مووسڵ و كەمپی (هۆل) دوو بۆمبی تەوقیتكراون

‌کەنعان بەهادين

120 هەزار كوردی حەلەب بەهۆی هێرشی گرووپە چەكدارەكان ئاوارەی رەققە بوونە و ئاگری جەنگەكەش بەرە بەرە تەشەنە دەكات.

ئەمجارەیان عێراق بە سوپا كۆن و چەندجار تێكشكاوەكەی چوونەتە سەر سنووری سووریا، هاوشێوەی 2014 وەك ئەوسای مالیكی دەڵێن، پارێزگاری لە سنوور و شارەكان دەكەین، دواتر بینیمان لە 2014 چ كارەساتێك روویدا.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراق، لە ساڵی 2014، بەهۆی كەوتنی دوو فیرقەی سەربازی، كەوتە ژێر چنگی داعش، بووە هۆی روودانی سەدان كۆمەڵكوژی و كوردیش لەو هەموو كۆمەڵكوژییە بێبەری نەبوون، لە ئێستادا چاوەكان دووبارە كەوتوونەتەوە سەر ئەو شارە و لەبری بۆنی نەوت و غاز، دوور بە دووری دیسانەوە بۆنی خوێنی لێدێت، چونكە حكوومەتە تایفییەكەی بەغدا دەڵێت، سوپامان بردووەتە سنوورەكان عێراق دەپارێزین، پێشموایە سیناریۆكانی 2014 دووبارە دەبنەوە، كاتێك سوپای چەندینجار تێكشكاوی عێراق نەك هەڵاتن، تەنانەت بە جلی ژنانەوە رایانكرد، لە ئێستاشدا مالیكی دەڵێت، بڕوامان بە توانا سەربازییەكانمان هەیە بۆ پاراستنی خاكی عێراق.

بەمهۆیەوە كورد تووشی چەندین شەڕ و رووبەڕووبوونەوە بوو، دەیان شەهید و برینداری بۆ پاراستنی خاك و هاووڵاتییانی دا.

(كە دەڵێم كورد، مەبەستم پێشمەرگە و خۆبەخشان و هەموو ئەوانەن بەرگرییان لە پیرۆزی خاكی نیشتمان كرد).

بۆیە مووسڵ دووبارە (بوئرە)ـەی كەوتنی عێراقە و مەترسییە تا دووبارە بفرۆشرێتەوە، چونكە ئەوانەی لە بەغدا دەسەڵاتدارن، جێی متمانە نیین.

لەلایەكی دیكەوە، كەمپی هۆل وەك بازنە و شوێنی كۆكردنەوەی ماڵبات و چەكدارانی داعش، بۆمبێكی دیكەی تەوقیتكراو و مەترسییە بۆسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، چونكە كەمپەكە كە تاوەكو ئێستا 50 هەزار كەسی تێدا هەن و زۆربەیان ژن و منداڵن و عێراقی و سوورین، جگە لە بوونی 10 هەزار چەكداری داعش لە 60 وڵاتی بیانی.

بە گوێرەی زانیارییەكان، دەگوترێ رووسەكان لە سووریا دەستیان بە كشانەوە كردووە، ئەمڕۆ بیسترا كەشتییەكی جەنگی رووسی لە لە نزیك سووریا كشایەوە و ئەوێی جێهێشت، ئێرانییەكانیش لە سووریا بەهۆی بۆردومانەكانی ئیسرائیل ئێجگار لاوازن، بۆیە كەوتنی دیمەشق ئەگەرێكی كراوەیە و سوپای عێراقیش، وەك سووپایەكی تێكشكاو، جێی متمانە نییە و بۆیە كردنەوەی دەرگای كەمپی هۆل و كەوتنی مووسڵ دوو بژاردە و بۆمبی تەوقیتكراون، ئەگەر هەیە رووبدەن..


PM:08:03:04/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 456 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی