کارامێل) دروستکراون بەڵام گەشەپێدەرانی بەرهەم لایان وابوو کە پێشکەشکردنی (بەرهەمێکی تایبەتی وەرزیی و ناوازەبوون) زۆر گرنگترە لە (تام). لە چەند توێژینەوەیەکی دواتردا، زانیاریان لەسەر ئەم پێوەرە (پێوەری ناوەزایی بوون) کۆکردەوە و ئەنجامەکان سەبارەت بە (تامی کولەکەکە) یەکجار بەرز بوون.

لەلایەکی ترەوە، چەندین ئەرکی تریش هەن کە مرۆڤ و ماشینەکان دەتوانن هاوکاربن و رێکخراوێک دروستبکەن کە دەشێت بە (کۆمپانیای بایۆنیکی – واتە بەشێکی بەشەری و هەندێک بەشی ئامێری) ناو ببرێت کە لەڕێیەوە مرۆڤ پێداچوونەوە بۆ چارەسەرەکانی (AI) بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی ئایا لە کردن دێن یان نا، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەخلاقین یان نا و ئایا هیچ کاریگەریان هەیە لەسەر کێڕکێی کۆمپانیاکە.

سەیری کۆمپانیای نێتفلیکس بکە کە وا بەناوبانگە زۆربەری بڕیارەکانیان سەبارەت بەرهەمهێنان پشتی بەستووە بە داتایەکی زۆر سەبارەت رێژەکانی بینینی بەرهەمەکانیان (viewership data). بڕیاری ئەم کۆمپانیایە بۆ بەرهەمهێنانی یەکێک لە باشترین زنجیرەکانیان بە ناوی (Stranger Things) لەوانەیە لەسەر بنەمای ئەو (داتایانە) بووبێت کە ناوەڕۆکەکان سەبارەت بابەتە سەرو-سروشتیەکان بینەری زۆری دەبێت یان لەسەر ئەوەی کە زنجیرەکانی ساڵانی ١٩٨٠کان شەعبیەتیان زۆرە.

بەڵام کۆمپانیای نێتفلیکس چەند بڕیارێکی دا بۆ ئاوێتەکردنی توانستی ژیریی مرۆیی لەوانەش هێنانی دووان لە بەرهەمهێنە کەمئەزموونەکان کە دیدگای تایبەتی خۆیانیان ئاخنیە بەرهەمەکانەوە یاخود سەرکێشی کردن بە هێنانی کۆمەڵێک ئەکتەری منداڵی بێ ئەزموونەوە.
...
لەگەڵ بەهێزتر بوونی (AI)دا، ئەو بۆچوون یان ترسەی کە دەڵێت لەوانەیە جێگەی بڕیاردانی مرۆیی بگرێتەوە لەبرەودایە. بەڵام بڕیارەکان زیاترن لە کۆکردنەوە و شرۆڤەی داتاکان  – مرۆڤەکان خاوەن خەسڵەتێکی زگماکیین لەچاو تەنانەت بەهێزترین ئامرازەکانی (AI)دا. بۆیە سەرهەڵدانی (AI) دەرفەتێکە بۆ مرۆڤەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەدییەکانی پوختەکردن و موکوڕبوون و پیادەکردنی خاڵە بەهێزەکانی مرۆڤ تایبەت بەخۆی لەپێناو ناوەزەکردنی پرۆسەی بڕیاردان لەناو کۆمپانیاکاندا.




PM:03:34:20/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 868 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی