سوریا ئاوێنەی ململانێ هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کاریگەری لەسەر عێراق و کورد

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

کۆبوونەوەکانی (ئاستانە) زنجیرەیەک دانوستانی ئاشتی بەدوای یەکدابوون، گوایە ئامانجەکەی چارەسەرکردنی کێشەکانی سوریا بوو، چارەسەرێک کە کوردی تێدا نەبێت.

ئەم دانوستانانە بە سەرۆکایەتی وهاوبەشی ڕووسیا، تورکیا وئێران بوون، گوایە هەوڵیان دەدا تەواوکەری پڕۆسەی ئاشتی (جنێڤ) بە سەرکردایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بن٫ هەرچەندە ئاستانە ڕێبازێکی جیاوازیان گرتەبەر بە بەشداریکردنی زلهێزە ناوچەییەکان کە کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر ئەکتەرە سەرەکییەکانی ململانێکان هەبوو.

دەستکەوتە سەرەکییەکانی ئاستانە بریتی بوون لە کەمکردنەوەی توندوتیژی لە هەندێک ناوچەی ململانێیەکاندا، پەرەپێدانی ئاگربەست و پێشخستنی گفتوگۆی نێوان دەوڵەتی سوریا وبەشێک لە گرووپەکانی ئۆپۆزسێۆن.

پڕۆسەی ئاستانە دوا خولی لە ساڵی ٢٠٢٣ بە فەرمی کۆتایی هات و کازاخستان ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی وەک کەمکردنەوەی توندوتیژی ودەستپێکردنی گفتوگۆی سیاسی، تا ڕادەیەکی زۆر بەدی هاتووە، ڕۆڵیشی هەبووە لەدووبارە تێکەڵبوونەوەی سوریا بە کۆمکاری عەرەبی.

لایەنێکی ئەم دانو ستاندنانە کە کوردیشی وەک خۆی قبوڵ نەبوو، ئەنجوومەنی نیشتیمانی سوریا بوو، گروپێکی سیاسی سوریا کە لە 2ی تشرینی یەکەمی 2011 لە ئەستەنبوڵ، لە چوارچێوەیەکی یەکگرتووی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێکهێنانی ڕاگەیەندرا.

بەشداربووەکان بریتی بوون لە لیبراڵەکان، ئیخوان موسلیمین، لیژنەکانی هەماهەنگی، کورد بە شێوەیەکی ناکاریگەر، و ئاشوری و تورکمان. بورهان غالیون سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نیشتمانی بوو و بۆ ماوەی سێ خول هەڵبژێردرایەوە، پاشان دەستی لەکارکێشایەوە و عەبدول باسێت سیدا لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٢ بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرا.

لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٢ ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەن لە شوێنی عەبدول باسێت سەیدا، جۆرج سابرای وەک سەرۆکی ئەنجومەن هەڵبژارد.

ئەمانەی سەرەوەبوون بەشدارانی دانوستانەکانی جنێڤ بە سەرپەرشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوون، ئامانجی چارەسەرێکی سیاسی فراوان بوو بە پشتبەستن بە بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش، کە خوازیاری پڕۆسەی دەستووری و هەڵبژاردنی ئازاد بوو. بەڵام جنێڤ بەهۆی ناکۆکی نێوان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان و نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردن و گومانەکانی ئۆپۆزسیۆن بەرامبەر بە پابەندبوونی ڕژێمی (ئەسەد) بە بڕیارەکان کێشەی زۆری هەبوو.

لە بەرامبەردا پڕۆسەی ئاستانە چالاک بوو، دەگوتر ئامانجی کەمکردنەوەی دەستبەجێی ململانێکان لە ڕێگەی ڕێککەوتنە سەربازییەکانەوەیە، کە بە پلەی یەکەم لەگەڵ ستراتیژی ڕووسیا بۆ شەرعیەتدان بە حکومەتەکەی ئەسەد دەگونجا، ئەمەش وایکرد بەشداربووانی (جنێڤ) (ئاستانە) بە تێکدانی ئامانجە فراوانتر و درێژخایەنەکان بۆ سەروەری و دیموکراسی سوریا سەیر بکەن.

جنێڤی یەکەم لە (2012) بوو، (بەیاننامەی جنێڤ)ی بەرهەمهێنا، کە بەڕەزامەندی بەشارو دژەکانی، بانگەشە بۆ دەستەیەکی حوکمڕانی ئینتقالی دەکرد، پێداگیری ڕوسیا، ئیران و دیمەشق بۆ مانەوەی بەشار پەکی جنێفی یەکەمی خست.

جنێڤی دووەم لە (2014) دا بوو ئامانجی جێبەجێکردنی جنێڤی یەکەم بوو، ئەویش بەهۆی دابەشبوونی قووڵی نێوان ڕژێمی ئەسەد و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی ڕێککەوتن بەدیبهێنێت.

خولەکانی دواتر لە (2016-2018)دا بوو، جەختی لەسەر داڕشتنی دەستووری نوێی سوریا و کارئاسانی بۆ هەڵبژاردنەکان و چارەسەرکردنی حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکردەوە، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی بەردەوامی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان و توندوتیژی بەردەوام لە سنوری حەلەب، ئیدلب و ناوچەکانی دیکە، پێشکەوتنی کۆنکرێتی بەدەست نەهات.

ڕووسیا و ئێران و تورکیا سپۆنسەری سەرەکی (ئاستانە) بوون، کە بۆ بەڕێوەبردنی بەرژەوەندییە ڕکابەرەکانیان لە سوریا سودیان لێوەردەگرت، لە هەمان کاتدا کاریگەریی ڕۆژئاوایان لە (جنێف) کەمدەکردەوە. ڕژێمی ئەسەد و بەشێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانیش لە (ئاستانە) خەریک بەرنامەکانی خۆیان بوون.

ئەمریکا و زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی ڕۆژئاوا ڕەخنەیان لە (ئاستانە) گرت کە (جنێڤ)ی پەراوێزخستووە و بە تەسک بینییەوە، لەجیاتی بەرژەوەندی هەمەلایەنەی گشتگیر، سەرنجی لەسەر بەرژەوەندیی زلهێزەکانی ناوچەکە بووە.

بۆچی ئاستانە وەستا؟
وەستانی ئاستانە لە کاتێکدا بوو کە دیمەنی سیاسی سوریا گۆڕانی جدی بەسەردا هات. تورکیا و سوریا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان هەنگاویان ناو وجیهانی عەرەبی دەستیان بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ (دیمەشق) کرد. (کازاخستان) ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی (ئاستانە) هاتوونەتەدی، بەڵام هێشتا ڕووسیا وەک پلاتفۆرمێکی ناوازە سەیری دەکرد.

ڕوسیا تا ئێستەیش پێی وایە بژاردەیەکی شیاوتر لە (ئاستانە)یان نییە، چونکە ئێران و تورکیا تێیدا بەشدارن و خۆیشی وەک سەردارێکی ناوچەیی جەخت لێ دەکاتەوە.

لە ئێستەدا ئەم جەختکردنەوەی ڕووس بۆ (ئاستانە)، دیتنی سوریایە تەنیا لە دیدی تەسکی ڕوس و ئیدارەدانی ناکۆکییەکان تا ئەوکاتەی لە ئۆکراینا یەکلایی دەبێتەوە، ڕووس، لە سوریا هێزێکی بێ دەربەستە لە ئاستی نەهامەتیەکان کە بەسەر کوردو عەرەب و نەتەوەکانی دیکە لە زۆنەکانی بەریەککەوتن دێت.

لە سایەی (ئاستانە)و موماتەڵەو هەلپەرستی ڕووس و هێزە هەرێمییەکان جارێکی دیکە قەیرانی سوریا لە کۆتاییەکانی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا سەرلەنوێ پەرەسەندنی بەخۆیەوە بینیەوە.

تەقینەوەی چەند بارە
ململانێکان تا ئێستاش فرەلایەنەن، بە بەردەوامی توندوتیژی لەنێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا، کورد و گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک تەحریر ئەلشام و پاشماوەکانی داعش لەئارادایە.

ڕوسیا، هاوپەیمانێکی سەرسەختی ڕژێمی ئەسەدە، پاڵپشتی گەڕانەوە بۆ پرۆسەی (ئاستانە)دەکات، (ئاستانە)یەک کە جگە لە بەرژەوەندی هێزە هەرێمییەکان و کۆسپ دروستکردن بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان، هیچ سودێک بە ئێستە وداهاتووی سوریا ناگەێنێت.

ئەمریکاش ڕژێمی ئەسەدی بە هۆکاری پەرەسەندنی توندوتیژییەکان زانیوە و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و لێپرسینەوە لە کەسانی ونبوو دەکات. میلیشیاکانی سەر بە ئێرانی ئیدانە کردووە کەبەهۆی هێرشکردنە سەر کارمەندانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق هێندەی دیکە دیمەنی سیاسی و ئەمنی سوریایان شێواندووە.

تورکیاش ئامادەیی سەربازی و سیاسی خۆی لە باکووری سوریا دەپارێزێت، ئامانجی بەرپەرچدانەوەی کوردە کە بە لایەنگری پەکەکەیان دەزانێت، پشتیوانی تورکیا بۆ هەندێک کوتلەی ئۆپۆزسیۆن لەناویاندا هەیئەی تەحریر شام هێندەی دیکە ململانێکان دنەداوە.

هەرچەندە دۆخی ئێران لە ئێستەدا جیاوازە کە پشتیوانی لە حکومەتی ئەسەد دەکات و میلیشیاکانی پەیوەست بە ئێران تا ئێستەش لەناو سوریادا کار دەکەن.

چالاکییەکانیان کە زۆرجار هێزەکانی ئەمریکا یان ئۆپۆزسیۆنەکانی دژە ئەسەد دەکەنە ئامانج، لە ئێستەدا بەهۆی ئیسڕائیل بەزەحمەت کەوتووە، بەڵام هێشتا ئێران ڕۆڵێکی گرنگی لە هاوکێشەی سوریادا هەیە.

نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سوریا جەختی لەسەر پێویستی پرۆسەیەکی سیاسی هەمەلایەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان کردووە. لەم دوو ڕۆژەیشدا ڕایگەیاندووە کە دۆخی مرۆیی خراپە، هەزاران کەس پێویستیان بە یارمەتی هەیە، ئەمەش بەهۆی کەمیی بودجەوە ئاڵۆزتر بووە کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی هاوکارییە گرنگەکانی خۆراک و تەندروستی، بەتایبەتی دوای ئاوارەیی دووبارەی کورد لە حەلەب، شەهباو تلرەفعەت.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندن و دانوستاندنی سیاسی دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی لەبوژاندنەوەی لیژنەی پڕۆسەی دەستووری کردۆتەوە، لیژنەیەک کە(جنێف) پاڵپشتی دەکرد، کە هەموو کوتلە سوریاییەکانیشی دەگرتەوە. بەڵام بنبەستی سیاسی و ئەجێندا ناوچەییە کێبڕکێکارەکان بەتایبەتی (ئاستانە) شان بەشانی چەندین فاکتری دیکە کۆتایی پێ هێنابوو.

معادەلەی ناو کۆشکی سپی مەترسییە لەسەر هاوپەیمانەکانی
هەرگیز تورکیا ئامادەنییە خۆی بخاتە نێوان بەرداشی رووس و ئەمریکا ئەگەر ئاماژەیەکی ڕوونی پێ نەدرابێت کە پێویستە چی بکات، ئەگەر بەم خەستیەیش نەبێت، لەڕووی بابەتییەوە دەزانێت کە معادەلەی کۆشکی سپی لە چی دۆخێکدایە، بۆیە هەڵمەتەکەی ئەم جارەی ئیسلامییەکان پاڵپشتی کراوەو زۆر لە پاڵپشتی کردنی ئەمریکا بۆ تاڵیبان دەچێت، تاڵیبانێک کە لەپشت سەری ئێرانەوە بە پڕچەکی لەسەر کورسی فەرمانڕەوایی دانرا.
بۆیەیش لەقالب دانی شیعەی عێراق و ئێران پەیوەستە بە دەرئەنجامی ململانێ بەردەوامەکان و دانوستانە سیاسییەکان کە لەپشت پەردە ئەستورەکەوە ئەنجام دەدرێن.

پارێزگای ئیدلب، لە ئێستاوە لەلایەن گروپە سوننە باڵادەستەکانی وەک تەحریر شام (HTS) کۆنتڕۆڵکراوە، ئەم ناوچەیە وەک دڵی ئۆپۆزسیۆنی سوننە لە سوریا دەمێنێتەوە.

حەلەب بەتەواوی گوندو شارۆچکەو ناوەندی شارەکەوە جگە لە ناوچە کوردییەکانی وەک شێخ مەقسود کەوتوونە دەست تورکیا وسونییەکان، ئەگەر بێت و گەرەکی شێخ مەقسود پەلامار نەدرێت، کەواتا تورکیا بەم مەرجە دەستی کراوەتەوە کە کورد لە هاوکیشەکەدا ڕێز لێ گیراوە، هەرچەندە لە ڕۆژانی سەرەتایی مانگی دوازدەی 2024 دەبینین، کە تەواو بە پێچەوانەشەوە، کوردەکان دووچاری دۆخێکی پڕ لە نادڵنیایی بوونەتەوە، هێشتاش دەبێ تەماشابکەین، ئەگەر پەلاماری شێخ مەقسودی کوردی درا، کەواتا ئەبێت کوردی سوریا بزانێت کە کراوەتە قوربانی مامەڵەکە و ئەبێت خۆی بۆ شەری مان و نەمان بەرهەڤ بکات.

هەرێمەکانی وەک دێرەزۆر و ڕەقە کە بنکەیەکی بەهێزی دیمۆگرافی سوننەیان هەیە، ڕەنگە ئاوێتەی دەسەڵاتی سوننی لە داهاتوودا ببن ، بەتایبەتی ئەگەر نفوزی کورد پاشەکشە بکات یان ڕژێمی سوریا پێگەی خۆی لەدەست بدات.

کاریگەرییەکانی سەرهەڵدانەوەی سوننە
کاریگەری ڕابونەوەی سوونە، بەتایبەتی لە ژێر کاریگەری دۆخێکی بابەتیدا کە لە غەزرەوە سەرچاوە دەگرێت و دۆخی شیعە باش نایتە بەرچاو.
وەکو سەردەمی داعش لە عێراق، سەرهەڵدانەوەی سوننە لە سوریا ڕەنگە پاڵ بە هێزە شیعەکانەوە بنێت، وەک میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بۆ پاشەکشەکردن لە ناوچە کێبڕکێ لەسەرەکان بەتایبەتی کە ئێستە کۆنتڕۆڵی سنوری نێوان عێراق و سوریایان کردووە، دواتر شارەکان، ئەمەش ئاوێنەیەکی ڕووداوەکانی عێراقە کە دانیشتوانی شیعە لە شارەکانی زۆرینەی سوننە وەک موسڵ لە سەردەمی سەرهەڵدانی داعشدا هەڵهاتن.
ئەمە کاتێک بەدیدێت کە (بەشار)ڕووخا کە هێشتا گریمانەیەکی نزیک نییە.
تۆی خوێنەر وایدابنێ گریمانەکە نزیکەو دەڕوخێت، چونکە ناکرێت تاسەر بەهۆی بەشارێکی بوکەڵەوە سوریا خوێنی لەبەر بڕوات بۆیە، کۆنترۆڵکردنی ناوچە سوننەنشینەکانی سوریا دەتوانێت هێڵەکانی دابینکردنی پاڵپشتی ئێران بۆ لوبنان و ناوچەکانی دیکە پەکبخات کە بە سوریادا دەڕوات.


کاتیک لە لە داهاتوویەکی نزیکدا ترەمپ دەسەڵات دەگرێتە دەست ئەوە کەشێکی نوێی پەیوەندییەکانی ئەمریکا دەبینین، کاتی خۆی ئیدارەی (ئۆباما) سەرنجی زیاتر لەسەر لایەنی دیپلۆماسی بوو، وەک ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و دوورکەوتنەوە لە دەستێوەردانی سەربازی.

ئیدارە( ترەمپ)، ڕێبازێکی مامەڵەیی جیاوازی گرتەبەر، لەوانەش ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهیم، نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو، دەرچونی ئەمریکا لە (بەرجام) یان ڕێکەوتنی ئەتۆمی.

ئیدارەی (بایدن)، هەوڵیدا دیپلۆماسی فرەلایەنە بگەڕێنێتەوەو پەیڕەو بکات، مامەڵەی لەگەڵ مافەکانی مرۆڤ دەکرد بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنە ببووە بەهۆی سیاسەتە ناتەباییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە دەگوترا لە سایەیی سیاسەتە نەرمەکانی (بایدن)دا ئێران بەهێز بۆتەوە.

هەر گواستنەوەیەکی دەسەڵات لە ئەمریکا کاریگەری لەسەر دۆخی بەرییەککەوتنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. کاردانەوەکانی ئێران بەرامبەر دانوستانە ئەتۆمییەکان جیاوازن؛ هەڵوێستە توندو ئیدێۆلۆژییەکانی ئێران دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان.

سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا کاریگەری لەسەر سیاسەتەکانی جولەکە لەوانەش نیشتەجێبوون لە سەرزەوییە ناکۆکی لەسەرەکان و یارمەتییەکان و ڕێککەوتنەکانی ئاشتی گۆڕانکارییەکی بەرچاویان بەسەردا دێت و کاریگەری لەسەر هاوپەیمانێتییە ناوچەییەکان و سەقامگیری هەیە.

ڕۆڵی ڕووسیا لە قەیرانەکانی هەرێمیدا
ڕووسیا تادێت خۆی لە قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەردەدات، بەدوای نەزمێکی جیهانی فرە جەمسەریدا دەگەڕێت و بە ئاشکرا دژایەتی هەژموونی خۆرئاوا بەسەر جیهاندا دەکات.

بۆیە ڕێبازی ڕووسیا زۆرجار لاوازکردنی کاریگەریی ڕۆژئاوایی، پەرەپێدانی ململانێکان بۆ دەستەبەرکردنی دەستکەوتە جیۆپۆلەتیکییەکانی خۆی لە پێشینەی کارەکانیدایە.

جەنگی غەززە
پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەریای سپی و سور، بەدیاری کراوەی کاردانەوەی توندو بێ پێشینەی ئیسرائیل بۆ هێرشی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023، بە تایبەتی شەڕەکەی دژی حەماس، کاریگەری قووڵی ناوچەیی لێ کەوتەوە، حەماس و حزباڵلەی ڵەپەلو پۆ خست وبەشار ئەسەدی لاواز کرد، ئەمەش ئەو شتەیە کە لەم بابەتەدا چەند جارێک بە پێگەیشتنی دۆخی بابەتی بۆ چالاکردنەوەی کارتی سوونی لەلایەن توکیاوە ناوم بردووە.

سوننەی سوریەو عێراق
سەرکەوتنی لایەنە سوننەکان لە سوریا، بەتایبەتی لە ناوچە ستراتیژییەکانی وەک حەلەب، کە ئێستە بەئاڕاستەی (حما) دەچن دەتوانێت کاریگەرییەکی هەژێنەری لەسەر سوننەی عێراق ببێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی کە زۆرینەی سوننەن، بەڵام تاچەند ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ڕاپەڕینێکی سونییانە لە عێراق بەندە بەچەند هۆکارێکەوە.

یاخیبوونی سوننە لە عێراق
١- پێکهاتە سوننەییەکان لە عێراق لە مێژە هەستیان بە پەراوێزخستن کردووە، بەتایبەتی دوای ڕووخانی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 و دواتر سەرهەڵدانی فۆرمەکانی حکومەتی تایفی شیعی دوای پاشەکشە نابەرپرسانەکەی ئەمریکا لە 2012. سەرکەوتنی سوننە لە سوریا ڕەنگە لایەنە سوننەکان لە عێراق بوێر بکات پشتیوانی مادی و ورەیی لە سوننەی سوری بکەن.

٢- یاخیبوونی سوننە لە سەردەمی داعشدا لاوازییەکانی حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ناوچە سوننەنشینەکانی وەک موسڵ و ئەنبار ئاشکرا کرد. بەڵام ئەو وێرانکارییەی به هۆی داعش و دواتر هەوڵەکانی بەڕەنگاربوونەوەی یاخیبوون، ئه م ناوچانەی له ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوه لاواز کردووە، هەرچەند دۆخێکی پێگەیشتووی دژ بە دەسەڵاتی شیعە لەسەرتاسەری ناوچەکە وادەکات سونەکان لاوازییەکەیان تێپەڕێنن.

٣- ئەگەر کوتلە سوننەکان لە سوریادا هێزو زەبروزەنگی زیاتر بەدەست بهێنن، لەوانەیە جوڵە لەموسڵ و ئەنبار دەست پێ بکات. هەرچەندە ئەمە بەس نییە بۆ ڕاپەڕینی سونە لە عێراق چونکە بەغدا بە پشتیوانی میلیشیا هاوپەیمانەکانی ئێران، ڕەنگە پێشوەختە هەر نیشانەیەکی یاخیبوون سەرکوت بکات، ئەگەر دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بەتەواوی شکست بێنێت بێشک شیعە لە ناوچە سوننیەکانی عێراق دەکەوێتە دۆخێکی سەختەوە.

ڕۆڵی هەرێمی کوردستان
١- هەرێمی کوردستانی عێراق بە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق تاڕادەیەک سەقامگیرە. بەڵام ئەگەر ڕاپەڕینێکی سوننە عێراق ناسەقامگیری بکات، دەکرێت کورد ڕووبەڕووی ئاستەنگ ببێتەوە. ڕەنگە بەهۆی نزیکییان لە ناوچە سوننەنشینەکان و مێژووی ناکۆکییەکانیان لەگەڵ بەغدا لەسەر ناوچەکانی وەک کەرکوک، کەمەندکێشی ململانییەکان بن.

٢- ڕەنگە کورد بکەوێتە ژێر گوشاری تورکیاشەوە٫ بەتایبەتی مەرجی دەبێت بۆ ئەوەی یەکێتی و پەکەکە لە هەندێک ناوچە نفوزیان نەبێت. سەرکەوتنی سوننە لە سوریا ڕەنگە نفوزی تورکیا بەگشی لە ناوچەکە بەهێزتر بکات و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر خواستەکانی کورد لە هەموو پارچەکان هەبێت.

٣- ناسەقامگیری لە عێراقدا بۆ هەرێمی کوردستان سەختی زیاتر دێنێت ، بەتایبەتی سەبارەت بە تەرخانکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.


PM:01:43:03/12/2024

ئه‌م بابه‌ته 704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی