مەحاڵە ڕۆژاڤا ئەو بڕیارە بدات
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
هاتنەوەی ئەمەویە نوێکان، دەستەی تەحریری شام لەسوریا، دەبێ وەک هاتنەوەی عوسمانیە نوێکانی تورکیای سەردەمی ئاکپارتی سەیربکرێ کە سیستمی عەلمانی کەمالیزمی گۆڕی، ئيستا بەرەی سونیگەراو میللیگەرای ئاینی نوێ لەسوریاو تورکیا، بۆتە مۆدێلێک بەپشتیوانی ئەمریکاو ئیسڕائیل و مۆدێلی سوننەی قەتەریی، هەرێمی خۆسەری ڕۆژاڤا، یان دەبێ شەڕبکەن و مۆدێلەکە ڕەدبکەنەوە، یان دەبێ خۆیان یەکلایی بکەنەوە بۆ تێکەڵ بوون بەو چوارچێوەیە.
ململانێکە نەتەوەیی و ئاینی و جڤاکییە، نابێ لەو سیاقە مێژوییە دەری بهێنیت، لەبنەڕەتدا کێشەکە ڕەهەندی ئاینی و مەزهەبی هەیە پێش ئەوەی ڕەهەندی نەتەوەیی و جڤاکیی هەبێ، بۆیە دەبینیت کوردان باش پەرتەوازە بوون لەو نێوانە، ئاخر کێشەی کورد نەمەزهەبیەو نەئاینی بەڵکو نەتەوەیی و ئینتیمای خاک و شوناس.
پەیەدە لە ڕۆژاڤا، بەو فەلسەفە پەروەردەیی و فیکری و دیسپلینەی هەیەتی هەرگیز ناتوانێ لەگەڵ بەرەی ئەمەویەکان و سونیگەرای نوێ تێکەڵ بێ، مەگەر بۆ تاکتیک و قۆناغی ڕاگوزەر، چونکە لەسوریا ئیتر زیهنیەت و سیستمێک ئیش ئەکاو کاریپێکراوە، تێکەڵەیەکە لە دەوڵەتی سونیگەرای زاڵ و ئایدۆلۆژیای ڕادیکاڵی عەرەبی و کەمالیزم و عوسمانلی تورکی، بەهەموویانەوە کەوتوونەتە بەرەی دژە موقاوەمەی ئێرانی و تاڕادەیەک هێڵەکان ڕوون بۆتەوە.
پەیەدەو تەڤگەری ڕۆژاڤا، سەربە گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردیی و چەپی ڕادیکاڵ و سۆسیالیزمی نەتەوەیین و نوێنەرایەتی مۆدێرنێتەی دیموکراسی کلاسیک دەکەن لەڕۆژهەڵاتی ناوین و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەیان ساڵە هەژمارکراون لەسەر بەرەی موقاوەمە، ئێستا چۆن دەتوانن خۆیان بگونجێنن لەگەڵ ئەو میتۆدەی سوننەکان و تورکەکاندا، مەگەر ناسنامەو میتۆدێکی نوێ بۆخۆیان دروست بکەن و بچنە ناو مەنزومەکەوە بەفۆڕمی نوێ ئەوەش سەختە.
قسەکردن لەسەر سوریاو ڕۆژاڤا دەبێ قسەکردن بێت لەسەر دوو پایەی سەرەکی، یەکەمیان تێکەڵبوون بە گوتارو شەرعیەتی خەلافەت و بەیعەت، دوەمیان بەردەوام بوون لەسەر شەرعیەتی گەریللایی شۆڕش و فەلسەفەی ئاپۆچی، بەنەتیجە ئەوە دەرکەوتوە هەرهێزێکی کوردیی ئینتیماو شەرعیەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی نەمێنێ و تەسلیمی ئیرادەو ئیمتیازاتی دەوڵەتی سەردەست بێ ئەوکات دەتوانێ دەست و پەنجە نەرم بکات و بژی لەگەڵ ئەو سیستمە، کە سیستمی خەلافەتی ئاینییە.
کاتی خۆی عەباسیەکان و بنەماڵەی هاشمیەکان لە ١٣٢ی کۆچی لەدیمەشق، لەتۆڵەی شەهیدکردنی ئیمام حسێن و دەیان پیاوی ئاینی قەبیلەی بەنى هاشم و حەفتا سەحابەی پێغەمبەر(دخ) سەرکردەو خەلیفە دیارەکانی ئەمەویەکانیان لەقەبر دەرهێنا بەموعاویەو یەزیدەوە، دوا خەلیفەی ئەمەویەکان،کە مەڕوانی حیماربوو، مروان بن محمد بن حەکەم، کە لەباوکێکی ئەمەوی و دایکێکی کوردبوو، کوشتیان و کۆتایی بەو خەلافەتە هات و وتیان ئەوە لەتۆڵەی خزمانی بەنی هاشم، ئایا ڕۆژاڤا دەچێتەوە سنگی ئەو مێژوە خوێناویە شکست خواردوەی کۆنی ئەمەویەکان و پشت لەدۆستە عەباسیەکانی دەکات؟
ڕەنگە عێراق و دەوڵەتی قووڵ بۆ چەندساڵێک بەتەواوی پشتیوانی لە ڕۆژاڤاو هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن بۆ راستکردنەوەی ئەو بارە لاسەنگە، هەرێمی کوردستان دەبێ ئاقڵانە مامەڵە بکات، پرسەکە ئیجتیهادو فەتواو تۆڵەیە، گرنگە بزانین "المذاهب الفقهية والتقليد"و بیری دەزگایی ویلایەتی فەقیە لای شیعەکان چیەو بۆچی بەدرێژایی مێژوو ئەم بزوتنەوە سیاسیانە لەدەوری کۆبوونەتەوەو گروپ و تەڤگەرە کوردیەکانیش سەرقاڵ و دابەش بوون بەسەریاندا.
PM:02:35:16/12/2024
ئهم بابهته 1036
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی