ئەو چەکەی مرۆڤایەتی تۆقاندووە

‌حەسەن ئەحمەد مستەفا

بەشی سێیەم
بۆمبی ڕوسیای سۆڤیەتی و سەرەتای پێشبڕکێی ئەتۆمی

 لە  سەرەتادا  ستالین زۆر بەجۆش و خرۆشەوە هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدەدا، کاتێک ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە لێکۆڵینەوەیەکی لەو شێوەیە لە ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریکا لەئارادایەو بەرەو پێشەوە دەچێت،  ئەوجا ستالین بەخۆ کەوت وڕاوێژی چڕی  لەگەڵ ئەکادیمیستەکانی بواری فیزیاو جێۆلۆجی  وەک ئیۆفێ، کاپیتسا، کلۆپین و ڤێرنادسکی دەستپێکرد وقەناعەتی کرد کە دەتوانرێت بەخێرایی پەرە بە بەرهەمهێنانی بۆمبێک بدرێت.

ئەبرام ئیۆف،  بە باوکی فیزیای سۆڤیەت ناسراوە،  ڕۆڵێکی سەرەکی لە پێشخستنی فیزیای ئەزموونی لە یەکێتی سۆڤیەتدا هەبوو.
 پیۆتر کاپیتسا،  فیزیازانێکی (پسپۆڕی فیزیای پلەی گەرمی نزم)بوو، ڕێکارە پێشکەوتووەکانی بۆ بەدەستهێنانی هیلیۆمی شل پەرەپێدا و دیاردەی شلەی سەرووی دۆزیەوە.   بەم بەدەستهێنانە نەک هەر خەڵاتی نۆبڵی فیزیای ساڵی ١٩٧٨ی بەدەستهێنا بەڵکو شۆڕشێکی گەورەی لە لێکۆڵینەوەی   میکانیکی کوانتەم و تایبەتمەندییە مادییەکان لە پلەی گەرمی زۆر نزمدا بەرپاکرد.

 ڤلادیمێر ڤێرنادسکی، زانای جیۆکیمیا و بایۆلۆجی بوو، سەبارەت بە  بایۆسفێر و چەمکی "نۆسفێر" کە لێکۆڵینەوە لە یەکتربڕینی چالاکییەکانی مرۆڤ و سیستەمەکانی زەوی دەکات ستایشێکی زۆری کراوە.

ئەمانەبوون لە ساڵی  ١٩٤٢ بەپشتیوانی ستالین( ولە تاقیگەی ژمارە ٢ ی سنوری مۆسکۆ کە دواتر ناوەکەی بۆ LIPAN گۆڕدرا٫ دواجار ناوی ئەو شوێنە بووبە پەیمانگای کورچاتۆڤ بۆ وزەی ئەتۆمی)کارەکانیان ئەنجامدا.
 
توێژینەوەکە سێ ئامانجی سەرەکی هەبوو؛ یەکەم: بەدەستهێنانی کارلێکی زنجیرەیی کۆنترۆڵکراو؛ دووەم: بۆ لێکۆڵینەوە لە شێوازەکانی جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکان؛ سێیەم: بۆ دیزاینەکانی هەردوو بۆمبی یۆرانیۆمی پیتێنراو و پلۆتۆنیۆم.
  دوای شکستی ئەڵمانیای نازی لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٤٥،  ڕووسەکان بۆ بەرنامەی بۆمبی ئەتۆمی و بۆ ئەوەیش کە بەتایبەتی کار لەسەر جیاکردنەوەی ئایزۆتۆپەکان بکەن بۆ بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو سودیان لە زانایانی ئەڵمانی وەرگرت، ئەمەش توێژینەوەی تەکنەلۆژیای سانتریفیوژی غازی لەخۆگرتبوو.

کاتێک ئەمریکا  یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی لە تەمموزی ساڵی ١٩٤٥ تاقیکردەوە، ڕوسەکان وایان پیشاندا کە زۆر پێی هەستیارنین وکاریگەرییەکی کەمیشی لەسەر هەوڵەکانی سۆڤیەت هەبوو، بەڵام تا ئەم کاتە کورچاتۆڤ ( ١٩٠٣- ١٩٦٠کە فیزیکزانی سۆڤیەت بوو ڕۆڵی سەرەکی هەبوو لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی پرۆگرامی چەکی ئەتۆمی سۆڤیەتی پێشوو)

 کارکردنی لەسەر هەردوو بۆمبی یۆرانێۆم وپلۆتۆنێۆمی باش بۆ پێشەوە بردبوو، تەنانەت کورچاتۆڤ دەستی کردبوو بە دیزاینکردنی ڕیاکتۆرێکی پیشەسازی بۆ بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆم.

کاتێک ڕوسیایی سۆڤییەتی  بۆردومانکردنی هیرۆشیما و ناگاساکی بینی،  مانگێک  لە دوای بۆردومانەکەوە هەوڵەکانیان خێراو چڕتر کردنەوەو لە تشرینی دووەمی ١٩٤٥ دەستیان بە دروستکردنی شارێکی نوێ لە ئۆرال کرد کە یەکەم ڕیاکتۆری بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی تێدابوو.

سەرەنجام ڕووسیای سۆڤیەتی لە ساڵی ١٩٤٩ بۆمبی ئەتۆمی بەدەستهێنا، یەکەم تاقیکردنەوەی سەرکەوتووی خۆی لە ٢٩ی ئابی ١٩٤٩ لە شوێنی سێمیپالاتینسک لە کازاخستان ئەنجامدا.

  ڕوسەکان ناوی بۆمبەکەیان نابوو کۆدی "RDS-1" یان (یەکەم ڕەشەبا)و تاڕادەیەکی زۆر لەسەر بنەمای ئەو زانیاریانە بووە کە لەڕێگەی سیخوڕییەوە سەبارەت بە  پڕۆژەی مانهاتنی ئەمریکی  بەدەستیان هێنابوو.  ئەم ڕووداوە سەرەتای پێشبڕکێی چەکی ئەتۆمی بوو لە سەردەمی جەنگی سارددا.


AM:09:34:30/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی