وەفدەکانی ڕێگای کانی!
سوبحى مەهدى
وابڕیارە ، سبەی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤،دیسان وەفدی حکومەتی هەرێم بەرەو بەغدا بکەوێتە ڕێ، بۆ گفتوگۆ لەبارەی تەواوکاری موچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤، لەگەڵ بەرپرسانی بەغدادا.
لەکوردەواریدا کاتێک کەسێک بەگوزەرێکدا ، هاتو چۆی زۆر دەبێت ، پێی دەڵێن چییە کردوتە بەڕێی کانی.
ئامۆ شۆڕە وتی کچانی شۆخ و شەنگی گوند بۆ کانی جگە لە پڕ کردنی گۆزەکانیان لە ئاوی سازگاری کانی ، لە سەرە ڕێگاکەشدا چاوێکیان بە لاوە جوانخاسە دڵخوازەکانی خۆیان دەکەوێت کە لە سەرەڕێگا چاوەڕێیان دەکەن، ئەوکات پڕۆژەی ئاو لەگوندەکان نەبوون، ئاویش پێویستی ڕۆژانەیە.
کیژە چاوگەشەکانیش ڕۆژانە دەیانجار گۆزەکانیان لەو کانیانە پڕ بکردایە، دڵیان ئۆخەی نەدەکرد، چونکە بە بیانوی هەموو کاروانێکی ئاوهێناندا چاوێکیان بەدڵخوازەکانیان دەکەوت و دەردە دڵێکیان لەگەڵدا دەکردن ، و ئاڵوگۆڕی دیاریان لەگەڵ یەک دەکرد.
چەندین ساڵە لەم هەرێمە وێرانکراوەی دەستی حوکمڕاناندا، بەبەردەوامی شاند لەهاتوچۆی زیاتر لەکانی بۆ بەغدا دەکەن، نە توانیان رێککەوتنێکی یەکلاکەرەوە بکەن و نە چارەسەری دەردە گرانەکانی گوزەرانی خەڵکیان پێکراوە.
ئەم وەفدانە بیانوەکەیان بۆ ڕێکەوتن و هێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستانە، بەڵام ڕاستییەکەی چەواشەکردنی خەڵکە بۆ لە ئەستۆ خستنی کەمتەرخەمی و دواخستنی موچە و دۆخی خراپی ئابوری هەرێم بۆ سەر حکومەتە شکستخواردووەکەی بەغدا، وئەو کەسو لایەنانەی خوازیاری گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دارایی بون بۆ بەغدا.
ژمارەی وەفدەکانی هەرێم بۆ باسکردنی بودجە و موچە لەگەڵ بەغدا لەهەموو ئەو وەفدانە زیاترە کە بۆ کێشە گەورەکانی دونیا بەڕێ خراون.
ئەگەر ئەم دەسەڵاتەو بەرپرسەکانی دارایی چەواشەی خەڵک ناکەن بۆچی ئەو بڕە پارەیەی بۆ موچەیەک یان زیاتر لەبەردەستیاندایە دابەشی ناکەن ولە هیچ بڕێک لەداهاتی ناوخۆیی تەواوکاری بۆ ناکەن تا بۆدوای ئەوهەنگاوە، گەڕێکی تری دانوستان لەگەڵ بەغدا دەست پێبکەنەوە.
بێ متمانەیی بەم وەفدانەو بە پاساوەکانی ئەم دەسەڵاتە گەیشتۆتە ئاستێک، کە گومان لەهەموو هەنگاوێک ودەستپێشخەرییەکی دڵسۆزانەش بکرێت.
تا پردە فشۆڵەکانی متمانە بە تەواوی دانەڕماون، هەقە بیر لە چارەسەرێکی گونجاو بکرێتەوە، و وەفدەکانی ڕێگای کانیەکەی بەغدا ڕێک بخرێنەوە و بەگۆزەی پڕ بە دەسکەوتەوە بگەڕێنەوە.
PM:11:26:14/12/2024
ئهم بابهته 612
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی