دوژمنەكانی ترەمپ لە چاوەروانی تۆڵەی سەرۆكن

‌شوان عەباس بەدری

لە دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە كێبركێی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا، لە ئێستا هەمووان چاوەرێن تا بزانن لە كانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو واتە ئەو كاتەی ترەمپ دەسەڵاتەكان لە جۆ بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا وەردەگرێت و دەچێتە كۆشكی سپی و دووبارە لەسەر كورسی سەرۆكایەتی بەهێزترین و كاریگەرترین وڵاتی جیهان دادەنیشێت چی روودەدات و ئایا ئەو هەرەشانەی كە لە ڕكابەر و ئەو كەسانەی بە دوژمن وەسفی كردبوون جێبەجێدەكات یان خۆد لاپەرەیەكی سپی تازە هەڵدەداتەوە.

هەرچەندە تەرەمپی خاوەن كەسایەتی خۆپەرەست و نەرجسی هەر وەك  چۆن، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا لە ئیدارەكەی ترەمپ لە كتێبەكەیدا وەسفی كردووە بە ئاسانی رقەبەرایەتی و دوژمنایەتی دوژمنەكانی بیرناچێتەوە، بەڵام بەبڕوای چاودێران، ژمارەیەك كەسایەتی ئەمریكی هەن كە دۆناڵد ترەمپ هەرگیز لێیان خۆش نابێت و بە هەر شێوەیەك بێت تۆڵەی خۆی دەكاتەوە كە لە سەروو هەموویانەوە نانسی پیلۆسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكایە كە لەسەردەمی سەرۆكایەتییەكەی دژایەتییەكی تەواوی ترەمپی دەكرد و چەندین جار دۆناڵد ترەمپی وەك گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئەمریكا و ئاسایشی نەتەوەیی ئەو وڵاتە وەسف كردبوو و لە هەوڵدابوو تا متمانەی سەرۆكایەتی لە ترەمپ وەربگیرێتەوە.

یەكیكی تر لەو كەسانەی كە ئەستەمە ترمپ بە ئاسانی لێی خۆش بێت ، جۆ بایدن و هانتەری كورییەتی كە لە چەندین كۆڕوكۆبوونەوەی تایبەت و گشتی ڕایگەیاندبوو، گەر وەك سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێتەوە ئەوا ڕاوێژكارێکی تایبەت بۆ بەدواداچوون بۆ گەندەڵییە خیزانییەكانی جۆبایدن دادەمەزرینێت و دەبێت بزانرێت ئەو ملیۆنەها دۆلارەی بە ئاسانی لە چین و ئۆكرانیا ڕاكێشراون چۆن و لەسەر چ بنەمایەك بووە.

هەروەها لیتیتیا جیمس داواكاری گشتی نیۆیۆرك كە سزای دارایی زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلاری لە دۆسییەكی یاسایی بە تۆمەتی ساختەچێتی بەسەر ترەمپدا سەپاند، یەكیكی ترە لەو كەسایەتییە ئەمریكییە دیارانەی كە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەی لێكردووە، هەروەك چۆن دادوەری دادگای مانهاتن كە سەرۆكایەتی دادگایی كردنی ترەمپی دەكرد لەو دۆسییە یاساییەی كە دادواكاری گشتی نیۆیۆرك لە دژی ترمپ بەرزی كردبووە و ترەمپی بە تاوانبار ناساندبوو، یەكێكی ترە لەو كەسانەی كە لەژێر زەرەبینی تۆڵەی ترەمپدایە و ترەمپ هەڕەشەی چاودێری و دەستگیركردنی لێكردبوو.

هەروەك چۆن مارك زوكربێرگ دامەزرێنەری فەیس بووك دوژمنێكی تری دۆناڵد ترمپە و ترەمپ ڕایگەیاندبوو گەر بێتوو دەستتێوەردان بكات لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا ئەوا زیندانی دەكات، لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی دوو هەزار و بیستیشدا ترەمپ هەمان تۆمەتی ئاراستەی مارك زوكربێرگ كردبوو و دیارە لە دوای تێپەربوونی چوار ساڵ دۆناڵد ترەمپ هێشتا دوژمنایەتییەكەی زوكربیرگی بۆ خۆی بیر نەچووبوویەوە.

مایكل كۆهێن پارێزەری پێشووی دۆناڵد ترەمپ یەكێكی ترە لەو كەسایەتییانەی كە ترمپ وەک  دوژمنی خۆی لێی دەڕوانێت، بە تایبەتیش لەدوای ئەوی وەك شایەت لە دۆسییەی داراییە نهینییەكانی ترەمپ شایەتی لە دژیدا.

جاك سمیس ڕاوێژكاری تایبەت و كەسایەتی دیاری ئەمریكاش لە كینەی دۆناڵد ترەمپ بەدەر نییە و بە تایبەتیش ئەم ڕاوێژكارە دوو سكاڵای تاوانی فیدراڵی دژ بە دۆنالد ترەمپ بەرزكردۆتەوە.

هەروەك چۆن دۆناڵد ترەمپ بە ئاشكرا ڕایگەیاند، كە مایك بۆمبیۆ وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریكا لە ئیدارەكەی و نیكی هیلی باڵیۆزی وڵاتەكەی لە نەتەوەیەكگرتووەكان، دووبارە بەشێك نابن لە ئیدارەكەی، ڕەنگە بەمەش دۆناڵد ترەمپ یەکەمین هەنگاوی لە زنجیرەی بێکۆتایی تۆڵەکانی هەڵهێنابێت.


PM:06:30:14/11/2024

ئه‌م بابه‌ته 484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی