سێ شەممەکەی 17 ی کانون ، جیهانی شۆك کرد

‌بارزان شێخ عوسمان

رۆژی دوشەممەی 16ی دیسامبری 2012 ، رۆژێکی پڕ چالاکیی و دیداری سەرۆك مامجەلال بو لە  بەغداد .بەندە لە سلێمانی بوم ، بەڵام لەرێی  هاوڕێ و هاوکاری بەڕێزمەوە کاك شێخ ماکۆك سکرتێری رۆژنامەیی سەرۆك مامجەلالەوە  ئاگادار بوم ،کە  دیدار و چاوپێکەوتنەکانی سەرۆك لەوپەڕی وزە و کەیف خۆشیدا بەڕێوە چون . تا نزیکەی سەعات بیست و دوی شەو کەلەگەڵ کاك ماکۆکدا  قسەمان دەکرد هەمو شتێك ئاسایی بو .ئاخر بەهۆی چڕیی دیدارەکان  کارەکانی پەیوەست بە روماڵکردنی چالاکییەکان  درەنگ کۆتاییان هات ،جەنابی سەرۆکیش درەنگ چوبوە جێگای حەوانەوەی .

کەچی سەرلەبەیانییەکی زوی 17ی مانگ بە هەواڵێکی ناخۆش و بێزار کەر لەخەو رابوم. لە دوای ئەو زەنگەوە ئیدی زەنگی مۆبایلەکەم راوەستانی نەبو، هەمو پرسیار کردن بو لە راستیی و دروستیی هەواڵی نەخۆشکەوتنی سەرۆك مامجەلال ،نزیکەی سەعاتێکی خایاند تا دڵنیا بوم کە بەڵێ بەڕێزیان لە نەخۆشخانەی (مەدینە توبی)بەغدایە .

 دوای  ئەوە کاك ئاوات سکرتێری سەرۆك مامجەلال رێوشوێنی بۆ دانام تا بە  ئۆتۆمبیلێکی سکرتاریەت لەگەڵ کاك کامیل ی سکرتێردا بە زویی بگەمە بەغداد .بە درێژایی رێگە   تەلەفۆنم بۆ دەکرا لەم پەڕی کوردستان و عێراق و ئێران و تورکیاوە تا ئاژانسەکانی جیهان بە شینخوای چینیشەوە ، منیش سەرباری دەستنەکەوتنی هەواڵێکی دڵنیا کەرەوە بۆ بەپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەکان کە هەمو جیهانی گرتبوەوە ، خۆم دڵنیا بوم کە سەرۆك مامجەلال سەلامەتە و لەژیاندایە ، سەرەنجام لەرێی کاك نزار ئامێدیی بەڕێوەبەری  ئەوسای نوسینگەی سەرۆك ورەوانشاد دکتۆر جلال ماشتە راوێژکاری سیاسیی  سەرۆك کۆمار هەواڵی یەقینم وەرگرت کە مام لەژیاندایە .سەرەداوی ئەو زانیارییە دڵخۆشکەرەم  کردە هەواڵێکی گەرم و بوە مانشێتی هەمو ئاژانس و کەناڵە جیاجیاکانی راگەیاندن ،لەو کاتەدا ئاگاداریان کردم کە کەناڵی سۆمەریە بە پێچەوانەوە عاجلێکی داناوە ،دەستبەجێ تەلەفۆنم بۆ کردن و زۆر توڕە بوم لێیان کە بۆچی هەواڵی ناراست بڵاو دەکەنەوە لە کاتێکدا دڵی هەمو کورد و عێراقییەکان تەنانەت گەلان و لێپرسراوانی وڵاتانی  دراوسێ و ناوچەکە و جیهانیش بە سەلامەتی سەرۆک خۆشە و چاوەڕێی هەواڵی خۆشتر دەکەن .خوا هەڵناگرێت دەستبەچێ لایان برد ،دواتریش بەرەسمیی داوای لێبوردنیان کرد (ئێستاش دەقی نوسراوەکەیانم لایە ).

هەواڵی ئەوەی کە خۆشبەختانە سەرۆك مامجەلال لەژێر چارەسەری ورددایە و بە باشیی چارەسەرەکان کاریگەریی ئەرێنییان هەیە ، بوە فاکتەری هێور بونەوەی دەرونی تەواوی کۆمەڵانی خەڵکی خۆمان و گەلانی ناوچەکەش بە لێپرسراوەکانیشەوە،چەندین لێدوانم بەزمانەکانی  کوردیی ،عەرەبیی، فارسیی و ئینگلیزیی لێ وەرگیرا ، ئاژانسی ئەنادۆڵ بە هۆی کوڕێکی کوردەوە (لەم کاتەدا ناوەکەیم لەبەردەستدا نییە ) رۆڵێکی بەرچاوی هەبو بۆ بەرپەرچدانەوەی پڕوپاگەندەکان . بۆ مێژو دەڵێم لەو رۆژەدا  تەواوی میدیاکانی کوردستان و جیهان   بەوانەشی کە هەر خەمیان (سەبقی صحفی)یە  بە ویژدان و بەرپرسیارانە مامەڵەیان لەتەك بارودۆخەکەدا دەکرد،جگە لە هەندێك دڵ رەش .

دوای ئەوەی دەنگۆ ناراستەکان کپ بونەوە ئیتر هەر کەس و کەناڵێك پرسیاری دەکرد ،پێم رادەگەیاندن کە لەم ساتەوە پزیشکەکان دەتوانن لێدوان بدەن دەربارەی باری تەندروستیی سەرۆك کۆمار.

ئەوەی ئەرکی سەرشانم بو لە هێور کردنەوە و وشککردنەوەی فرمێسکەکان ،بەجێم هێنا.

کە گەیشتمە بەغدا و چومە (مەدینە توب )، هەمو سەرکردایەتیی عێراق  لەوێ بون پەیتا پەیتا سەرکردەکانی کوردستانیش دەهاتن ،ئەوە سەردانی بەردەوامی  دیپلۆماتکارانیش لەوێ بوەستێت.

بەراستیی سەرباری رۆڵی گرنگی  تیمی پزیشکیی تایبەتی سەرۆك مامجەلال  (دکتۆر ملکۆ و دکتۆر حمیدو هەردو کادیری پزیشکیی کاك رزگار و کاك ) تیمی پزیشکیی مەدینە توب یش رۆڵی گرنگی بینی لە کۆنترۆڵکردن و جێگیر کردنەوەی باری تەندروستیی سەرۆك ، نابێت رێنماییەکانی رەوانشاد دکتۆر نەجمەدین کەریم  لەبیر بکرێت تا گەیشتە بەغد .

هەموان  سەرباری وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی خەڵك و ئاژانسەکان ، لە چاوەڕوانیی گۆڕانکاریی نوێدا بوین . سەرانی چەندین وڵات  ئامادەییان نیشان دا بۆ هاریکاریکردن و  بەشداریکردنی تیمە پزیشکییەکانیان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی تەندروستیی سەرۆك مامجەلال .ئەمریکیی ، بریتانیی و ئێرانیی و زۆری تریش هاتن  بۆ بەغدا، لەو کاتەدا بو سەرۆك نێچیرڤان بارزانی کە ئەو کاتە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بو ، عەرزی دادە هێرۆی کرد  بۆ هێنانی تیمێکی پزیشکیی شارەزای ئەڵمانیایی  تا لە نزیکەوە بارودۆخەکە ببینێت و بڕیار بدات . هەر خۆیشی کارەکانی رێکخست ،ئەوەش فریاد رەسێکی گەورە بو کە  لەو رۆژەدا تۆمار کراوە  . ئەوەبو تیمە پزیشکییە ئەڵمانییەکە   بڕیاری دا سەرۆك مامجەلال بچێت بۆ ئەڵمانیا.

بۆ  ئەو مەبەستە خێرا هەواڵی  گەشتی  سەرۆكم بۆ چارەسەر لە ئەڵمانیا گەیاندە ئاژانسەکان و میدیا ناوخۆییەکان ،ئەوەش بوە مایەی دڵنیایی هەموان کە باری تەندروستی بەڕێزیان جێگیرە  بۆیە دەتوانێت  گەشتی چارەسەر بکات .  ئەوەش بوە مایەی رەواندنەوەی نیگەرانیی و دڵە راوکێ بۆهەمو ناوەند و کەسایەتییەکان و جەماوەر.

لای کۆمەڵانی خەڵكی عێراق و هەرێمی کوردستان و کورد بەگشتیی و تەواوی  جیهانی دیموکراسیی  سێ شەممەی ١٧ی کانون چەندە ناخۆش و دژوار بو ،گەشتی چارەسەر و جێگیر بونەوەی باری تەندروستیی  سەرۆك مامجەلال دوهێندە دڵنیایی  و ئاسودەیی بۆ گەڕاندنەوە.

بەراستیی ئەو  رۆژە بومەلەرزەیەك بو دای لە تەواوی عێراق و ناوچەکە ،کە تا ئێستاش ئاسەوار و کاریگەرییەکانی هەر ماون ،ئەگەر خراپتر نەبوبێت ، بارو دۆخ دیمەنەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ پێش ١٧ی کانون . بۆیە  ئەورۆژە هەمو جیهانی شۆك کرد  بە سەرانی وڵاتانی بڕیار بەدەستیشەوە ،هەر بۆیە سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا باراك ئۆباما و بایدنی جێگری لە پەیامەکانیاندا داوایان  کرد مامجەلال بەهێزییەکەی خۆی لەم نەخۆش کەوتنەیدا بەکار بهێنێت ،هەرچەندە دوای چاکبونەوەی و دەرکەوتنەوەی ئاهێك هاتەوە بەبەر هەمواندا  و ورەیەك پەیدا بوەوە ، بەڵام وەك بوەتە ئاخاوتن و پەندێکی میللی  ،لەو  رۆژەوەی کە  پزیشك و حەکیمەکەی عێراق نەخۆش کەوت ،عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەش ، نەخۆش کەوتن.


PM:03:53:17/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 2328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی