یەکێتی بە لەناوبردنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا چی لەدەست دەدات؟

‌هێـڤـار هـیـوا

"دەست بەسەر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتادا بگیرێت یەکێتی چەند هێندەی هاوڵاتیان زەرەرمەند دەبێت"

ماوەی دوو رۆژە بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا دەرچووە و چەند ئۆتۆمبێلێکیش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و هێشتا دیار نییە چارەنووسی ئەوانی دیکە چییان لێ بەسەردێت. بەڵام ئەوەی زەرەرمەندی یەکەمە لەم بابەتەدا، خەڵکی چینی هەژار و مامنەوەندە و سەرانی یەکێتی و لایەنی دەسەڵاتیش زۆر باش ئەم راستییە دەزانن. 

بڕیارەکە بە پاساوی جام رەشکردن و ئەنجامدانی تاوان دەرچووە، ئەی چ خێرە ئەگەر ساڵانە نزیکەی 500 هەزار دینار باج بدەیت بە هاتووچۆی پارێزگاکان، مۆڵەتی جام رەشکردنت تا رێژەی 80% پێدەدرێت؟ بەو واتایەی تۆ پارە بدە، نە سیمای شار و ناوبانگەکەی دەشێوێت، نە کێشەی ئەمنی و تاوانکاری زیاد دەکات، بەڵام پارە نەدەیت، ئەوا تۆ تاوانکار و تێکدەریت! بەرپرسان دەڵێن: تاوان ئەنجام دەدرێت و نادۆزرێتەوە، ئەرێ بەراست ئەو هەموو کامێرای چاودێرییەی لە لایەن ئاسایشەوە لە هەر چوار پارێزگاکە دانراوە ئیشیان چییە؟ ئاخر خۆ ئەوەندەی بە ئۆتۆمبێلی لاند کروسەر و تاهۆوە تاوان کراوە، خۆ قەت هێندە بە کراون (شاهینە و مەلیکە)ـوە نەکراوە، ئیتر ئەم پاساوە واتای چییە؟ ئەوەندەی سەیارە گران بەهاکان چەکی بێ مۆڵەتیان پێیە و یاسا شکێنیان پێکراوە بە هیچ جۆرێکی دیکە نەکراوە.

لێرەدا راستییەک دێتە ئاراوە، ئەگەر ئەم بڕیارە جێبەجێ بکرێت؛ شەریکی یەکەمی زەرەرکردنی هاوڵاتیان لەم بابەتەدا، خودی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەبێت. چۆن؟ لە ئێستادا بە لایەنی کەمەوە 65 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە کە بەدەست کۆمەڵە کەسانێکی مووچەخۆر و کاسبی ئەم وڵاتەوەن. رێژەی هەرە زۆریشیان گەنجی ئەم وڵاتەن. یان با بڵێین هەر ئەو گەنجانەن کە بە دروشمی "زا ب خودێ، لۆ مارێ، ئاوایە سەرۆکەکەی، ئەوەی دەیڵێم جێبەجێی دەکەم) بەناو شار و قەزاو ناحیەکاندا دەسوڕانەوە و پاڵپشتی یەکێتیان دەکرد. هەر ئەم گەنجانە بوون شەوانی سەهۆڵەکە و بەردەم مەڵبەند و کۆمیتەکانیان گەرمتر دەکرد و بانگەشە و ریکلامی بێ بەرامبەریان بۆ کاندیدەکان دەکرد، ئێستا بە بریارێک تۆ دڵی 65 هەزار گەنج لە خۆت برەنجێنیت هێندە ئاسانە؟ 

با کەمێک ژمارە بخەینە بابەتەکەوە، 65 هەزار تاکی ئەم شارە، ئەگەر هەر یەکێک لەوان 4 کەسیش بن لە ماڵەوە، واتە دایک و باوک و یەک برا یان خوشکیشی هەبێت، واتە 260 هەزار کەس! ئێ ئاشکراشە منێک بە کرێکاری و قوربەسەری ئۆتۆمبێلێکم کڕیبێت و دەستی بەسەردا بگیرێت، هەرگیز باوک و برا و خوشکەکەم دەنگ ناداتەوە بە ئەنجامدەر و پاڵپشتیکاری ئەوەی ماڵی کاول کردم! 

نەک هەر دەنگ نادەنەوە بە یەکێتی، بەڵکو دەبنە بەرەیەکی دژ و کێشەی گەورەتری بۆ دروست دەکات. لە سلێمانیدا لانی کەم چوار بۆ پێنج لایەنی ئۆپۆزسیۆنی دژی یەکێتی هەیە و کە ئەگەر هەر یەکێک لەم دەنگە نارازییانە ببنە هۆی زیادبوونی 1 کورسی بۆ ئەو لایەنانە، ئەوا یەکێتی زۆرینە لەدەست دەدات. (ئەگەری خۆپیشاندان و تێکدانی دۆخی ناو سلێمانیش ئەگەرێکی دیکەیە کە هیوادارم نەگاتە ئەوە هەرگیز، بەڵام ئەمە راستییە چونکە قسەیەک هەیە دەوترێت: لە پلنگی بریندار بترسە! ئەمانەش هەمووی گەنجی خوێن گەرمن)

بەری خۆر بە بێژنگ ناگیرێت، ڕوون و ئاشکرایە کێ ئەم ئۆتۆمبێلانەی هێناوەتە هەرێمی کوردستانەوە، گەنجێکی تازەپێگەشتوو یان کەسێکی بێ پەڕ و باڵ ناتوانێت پاسکیلێکیش لە سنوور بپەڕێنێتەوە، ئەی هێنانی دەیان هەزار لەم بێ سەرەتایانە کاری کێ بوو؟ کێ پێی بووەتە ملیۆنەر و کێ دەبێتە سوتەمەنی و ئیفلاس دەکات؟ وەڵامەکەی ڕوونە. 

شەوی رابردووش هاوڵاتیان لەبەردەم مەڵبەندی یەکی سلێمانی گردبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی ئەم کێشەیان کرد و ڕووی دەمیان لە بافڵ تاڵەبانی کرد. ئەوەش ئاشکرایە جیاوازییەكی‮ ‬زۆر هەیە لە نێوان ئەو سەركردانەی‮ ‬كە وڵات و خەڵكی‮ ‬خۆیان خۆشدەوێت و بە رۆح و گیان دەیپارێزن و لە پێناویدا هەزاران قوربانی‮ ‬دەدەن ناهێڵێت کەس وڵاتیان وێران بكات لەگەڵ ئەو بە حساب سەركردانەی‮ ‬كە تەنها لە پێناو دەستكەوت و ناوبانگی‮ ‬خۆیاندا بێ گوێدانە خەڵك و خاك و وڵاتیان بەرەو هەڵدێر و وێرانبوون دەبەن‮.‬ یەكەمیان لە ترسی‮ ‬ئەوەی‮ ‬وڵات و خەڵکەکەی ‬نەكەوێت،‮ ‬پەنا بۆ هەموو مۆڵەت و دەرفەتێك دەبات كە گەل و وڵاتی‮ ‬بپارێزێت و ترسی‮ ‬رەواش دایدەگرێت بۆیە زۆر بە هۆشیارییەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ هەموو رووداوەكاندا دەكات و بێ باك نابێت لەوەی‮ ‬كە خەریكە روو بدات‮. ‬مێژووش نموونەی‮ ‬زۆرە‮.‬ ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی‮ ‬ئەو بەناو سەركردانەیە كە باكیان لە داڕمان و تێكدان و وێرانبوون و ماڵوێرانی‮ ‬هاووڵاتیان نییە،‮ ‬بۆیە ئەمانە لە شوێنە شاراو و نهێنیەكانەوە قسەی‮ ‬زل و درۆی‮ ‬زەبەلاح بەبا دەدەن و ئەنجامەكەشی‮ ‬تەنیا لە كوشت و كوشتارو قاتوقڕی‮دا خۆی دەبینێتەوە. ئیتر خەڵکی سلێمانی چاوی لە دەست و لە بڕیاری سەرۆکی یەکێتی و بڕیار بەدەستی زۆنی سەوز هەیە. وتەیەکی نوسەر 'لیرۆی ئیمیس'ـیش هەیە دەڵێت: 

A leader is one who sees more than others see, who sees farther than others see and who sees before others see

بۆیە پێویستە سەرۆکی یەکێتی بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئەو خەڵکە بدات کە هانایان بۆ بردووە. 

تازە بابەتەکە بووەتە ئەمری واقع و دەبێت رێگە چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە، جوانترین پێشنیازیش بۆ ئەم بابەتە هەیە و لە کەمتر لە 1 هەفتەدا هەموو کێشەکان چارەسەر دەکرێن ئەگەر مەبەستیان بێت. سێ جۆر ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا هەیە، (ساخ، مووس و بڕاوە). 

دوو ئەگەرە، یەکەم: با لایەنی ئەمنی و لێپرسراو، بێت ژمارە بداتە ئۆتۆمبێلە ساخەکان و بڕاوە و مووسەکانیش ئاڕمییان پێبدات و بتوانن لە هەموو هەرێمی کوردستاندا هاتووچۆی ئاسایی خۆیان بکەن و ئینجا رێگری لە هێنانی ئۆتۆمبێلی دیکە بکەن بە تووندترین شێوە. 

دووەم: ئاڕمی ڕێگەپێدانیان بۆ سنووری زۆنی سەوز پێبدرێت و راستەوخۆ لەژێر چاودێری لایەنە ئەمنییەکاندا بن. واتە ئەگەر ژمارە (2244فحص مؤقت بغداد)  درا بە شۆفێرێک، ئەوا پێویستە پابەندی یاساکانی هاتووچۆ بکرێت و نەتوانێت بە هیچ جۆرێک دەستکاری تابلۆکە بکات، خۆ ئەگەر دەستکاری بکات، سزای لەناوبردنی ئۆتۆمبێلەکەی و زیندانی و تەزویراتی بەسەردا بسەپێندرێت. 

بەم شێوەیەش بەتەواوی کێشەکە چارەسەردەبێت و ئەو هەموو خەڵکەش زەرەرمەند نابن، چونکە بەدەر لە شۆفێران، ئێستا هەزاران کەس کاری جوانکاری، فرۆشتنی پارچەی یەدەگ، میکانیکی و چاک کردنەوە و وایەرمەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەکەن و ناکرێت سەرباری بێ مووچەیی فەرمانبەران و دانەمەزراندنی دەرچووان و گەنجان، هێشتا بەم جۆرە نان بڕاویش بکرێت. 


AM:10:30:04/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 2632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی