دوای 25 ساڵ باخچەلی دەرگای ئیمراڵی دەكاتەوە
کەنعان بەهادين
عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری رێكخراوی چەكداری پەكەكە، دوای ئەوەی لە كینیا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی توركیا لە 15ـى شوباتى 1999 دەستگیركرا، لە 29ـی حوزەیرانی 1999 سزای لەسێدارەدانی بە تۆمەتی دامەزراندنی رێكخراوێكی تیرۆریستی بۆ دەرچوو.
بڕیارەكە بە فەرمانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـی توركیا راگیرا و جێبەجێ نەكرا.
دوای 25 ساڵ باخچەلی سوودی لە سێدارەنەدانی ئۆجەلان وەرگرت و لە ئێستادا داوا دەكات بێتە پەرلەمانی توركیا، تاوەكو هەڵوەشانەوەی پەكەكە رابگەیەنێت و كۆتایی بە شەڕی دەیان ساڵەی توركیا و پەكەكە بهێندرێت.
توركیا دوای دەوڵەتە نەتەوەییەكەی مستەفا كەمال ئەتاتۆرك، لە ئێستادا ئەو نەهجەی لە رابردوودا پێڕەوی دەكرد، خەریكە بەهۆی رووداو و گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و دۆخی خراپی ئابووری دەگۆڕێت و كاتێك دەركەوت نەتەوەی كورد لە ناوچەكە، هاوشێوەی گەلی فەڵەستین، هۆكاری سەقامگیرین و بێ ئەوان ناوچەكە ئارام نابێت، دەیانەوێت لەگەڵ كورد رێبكەون.
نەتەوەی كورد لە باكووری كوردستان، لە رووی كولتوور و رۆشنبیری و سیاسەت و خوێندن و پەرەپێدانی مرۆییەوە گرنگی پێنەدراوە، بۆیە رەنگە نەتوانێت بە تەنیا هەزمی ئەو قۆناغە نوێیە بكات، دەبێت پەنابەرن بۆ هاوپەیمانەكانیان، كە چۆن لە رێگەی ئاشتییەوە مافەكانیان دەستدەخەن.
توركەكان دەیانەوێت دەرگای ئیمراڵی بە رووی ئۆجەلاندا بكەنەوە، بێتە پەرلەمان و جاڕ بدات "واز لە بیری توندئاژۆیی بهێنێت" و "بیر لەوە بكاتەوە قۆناغێكی دیكە رابگەیەنێت" و ئەو كوشتارەی چەندین ساڵە هەیە، كۆتایی پێبێت.
كورد دەتوانێ سوود لەم قۆناغەش ببینێ و ئاشتییانە مامەڵە بكات و چونكە داهاتووی كورد لە ناوچەكە تەنیا دروستبوونی چەند دەوڵەتێكی كوردییە، ئەوانەی كوردیان دابەشكرد، چەندین ساڵە لە هاموشۆدان تاوەكو پرسەكە وەك خۆی لێبكەنەوە و دۆسییەی سایكس بیكۆ كۆتایی پێبهێنن.
كە دەگوترێ پرسی ئاشتی زیندوو بكرێتەوە، مانای ئەوە نییە خەباتی چەكداریی كورد لە رابردوودا سوودی نەبووە، ئەوەی كورد لە رێگەی شۆڕشەكاندا دەستیكەوت، زۆر بوون، تەنیا قۆناغ و شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ دوژمنان گۆڕاوە.
داگیركاران بە شەرمەوە دێن لە دەرگای كورد دەدەن، دەبێت كورد عاقڵانە دەرگا بە ڕوویاندا بكاتەوە و عاقڵانە قسە لەبارەی ئاشتییەوە بكات..
ئەگەر دەرگای ئیمراڵی بە رووی ئۆجەلاندا كرایەوە، دەبێت قسەی پێویست لە خزمەت ئەو قۆناغەدا بكات، هاوشێوەی باشووری كوردستان و سەركردایەتییەكەی مامەڵە بكات، ئەمە دوا چانسی پەكەكەیە بۆ ئەوەی ئاراستەی سیاسی پێچ بكاتەوە و بگەڕێتەوە سەر ئەسڵی بابەتەكە، كە گفتوگۆكردنە لەبارەی كولتوور، زمان، جل و بەرگ، مێژوو، ئازادی و مافەكانی كورد.
ژمارەی كوردانى باكوور 20 تاوەكو 25 ملیۆن كەسن، دەتوانن لە ئێستادا قۆناغی ئاشتی تاقیبكەنەوە، چونكە بە درێژایی مێژوو لە رێگەی ئاشتییەوە دەستكەوتی گەورە بەدەستهاتوون، شەڕەكانی (حەماس – ئیسرائیل) و (ئۆكرانیا و رووسیا) تاقیكرانەوە، تەنیا كووشتن و مرۆڤایەتی لەناوبردن قازانجەكەی بوو.
PM:08:38:15/11/2024
ئهم بابهته 556
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی