سوریاو هاوکێشەکان!
دڵشاد ئەنوەر
رژێمی ئەسەد بۆ خێرا ڕووخا؟ کێ براوەی یارییەکەیە؟ روسیا بۆ پشتی لەئەسەد کرد؟ داهاتووی کورد چۆن دەبێت؟
ئەوانەی سەرەوە کۆمەڵێک پرسیارن لە مێشکی زۆربەماندا دەخولێتەوە، بەڵام هێشتا وەڵامی یەکلایی کەرەوەمان دەست نەکەوتووە،گەرچی وردە وردە هاوکێشەکان ڕوون دەبنەوە.
ئەسەد بۆ زوو ڕووخا؟
بێگومان ڕووخانی رژێمی ئەسەد بەو خێراییە نەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ، تەنانەت بۆ دەستەی تەحریر شام خۆشی شۆکهێنەر بوو، چونکە بنەمای جوڵەی تەحریر شام بۆ ڕووخانی ئەسەد نەبوو بەڵکو بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تربوو.
تەنانەت دوای ڕووخانی ئەسەدو کۆنترۆڵکردنی دیمەشق لەلایەن دەستەی تەحریر شامەوە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند،”داڕووخانی خێرای رژێمی ئەسەد بەلای کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە موفاجەئە بوو.”
رژێمەکەی ئەسەد پێشتر ١٣ ساڵ بەرگری کردو نەڕووخا، هەرچەندە مانەوەی پەیوەندی بە پشتگیری ئێران و حیزبوڵاو روسیاوە هەبوو، بەڵام چاوەڕوان نەکراویشبوو بە کەمتر لە دوو هەفتە بڕوخێت.تەنانەت هەڵاتنی خودی ئەسەد بەو شپرزەییە و ئاگادار نەکردنەوەی براو کەسوکارەکەی ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕووداوەکان هێندە خێرابوون بۆ خۆدی ئەسەدیش چاوەڕوانکراو نەبوون.
ڕوونە هۆکاری داڕووخانی ئەسەد بەو خێراییە، لاوازبوونی حیزبوڵاو پشت بەردانی بوو لەلایەن ئێران و روسیاوە، چونکە سوپاکەی ماندوو بوو، لەڕووی بژێوییەوە داڕووخابوو، چەک و تەقەمەنی پێشکەوتووی نەبوو، متمانە لە نێوان سوپاو رژێمەکە نەمابوو، وەک دەوترێت سوپاکە هێندە برسی بوو چەکدارانی حیزبوڵا بەزەییان پێیاندا دەهاتەوەو خواردنیان پێدەدان.
سەرباری ئەو فاکتەرانەی سەرەوە، ئەسڵی جوڵەی دەستەی تەحریر شام بۆ رووخانی ئەسەد نەبوو، کەسیش ئامادەکاری بۆ ڕووخانی ئەسەد لەمکاتەداو بەو خێراییە نەکردبوو، ڕووداوەکان هێندە خێرابوون، وەزیری دەرەوەی ئێران وتی،” پێشبینیمان بۆ چارەنوسی ئەسەد نییە.”
جوڵەی تەحریر شام بۆ چەند ئامانجێک بوو، یەکەم ناچارکردنی ئەسەد بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا ، دووەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی تەحریر شام بەراورد بە ژمارەی خەڵک فراوان نەبوو، دەیانویست هەندێک ناوچەی تر کۆنترۆڵ بکەن ، بەڵام کە شەڕیان دەستپێکرد دۆخەکە گۆڕا، سوپای ئەسەد داڕوخا، ئەمەش هاندەریان بوو بۆ پێشڕەوی زیاترو فراوانبوونی تموحیان.
داڕووخانی رژێمی سوریاو نزیک بوونەوەی تەحریر شام لە دیمەشق، کەوتنی رژێمی ئەسەدی کردە حەتمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچار کرد مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا بکەن.
گەر دیقەت بدەین لە سەرەتای هێرشی تەحریر شام سیاسییەکانی ئێران و عێراق چاوەڕوانی ئەو دۆخە نەبوون و ئەو هێزەیان بە تیرۆریست ناودەبرد، بەڵام دواتر زمانیان گۆڕی و بە ئۆپۆزسیۆن ناویان دەبردن، ئەمەش هاوشێوەی لێدوانی وەزیری بەرگری ئەمەریکا کە دەریدەخات دۆخی سوریا ئامادەکاری بۆ نەکرابوو، بەڵکو واقیعێکەو خوڵقێنرا.
روسیاو سوریا!
روسیا یەکێکبوو لە هاوپەیمانەکانی ئەسەدو بەدرێژایی ١٣ ساڵی پاش بەهاری عەرەبی پاڵپشت و ڕێگربوو لە ڕووخانی ئەسەد، بەڵام ئەمجارە نەیتوانی لە داڕووخان بیپارێزێت.
هەرچەندە دەوترێت روسیا لە بەرامبەر ئۆکرانیا پشتی لەئەسەد کرد، پێناچێت ئەمە دروست بێت، چونکە لەسەرەتای هێرشی تەحریر شام دا بەچڕی هاتە خەت و لە ئاسمانەوە بۆردومانی دەکردن و هەوڵی دەدا لە پێشڕەویکردن ڕایانبگرێت.
هێزی زەمینی و ئاسمانی تەواوکەری یەکترین، با رووسیا لە ئاسمانەوە هەوڵی رێگری لە تەحریر شام بکات، بەڵام خۆ لەسەر زەوی سوپای سوریا هیچ بەرگرییەکی نەدەکرد، حیزبوڵاو ئێرانیش لە گۆڕەپانەکە لاواز بووبوون، بۆیە دروستتر وایە روسیا لەوە زیاتری پێنەدەکرا.
بەڵگەیەکی ڕوون هەیە بۆ ئەوەی روسیا لەوە زیاتری بۆ ئەسەد پێنەکرا، ئەویش ئەوەیە لە دوا ساتەکانی کەوتنی دیمەشق دا، روسیا پشتی ئەسەدی بەرنەداو تەنانەت بواری دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیاو قەتەر بەکارهێناو ئەسەدی لە دوا ساتەکاندا بەشپرزەیی بەفڕۆکە دەرباز کرد.
شام دڵی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، گەر گرنگییەکەی بۆ ئەمەریکا دابینکردنی سەلامەتی بۆ ئیسرائیل و بچڕاندنی هیلالی شیعی بێت، یان گەر گرنگییەکەی بۆ تورکیاو ئیسرائیل دیوی ئەمنی و ئابووری و زۆر دیوی تر بێت، ئەوا بۆ روسیا شام زۆر گرنگترە.
شام و ئەو پێگە سەربازییانەی روسیا لەشام هەیەتی، خاڵی گرێدانی ئەفریقایە بە روسیاوە، لە رابردوودا روسیا سودی گەورەی ئابووری لەو پێگە سەربازییانەی سوریا وەرگرتووە وەکو خاڵی گرێدراو بەئەفریقاوە.
بۆیە لەگەڵ کەوتنی رژێمی ئەسەد دا، ڕوون نییە چارەنوسی پێگە سەربازییەکانی روسیا لەو وڵاتە چییان بەسەر دێت، ئایا روسیا بۆ هێشتنەوەی پێگەکانی چۆن مامەڵە لەگەڵ سوریای نوێ دەکات، بەڵام تورکیا دەتوانێت لەم مەسەلەدا ڕۆڵی نێوەنگیری بگێڕێت.
کێ ئەسەدی ڕووخاند؟
بەرپرسانی باڵای شیعە ئیسرائیل و ئەمەریکاو تورکیا بە ڕووخاندنی رژێمی ئەسەد تۆمەتبار دەکەن، هەرچەندە ڕەنگە پلانێکی هاوبەش نەبووبێت بۆ ڕووخانی ئەسەد، بەڵام هەریەک لەم وڵاتانە ڕۆڵیان هەبوو لە خستنی ئەسەددا.
ئیسرائیل حیزبوڵای لاواز کردو فشاری خستە سەری تا هێزەکانی لە سوریا کێشایەوە، ئەمەریکا ئابڵوقەی ئاسمانی خستە سەر سوریاو نەیهێشت لە عێراق و ئێرانەوە هێز بڕوات بە هانای ئەسەدەوە، تورکیاش دەستەی تەحریر شامی بەرەو دیمەشق جوڵاند، کەواتە هەر سێ لایەنەکە بەشداربوون.
سودمەندی سەرەکی لە دۆخەکە ئیسرائیلە، وڵاتێکی نەیاری تەنیشتی ڕووخاو مەترسی لەسەر ئاسایشی سنورەکانی دوورکەوتەوە، پەیوەندی نێوان ئێران و حیزبوڵا بچڕاو ژێرخانی سەربازی سوریاشی وێرانکرد، ناشهێڵێت هەرگیز سوریا ببێتە خاوەنی سوپای بەهێز و ببێتە مەترسی لەسەری.
تورکیاش لایەنێکی براوەی دۆخی سوریایە، لە سوریای داهاتوودا یەکێک دەبێت لە وڵاتە ڕۆڵدارەکان، کورد لە شریتە سنورییەکان دوور دەخاتەوە، هەوڵی ناردنەوەی ئاوارە سورییەکان دەدات.
دەکرێت بڵێین: تورکیا بە جۆرێک مامەڵە لەگەڵ سوریای داهاتوو دەکات، هاوشێوەی ئەو مامەڵەی ئێستا ئێران لەگەڵ عێراق دەیکات، واتە تورکیا دەیەوێت لەداهاتوودا لەڕووی سیاسی و ئابووری و سەربازی و هەموو ڕوویەکەوە هەیمەنەی بەسەر سوریادا هەبێت.
کەشەکە لەبارە بۆ هەیمەنەی تورکیا بەسەر سوریا، وەکچۆن لەسەردەمی بەعس دەسەڵاتدارانی ئێستای شیعی عێراق لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکران، ئەو هێزە سونییانەی ئێستاش لە سوریا دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، تا دوو هەفتە لەمەوبەر لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی دەکران.
دەکرێت بڵێین: سوریای داهاتوو، سونە مەزهەبییەکەی، دراوسێیەتییەکەی، لایەنی ئابووری و سەربازی، باکگراوەندی هێزەکانی و زۆر فاکتەری تر هۆکار دەبن بۆ ڕۆڵی تورکیا لە سوریای داهاتوودا.
کوردو سوریای داهاتوو!
تورکیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ لە قاڵبدانی کورد لە سوریای داهاتووداو ئەمەش بە خیتابی بەرپرسانی باڵای تورکیاوە بەڕوونی دیارە. هەموو هێزە سورییەکانیش کە دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست تا سەر ئێسقان نەیاری کوردن، بۆیە گەر کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی ڕێگر نەبێت کورد دۆخی شڕ دەبێت.
رامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دەڵێت،” پلانێکی تورکی هەیە بۆ تێکدانی نێوان کوردو عەرەب لە سوریا.”
واتە گەر هاوکێشەی نێودەوڵەتی ڕێگر نەبێت، ئەسەد نەماوەو نۆرەی هەسەدەیە، بەڵام بە خیتابی بەرپرسانی ئەمەریکاوە پاڵپشتیکردنی کورد هەستی پێدەکرێت، بەتایبەت وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕۆڵی کورد لە داهاتووی سوریا، پێکهێنانی حکومەتی سوریا بەبەشداری پيکهاتەکان دەکەنە مەرجی مامەڵەکردن لەگەڵ تەحریر شام.
ڕەنگە لەو دیوی فوراتەوە هێرش بکرێتە سەر هەسەدە چاوپۆشی بکرێت، بەڵام پێناچێت لەم دیوی فوراتەوە ڕێگە بە هێرشکردنە سەر هەسەدە بدرێت، چونکە هاوکێشەکان لە ئێستادا مانەوەی کوردیان دەوێت، بەو پێیەی ڕوون نییە سوریا بەرەو کوێ دەبرێ و دۆخی داهاتوی ئەو وڵاتە چۆن دەبێت،.
هەسەدە خۆشی ژیرانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێی سوریا دەکات، بانگەشەی ئاشتی و سوریای نوێ دەکات و ئاڵای سوریای نوێشی هەڵکرد، ئەمە جگە لەوەی نەرمی بەرامبەر ئەنەکەسەش نواندووە، تا پێکەوە دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن و وەفد جیایی نەبێتە هۆی لاواز بوونی کورد.
AM:09:55:14/12/2024
ئهم بابهته 488
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی