بۆچی پێویستە دوو پایتەخت لەهەرێمی کوردستان هەبێت؟

‌به‌یار عومه‌ر عه‌بدوڵا


٢٤٠ ساڵ لەمەوبەر، شارێک بە پایتەختی لەدایک بوو، بۆ فەرمانڕەوایی (میرنشینی بابان)، بە ناوی (سلێمانی).

دواتر بووە پایتەختی حکومەتەکەی مەلیک مەحمود. (قەزا و ناحیە و گوندەکانی دەڤەری سلێمانی) بنکەی خۆڕێکخستن و سەرهەڵدانی جوڵانەوە نوێکانی کورد بوون.

ناکرێت دەڤەری (سلێمانی) و چواردەوری پەراوێز بخرێن و ڕۆڵە مێژوییەکەیان لێبسەندرێتەوە. ئەمە ڕێخۆشکەریە بۆ ناکۆکی و پەرتبوونی هەرێم.

دەبوو پێش یەکگرتنەوەی ئیدارە، گەرەنتی ئەوە بکرایە کە بەشێک لە داهات و دەسەڵات لە دەڤەری سلێمانی بمێنێتەوە. ئێستاش لایەنەکان بە گشتی و یەکێتی بەتایبەتی، پێویستە ئەو مەلەفە بکەن بە مەرجی سەرەکی بەشداریکردن لە حکومەتدا.

ئەگەر بمانەوێت هەرێم بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، دەکرێت پەرلەمان و دادگای باڵا لە سلێمانی بن و حکومەت و وەزارەتەکان لە هەولێر بن.

یاخود ١٨ وەزارەتەکە دابەش بکرێن؛ ٩ وەزارەت بۆ هەولێر و ٩ وەزارەت بۆ سلێمانی.

سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانی (دارایی) و (داد) و (ناوخۆ) و (گواستنەوە) و (شارەوانی) و (پلاندانان) و (پەروەردە) و (کاروباری کۆمەڵایەتی) و (ئەوقاف) لە هەولێر بن.

جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانی (پێشمەرگە) و (تەندروستی) و (ڕۆشنبیری) و (خوێندی باڵا) و (ئاوەدانکردنەوە) و (کارەبا) و (کشتوکاڵ) و ( پیشەسازی) و (شەهیدان) لە سلێمانی بن.

هەروەها دەسەڵاتی تەواو بدرێت بە فەرمانگەکانی دەڤەری (هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین) + (کۆیە)؛ بۆ پەرەپێدانی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی.

ئەمەش هاوسەنگی سیاسی و ئیداری و ئابوری دەپارێزێت، کە پێشمەرجی ئارامی و گەشەکردنە؛ هەروەها ڕێگری دەکات لە کڕین و فرۆشتنی وەزیر و کاربەدەستە باڵاکان لە هەولێر لەلایەن پارتیەوە.

هەبوونی دوو پایتەخت، ڕێگەیەکی دروستە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی نێوان شارەکان و ئاشنابوونی هاوڵاتیان بە مێژوو و جوگرافیای هەرێمی کوردستان.

چەندین دەوڵەت لە مێژوودا، خاوەنی دوو پایتەخت بوون. ئێستاش زیاد لە ١٥ دەوڵەت هەن، کە دوو پایتەختیان هەیە.

دوای کۆتایی هاتنی ڕژێمی ڕەگەزپەرستی ئەپارتاید و سەرکەوتنی (نیڵسن ماندێلا)، گەلانی باشوری ئەفریقا بڕیاریاندا کە داهات و دەسەڵات بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا دابەش بکەن.

ئێستا (باشوری ئەفریقا) سێ پایتەختی هەیە. پەرلەمان لە (کەیپتاون)ە و حکومەت و وەزارەتەکان لە (پریتۆریا)ن؛ دەسەڵاتی دادوەری و دادگای باڵا لە (بلیم فۆنتین)ە.

ئەم شێوازی دابەشکردنی دەسەڵاتە توانی باشوری ئەفریقا نەک تەنها لە شەڕی ناوخۆ بپارێزێت کە زۆرینەی وڵاتە ئەفریقیەکان گیرۆدەی بوون، بەڵکو توانی بیکات بە یەکێک لە ئابوریە گەورەکانی جیهان.

هەروەها خەڵکی (چیلی) دوای شەڕی ناوخۆ و ڕوخانی ڕژێمی پینۆشێ، بۆ پاراستنی هاوسەنگی هێز و ڕێگرتن لە دووبارەبونەوەی شەڕی ناوخۆ، دەستیان کرد بە ڕێککردنەوەی ناعەدالەتی جوگرافی: یەکێک لە هەنگاوەکانیان، مانەوەی حکومەت بوو لە (سانتیاگۆ)، بەڵام پەرلەمانیان بردە (ڤەلپارەیزۆ).

لەو کاتەشەوە (چیلی) سەقامگیرە و ئێستا یەکێکە لە بەهێزترین ئابوریەکانی کیشوەری ئەمریکای باشور، و لە ڕوی داهاتی تاکەوە، لە پێش بەڕازیل و ئەرجەنتینەوەیە.

دەکرێت سوود لە ئەزموونی وڵاتان وەربگرین بۆ ڕێگرتن لە شەڕی ناوخۆ و بەهێزکردنی هەرێم لە ڕوی ئیداری و ئابوری و سیاسیەوە.

تێبینی: ناوی هەندێک لە دەوڵەتەکانی تر، کە دوو پایتەختیان هەیە، لە کۆمێنت دانراوە.


PM:04:44:15/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 1148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی