سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ی ره‌شاد (شه‌ماعیه‌) له‌به‌غداد

‌ئارام سەعید

بیره‌وه‌ری

دوای روخانی سه‌دام ٢٠٠٣ یه‌كێك له‌و شوێنانه‌ی به‌لامه‌وه‌ گرنگ بوو سه‌ردانی بكه‌م نه‌خۆشخانه‌ی ره‌شاد كه‌ له‌ به‌غدا به‌ شه‌ماعیه‌ ناسرابوو، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ خۆرهه‌ڵاتی به‌غداده‌وه‌ له‌به‌ری ره‌سافه‌. ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌ نه‌خۆشیه‌ ده‌رونیه‌كان و یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین نه‌خۆشخانه‌كانی به‌غداد كه‌ له‌ ٢٤ی ئاداری ساڵی ١٩٦٠ عه‌بدولكه‌ریم قاسم-ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی عیراق به‌ردی بناغه‌ی داناوه‌.

كاتێك به‌ڕێكه‌وتین به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی ره‌شاد به‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا به‌غدادێكی وێرانمان ده‌بینی كه‌ تازه‌ له‌ جه‌نگ رزگاری بوو بوو، له‌ شه‌قامه‌كاندا ده‌بینرا كه‌ دامه‌زراوه‌ حكومیه‌كان تاڵان كرابوون و به‌شێكی سوتابوون، كه‌ ناخۆشترینیان كتێبخانه‌ی نیشتمانی به‌غداد و مۆزه‌خانه‌ی نیشتمانی بوون، كه‌ جگه‌ له‌وانه‌ش كتێبخانه‌كانی زانكۆكانیش به‌هه‌مان شێوه‌.

كتێبخانه‌ی نیشتمانی كه‌ نزیكه‌ی ١٧ ملیۆن ده‌ستنوس و به‌ڵگه‌نامه‌ی تێدابوو سوتێنرا كه‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌نزیك كتێبخانه‌كه‌ بوون.

كتێبخانه‌كه‌ له‌ساڵی ١٩٢٠ ه‌وه‌ دامه‌زراوه‌، ئه‌وكات له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك رۆشنبیر و مێژونووسه‌وه‌ دامه‌زرا كه‌ هێشتا ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا له‌ عێراق مابوو، به‌ڵگه‌نامه‌كان هی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان و ئینتیدابی به‌ریتانی و پادشایه‌تی عیراق و سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی كۆماری بوون.
 
كاتێك گه‌یشتینه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ شپرزه‌ییه‌كی زۆر هه‌بوو، كه‌لوپه‌لی نه‌خۆش و دوكتۆر زۆربه‌ی برابوون، خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی پاشماوه‌كان بوون، له‌ قه‌ره‌وێڵه‌ و مێز و كورسی و پێداویستییه‌كانی تر. پرسگه‌كه‌ سه‌ره‌تا رێگری كرد و وتی نابێت به‌ته‌نها بڕۆن چونكه‌ هه‌ندێكی تێدایه‌ ئێوه‌ نازانن مامه‌ڵه‌یان بكه‌ن و ره‌نگه‌ لێتان توڕه‌ ببن و ئازارتان بده‌ن، هه‌ربۆیه‌ هێشتینیانه‌وه‌ تا پزیشكێك هات.

كه‌ نزیكبووینه‌وه‌ له‌ ژووری به‌خشراوان و نه‌خۆشه‌كانی ناو قاوشه‌كان كه‌ ئێمه‌ چووینه‌ به‌شی پیاوان، یه‌كێك له‌به‌خشراوان هاته‌ لامه‌وه‌ وتی بۆ نایه‌ن ئه‌و شانۆگه‌رییه‌ی من تۆمار بكه‌ن كه‌ ئێستا سه‌رقاڵی پرۆڤه‌ین، منیش به‌لامه‌وه‌ سه‌یر بوو، داوام له‌ دوكتۆره‌كه‌ كرد كه‌ بمانبات بۆلای ئه‌وان و ئه‌ویش رازی بوو.

دیمه‌نی شانۆگه‌ریه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌بوو: ژورێكی به‌تاڵ ته‌نها قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی تێدایه‌ به‌بێ پێخه‌ف و پارچه‌یه‌ك مقه‌بای له‌سه‌ره‌، نه‌خۆشێك دیته‌ ژووره‌وه‌ و له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵكه‌ پاڵ ده‌كه‌وێت، دواتر ده‌نگه‌ ده‌نگێك له‌ده‌ره‌وه‌ دروست ده‌بێت، دوو كه‌س دێنه‌ ژوره‌وه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ هه‌ڵده‌گرن و به‌ خه‌وتویی ده‌یخه‌نه‌ سه‌ر زه‌وی، ئینجا هه‌ردوكیان قه‌ره‌وێڵەكه‌ هه‌ڵده‌گرن و ده‌یبه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌.... ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ك بوو به‌وه‌ی تاڵانی گه‌یشتۆته‌ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌وێڵه‌ی ژێر نه‌خۆش تاڵان بكرێت...

من پێشتریش ده‌مزانی به‌خشراوان خه‌ڵكی داهێنه‌رو مه‌زنیان تێدایه‌، به‌ڵام ئه‌و رۆژه‌ و چیرۆكه‌كانی زیاتر سه‌رنجیان راكێشام هێنده‌ی تر تێگه‌یشتم كه‌ ئه‌وان به‌شێكیان ئه‌وانه‌ن خۆشه‌ویستیان بۆ ژیان و مرۆڤدۆستی گه‌یاندونیه‌ته‌ ئه‌و دۆخه‌ی تێایدا ده‌ژین....



PM:07:37:04/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 644 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی