مەرگێکی لە یادنەکراو

‌ئاڵا لەتیف

بەپێویستمزانی سێێەمین ساڵیادی شەهیدکردنی جوانەمەرگەی برام نەقیب محەمەد بکەمە دەرفەتێک بۆ بەخشینەوەی ئومێد لە کۆمەڵگەیەکدا کە هەزاران چیرۆکی ناخهەژێنی مەرگ و تیرۆر و نادادیی تێدایە. لە کۆمەڵگایەکدا کە بەسەدان کەس دەنگیان ناگاتە بەردەم دادوەرەکان یاخواد بە ئاواتەوەن رۆژێک لە رۆژان دادپەروەریی بە چاوی خۆیان ببینن.


سێیەمین ساڵیادی شەهیدکردنی ئەم برا ئازیزەمان کە نازناوی یەکەمین شەهیدی رێگای پاراستنی ئاسایشی خێزانی پێ بڕاوە ساڵیادێکی تایبەتە بۆ ئێمە، چونکە توانیمان بە دڵێکی شکاوەوە بەرگەی ناسۆری لەدەستدانی کوڕە نازدارەکەمان بگرین و لەناو گێژاوی نائومێدی و سەرلێشێواوی و گومان لەحوکمی یاسا و سەروەربوونی داددگاکان خۆڕاگر بین و جەسورانە پێداگربین لەسەر ئەوەی دەبێت ئەم تاوانە ون نەبێت.


ماڵی ئێمە دوای دوو ساڵ و دوو مانگ و چواردە رۆژ لە تاوانەکە دادپەروەری بەچاوی خۆی بینی. دواجار بۆ ئێمە و بۆ زۆرێکی دیکەش ئومێدێک گەڕایەوە کە دەکرێت دادپەروەریی لەڕێگەی یاسا و دادگاوە خەون نەبێت و رێگای بەدیهێنانی دادپەروەریی هەمیشە رووی لە سەر فەرشی سوری سوڵحی عەشایەری نەبێت و تاوانە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان لە بەرامبەر بە بڕە پارەیەکدا پەردەپۆش نەکرێن.

ئێمە لە رۆژی تاوانەکە، هەتا دەستگیرکردن و هێنانەوەی تاوانبارەکان و دادگاییکردنیان و هەتا رۆژی دەرچونی حوکمەکە لەگەڵ ئەم هاوکێشانە مامەڵەمان کرد. هەبوون لە دەرگایان دەداین بۆ دروستکردنی نێوەندگیری، هەبوون راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پێیان دەوتین "کوڕە لە خۆیانن، بەخوا قەت نایانگرن"، هەبوون دەیانووت "جا وا گرتیانن بەخوا هیچیان لێ ناکەن"، هەبوون دەیانوت "کوڕە سوڵحێک بکەن و داهاتووی ئەو مناڵانە مسۆگەر بکەن".


خێزانەکەی ئێمە دواجار توانی بە خۆڕاگری بمێنێتەوە، کەیسی ئەم تاوانە وەک کەیسێکی زیندو لەهەمان کاتیشدا تاوانێکی بێ لێ بوردن بهێڵێتەوە کە دەستی بردووە بۆ پۆلیس و هێزێک کە مەبەستییەتی ئاسایشی خێزان بپارێزێت.


ئێمە و ئێوە هەموومان کارێکی پێکەوەیی ناوازەمان کرد هەر بۆیە بە گرنگی دەزانم لێرە ئەم کارە پێکەوەییە وەبیری هەموان بهێنمەوە:


پشتیوانیی حکومەت، وەزارەتی ناوخۆ


حکومەت و وەزارەتی ناوخۆ و دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس رێگای سەدان کیلۆمەتریان بڕی و دڵسۆزانە تاوانبارەکانیان دەستگیرکرد، ئەوان سەلماندیان کە سنورەکان هەرچەندە ناتۆکمەو پڕ کەلێن و بۆشایی بن یان هەرچەندە بەرپرسی ئەمنی و ئەم و ئەو بتوانن ئاسانکاری بۆ دەربازبوونی تاوانباران بکەن، بەڵام دواجار هەر دەدۆزرێنەوە. کارمەندە دڵسۆزەکان و بەرپرسە حکومییە بەرپرسیارەکان شەو و رۆژیان خستە سەر یەک و بەدوای ئەو سەرەداوانە کەوتن کە گەیاندیاننە شوێنی تاوانبارەکان و هێنایاننەوە بۆ کوردستان و رادەستی دادگایان کردن.

ئێمە تەرمی ئازیزەکەمان ناشت و وەکو هەر مردنێکی دیکەی ئاسایی تەنها بۆ لەدەستدانی کوڕەکەمان شیوەنمان نەکرد، بەڵکو وێڵی هەواڵێکی دڵخۆشکەر بووین پێمان بڵێ ئەوە دەستگیرکران. دوای دەستگیکردنیشیان ئینجا وێڵی دادگایی کردنێکی دادپەروەرانە بووین.


پشتیوانی پارێزەرانی خۆبەخش لە رێكخراوی DHRD و رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان


پارێزەرانی خۆبەخش، دڵسۆزانمان لە ركخراوی DHRD و رێکخراوی هاریکاری یاسایی ژنان لەم هەنگاوەدا لەگەڵمان بوون. زۆر بە وردی و بەرپرسیارانە رۆژ بەرۆژی دانیشتنەکانی دادگایی کردنەکەیان بەڕێکرد. رێنوێنی یاساییان پێداین و هێز و ورە بوون بۆ خێزانە دڵشکاوەکەمان کە چاویان لە چەکوشەکەی دەستی دادوەر بوو دادپەروەییان بۆ بەدی بێنێ. ئێوە پارێزەرانی خۆبەخش نموونەیەکی جوانی کاری پێکەوەیی بوون و پێشانتاندا کە کۆڵەکەیکی گرنگن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی.


پشتیوانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی


کەیسی تاوانی شەهید کردنی نەقیب محەمەد و هێرشکردنە سەر هاوپیشەکانی و سوتاندنی سەیارەی پۆلیس و لێکەوتەکانی دیکەی یەکێکە لە تاوانە قورس و دیارەکانی کوردستان. ناساندنی ئەم تاوانە وەک تاوانێکی جیاواز کە دەیان لێکەوتەی دیکەی هەیە لە رەخساندنی هەلی چاولێکەری و ئاسانکاری بۆ هێرش کردنە سەر پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان و مەترسی بۆ سەر ئەدا و ئامادەیی کارمەندانی هێزەکانی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان لە داهاتوودا و هەروەها ئاسایش و ئەمنییەتی دانیشتوان کارێک بوو کە دڵسۆزانمان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵکەی مەدەنی پێی هەستان. ئەوان دەنگی ئێمەیان بەرزتر گەیاندە شوێنی خۆی، ئەوان لەگەڵ ئێمە وتیان دەبێت ئەم تاوانە بە سزای خۆی بگات و تاوانباران دەبێت دادگایی بکرێن.


پشتیوانی رۆژنامەنووسان


رۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییەکان لە دروستکردنی فشار و گەیاندنی دەنگی ئێمە بە لایەنی پەیوەندیدار و بەرز راگرتنی کەیسەکە کارێکی ناوازەیان کرد. رۆژ بە رۆژ بەو پەڕی بەرپرسیارێتییەوە کاریان لە سەر دۆسێیەکی هەستیاری تاوان کرد و نەیانهێشت ئەم دۆسێ هەستیارە بچوک بکرێتەوە و وردە وردە لە بیری خەڵک بچێتەوە. ئێوە هێزی فشار بوون و بە کردەوە پیشانتاندا کە چۆن پیشەییانە دەتوانن چاودێر بن.


پشتیوانی راوێژکارە یاسایی و ئیدیتۆرەکانمان


لەناو ئەو بارودۆخە پڕ لە بێنەو بەردەیەی کە خێزانەکەمانی تێکەوت زۆر گرنگ بوو کە خۆمان ون نەکەین. ئێمە کە خێزانێکی ئاشتیخواز و بێ چەک بووین تەنها لەرێگەی راگەیاندراوەکانمانەوە توانیمان پەیامی خێزان و کەسوکاری جوانەمەرگەی برامان بە دنیای دەرەوەی ماڵەکەمان بگەیەنین. پەیامەکانمان داماڵراو نەبوون لە توڕەیی بەڵام بەوپەڕی بەرپرسیارانەوە داواکاری خۆمان خستە بەردەمی بەرپرسان کە دەبێت تاوانبارانمان بۆ دەستگیر بکەن و دادگایی بکرێن. لەو لاشەوە هەموانمان دڵنیا کردەوە کە ئەم خیزانە ناچیتە ژێر باری هیچ جۆرە سوڵحێکەوە. راوێژکارە یاسایی و ئیدیتۆرەکانمان لەم کارەدا دڵسۆزانە لەگەڵمان بوون، پەیامەکانیان بۆ هەڵسەنگاندین و رێنوێنی یاسایی و ئیتیکییان کردین. ئەوان هاوکارمان بوون کە بتوانین بەشێوەیەکی جیاواز کار لەسەر دۆسێکەمان بکەین، وون نەبین و بە رێگە راستەکەدا بڕۆین.


پشتیوانی کەسایەتی و بەرپرسە سیاسییەکان


ماڵی ئێمە وەک یەک پێشوازی لە چەپ و راست، ئیسلامی و عیلمانی کرد و دڵسۆزی و خەمخۆری هەموانی لەسەر دڵی خۆی دانا. سوپاستان دەکەین کە فشار و بەدواداچون و کاری دڵسۆزانەی ئێوە راستەوخۆ لە خزمەتی دۆسێکە و بەمەبەستی بەدیهێنانی دادپەوەریی بوو هەروەک چۆن لەیەکەم رۆژەوە بەڵێنتان پێداین. سوپاستان دەکەین کە کەیسی تاوانی هێرشکردنە سەر سەیارەکەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی وەک کەیسێکی سەربەخۆ و بێ مۆرکی سیاسی پارێزرا و لەم ناوەندەدا وەکو بەرپرسی حکومی و دابڕاو لە بەرپرسیارێتی حیزبی لەسەر خەت بوون. سوپاستان دەکەین کە هەمیشە و لە سێ ساڵی رابردوودا لەگەڵمان بوون.

پشتیوانی گەڕەک و کۆمەڵگە دڵسۆز و بەرپرسیارەکەمان


خۆشەویستی ئێوە بۆ ئێمە، رێزی ئێوە بۆ قوربانییەکەمان، خەمخۆری ئێوە بۆ دڵە شکاوەکەمان مەدالیای شەرەف و شانازییە. عەرەبانە بەدەست و و پیکابی میوەو سەوزەفرۆش، غازفرۆش، نەوت فرۆش، سایەق تەکسی و خەڵکی ئاسایی و دراوسێ و دوکاندارو نانەواخانەو خەڵکی ئاسایی ناوشار دوورو نزیک، ناسیاو و نەناسیاو ئەوانەی کە لە هەر کوێ بین دەمانناسنەوە و تەحیەی رێزمان بۆ دەکەن ئێوە بەراستی جوان و بەڕێزن.


ژیان لە ماڵەکەی ئامینی دایکم و ژیان لە ماڵەکەی شۆخانی براژنم دوای لەدەستدانی ئەم ئازیزەمان ئێجگار سەختە. هیچ شتێک لە شوێنی خۆیدا نەماوە، ئەم ماڵانە پراو پڕ بوون لە دڵی شکاو، پشتی چەماوە و هیوای بەدینەهاتوو و ئومێدی شکستخواردوو. بەڵام پشتیوانی ئێوە گرنگ بوو بۆ ئێمە کە بتوانین خۆڕاگربین و ژیان لەگەڵ یادو یادەوەرییەکانی ئازیزێکی وەک ئەم برا نازدارەمان بەرێبکەین کە سێ ساڵە لێمان دوورە.


ئەم ئازارە زۆر بەسوێیە، ئەو سوێیەی کە باوکمی گەیاندە سەر جێگا و بەیەکجاری لە جوڵەی خست.


یاران و یامور


دوو کچە جوانەکەی شەهید نەقیب محەمەد، دیوە ئومێدبەخش و وزەبەخشەکەی ئەم ماڵە دڵشکاوەی ئێمەن. دوو کچی جوان و ورد و زیرەکن. ئێمە و ئێوە پێکەوە گەورەیان دەکەین، تێیان دەگەیەنین کە مرۆڤە باشەکان خاوەنی هەموو شتێک نین. ئێوە گەرچی لە سنگە گەرمەکەی باوکایەتی بێ بەشن بەڵام دوو رووح، دوو چرا و دوو باخچەی کەسکی خێزانێکی پایزین.


PM:08:47:04/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 1716 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی