لەمەجلیسەکانی نەوشیروان مستەفاوە " ٥ "
عهبدولرهزاق شهریف
ئەو، زۆرجار تەلەفۆنێکی بچوک، لەگیرفانی قەمسەڵەکەی نەم شەڕواڵەکەیا بوو، کەوەڵامی زەنگەکەی ئەدایەوە وەک چەرخی جگەرەکەی دەستی، لەناو مشتیا، ون ئەبوو.
وەک هەمو جارێک لەیەکەم وەڵامدا، وتی :
- من باشم ، ئێوەباشبن .
ئیتر بەردەوام بوو ...
- من چیت بۆ بکەم ؟ لەناو یەکێتی ئەمێنیتەوە مینبەر و کوتلە دروستدەکەیت ، شەڕ دەکەیت، پشتیوانیت ئەکەم ...
دێیتە دەرەوە لەیەکێتی، حیزب دروستدەکەیت هەر پشتیوانیت دەکەم ...
ئەگەر دێیتە لای ئێمەش، وەک رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە، شوێنەکەی خۆمت بۆ جێدەهێڵم .
نەوشیروان مستەفا، ئەو قسانەی کرد و تەلەفۆنەکەی داخستەوە .
هێشتا تەواو دەستی دانەگرتبو، پێم وت :
+ کاکە ئەوە کێ بوو ؟
- بەرهەم ، بەرهەم ساڵح . وەزعی لەناو یەکێتی خراپ بوە .
+ ئنجا تۆ بەراستت بوو ، جێگەکەی خۆتی بۆ جێدەهێڵی ؟
- من هەرگیز لەگەڵ هاوڕێکانمدا، درۆم نەکردوە . بەڵێ داوای هاوکاری لێکردوم هەرئەوەندەم پێدەکرێت ، هەرئەوەشم هەیە بیدەمێ ! ( مژێکی جگەرەکەی چەند چرکەیەک رایگرت) ئینجا وتی : بیرت نەچێت شای ئێران شاپەرستەکان خستیان، پێشوەخت ئەوان لێی هەڵگەڕانەوە، خومەینی هاتە سەر حازری !
+ هاوڕێکانمان لەناو بزوتنەوەکە ، قبوڵی دەکەن ؟
- بەرهەم، مەترسی لەدوو کەسی ئێمە هەیە ! منیش ئەو دوانە ئەنێرمە بەردەرگای گردەکە بۆ پێشوازیکردنی، وێنەکانیش بڵاو ئەکەینەوە ئیتر ترسەکەی ئەڕەوێتەوە، خۆشم شەش مانگ لەگەڵیا دەمێنمەوە ، هەتا تەواو گەنجەکانیشمان لەگەڵیا رادێن .
+ ئەی غەزەبی ماڵی مامجەلال ؟
- هێرۆ چەند جارێک پێی وتوم بەرهەم بەرە لای خۆت بانەڕوات بەملاولادا .
لەجوغزێکی بچوکی دەوروپشتی هاوڕێکانماندا، بەچەند جۆرێک هەواڵەکە ئەملاولای کرد، ئیتر باسی لێ نەکرایەوە.
ئەو شەڕ و زویربونەی بەرهەم ساڵح، دوای ماوەیەکی کەم، لەناو یەکێتیدا، ( ناوەندی بڕیار ) ی وەک مینبەرێکی جودا، لێکەوتەوە .
دوای مەرگی نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح بەتەواوەتی لەیەکێتی جیابۆوە، هاوپەیمانیەتێکی بەسەرۆکایەتی خۆی دروستکرد .
پێش هەڵبژاردنی دووهەزاروهەژدە ،پەیامێکی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان نارد، تیایدا ئامادەیی خۆی و هاوپەیمانێتیەکەی بۆ یەکبون و یەکگرتنی بێ مەرج لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بەیانکردبوو، وتبوشی کاندیدەکانی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکی لیستەکەش هەموی بزوتنەوەی گۆڕان دیاریانبکات . وەک بیستمان خۆی تەنیا داوای سەرۆکایەتی قەوارە پەرلەمانیەکەی کردبوو.
لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیا، پەیامەکە، بەپێشەکیەکی شەفەهی سەید عومەرەوە، کەتیایدا وتی ( بەرهەم ئەیەوێ بێت و دەست بەسەر بزوتنەوەکەمانا بگرێت و بمانخوات ) خرایە دەنگدانەوە . حەمە تۆفیق رەحیم بەتوندی پشتیوانی سەید عومەر و رەتکردنەوەی پەیامەکەی بەرهەم ساڵحی کرد.
لەبەر ئەوەی من پێشتر هەوڵی یەکەم و حیکایەتی پێشوازیەکەی ساڵانی پێشوم ئەزانی ، لەو کۆبونەوەیەدا، بۆم دەرکەوت ئەو دوو کەسەی نەوشیروان مستەفا وەک مەترسی بۆ هاتنی بەرهەم ساڵح باسیکردن، ئەم دوانەن کەئێستا دەسەڵاتی یەکەم و دوەمی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەدەستدایە.
کاشکێ کۆنوسی کۆبونەوەکان وەک خۆی مابێتن چونکە بەموداخەلەیەکی کورت لەسەر پێشەکیەکەی سەید عومەر و قسەکانی حەمە تۆفیق وتم ( دەی ئەگەر ئەم بزوتنەوەیە هێندە لاواز بێت ، بەرهەم ساڵح لەهاتنیدا قوتمانبدات، یارەبی عافێتی ئەو بین ، وتیشم کەعێراق و ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، ئەویان وەک سەرۆک کۆماری ئایندەی عێراق پێشنیاز کردوە ! لەو حاڵەتەیا کاندیدی سەرۆکی کۆمار، ئێمە دیاریدەکەین و لەبزوتنەوەی گۆڕان دەبێت ).
حەمە تۆفیق هەمیشە لەکینەی شەخسی خۆیەوە شیکردنەوەی بۆ روداوە سیاسییەکان ئەکرد ! هەربۆیە چەندجارێک لەوەڵامی ئەم قسەیەی مندا ئەیوت ( شتی وا رونادات سەرۆک کۆمار ئەمجارە بۆ عەرەبی سونە دەبێت).
ساڵی دواتر، بۆئەوەی پێشنیازی پۆستی سەرۆک کۆماری لەدەست نەچێت ! بەرهەم ساڵح بەناچاری گەڕایەوە ناو یەکێتی و بەکورسی سەرۆکایەتی گەیشت.
ساڵ تێپەڕی و بەسەرۆکی و لەدیدارێکدا، باس و شایەتیم لەسەر ئەو گفتوگۆیانەی پێشوو، هەوڵەکان و روداوەکان، بۆ دەگێڕایەوە، باسی هەڵەی رەتکردنەوەی ئەو پێشنیازەی نەوشیروان مستەفام کرد .! خواهەڵناگرێ تائەوکاتەش بەرهەم ساڵح بەهانەی بەهێزی بۆ نەبون بەرێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەبوو .
PM:01:37:02/12/2024
ئهم بابهته 548
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی