لەودیوی وەهمەکان
با تەرکیزی کورد لەسەر مانەوە بێت
حەسەن ئەحمەد مستەفا
چەندە بەیەقینەوە باس لە دیزاینە گەورەکانی داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، باشترە کورد لەسوریاو عێراق لەبەر قاپیەیی ئەم گێڕانەوانە نەوستێت.
سیناریۆی خەیاڵی و ڕێکخستنەوەی جیۆپۆلەتیکی بەوخێراییە، جا بەرژەوەندی هاوبەشی کورد لەگەڵ ئەمریکاو دۆستەکانی لەناوچەکە بێت، یان بڕینی ئاستەنگەکانی هەستیاری سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد، دەشێت خۆ قایلکردنێکی مەترسیدار بێت.
واقیعە سەختەکە وەک خۆی و مەترسیدارتریش ماوەتەوە، تا ئێستەش هیچ هێزێکی دەرەکی مانەوەی کورد لە پێشینەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا دانانێت.
لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی کە مانەوە (survival) لە هەموو دەستکەوتێکی گریمانەیی لەپێشترە. پشتگیری نێودەوڵەتی بە تایبەتی لە ئەمریکاوە سوودبەخشە بەڵام گرنتی نییە.
ئەگەر بەهای تورکیا وەک هاوپەیمانێک لە خواستەکانی کورد بۆ ئەمریکا زیاتر بێت، ئەوا هەرگیز درێغی ناکات لە پشتگوێخستنی کورد، دەشێت گریمانەی پێچەوانەشت هەبێت کە لەوانەشە بەرژەوەندی ئەمریکا لە هاوکاریکردنی کورددابێت.
لەسەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورد پێویستییەتی سەرنجی لە گفتوگۆی خۆشخەیاڵیانەوە بگۆڕێت بۆ ئامادەکاری پراکتیکی، بەرزکردنەوەی ئامادەیی سەربازی، بەهێزکردنی یەکێتی ناوخۆیی و پێویستی خۆڕاگری لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکان.
لە ناوچەیەکی ناجێگیردا، تەنیا ئامادەیی خۆت و بەرچاوڕوونیت، سەقامگیری و ئاسایشی کورد و مانەوەی مسۆگەر دەکات.
بۆ کورد لە عێراق
خێرایی پێشهاتە ناوچەییەکان زۆر زیاترو خێراترە لە ئامادەکارییەکانی عێراق بۆ بەربەستکردنی مەترسییەکان.
ئەمەی من دەینوسم لە پێگەی چاودێریمەوە، تەنیا دانپێدانانە بەو هەڕەشە گریمانەییانەی کە پێویستە بۆ چارەسەرکردنی هەڕەشە پەرەسەندووەکان بەهەند وەربگیرێن.
تەحەداکە لەوە زیاترە کە هەرێم و عێراق لە دزەکردن و پەڕینەوەی ئاڵۆزییەکان لە سنورەوە تەماشای دەکەن و عێراق دیواری بۆ هەڵدەچنێت.
گەرمبوونەوەو بەجوڵەکەوتنی شانە سڕبووەکانی تیرۆرستان وئەنجامدانی کردەی تیرۆرستی لە شارە گرنگەکانی عێراق و هەرێم و پەلاماردانی هێزەکانمان لەو ناوچانەی سیاسەتی تایفی ڕێگەی نەدا باش سەنگەربەندی بکرێت،بەهۆی تینی ئاگری سونییەکانی سوریا مایەی هەڵوەستەی دەست بەجێیە.
هێرشی ئەم دواییەی تەحریر شام نەک هەر بارودۆخە ئەمنییەکانی ئێستای سوریایی تێکداوە، بەڵکو زەمینەیەکی بەپیتی بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و کوتلە توندڕەوەکانی هاوشێوەی لە عێراقیش داڕشتووە.
ئەگەر ڕێوشوێنی دەستبەجێ نەگیرێتەبەر، ئەوا دیمەنی هەڕەشەکان بە گوێرەی تایبەتمەندی شوێنەکان پەرەدەستێنێت، کە لە عێراق خۆی لە ئاڵۆزکردنی ئاسایشدا دەبینێتەوە، چەندەش ئۆپۆزسێۆن لەسوریا سەرکەوێت هێندەش لە عێراق و هەرێم دنەی توندوتیژی و کاری تێکدەرانە دەدرێت.
بەتایبەتی لە دوای دۆخی حمس چونکە کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە لەسەرکات وەستاوە. ئەمەی لێرە دەیخەمەڕوو جەخت لەسەر پێویستی ستراتیژییەکی هەماهەنگی بەپلان دەکاتەوە بۆ بەهێزکردنی ناوەندە شارەکان و ناوچە سنوورییەکان.
ئەم جۆرە ڕێوشوێنانە دەبێ بریتی بن لە بەرزکردنەوەی تواناکانی هەواڵگری، پەرەپێدانی هاوکاری ناوچەیی و چارەسەرکردنی ئەو هۆکارە کۆمەڵایەتی، ئیداری و ئەمنیانەی کە گروپە توندڕەوەکان لەوانەیە بیانقۆزنەوە.
تێچووی لەخۆبایی بوون بێ ئەوەی تەدابیری جدیمان هەبێت زۆر گەورەیە، ناوچەکە مەترسی ئەوەی لەسەرە کە تەواو بچێتە ناو ناسەقامگیرییەکی قووڵترەوە، لەو بڕوایەدانیم هێرشی گەورە بۆ سەرعێراق لەئارادابێت و ئەوهێزانەیش کە تەحریر شامیان ئاڕاستەکردووە، تا نەتیجەی سوریا گرنتی نەکەن نایانەوێت عێراق بکەنە پارچەیەک لە جەنگەکە، بەڵام تیرۆر لە عێراق لەسەر ئەمە ناوەستێت و کارەکانی خۆی ودەکات.
سەبارەت بە دۆخی کورد لە سوریا
لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، مەجلیسی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا، بەسەرپەرشتی سەرۆککۆمار ئەردۆغان کۆبۆوە، ڕاگەێنراوی کۆبونەوەکە، ڕەنگدانەوەی ئەجێندایەکی فرەچەشنە کە نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا لەگەڵ پرسە فراوانەکانی ناوچەکەدا تێکەڵ دەکات، پاساوێکی ستراتیژی ڕوون بۆ کارەکانی لە سوریا وناوچەکە دەخاتە ڕوو.
بەئاشکرا جەخت دەکاتەوە کە تورکیا لە بە ئامانجگرتنی مەترسییەکان وهەڵوەشاندنەوەی ئەو قەوارە سیاسی و سەربازییە کوردانەی کە بە هەڕەشەیان دەزانێت درێخی ناکات و ڕایدەگەێنێن کە بەسەریاندا (تێناپەڕێت).
پۆڵێنکردنی (پەکەکە)٫ (کەجەکە)٫(پەیەدە)٫(یەپەگە)، لە بەیاننامەکەی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆککۆماردا، تیشک دەخاتە سەر سیاسەتی تورکیا بەرامبەریان وەک بەشێک لە هەڕەشەیەکی یەکگرتوو کە بوونیان دژی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیایە.
لە ڕاگەیاندنەکەی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیادا جەختکردنەوە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا بەئامانجی ڕێگریکردنە لە مانەوەی کیانی کوردی سوریا.
ئامانجی ئێستەی تورکیایە لە سوریا وەک هێزێکی خاوەن کارتی گەورە بمێنێتەوە، ئامانجەکەیش سوریایەکی یەکپارچەیە کە کورد تێیدا چەکدار و خاوەن بەڕێوەبەری نەبێت، ئاخۆ ئەمەی بۆ دەچێتەسەر یان نا دەکەوێتە سەر توانای جەنگی کوردو ڕاوهەڵوێستی بەڕێوەبەرایەتی سەرۆکە پێشبینی نەکراوەکە ترەمپ.
بانگەوازی کۆبونەوەکەش بۆ ئاشتبوونەوەی ڕژێمی سوریا لەگەڵ گەل و ئۆپۆزسیۆنەکەی، مانۆڕێکی ستراتیژییە کەبە شێوەیەکی ناڕوون بە ئەسەد و سەرکردایەتی سوریایی دوای ئۆپەراسێۆنی تەحریر شام وگروپە توندڕۆکان دەڵێت نفوزی کورد سنوردار بکەن.
ملشیاکانی حەشدمان لە بیرە چۆن دوای موسڵ گەڕانەوە سەر کوردو ئێستەی کەرکوکیشمان لێدیارە، ئەوکەرکوکەی ترەمپ گوتی (کورد کیشە نییە بە دوو تەقە لە کەرکوک دەرچوو دۆخەکەیش ئارام بۆتەوە) لە سوریاش دوای ئامانجەکانیان لە ناوچە سونییەکان دەگەڕێنەوەو شەڕی کورد دەکەن، دیسانیش بەڕێوەبەرایەتی تڕەمپ بە پێشبینی نەکراوییەوە ئامادەیە، بۆیە کوردو بازووی خۆی، کە هێزو بازووت بوو دۆستی چاکیشت دەبێت.
PM:12:34:06/12/2024
ئهم بابهته 1252
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی