بۆ ئەوەی بزانن بۆچی (شۆڕشە ئیسلامییەكەی سوریا) هەمووانی ترساندووە!

‌پ. د. سەعید عەلی محەمەد

دوای ڕووخانی ڕژێمەكەی سوریا و هەڵاتنی سەرۆكە دیكتاتۆرەكەی  وڵاتێك نەماوە لە ناوچەكەدا نەتۆقیبێ لە سەركەوتنی شۆڕشی گەلانی سوریا و كاریگەری ئەو شۆڕشە لەسەر بوژاندنەوە و جوڵاندنی ئیسلامییەكان لە وڵاتەكانیاندا !

هیندستان لەو دوورەوە ترسی لێ نیشتووە جوڵانەوەی ئیسلامیی ویلایەتی كشمیر دووبارە ببێتەوە  ببێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئەو وڵاتە! هەریەك لە ئیماراتی عەرەبی و ئوردن و وڵاتانی كەنداو بەگشتی دەستیان بە جموجوڵێكی دیپلۆماسیی و سیاسیی و موخابەراتیی ئاشكراو پەنهان كردووە بۆ ڕێگەگرتن لە هەیمەنەكردنی چەكدارە ئیسلامییەكانی سوریا بەسەر دەسەڵاتداو هەڕەشە دروستكردن بۆ سەر ئاسایش و عەرش و دەسەڵاتەكەی ئوان!

لەولاوە ( عبدول فەتاح سیسیی ) سەرۆكە كودەتاچییەكەی میسریش ترس و لەرزێكی زۆری لێ نیشتووە و لەپێشبینی سەرهەڵدانی شۆڕشێكی جەماوەریی سەرتاسەریی دژ بە دەسەڵاتەكەی و ، تووشبوونی بە هەمان چارەنووسی بەشار ئەسەد  هەر لەئێستاوە دەزگا هەواڵگرییەكانی داوای بەهاناوە هاتنی ئیسرائیل دەكەن و ، لە میدیاكانیشدا دەیەوێ پاكی پەرێزی خۆی ڕابگەیەنێ و دەڵێ  : من نە خوێنی میسرییەكانم ڕشتووە و ،  نە پارە و سامانی وڵاتیشم دزیووە!

لە عێراق و لە ئێرانیش قەلەقی و پشێوییەك بە سیاسیەكانەوە زۆر بە ئاشكرا هەستی پێ دەكرێ و ، ئەم دوو وڵاتە ترسی ئەوەیان هەیە لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە و پەرەسەندنی توڕەییەكان لە ناوچەكەدا پەل بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتەكانی ئەوانیش بهاوێ و ، هەیمەنەی ئێران و هاوپەیمانەكانی بۆ هەتا هەتایە لە ناوچەكەدا كۆتایی پێبێت!

ئەمە جگە لەوەی هەریەك لە ئەمریكا و ئەوروپا و ئیسرائیل پەیامی ئاگاداركردنەوە و هەندێ جار هەڕەشە ئامێزیش بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دەنێرن و ، تەلئەبیبیش ڕۆژانە توانا سەربازیی و  دامەزراوە گرنگ و  ناوەندە تەكنۆلۆژیی و زانستییە پێشكەوتووەكان لە سوریا بۆردومان و  وێران دەكات!

ئەم هەموو ترس و دڵەڕاوكێ یە لە سەركەوتن و هاتنە پێشەوەی ڕەوتێكی ئیسلامیی چەكداریی كە تا ئەم ساتەوەختەش زۆر وردو عاقڵانە و زیرەكانە مامەڵە دەكات و ، وا دەردەكەوێ زۆر چاك شارەزا و ئاگاداری سیاسەت و زمان و گوتاری جیهانی هاوچەرخ بێت ، كۆمەڵێ هۆكارو پاڵنەری سەرەكی لە پشتەوەیە كە دەكرێ من لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا ئاماژە بە هەندێكیان بكەم:

یەكەم /  وڵاتی سوریا كە پێی دەوترێ ( وڵاتی شام ) بەدرێژایی مێژوو قورسایی و كاریگەریی و پێگەی تایبەت و پیرۆزی خۆی هەبووە  ،  زۆر لە دەقە ئاینییەكان و فەرموودە پیرۆزەكان ئاماژەیان بەم تایبەتمەندییە داوە ، بۆ نمونە  :  پێغەمبەر – دروودی خوای لەسەر بێ – دەفەرموێ  :  ( ان الله قد تكفل لي بالشام  / پەروەردگار پاراستنی شامی بۆ من لە ئەستۆ گرتووە )  ، یان دەفەرموێ  :  (اذا فسد اهل الشام فلا خير فيكم  /  ئەگەر خەڵكی شام توشی لادان و خراپە بوون ئیتر ئێوە كەڵكتان تێدا نیە)  ،  هەر لە فەرموودەدا هاتووە  : (عقر دار المؤمنین  : الشام  /  شام سوچی ماڵە گەورەكەی باوەڕدارانە) ، ئیبنو كەسیر گەورە مێژوونووسی ئیسلامیی دەڵێ  : ( وڵاتی شام لە كۆتاییدا دەبێتە شوێن و پەناگەی ئیسلام و موسڵمانان ) ... لە كەلتوری ئیسلامیشدا ئەوە دووپات كراوەتەوە كە ( نەمانی ئاژاوە و خراپە لە وڵاتی شامدا سەركەوتنی ئیسلام و ، هێزی باوەڕ و ، نەمانی نیفاق  بەدوایدا دێت لە شوێن و وڵاتانی تری ناوچەكە !! بۆیە لەم سۆنگەیەوە دوور نیە ڕووخانی ڕژێمەكەی ئەسەد و  گەڕانەوەی وڵاتی شام بۆ ژێر ڕكێفی دەسەڵاتێكی ئیسلامیی سەرەتای دەستپێكردنی ئەو قۆناغە بێت كە تێیدا سەرجەم ڕژێمە دیكتاتۆرو ستەمكارەكانی ناوچەكە یەك لەدوای یەك ڕادەماڵرێن!

دووەم /  بیرمەندو شارەزایانی بواری سیاسەت و مێژووی كۆن و هاوچەرخ دەڵێن:  خۆرئاوا و ڕژێمە دیكتاتۆرەكان قەت لە زۆری ژمارەی موسڵمانان و مزگەوتەكانیان نەترساون  ، ئەوان كاتێك ترساون و دەترسێن ئیسلام دەوڵەت بێ و دەسەڵاتی هەبێ و فەرمانڕەوایەتی بكات! چونكە ئەوان دەزانن لە بارودۆخ و كەشێكی ئاوادا شوێنكەوتووەكانی ئیسلام و گەلانی موسڵمان لە پەراوێزەوە دەبنە بڕیاردەرو ، لە كۆمەڵێ مەڕو ئاژەڵی دەستەمۆ و  ڕاهێنراوەوە دەبنە خاوەن ( دان و كەڵبەی تیژ ) كە توانای ڕووبەڕووبوونەوە و شكستپێهێنانی هەر لایەنێكیان هەیە پەلاماریان بدات و هێرش بكاتە سەریان ! ئەوان چاك لەو ڕاستیە تێگەیشتوون كە چەسپاندنی دەسەڵاتی ئیسلامیی و  مومارەسەكردنی عاقڵانە و زیرەكانە و حەكیمانەی ئەو دەسەڵاتە لەهەر وڵاتێكدا  بەرهەم و داهێنان و  بوژانەوە و  پێشكەوتن و ئارامی و  دەستكەوتی گەورەی بێ وێنە پێشكەش دەكات!

زەقترین و نزیكترین بەڵگەش ئابووریی و گەشەكردنی ئەفغانستانە ، بەهێزیی و تۆكمەیی دامەزراوەكانی دەوڵەت و پایەكانی دەسەڵاتە لەژێر سایەی فەرمانڕەوایەتی تاڵیباندا ،  ئەو فەرمانڕەوایەتیەی كە توانی تەنها لەماوەی دوو ساڵدا سەرجەم قەرزە دەرەكییەكانی سەر ئەفغانستان بداتەوە و گەلی ئەفغانستان لە كۆت و بەندی (بانكی دراوی نێودەوڵەتی) ڕزگارو ئازاد بكات ! بۆیە دووبارەكردنەوە و بەرجەستەكردنی نوسخەی دووەمی ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی ئەفغانستان لە سوریادا زۆر ئاسانتر دەبێ بەهۆی ئەو پێگە جیۆپۆلۆتیكیە گرنگ و  ، سەروەت و سامان و داهاتە گەورەیەی لەو وڵاتەدا هەیە ، ئەگەرچی دوژمنەكانی دەوروبەری سەرسەختترن و  هەڕەشەكانی سەر ئەو وڵاتەش زۆرتر و گەورەترن!

سێهەم /  لەنێو گەلانی ئیسلامیدا نەوەیەكی نوێ پەروەردە و  پەیدابووە كە بەس تەنها لە سنووری بانگەوازو  دەعوە و  پەروەردەدا ناخولێتەوە  ، بەڵكو هەنگاو بەرەو بنیاتنانی دەوڵەت هەڵدەگرێ ، نەوەیەك كە ئاڵاو  دروشمی گرتنە دەستی دەسەڵاتیی  هەڵگرتووە ،  نەوەیەك كە ئەزموون و  لێهاتوویی و  توانا و  وانەی لە مەیدانەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و جەنگ وەرگرتووە و  ، لەنێو جەرگەی ناسۆری و  تاڵاوی زیندان و  قوربانیەكاندا پێگەیشتووە ، ئەم نەوەیە ئێستا هەوڵی گەڵاڵەكردنی پڕۆژەی شارستانیی دەدات كە فەرمانڕەوایەتی و دەسەڵات بۆ ئیسلام بگێڕێتەوە و ، شەریعەت بكاتەوە بە مەرجەعی ژیانی میللەتە ستەمدیدەكان ، ئەو نەوەیە بڕوای وایە بەرجەستەكردن و  پراكتیزەكردنی پڕۆژە ئیسلامیە گەورەكە ناكرێ تەنها هەر خەون بێ ، بەڵكو بە هەوڵ و كۆشش و قوربانیی زۆر بە ئاسان دەبێتە حەقیقەت و دەتوانێ ڕژێمە دیكتاتۆرو سیستمە تۆتالیتاریەكان ڕاماڵێ! بەتایبەت لەم قۆناغەی ئێستادا كە بە قۆناغی (هەڵوەشانەوەی سوپاكان) و ، قۆناغی ( لاوازبوونی ڕۆڵی دەوڵەتان ) و ، سەرهەڵدان و  بوژانەوەی جوڵانەوە ئازادیخوازەكانە.

چوارەم /  زۆربەی زۆری سەركردە و سەرۆك و بیریاریە ڕۆژئاواییەكان بە ئاشكراو لە كۆبوونەوە داخراوو تایبەتەكانیاندا  ، هەروەها لە ڕاپۆرتە هەواڵگریەكان و ، توێژینەوەكانی سەنتەرو دامەزراوە ستراتیژە شیكارییەكانی رۆژئاوادا ئەو ڕاستییە دووپات ئەكەنەوە كە كێشە و گرفتی ئەوان لەگەڵ جیهانی ئیسلامی و گەلانی موسڵماندا تەنها ئیسلام و شەریعەتە و هیچی تر  ، چونكە بەلای ئەوانەوە  - وەك خۆیان دەڵێن – ئیسلام ئاینێكی شارستانیی گشتگیرە و هەموو وەڵامەكانی پرسیارەكانی پەیوەست بە ژیان و  گەردوون و  مرۆڤایەتیی تێدایە و ،  ڕكابەرێكی سەرسەختی شارستانیەتی ڕۆژئاوایە كە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو شكست و پوكانەوە و داڕمان دەڕوات ، دەكرێ لێرەشدا ئاماژە بە نوسینێكی ( Keir Rodney Starmer )ی سەرۆكی پارتی كرێكارانی بریتانیا و سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتە بكەین کە لە ڕۆژنامەی ( The Sun ) بڵاوی كردوەتەوە ! لێرەوە دەردەكەوێ ئەوەی لە هەگبەو قاموسی زلهێزەكان و  ڕۆژئاواییەكان و  ڕژێمە دیكتاتۆرو سیستمە عەلمانیەكاندا هەیە ئەوەیە كە :

-   شۆڕش دژی ستەم ڕەوایە ، بەڵام ئەگەر ئیسلامیەكان سەركردایەتی بكەن نەخێر!
-   خۆسەپاندن ستەمە ،  بەڵام ئەگەر بەسەر ئیسلامیەكاندا بێ كێشەی نیە!
-   دیموكراسییەت و  هەڵبژاردن مافە ، بەڵام بەمەرجێ نەبێتە مایەی سەركەوتنی ئیسلامیەكان.
-   هەڵگەڕانەوە لە یاساو شەرعییەت كودەتایە ، بەڵام ئەگەر بەسەر ئیسلامیەكاندا بێ قەیدی نیە!
-   دەربڕینی ڕاوبۆچوون و ئازادی ڕادەربڕین ڕەوایە  ،  بەڵام بۆ  ئیسلامیەكان نەخێر!
-   ئەوانەی لەسەر ڕاوبۆچوونی سیاسیی گیراون ستەملێكراون ، بەڵام ئەگەر ئیسلامیەكان بوون نەخێر!

پێنجەم  /  ساڵی 2021 دوای شكستی سەربازیی ئەمریكا و  ڕووخاندنی حكومەتە كارتۆنیەكەی (ئەشرەف غەنی) لە كابول و  گەڕانەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان بۆ سەر تەختی دەسەڵات لە ئەفغانستاندا  ، مەكینەی ئیعلامیی سەرمایەداریی ڕۆژئاوا و  ، میدیای عەرەبی و  ناوچەكە بەگشتی  هەڵمەتێكی گەورەی ناشرین و قێزەونیان دژ بە تاڵیبان و دەسەڵات و ئایدۆلۆژیاكەی دەستپێكردو ، ئەوانیان بەشوانی شاخەكان و كەسانی بەربەریی و بێ عەقڵ و بێ ئاگا لە سیاسەتی جیهانی و ، ناشارەزا لە سیاسەت و فیكرو ئابووریی و زانست و  سەردەم  لە قەڵەم دەدا! ئێستاش دوای سەركەوتنی شۆڕشە ئیسلامیەكەی سوریا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ڕەوتێكی چەكداریی ئیسلامیەوە مێژوو دووبارە دەبێتەوە و هەمان قەوانە لێ دەدرێتەوە و ، هەمان مەكینەی ئیعلامی دژ بەو  دەسەڵاتە ئیسلامیە گەرم كراوە كە كەناڵە ئاسمانیەكان و  میدیا عەرەبیەكانی ( محمد بن سەلمان )ی سعودیە و ، (محمد بن زاید )ی ئیماراتی عەرەبی ڕۆڵی سەرەكی تێدا دەگێڕن ، كە بەداخەوە لە كوردستانیشدا كەسانێكی بەناو نوسەرو  قەڵەم لەرزۆك و ڕووناكبیری ساختە و كۆڵەوار لە سیاسەت هەمان ڕۆڵیان لە ئەستۆگرتووە!

شەشەم  / ئازادكردنی سوریا و ڕووخاندنی ڕژێمێكی داپڵۆسێنەری (61) ساڵ تەمەن  ، پەردەی لەسەر زۆرێك لە ڕاستیەكان هەڵدایەوە و ، گەلانی ناوچەكەی وریا و بەئاگاهێنایەوە لە پڕۆژەیەكی ساختە كە دەیان ساڵە بازرگانی بە پرسی فەلەستینەوە دەكات و  ، ڕای گشتی عەرەبی و ئیسلامی فریو دەدات  ، ڕووخاندنی بەشار ئەسەد كۆتایی بە پڕۆژەی بەشیعەكردنی وڵاتانی ناوچەكە هێنا  ، كۆتایی بەپڕۆژەیەك هێنا كە سوریای کردبووە  وڵاتی سەرەكی بەرهەم هێنەرو ڕەوانەكەری مادەی هۆشبەر بۆ وڵاتان و جیهان بەگشتی! دیارە كۆتایی هێنان و  هەڵتەكاندنی پڕۆژەیەكی ئیقلیمیی گەورە و  زەبەلاحی لەوجۆرە كە زۆرێك لە دەسەڵات و ڕژێم و هێزەۆكاڵیەكانیش لێرەو لەوێ  لە پەنایدا سەریان نابوویەوە و خۆیان حەشاردا بوو و  ، ئاوات و ئامانجی جیاجیایان لەسەر هەڵچنیبوو  ترساندو  ڕاچڵەكاند!


PM:09:20:18/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 2148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی