دەستی پشتەوەی تاوانەکەی کاوە

‌ئاوات جەمال ساڵح

ئەمڕۆ، مەراسیمی یازدە ساڵەی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس کاوە گەرمیانییە، ڕۆژنامەنووسان و کەسوکاری چوونە سەر گۆڕەکەی، ئەمشەویش، لەپێش ماڵی کاوە گەرمیانی ھاوڕێکانی و چالاکوانان کۆدەبنەوە، لەو ساتەی کە کاوە گەرمیانی تێیدا شەھیدکرا ماتەم دەگێڕن.

پێشەکییەکی بچووک بوو، تا بیرتان بێتەوە هاوشێوەی رۆژنامەنووسە بە ناحەق تیرۆرکراوەکانی دیکە، هەرێمێک هەیە ئازادی تێیدا کپ کراوە، رۆژنامەنووسەکانی تێرۆر دەکرێن و سزای تاوانبارەکانی نادرێن کە یەکێتی و پارتی سەبەبکاری یەکەمن بەو پێیە دەسەلاتیان لە دەستە، نموونەی زیندوو کاوە گەرمیانییە، ئەوەتا یانزە ساڵ دوای کوژرانی، هاوسەرەکەی دەڵێت لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رازی نین.

تائێستا زیاتر لە سێ کەس بە تۆمەتی تیرۆرکردنی کاوە گەرمیان لە بەردەم ماڵەکەی سکاڵایان لەسەرە، بەڵام هەموویان دەستگیرنەکراون و دەستی پشتەوەی کارەکە دیار نییە، شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنوس کاوە گەرمیانی بە دەنگی ئەمریکای ووتوە، "یەکێک لە تۆمەتبارەکانی کەیسەکە کە دەستگیرکراوە، لە کاتی تاوانەکەیدا برایەکیش لەگەڵبووە و لە زیندان کاتێک بینیویانە وتوویەتی، هەندێک بەرپرس تاوانەکەیان پێ ئەنجامداون".

ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە، یەکێتیی و پارتی، ژینگەیەکی تۆقێنەر و پڕ مەترسییان بۆ دەنگی ئازاد و گوێ نەگرتن لە رای جیاواز دروست کردووە، پەیڕەوی یان خۆیان یان تۆقاندن دەکەن، کاوە گەرمیانی، سەردەشت عوسمان، وەدات حوسێن، سۆران مامە حەمە نموونەی ئەو دەنگانەن کە دەیانویست، ئازادی کارەکە کەشێکی رەخسێندراو بێت، تا لە رێگەی بەدواداچوونی رۆژنامەوانی و دەرخستنی کەیسی گەندەڵی، دەستبردن بۆ دۆسیەی هەستیاری دارایی، بە ئامانجی شەفافیەت و سیستمێکی رێکخراو بەدواداچوونی رۆژنامەوانی بکەن، بەڵام پاشەڵ پیسی بەرپرسان، مەرگی پێشکەش بەو دەستە ئازا و ئازادانە کرد و خەڵکیش زیاتر بێ ئومێد بوون و لە تۆقاندنی بەرپرسەکان بە هێز و زەبری چەک، زیاتر لە دەنگی ئازاد و دەربڕینی نیگەرانی لە رێگەی خۆپیشاندان و گردبوونەوە سڵیان کردەوە.
 
هەر لە ناوخۆ نا، بەڵکو کاوە گەرمیانی خۆی لە کۆمێنتێکدا لە پەیجەکەی، بەو چالاکوان و رۆژنامەنووسانە دەڵێت کە لە ترسی گیانی خۆیان و کەسوکاریان کۆچی دەرەوەی هەرێمی کوردستان-یان کردووە، "ئێوە لەشوێنێکەوە داوای ئازادی کوردستان دەکەن و ڕەخنە لە بەرپرسەکان دەگرن هیچ مەترسییەکتان لەسەر نییە، خۆزگە دەیان کەسی وەك ئێوە لە هەرێمی کوردستان بوایەو خۆپشاندانێکی سەرتاسەری ئەنجامدرایەو دەنگی ناڕەزایی بگەیشتایەتە هەموو جیهان".
 
کاوە گەرمیانی هیواو ئاواتی زۆربوو زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچەی گەرمیان، من وامدەزانی کاوە گەرمیانی گەنجێکی ڕایشتەو خاوەن و توانایەکی مادی باشی هەیە، بەڵام بەداخەوە وانەبوو، لەدوای کۆچی دوایی و تیرۆرکردنی تاسام و زۆر زۆر نیگەرانبوم بەنەبوونیەکەی ئەو هیواکانی بەدی نەهات و غەمێکی گەورەبوو بۆدایکی و خێزانێکی دوگیانی جیهێشت.
 
ئێستاش سەرەڕای هەموو کەیسەکانی تیرۆر و دەستگیرکردن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان، کەیس و چیرۆکی کاوە گەرمیان، لەسەر زارە و ون نابێ، بە ناچاری ناتوانین لەناو کوردستان بەهۆی مەترسییەکانی سەر ژیانمان و دەنگی نارازی لەوێ بین، بەڵکو لێرەوە و لە دوورەوە، چیرۆکە تراژیدی و کەم وێنەکەی هەمیشە لە یادمان دەمێنێتەوە، کە لە بەردەم دەرگای ماڵە و لە نزیک دایکی و لە نزیک کاتی لە دایکبوونی منداڵەکەی "ئامەد کاوە گەرمیانی" تیرۆر کرا، ئێستا و ئیستاش، دەستی پشتەوەی بەرپرسە ناحەق کارەکانی هەرێمی کوردستانی دەرحەق بە تاوانەکە، دەرنەخراوە و زامێکە تا ئەو کاتە دەمێنێتەوە.


PM:12:14:05/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 952 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی