سەرژمێریی نا سەرکوت و سەرنگومکردن

‌ئاسۆ عەبدوللـەتیف

▪لەو میساق و دەستورەش، کە بە راپرسی دەستوور ناسراو تەبەننی کرا لە ٢٠٠٥، نەک شەراکەت و هاوبەشی کوردو عەرەب وەک زاراوەو کۆنسێپت ژێرپێ خرا لەلایەن شیعەکانەوە، بەڵکو بینیمان لەو مێژوە تازەیەشداو لە پەنا بنەما دەستوریەکاندا، فاشیزمی مەزهەبی و عەرەبی چیان هێنا بەسەر گەلی کورد لەم بەشەی کوردستاندا، لە پێشێلکردنی مادەکانی 58 و53 و 140 ی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کەرکوکەوە بیگرە، بۆ دەستبردن بۆ هەمواریی دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی قەوارەی هەرێم و بڕینی قووتی خەڵک، کە بەو دەستوورە چەسپێنراوە، تا لێدان لە خواستە نەتەوەییەکان و بڕینی بودجەو کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە میزانیەی عێراق لە ٪١٧ ەوە بۆ ٪١٢ و جووڵاندنی هێزو میلیشیاو عەسکەر دژی هەرێمی کوردستان و داگیرکردنەوەی کەرکوک و ناوچەکانی ١٤٠.

▪بۆیە سەرژمێریی لە عێراقدا هیچ بەهایەکی نەژادی و کەلتوری و نەتەوەیی نیە، بێماناترین هەنگاوی عەقڵیەتێکی ناسیۆنالیستی مەزهەبی عەرەبیە، ئەم پرۆسەیە هیچ سوودو قازانجێکی نیە بۆ تاکی کورد، گریمان نەتەوەی کورد زۆرینەش بوو لەناوچە کوردستانیەکان، دەی چی دەگۆڕێ لەبیرکردنەوەو مێنتاڵێتی عەقڵیەتێکی فاشی کە هیچ گوندو دەڤەرو شارێک بە موڵکی تۆ نازانێت، ئینجا هاتنی نمایشیانەو دیبلۆماسیانەی محمد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بۆ هەرێم بەدەڕۆژ پێش کردەی سەرژمێریەکە، ئەوەندەی سەفقەیەکی مەترسیدارە بۆ ڕۆحی ئەم نەتەوە ئەوەندە فەزیلەت و ئیعتیراف نییە بەسەروەری و شکۆداریی ئەم هەرێمە بەڵکو تۆخکردنەوەی سنورەکانەو ئیشکردنە لەسەر ئەوەی بەم سەرژمێرییە تەواو بمانکەنەوە بەعێراقی بەیەک دوو پڕۆژەو تێرمی تەوتین و بەبانکیکردنی موچەو دەسەڵاتبەخشین بەپارێزگاکانی هەرێم و ئەوەش لەپێناو گەورەکردنی کەلێنەکانی نێو حیزبی کوردیی.

▪کورد نە بەهەڵبژاردن و دیموکراسی، نە بە سەرژمێریی دەستکرد هیچ گەمەیەک لە عێراق ناباتەوەو سەدساڵی تریش کەمینەیەکی دواکەوتوو ژێردەستە دەبێ، چونکە لە بنەڕەتدا کێشەی دەوڵەتی عێراق کێشەی دامەزراوەییە، دامەزراوەو دەزگای یاسایی و نیشتیمانی و دەوڵەتیی نییە ئەوەی هەیەتی دەزگای ئایدۆلۆژیی سوپاو خێڵ و بنەماڵەو ئەقتابی نەوتە، کێشەکان ئەوەندەی کێشەی قووڵی سیاسی و فەرهەنگی و گرفتی مێنتاڵێتی تاکی عێراقی و بیرکردنەوەی زاڵی نوخبەی فاشیەتە ئەوەندە ئەو کتێبە کاغەزە ڕەنگ زەردە نییە بەناوی یاسا بنچینەییەکانی دەستورەوە کە لە پەنایدا دەیان و سەدان تاوان و پێشێلکاریی دەکرێت و هیچ دامەزراوەیەکی حکومی و دادوەریی و تەشریعی نیە هەڵوێست وەرگرێ، بۆیە سەرژمێریی دانیشتوان فێڵێکی یاسایی و دەستوریی پەتییە و سەپاندنی ئیرادەیەکی تری فاشیزمی زۆرینەیە بەسەر گەلیکوردیکەمینەدا.


PM:01:00:16/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 1200 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی