حەسەن ئەحمەد مستەفا
5ی 12ی 2024
ئەو ڕووداوەی ئاڕاستەی ئیسلامی سیاسی گۆڕی
ئێستە هێزە چەکدارە سونییەکانی سوریا کە شاری (حەما) وەک هێمای ئازاری بەکۆمەڵ لە ژێر دەسەڵاتی عەلەوییەکاندا سەیری دەکەن، لە دەروازەی شارەکە وەستاون. کۆمەڵکوژیی حەما ئەم یادەوەرییە مێژووییەیە کە بووە بە بەنزینی سەرئاگری ڕاپەڕینی سوننەکان لە سێنزە ساڵی ڕابردوودا کە خۆی لە ناڕەزایەتی و هێرشی چەکداری و شەڕی ناوخۆی سوریادا دەبینێتەوە.
بۆ نموونە گروپەکانی وەک (جەبهەت نوسرە) و (داعش) یادەوەری (حەما)یان بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی ئەندام و لایەنگران و ئامادەکردنیان بۆ تۆڵە سەندنەوە، هەمان پەرێزی مێژوویی و ڕاهێنان و پاساوهێنانەوە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکەکانیان لە دژی ڕژێمی ئەسەد وای کرد ئەو جوڵانەوانەی لە سوریاوە ڕژانە عێراق هێجگار توندو تیژ بن.
سەرکوتکردنی توندی ناڕەزایەتییەکان لە حەلەب و دەوروبەری لە ساڵی ٢٠١١دا سود وەرگرتنی (بەشار) بوو لەو تاکتیکانەی(ئەسەد) ی باوکی لە (حەما)ی ١٩٨٢ بەکاریهێنابوون.
لە ئێستەی سوریادا جەمسەرگیری تائیفی چڕتر دەبینین کە ئاشتەوایی لەناو کۆمەڵگەکەدا قورستر کردوە ئەمەش ئەو ناکۆکییە توندەیە ئەگەر کورد لەسوریا لێی بێلایەن بێت بۆ قۆناغێک سودی لێ دەبینێت.
ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ کۆمەڵکوژی حەما بە ساتێکی گرنگی دابەشبوونی تائیفی وەسفی دەکەن، کە دواتر سەری کێشا بۆ ململانێیەکی جیۆپۆلیتیکی سوننە-شیعەی فراوانتر، کە دەیانساڵ دواتر زلهێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، ئێران و سعودیە تێیدا بەشداربوون و لە ئێستەیشدا دەوڵەتانی ناوچەیی وجیهانی وەبەرهێنانی لەسەردەکەن.
ڕوانگەی نێودەوڵەتی
بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ کۆمەڵکوژی حەما لە 1982، لەو بێدەنگییە دەچوو کە بەرامبەر کیمیابارانی (هەڵەبجە) لەلایەن بەعسییەکانی عێراق باڵی بەسەر جیهاندن کێشابوو، کە دواتر ئەنفالی بەدوادا هات، دواتر بێ دەنگی جیهانی بوێری کۆکوژکردنی هاوڵاتیانی بە ڕژێمە تاکڕەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرانسەری جیهان بەخشی.
جەنگی سارد هێندەی دیکە سەرنجی جیهانی دابەشکردو هاوڵاتی ومافەکانی خستە پەراوێزەوە، زلهێزە ڕۆژئاواییەکان (سوریا) یان وەک هاوپەیمانێکی سۆڤیەت سەیر دەکرد و خۆیان لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بەدوور دەگرت، لە لەهەمانکاتدا یەکێتی سۆڤیەت پشتگیری لە کردەوەکانی ئەسەد دەکرد.
هەمان پاڕادایم بۆ عێراقیش دروستە و هەموو ئەو زیلە عەسکەرییانەی کوردەکانی پێ دەبران بۆ بیابانەکان و بەزیندووی دەژێر خاک دەخران سۆڤییەتی بوون.
نەبوونی لێپرسینەوە لە ساڵی لە کۆمەڵکوژی١٩٨٢ی حەما و کیمیاباران و ئەنفالی ١٩٨٨ ڕێگەخۆشکەری کۆمەڵە ڕووداوەکانی دەیەیی دواتر بوون، وەک جینۆسایدی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤. لە هەردوو حاڵەتەکەدا بێدەنگی یان بێکردەوەیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕێگەیدا دڕندەکان بێ سڵەمینەوە بکۆژن و ببڕن.
لە ئێستەشدا دەستوەرنەدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە (حەما) بۆ وەستاندنی کارەساتەکان ئەوە ڕووندەکاتەوە کە لایەنە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان لەجەنگەکەدا بەشدارن و یاری شەترەنجەکە لەسەر پشتی کەسوکاری قوربانیانی حەمای ١٩٨٢ لە حەمای ٢٠٢٤ دەکەن.
لە ساڵانی ٢٠١١و ٢٠١٢ بەولاوە کە سەرەتاکانی شەڕی ناوخۆی سوریا بوو، هاوڵاتیانی سوری لە دەستێوەردانی مانادار بێ ئومێد بوون.
ڕێکخراوە مرۆییەکانی وەک ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی زۆرجار (حەما) وەک وانەیەکی مێژویی بیر دێنێتەوە.
بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان کە دواتر کران نیشانیاندا کە وەڵامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ قوربانییەکانی حەما هیچە و ڕازیکردنی ئەکتەر ناوچەیی و هەرێمییەکان زۆر لە پێش مافی مرۆڤەوە دانراوە.
هەردوو ڕووداوەکە (هەڵەبجە- ١٩٨٨) و (حەما- ١٩٨٢) ئەوە ئاشکرا دەکەن کە چۆن ڕژێمە تاکڕەوەکان توندوتیژی بەکۆمەڵ بۆ نەهێشتنی هەڕەشەکان ئەنجام دەدەن، لە کاتێکدا ئەسەد ئیسلامییە سوننەکانی کردە ئامانج، سەدامیش نەتەوەی کوردی کردە ئامانج.
مێژوویەکی هاوبەشی زەبر و زەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینین کە تا ئەمڕۆش کاریگەری لەسەر کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناوچەکە هەیە، بۆ نموونە کاتێک ڕزگاربوانی ئەم ڕووداوانە ئازارە سەختەکانیان دەگێڕنەوە٫ یەک و دوو نین بە هەزاران کەسن و گێرانەوەکان هێندەی دیکە دابەش بوونەکان قوڵ دەکەنەوە.
هەردوو ڕووداوەکە هەڵەبجەو حەما بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و چاودێری مافی مرۆڤدا دۆکێۆمێنتکراون، لە ڕاپۆرتە مەیدانییەکاندا شایەتحاڵی ڕزگاربووانی ئەنفال و حەما تەوەری هاوشێوەی تەژی لە ترس و ئاوارەیی دەگێڕنەوە.
حەما ڕەوتی ئیسلامی سیاسی گۆڕی
چیرۆکی حەما ئیلهامبەخش بوو بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکانی داهاتوو، جا ئیخوانی بن یان تایپێکی دیکە چونکە زۆربەی بزوتنەوەکانی ئیسلامی لە مناڵدانی ئیخواندا دروست دەبن.
لە کاتێکدا وەک ڕێکخستن ئیخوان لە سوریا ناوبانگی لەدەستدا، چیرۆکی قوربانییەکانی کاریگەری لەسەر گروپەکانی وەک ئەحرار شام و هەیئەی تەحریر شام، ئەوانی دیکە هەیە.
سەرکوتکردنی دڕندانە لە حەما، کوشتنی 40 هەزار کەس و بێسەروشوێنکردنی 17 هەزاری دیکە لە سێ حەفتەدا پاڵی بە زۆرێک لە ئیسلامییەکانەوە نا کە زیاتر ڕێبازی شەڕانگێزانە بگرنەبەر، بەو پێیەی دژایەتی ئاشتیانە لە ژێر سایەیی ڕژێمە تاکڕەوەکاندا بێهودەیە.
زۆرێک لە ئەندامانی ئیخوان بەرەو ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی عەرەبی هەڵهاتن، لەوێش بەردەوام بوون لە تێکۆشان دژی ڕژێمی ئەسەد و هەڵمەتێکی نێودەوڵەتیان بەرپاکرد.
شیکارییەکانی جیلس کیپڵ بۆ بزووتنەوە ئیسلامییەکان نیشان دەدات کە چۆن سەرکوتکردن لە حەما کاریگەری لەسەر توندڕەوبوونی ئیسلامی سیاسی لە سوریا و دەرەوەی سوریادا هەبووە.
لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا، (جیهاد) شوێنپێی ئیسلامی سیاسی هەڵدەگرێت، تێڕوانینێکی ورد پێشکەش دەکات کە چۆن داپڵۆسینی دڕندانە لە حەما لە ساڵی ١٩٨٢دا بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێڕەوی ئیسلامی سیاسی لە سوریا و دەرەوەی سوریادا گۆڕی.
لێرەدا دەبینین کە چۆن تێڕوانینەکانی کیپڵ لەگەڵ ڕاو بۆچونی شارەزایانی دیکەدا یەکدەگرنەوە.
- کیپڵ جەخت دەکاتەوە کە کوشتارگاکەی حەما ئەوپەڕی بێهیوایی ئیسلامییەکان لە دوای ١٩٨٢ دەردەخات، قەبارەی ئەو توندوتیژییەی کە ڕژێمی حافز ئەسەد بەکاری هێنا، زۆرێک لە ئیسلامییەکانی هێنایە ئەو قەناعەتەی کە هەرگیز بەئاشتی سەرکەوتن بەدەست نایەت، تەنانەت حەما وایکرد ئیسلامییەکان لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا سەرەتا نەرم و دوایی توند بن.
بە گوێرەی کیپڵ شکستی ئیسلامی ئیخوانی لە حەما گۆڕانکاریی ستراتیژی لەدیدی ئیسلامییەکان سەبارەت بەخەباتی ناوخۆیی دروستکرد و ئیسلامیەکانی پاڵدا بەدوای مۆدیلی نوێدا بگەڕین وەک جیهادیزمی نێونەتەوەیی لە نموونەی قاعیدە، کە پێشتر محەمەد جۆلانی ڕێبەری ڕەوتی تەحریر شام تێدا ئەندام بوو.
ئۆلیڤیێر ڕۆی لە کتێبی شکستی ئیسلامی سیاسیدا، تێزی کیپڵ فراوانتر دەکات و پێشنیاری ئەوە دەکات کە سەرکوتکردن لە حەمادا سنووری ئیسلامیزمی وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی نەتەوەیی کێشاوە، ئەو دەڵێت ئەم شکستە بووە هۆی بەجیهانیبوونی جیهاد، سەرنجی لە خەباتە نەتەوەییەکانەوە گۆڕی بۆ دیدێکی پان ئیسلامی.
أبو مصعب السوري، وەک تیۆریستێکی جیهادی سوری، لە بەرهەمەکەیدا (بانگەوازی خۆڕاگری ئیسلامی جیهانی)دا، ڕەنگدانەوەی (حەما) وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی دەبینێت٫ ئاماژەی بەوەداوە کە کۆمەڵکوژییەکە نموونەیەکی تەواوە بۆ جیهادی لامەرکەزی و شێوازی پارتیزانی، کە ستراتیژییەتێکە دواتر لەلایەن گروپە تیرۆریستییە نێودەوڵەتییەکانەوە پەسەندکرا، ئەمەش گونجاو دیتەوە لەگەڵ لیزا وێدین بۆ تیرۆری دەوڵەت کە لە کتێبی (ناڕوونیی هەژموون)دا، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە چۆن بەکارهێنانی هێزو توندوتیژی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە لە (حەما)دا کولتوورێکی پڕ لە ڕقێکی بێ سنوری بەشێوەیەکی پارادۆکسیکال بانگەوازی ئیسلامی ڕادیکاڵدا فراژووتر کرد.
PM:12:22:05/12/2024
ئهم بابهته 592
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی